لە ڕۆژاوای کوردستان بوژانەوەی زمانی کوردی ١

لە ڕۆژاوای کوردستان بە گشتی لە ساڵی ٢٠١٣دا، ڕۆژانە بەشێک لە پەروەردەی زمانی کوردی دەگوترایەوە. لە ساڵی ٢٠١٨دا، لە سەرجەم قۆناغەکاندا پەروەردە بە زمانی کوردی پەیڕەو کرا. تەنانەت زانکۆش دا مەزران.

سارا  عەقید

ناوەندی هەواڵ - کوردی زمانێکە کە لە ڕووی ڕەچەڵەکەوە زمانێکی ڕەسەنی گەلی ئارییە لە مێزۆپۆتامیادا، هەروەها زمانی دایک و نیشتمانیی گەلی کوردە، کە لە سەرانسەری بەشە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبووەتەوە، بەتایبەتی لە کوردستاندا کە داگیرکەران کردوویانە بە چوار پارچە؛ واتە لە عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران. زمانی کوردی بە ئەلفوبێی لاتینی لە ٣١ پیت پێکهاتووە. سەرەڕای بوونی کێشە سیاسی و کولتوورییەکان، ئەم زمانە لە بەدرێژایی مێژوودا پێگەی خۆی پاراستووە، ئەمەش پێوەندییە بەهێزەکەی بە ناسنامە و میراتی کوردی لە هەموو بوارەکانیدا نیشان دەدات.

 

«زمانی کوردی بۆ گەلی کورد توخمێکی یەکخەرە»

تیشکخستنە سەر یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی و پێشخستنی بەکارهێنانی لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، وەک: پەروەردە، مێژوو، زانست، فەلسەفە و میدیا، هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پاراستنی و زامنکردنی بەردەوامبوونی بۆ نەوەکانی داهاتوو. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانانەی کە ڕووبەڕووی سیاسەتی سڕینەوەی بەمەبەست بووەتەوە. لە بەدرێژایی مێژوودا، گەلی کورد بۆ پاراستنی خۆی و زمانەکەی هەمیشە پەنای بۆ ڕێگای جیاواز بردووە. لەگەڵ ئەمەشدا، لە هەر چوار لای کوردستان دەسەڵاتە ستەمکارەکان هەوڵیان داوە زمانەکە لە بوونەوە بەرەو نەمان ببەن. لەسەر گەلی ناوچەکە فەرز کرا کە لەبری قسەکردن بە زمانی خۆیان، بە زمانی داگیرکەران قسە بکەن و بخرێتە پێشەوە وەک زمانی سەرەکی.

 

لە ڕۆژاوا، زمانی کوردی لە قەدەغەکردنەوە بەرەو قوتابخانە و زانکۆکان

ڕۆژاوای کوردستان کە زۆربەی خەڵکەکەی بە زمانی دایک قسە دەکەن، ڕووبەڕووی سیاسەتی جینۆساید و سڕینەوە بووەوە. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، تەنانەت قسەکردن بە زمانی کوردی لە ناو ماڵیشدا تا ڕادەیەک قەدەغە بوو. خەڵکی ناوچەکە لە عەفرینەوە بگرە تا کۆبانێ، حەسەکە و قامیشلۆ، کەسیان نەدەتوانی ئاشکرای بکەن کە کوردن، چ جای ئەوەی بە زمانی خۆیان قسە بکەن، گوزارشت لە خۆیان بکەن و کولتووری خۆیان بپارێزن؛ چونکە کولتوور بە بوونی زمان دەوڵەمەند دەبێت و دەپارێزرێت. سەرەڕای زۆرەملێ، گوشار، دەستبەسەرکردن، قەدەغەکردن و زیندانیکردن، گەلی کورد بە دزییەوە لە ناو ماڵەکانیاندا و لە ژوورە بچووکەکاندا پەروەردەی زمانی کوردییان دەخوێند و بنەمای ناسینی زمانەکەیان دادەڕشت. هەروەها ئەو دایکانەی کە کۆرپەکانیان بەخێو دەکرد، لە ناو بێشکەدا بە لایلایەی کوردی پەروەردەیان دەکردن، بۆ ئەوەی گوێیان لە منداڵییەوە بە زمانە ڕەسەنەکەیان ڕابێت.

