لە مرۆڤەوە بۆ کاڵا؛ چۆن سەرمایەداری جەستەی کردە دیلی چاولێکەری و پیشەسازیی جوانکاری؟

لە سایەی سیستمی سەرمایەداریدا جەستەی مرۆڤ چیتر تەنیا قەوارەیەکی بایۆلۆژی و ناسنامەیەکی کەسی نییە بەڵکو گۆڕدراوە بۆ بەرهەمێکی بازرگانی، ئەمڕۆ پیشەسازیی جوانکاری و تەڵەی چاولێکەری ستانداردێکی دەستکردیان بۆ جوانی داناوە کە مرۆڤەکان ڕەسەنایەتی لەدەستدەدەن.

هێڤی سەڵاح

سلێمانی_ بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی سیستمی سەرمایەداری و جوانکاری دەبێت سەرەتا پەیوەندی نێوان سیستمی سەرمایەداری و چەمکی جوانی شیکار بکەین سەرمایەداری بە سروشتی خۆی پێویستی بە دروستکردنی بەردەوامی پێداویستی نوێ هەیە لای تاکەکان بۆ ئەوەی چەرخی بەرهەمهێنان و قازانج نەوەستێت کاتێک مرۆڤ تێربوونی ماددی لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و نیشتەجێبوون بەدەستدەهێنێت بازاڕ ڕوو لە جەستە و دەروونی دەکات بە شێوەیەک کە هەستی ناڕەزایەتی لە خود لەلای کڕیار دروست دەکات پیشەسازی جوانکاری جیهانی بە بەهای سەدان ملیار دۆلار لەسەر بنەمای تێکدانی متمانەبەخۆبوونی ژنان کار دەکات سیستەمەکە پێیان دەڵێت کە ئەوان بەو شێوەیەی هەن تەواو نین و پێویستیان بە چاککردن و دەستکاری هەیە.

 

لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ و کرانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بەڕووی بازاڕی جیهانیدا کۆمەڵگەی کوردی لە قۆناغی بەرهەمهێنان یان تەنانەت لە قۆناغی گوزەرانی سادەوە کتوپڕ بازی دا بۆ ناو کۆمەڵگەیەکی بەکاربەری تەواو سەرهەڵدانی نەخۆشخانە تایبەتەکان و سەنتەرەکانی پێست و جوانی کە زۆربەیان بێ چاودێرییەکی توندی حکومی کار دەکەن، بووە هۆی ئەوەی کە پزیشکی لە پەیامێکی مرۆییەوە بگۆڕێت بۆ بازرگانییەکی سەربەست لەم پێناوەدا ژنان کەوتنە ژێر کاریگەری دووفاقە لە لایەکەوە ڕووبەڕووی نەریتی کۆمەڵایەتی دەبوونەوە و لە لایەکی دیکەوە کەوتنە ژێر گوشاری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە تەنیا ئەو کەسانە بە سەرکەوتوو و سەرنجڕاکێش دەناسێت کە خاوەنی پێوەرێکی دیاریکراوی کێش و شێوەی لووت و لێو و پێست بن

 

گۆڕینی ناسنامە بۆ کاڵا و میکانیزمی چاولێکەری

سەرمایەداری لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و مۆدێلەکانەوە هۆشیارییەکی ساختەی بەرهەمهێناوە کە تێیدا جیاوازییە سروشتییەکانی مرۆڤەکان دەسڕێتەوە و هەمووان بەرەو یەک شێوەیی دەبات کە ئەمەش لوتکەی دیاردەی چاولێکەرییە ئامرازە سەرەکییەکانی ئەم گۆڕانکارییە ڕیکلامی تەلەفزیۆنی و سەکۆکانی وەک ئینستاگرام و سناپچاتن کە تێیدا کەسایەتییە ناسراوەکان ڕۆژانە نمایش بۆ ئەو دەستکارییە پزیشکییانە دەکەن کە لە جەستەیاندا دەیکەن ژنان لە ژێر ئەم فشارە بەردەوامە بینراوەدا تووشی جۆرێک لە دڵەڕاوکێی جەستەیی دەبن کە وایان لێدەکات بڕوا بەوە بهێنن کە نەبوونی لێوێکی ئەستوور یان لووتێکی ڕێک ڕێگرە لەبەردەم قبوڵکردنیان لە کۆمەڵگە یان بەدەستهێنانی هەلی کار.