ئەم دۆخە بۆ ئەو کەسانەی حەزیان دەکرد فێری زمانی دایک ببن زۆر دڵخۆشکەر بوو و هەمیشە لەو پێناوەدا هەنگاویان دەنا. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستانیشدا ئەم گوشارانە هێشتا بەردەوام بوون. زمانی کوردی قبووڵ نەدەکرا و پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکان تەنیا بە زمانی عەرەبی بوون. بەم هۆیەوە قوتابییان ناچار بوون لە تەمەنی منداڵییەوە فێری زمانێکی بێگانە ببن.

لە ساڵی ٢٠١١دا، سەرەڕای ئەمەش و لەگەڵ دەستپێکردنی "بەهاری عەرەبی"، گەلی سووریاش کەوتنە ناو ئەم دۆخەوە. ئەوانیش داوای ئازادییان کرد. گەلی کوردیش ویستی بە هەموو شێوەیەک بوونی خۆی زامن بکات، لەبەر ئەوە دەستی بە تێکۆشان کرد. هەرچەندە ئەزموونێکی نوێ بوو، بەڵام هەندێک هەنگاو نران. لەبەر ئەوەی بواری پەروەردە ئەو بوارەیە کە کۆمەڵگە زۆرترین پێشکەوتنی تێدا بەدەست دەهێنێت، بۆیە یەکەم کاری کە دەست پێ کرا، کردنەوەی قۆناغەکانی پەروەردە بوو بە زمانی کوردی. هەرچەندە ئەم قۆناغانە وەک زانکۆ و پەیمانگاکان نەبوون، بەڵام هەنگاوێکی گەورە بوو. دواتر ئیتر ئەو قوتابخانانەی کە ڕژێمی بەعسیان لێ دەرچوو یان ئەو ناوچانەی کە پریشکی شۆڕشیان تێدا گەشایەوە، لەو شوێنانەدا پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکان گۆڕدران بۆ زمانی کوردی. هەرچەندە تەنیا ڕۆژێک لە هەفتەیەکدا یان چەند کاتژمێرێک بوو، بەڵام ئەمە بەردی بناغە و سەرەکی بوو کە دانرا. لە ڕۆژاوای کوردستاندا کە هاوشێوەی بەشەکانی تری کوردستان زمانی کوردی بە دزییەوە دەخوێندرا، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٧دا دەزگای زمانی کوردی (SZK) کرایەوە، کە تێیدا بە دەیان کەس بە شێوەیەکی نهێنی خۆیان لەسەر بنەماکانی زمان پەروەردە دەکرد.

 

 

گەشەسەندنی زمانی کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان

لە ڕۆژاوای کوردستان بە گشتی لە ساڵی ٢٠١٣دا، ڕۆژانە بەشێک لە پەروەردەی زمانی کوردی دەگوترایەوە. لە ساڵی ٢٠١٥دا، بە شێوەیەکی فەرمی پرۆگرامی خوێندنی پۆلەکانی ١، ٢ و ٣ بە زمانی کوردی دەستی پێ کرد. لە ساڵی ٢٠١٦دا، ئیتر قۆناغی سەرەتایی بە تەواوی بوو بە زمانی کوردی، تەنیا لە هەفتەیەکدا دوو کاتژمێر بۆ زمانی عەرەبی و کاتژمێرێک بۆ زمانی ئینگلیزی تەرخان دەکرا. لە ساڵی ٢٠١٧دا، قۆناغی ناوەندی گۆڕدرا بۆ زمانی کوردی. لە ساڵی ٢٠١٨دا، سەرجەم قۆناغەکان بە زمانی کوردی پەروەردە کران؛ تەنانەت زانکۆش دا مەزران. هاوکات لە ناو بابەتەکانی پەروەردەدا، بۆ یەکەم جار وانەی (سنج) کولتوور و ڕەوشت، وە (زانستی ژن) ژینۆلۆژی، بە فەرمی لە قوتابخانەکانی ڕۆژاوای کوردستاندا دەگوترانەوە.

 

 

عەفرین:

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٨، بواری پەروەردە لە کانتۆنی عەفریندا گەشەسەندنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی؛ بە شێوەیەک پێش داگیرکاریی تورکیا، ژمارەی قوتابییان لە سەرجەم قۆناغەکاندا گەیشتبووە نزیکەی ٥٠ هەزار قوتابی. لە ٦ی ئەیلوولی ٢٠١١دا، یەکەمین قوتابخانە بە زمانی کوردی لە گوندی «دوراخلیا»ی سەر بە ناوچەی شەرا کرایەوە. هەوڵیش هەبوو بۆ دامەزراندنی دەزگایەک تایبەت بە زمانی کوردی. دواتر زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی عەفریندا گوتراوەوە و وانەکانی زمانی کوردی لە هەفتەیەکدا سێ یان چوار جار پەیڕەو دەکران.

 

«قوتابخانە، ئەکادیمی و دەزگای زمانی کوردی (SZK) لە عەفرین»

قوتابخانەی سەرەتایی شەهید فەوزی لە ناوچەی شەرا دەست بەکار بوو، هەروەها دەزگای زمانی کوردی (SZK) دامەزرا. یەکێکی تر لەو خاڵانەی کە تا ڕادەیەک ئاڵۆز بوو، ڕزگارکردنی کۆمەڵگە و ڕازیکردنی بوو بۆ پەسندکردنی پرۆگرامی خوێندنی زمانی کوردی؛ چونکە بواری پەروەردە تا ساڵی ٢٠١٢ هێشتا پەیڕەوی لە پرۆگرامی خوێندنی ڕژێم دەکرد. لە ساڵی ٢٠١٣دا، ئەکادیمیای شەهید فەرزاد کەمانگەر کرایەوە. لە سەرەتادا، مامۆستایان خولێکی پەروەردەیی دوو مانگییان تێپەڕاند؛ لە هەر خولێکدا ٣٠ مامۆستا وانەیان دەگوتەوە و خولی ڕێزمان و وێژەی کوردییان پێ دەگوترا. لەم ئەکادیمیایە ٦٥٠ مامۆستا دەرچوون، پاشان ئەکادیمیای شەهید ئارین میرکان کرایەوە و هەمان ئەرکی گرتە ئەستۆ. لە ئەکادیمیای شەهید زۆزانیشدا، پەیمانگاکانی کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیای زانیاری (IT) و زانستی کۆمپیوتەر، میکانیک و وێژە دا مەزران.

٤٠٠ مامۆستا لە بەشە جیاجیاکانی وەک: لێکۆڵینەوەی ژنان، فەلسەفە، فیزیا، کیمیا، مێژوو، جوگرافیا و ئابووری، پەیوەندییان بە ئەکادیمیای شەهید زۆزانەوە کرد. ئەم مامۆستایانە خولی ڕاهێنانیان لە پێناو پەروەردە و پێشخستنی تواناکانیاندا بینی، بۆ ئەوەی بتوانن قوتابییان لە پۆلی یەکەمی ناوەندییەوە تا پۆلی دوازدەی ئامادەیی پەروەردە بکەن.

 

 

پەیمانگای ڤیان ئامارا

لە عەفرین، شەهبا، حەلەب و سەرێ کانیش قوتابخانەکان بە زمانی کوردی بوون. هاوکات لە عەفرین پەیمانگای ڤیان ئامارا دەستی بەکارەکانی کرد، کە تێیدا مامۆستایان بۆ خوێندنی بەشە پسپۆڕییەکان لێی دەرچوون. پەیمانگای شەهید ڤیان ئامارا کە بە «پەیمانگای ڤیان بۆ زمان و وێژەی کوردی»یش دەناسرێت، دەزگایەکی پەروەردەییە کە لە ناوچەی عەفریندا دامەزراوە. ئەم ناوەندە لە سەرەتادا وەک یەکەمین پەیمانگای زمان و وێژەی کوردی لە ناوچەکەدا دەستی بەکار کرد.

بەشەکانی پەیمانگا: بۆ بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکانی بە خەڵکی ناوچەکە، پەیمانگاکە بۆ ناوچەی شەهبا گوازرایەوە؛ لەوێ پەیمانگاکە فراوانتر بوو و چەندین بەشی گرنگی زانستی و وێژەیی گرتە خۆ، کە دیارترینیان بەشەکانی بیرکاری، زانستەکان و فیزیا بوون.

 

 

سەرێ کانی:

ڕێوبەرایەتیی ناوچەکە سیستمێکی پەروەردەیی فرەزمانی گرتەبەر کە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و سریانی وانەی تێدا دەگوترایەوە. پرۆگرامە نوێیەکانی خوێندنیان دەستنیشان کرد کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک و مێژووی ناوچەکە داڕژابوون. لە شارەکەدا ١١٧ قوتابخانەی سەرەتایی، ٣٢ قوتابخانەی ناوەندی و ٤ ئامادەیی هەبوون، کە هەندێکیان بە دوو زمان وانەیان تێدا دەگوترایەوە.

هاوکات لەگەڵ کردنەوەی ژمارەیەک ئەکادیمیا کە تێیدا مامۆستایان پەروەردەی بیردۆزییان وەردەگرت، ئەکادیمیای بەشە پسپۆڕییەکانیش هەبوون. لەم ئەکادیمیایانەدا خولی کراوە و داخراو دەبینران و بە سەدان مامۆستا لێیان دەرچوون.

سەرەڕای هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ناوچەی عەفرین و تاڵانکردنی، خەڵکەکە ڕوویان لە شەهبا کرد و لەوێ نیشتەجێ بوون. بەڵام گەل هیچ کاتێک دەستبەرداری پەروەردە بە زمانی دایک نەبوو. لە شەهبا هەر خێمە و هەر کامپێک، گۆڕدرا بۆ قوتابخانەیەکی پەروەردەکردن. لە هەمان کاتدا ئەم دۆخە بۆ خەڵکی سەرێ کانیش ڕاست بوو، کە سەرەڕای هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ساڵی ٢٠١٩دا، گەل لە کامپەکانی پەنابەراندا منداڵەکانی خۆیان لە پەروەردە بێبەش نەکرد.

 

حەسەکە

دەزگای زمانی کوردی، بە گەشەسەندنی بواری پەروەردە تا ئاستی زانکۆ، بوو بە شوێنێکی سەرنجڕاکێش. هەموو کەسێک بۆ فێربوونی زمانی دایک ڕووی تێ دەکرد. ئەندامی دەزگای زمانی کوردی حەمرین حسێن جەختی لەوە کردەوە کە زمانی کوردی لە سەرەتای شۆڕشدا لە ناو جەرگەی ئەم دەزگایەوە دەستی پێ کرد و گەشەی سەند، و تا ئیمڕۆش هەوڵەکانی بۆ فێرکردنی زمانی دایک بەردەوامە.

 

«لە سەرەتای شۆڕشدا، مامۆستایان هەم قوتابی بوون و هەم مامۆستاش بوون»

حەمرین ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی کورد لە شۆڕشی ڕۆژاوادا بۆ پێشخستنی بواری پەروەردە لە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی، و یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە، پێشخستنی پەروەردەیە بە زمانی دایک. حەمرین ڕوونی کردەوە کە پەروەردەکردنی ئەوان بە زمانی دایک لە ماڵانەوە دەستی پێ کرد و لە ڕێگەی دەزگای زمانی کوردییەوە گەشەی سەند. حەمرین بەم شێوەیە درێژەی پێ دا: کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژاوای کوردستاندا ماڵەکانی خۆیان بۆ فێرکردنی زمانی دایک کردەوە و فێری زمانەکە بوون. دوای دامەزراندنی دەزگای زمانی کوردی (SZK) دەرفەتەکانی فێرکردنی زمان فراوانتر بوون. لە ڕێگەی SZKـەوە زۆرێک لە مامۆستایان قۆناغەکانی زمانەکەیان خوێند و بۆ چوونە ناو قوتابخانەکان ئامادە کران. کاتێک ڕژێمی بەعس لە قوتابخانەکان کشایەوە، ئەوان کۆمەڵگەکەی خۆیان بەبێ پەروەردە جێنەهێشت. قوتابخانەکان کرانەوە و بە پۆلەکانی یەکەم، دووەم و سێیەم دەستی پێ کرد. دواتر پێویستیی ئەوە بینرا کە ئەم بوارە زیاتر گەشە بکات و پێویست بوو پەروەردە لە سەرەتاییەوە بۆ ناوەندی و ئامادەیی درێژ بکرێتەوە. ئەم هەنگاوە بۆ مامۆستایان زۆر دژوار بوو، بەڵام بە هەوڵێکی گەورە ئەم کۆسپانەیان تێپەڕاند. لە لایەکەوە، ئەوان وەک مامۆستا لە قوتابخانەکاندا وانەیان دەگوتەوە، و لە لایەکی تریشەوە، لە پەیمانگا و ئەکادیمیاکاندا پەروەردەیان دەبینی و خۆیان لەسەر بابەتەکانی زمان ڕادەهێنا. بەم شێوەیە، لەو سەردەمەدا مامۆستایان هەم قوتابی بوون و هەم مامۆستاش بوون.

 

«گەشەسەندنی پەروەردە هەنگاو بە هەنگاو پێش کەوت»

 

 

حەمرین ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی کورد لە بەدرێژایی مێژوودا ڕووبەڕووی چەندین ئازار و سیاسەتی پەراوێزخستن و ئینکارکردن بووەتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەستبەرداری دۆزەکەی خۆی نەبووە و بۆ پێشخستنی ئەم بوارە، دژی سیاسەتەکانی ئینکارکردن جەنگاوە. حەمرین وتی: «لە سەرەتای شۆڕشدا، کۆسپی قورس لە بەردەم پەروەردەی زمانی دایک و پێشخستنی لە ناو کۆمەڵگە و قوتابخانەکاندا هەبوون. بەڵام مامۆستایان بە دڵسۆزیی خۆیان بۆ پێشخستنی زمانی دایکیان، ئەم زەحمەتییانەیان تێپەڕاند و گەلی کوردیش بۆ ئەوان سەرچاوەیەکی سەرەکیی پاڵپشتی بوو. گەشەسەندنی پەروەردە هەنگاو بە هەنگاو پێش کەوت، بەتایبەتی لە ڕێگەی ناساندنی بابەتەکانی خوێندن لە قوتابخانەکاندا و کردنەوەی ئەکادیمیاکان، دەزگاکانی پێگەیاندنی مامۆستایان و زانکۆکان.»

«بۆ پاراستنی بوون و ناسنامەی کوردی، هەموو کەسێک ڕوو لە SZK دەکات»

پرۆژەی فێرکردنی زمان لە ساڵی ٢٠١١وە دەستی پێ کرد. حەمرین بەم وتانە درێژەی بە نرخاندنەکانی دا: ئەو ئازارەی کە نەدەبوو لە ناو قوتابخانەکاندا بە زمانی دایکی خۆت قسە بکەیت و جەژنەکانی خۆت پیرۆز بکەیت، لە دڵی هەر کوردێکدا هەیە. شۆڕشی ڕۆژاوا دەرفەتێکی گرنگی ڕەخساند بۆ پاراستنی ناسنامە و زمانی کوردی. ئەم شۆڕشە ڕێگەی بۆ پێشخستنی پەروەردە بە زمانی دایک خۆش کرد. سەرەڕای کردنەوەی قوتابخانە، پەیمانگا و زانکۆکان، دەزگای زمانی کوردی (SZK) بەردەوامە لە کارەکانی؛ چونکە ئامانجی گەلی کورد تەنیا کارکردن نییە، بەڵکوو پاراستنی بوونی خۆیەتی. لەبەر ئەمەشە کە زۆرێک لە دایک و باوکان سەردانی دەزگاکەمان دەکەن، لە پاڵ منداڵەکانیاندا فێری زمانی دایکی خۆیان دەبن، توانای زمانەوانیی خۆیان پێش دەخەن و منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن.

«گەلی کورد بواری پەروەردە و فێرکردنی بە جۆش و خرۆشێکی مەزنەوە پێش خست»

حەمرین  ڕوونی کردەوە کە لە سووریادا دووبارەکردنەوەی سیستمی یەک لایەنە و یەک زمانە قبووڵکراو نییە و بەم شێوەیەش یادی هێنایەوە: ئێمە هیچ کاتێک ئەو ئازار و مەینەتییانەی لە قوتابخانەکانی ڕژێمی بەعسدا چەشتمان، لەبیر ناکەین. زمانی عەرەبیمان بەسەردا فەرز دەکرا و قسەکردن بە زمانی کوردی لەگەڵ هاوڕێکانماندا قەدەغە بوو. هەر کوردێک ئەم ئازارەی چەشتووە؛ لەبەر ئەوە، گەلی کورد بە جۆش و خرۆش و فیداکارییەکی مەزنەوە بواری پەروەردەی بە زمانی دایکی خۆی پێش خست.

«کۆماری عەرەبیی سووریا نوێنەرایەتیی فرەچەشنیی کۆمەڵایەتیی سووریا ناکات»

حەمرین ڕایگەیاند کە کۆماری عەرەبیی سووریا گوزارشت لە فرەچەشنیی کۆمەڵگەی سووریا ناکات و بەم شێوەیە دەری بڕی: کاتێک سەیری کۆماری عەرەبیی سووریا دەکەین، بوونی پێکهاتەکانی تری سووریای تێدا نابینین، بۆیە ئەم ناوە گوزارشت لە فرەچەشنیی کۆمەڵایەتیی ناو سووریا ناکات. دەبێت بوونی گەلی کورد و زمانەکەیان لە دەستووری نوێی سووریادا دانی پێدا بنرێت. شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان بە ئامانجی پێشخستنی دۆزی کورد و پاراستنی زمانی کوردی دەستی پێ کرد. هەر پیتێک لە زمانی کوردیدا، نوێنەرایەتیی فیداکاریی شەهیدان دەکات. ئێمە قبووڵی ناکەین کە کوردی تەنیا لە پۆلەکانی قوتابخانەدا بگوترێتەوە. ئێمە خاوەنی ئەزموونین، بابەت و مەتریالی خوێندنمان هەیە، مامۆستاکانمان ئامادەن و نەوەیەکمان پێگەیاندووە. بۆیە ئەمە بۆ ئێمە هەنگاوی یەکەم نییە کە حکوومەت گفتوگۆی لەسەر بکات، بەڵکوو ئەوەی داوا دەکرێت ئەوەیە کە لە دەستووردا جێگیر و زامن بکرێت. پرۆگرامی خوێندنمان، قوتابخانەکانمان و زمانی دایکمان هێڵی سوورن؛ ئێمە ئینکارکردنی ئەوان لە سووریادا قبووڵ ناکەین. ئێمە هاووڵاتیی ئەم خاکەن، بێگانە نین، و نابێت زمانەکەمان تەنیا ببێتە وانەیەک کە لە قوتابخانەکاندا بگوترێتەوە.

 

 

حەمرین لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە گەلی کورد کرد کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، خاوەندارێتی لە ناسنامە و بوونی کوردیی خۆیان بکەن.

خوێندن بە زمانی دایک، هەم فێرکردن و هەم ژیانی ئاسانتر کرد

کۆبانێ

بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی کۆبانێ «عەزیزە ئیسماعیل»، یەکێکە لە مامۆستا دێرینەکانی ناو سیستمی پەروەردە. عەزیزە دیاری کرد کە کاتێک کەسێک دەینویست فێری زمانی دایک بێت، ڕووبەڕووی گوشارەکانی ڕژێمی بەعس دەبووەوە و دەستبەسەر دەکرا. عەزیزە ئاماژەی بەوە کرد کە لە ناوچەکانی سووریادا کەس نەیدەتوانی خۆی فێری زمانەکە بکات و وتی: «بەڵام کاتێک گەنجانی کورد بۆ کارکردن دەچوونە دەرەوەی سووریا، بەتایبەتی لە لوبنان، دەیانتوانی بە شێوەیەکی ئاسانتر فێری زمانی دایکی خۆیان ببن. ئەمە جاری یەکەم بوو کە قوتابیانی کورد بە زمانی دایکی خۆیان دەیانخوێند و دەیاننووسی. بەڵام ئەم کارە تێگەیشتن و فێربوونی بۆ ئاسانتر کردن؛ چونکە کاتێک منداڵێک ساڵانێکە لەسەر زمانی دایک پەروەردە بووە، کاتێک دەچێتە ئەو قوتابخانانەی کە بە زمانێکی بێگانە وانەی تێدا دەگوترێتەوە، ڕووبەڕووی زەحمەتی و کۆسپ دەبێتەوە.»

«لە ساڵی ٢٠١٥دا بە ناوی شەهید عوسمانەوە، یەکەمین قوتابخانەی کوردی لە کۆبانێ کرایەوە»

 

 

مامۆستا عەزیزە بەم شێوەیە بەردەوام بوو: یەکەمین قوتابخانەی کوردی لە شاری کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٥دا بە ناوی شەهید عوسمانەوە کرایەوە، کە لە شارەکەدا بەرخودانی کردبوو و شەڕی بەڕێوە بردبوو. لە کۆبانێ ١٠٦ قوتابخانە هەن، هەروەها ژمارەی قوتابییان ٢٧ هەزار و ٧٠٠ قوتابییە و نزیکەی هەزار و ١٥٠ مامۆستاش لە کەرتی پەروەردەدا کار دەکەن. داواکاریی سەرەکیی گەل و قوتابییان ئەوەیە کە بە زمانی خۆیان پەروەردە بکرێن. بوونی مرۆڤ بە زمانەکەیەوە بەستراوە، کاتێک زمان قەدەغە بکرێت، بوونی مرۆڤیش بێ مانا دەبێت.

 

«سیستمی پەروەردەی ئێمە سیستمێکی نرخاندن هەڵسەنگاندنـە»

عەزیزە وتی: کە لە سەردەمی ڕژێمدا خوێندن لەسەر بنەمای تێڕوانینی دەوڵەت بووە و ئێمە درکمان بەوە کرد کە ئەو مێژووەی دەگوترایەوە، هیچ شتێکی تێدا نەبوو کە پەیوەندیی بە مێژووی گەلی کوردەوە هەبێت. ئەمە بۆ ئێمە وەک شۆکێک بوو؛ چونکە مێژووی خۆمان نەدەناسی. لە ناو سیستمی پەروەردەی ئێمەدا، بەشی زانستی ژن هەیە کە بابەتێکی نوێیە و باس لە ژن و ئازادییەکەی دەکات. ئامانج لە بابەتە کوردییەکان پێگەیاندنی قوتابییەکە کە لە هەموو ڕوویەکەوە زانا و خاوەن بیر بێت، نەک وەک بابەتەکانی ڕژێم کە وشک و بێدەنگ بوون. سیستمی پەروەردەی ئێمە لەسەر بنەمای نرخاندنە، و پێویستە قوتابی لە هەموو شتێک تێبگات بۆ ئەوەی بتوانێت پۆلەکەی ببڕێت.