 

ئەم چاولێکەرییە تەنیا لە نێوان چینە دەوڵەمەندەکاندا قەتیس نەماوە بەڵکو گەیشتووەتە ناو چینە هەژار و مامناوەندەکانیش زۆرن ئەو ژنانەی کە بۆ دابینکردنی تێچووی نەشتەرگەرییەکی جوانکاری ناچار دەبن قەرز بکەن یان پاشەکەوتی خێزانەکانیان بەکاربێنن بازاڕ لێرەدا سەرکەوتوو بووە لەوەی کە جوانکاری لە دەستنیشانکردنی پێویستییەوە بگۆڕێت بۆ بڕیارێکی کۆمەڵایەتی ناچاری کاتێک ژنێک دەبینێت هاوڕێکانی یان هاوکارانی لە شوێنی کار هەمان ڕێکاریان گرتووەتەبەر جۆرێک لە گۆشەگیری یان هەستکردن بە کەمی لادروست دەبێت ئەگەر ئەویش نەچێتە ناو هەمان بازنەوە ئەمەش مانای ڕووتکردنەوەی مرۆڤە لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆی

 

داتا و ئامارەکان لە پیشەسازی جوانکاریدا

ئامارە نافەرمەییەکان و ڕاپۆرتەکانی سەندیکای پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی نەشتەرگەری و ڕێکارەکانی جوانکاری وەک بۆتۆکس و فیلەر و نەشتەرگەری لووت لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی زیاتر لە ٣٠٠٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە لە شارە گەورەکاندا ئێستا سەدان سەنتەری مۆڵەتدراو و بێ مۆڵەت هەن کە ڕۆژانە دەیان نەشتەرگەری تێدا ئەنجام دەدرێت، بەپێی بەدواداچوونی ناوەندە ئابوورییە ناوخۆییەکان ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار تەنیا لە کڕینی کەرەستەی جوانکاری و تێچووی نەشتەرگەرییەکاندا خەرج دەکرێت کە بەشێکی زۆری ئەم پارەیە دەچێتە دەرەوەی وڵات بۆ کڕینی ماددەکان یان بۆ پزیشکە بیانییەکان کە وەک نوێنەری بازرگانی دەهێنرێن.

 

پزیشکانی پسپۆڕی جوانکاری پشتڕاستی دەکەنەوە کە نزیکەی ٪٧٥ ئەو کڕیار و نەخۆشانەی سەردانیان دەکەن ژنانن و زۆربەشیان تەمەنیان لە نێوان هەژدە بۆ چل ساڵیدایە نکۆڵی لەوە ناکرێت کە بەشێک لەم داواکارییانە بۆ چاککردنی کەمایەتییەکی زکماکی یان ڕووداوێکە بەڵکو زیاتر لە ٪ ٦٠ ی حاڵەتەکان بە گوتەی پزیشکەکان خۆیان تەنیا لاساییکردنەوەی مۆدێلەکانە و هیچ پێویستییەکی ڕاستەقینەی پزیشکی لە پشتەوە نییە ئەم بازرگانییە گەورەیە وایکردووە تەنانەت پزیشکانی پسپۆڕییەکانی دیکەش وەک نەشتەرگەری گشتی و قوڕگ و گوێ و چاو بەشێک لە کارەکانیان تەرخان بکەن بۆ جوانکاری بەهۆی داهاتە خەیاڵییەکەیەوە

 

کاریگەرییە تەندروستی و دەروونییەکان لەسەر کۆمەڵگە

دەرئەنجامەکانی ئەم تەسلیمبوونە کوێرانەیە بە تاقیکردنەوەکانی سەرمایەداری تەنیا زیانی دارایی نین بەڵکو کارەساتی تەندروستی گەورەیان لێکەوتووەتەوە بەهۆی نەبوونی چاودێری توند و هاوردەکردنی ماددەی هەرزان و کوالێتی نزم لەلایەن بازرگانانی قاچاخەوە سەدان حاڵەتی شێواندنی هەمیشەیی و هەوکردنی توند و تەنانەت گیانلەدەستدانیش لە کاتی نەشتەرگەرییەکانی ڕاکێشانی چەوریدا تۆمارکراون دادگاکان ساڵانە ڕووبەڕووی دەیان دۆسیەی سکاڵا دەبنەوە کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەسەر سەنتەرەکانی جوانکاری تۆمار دەکرێن بەڵام بەهۆی دەسەڵاتی دارایی و پشتیوانی خاوەن سەنتەرەکان زۆربەی کات دۆسیەکان دادەخرێن یان بە قەرەبوویەکی مادی بچووک کۆتاییان دێت.

 

لە ڕووی دەروونییەوە ئەم سیستەمە خەمۆکی و نامۆبوونی لای تاکەکان قووڵتر کردووەتەوە کاتێک مرۆڤ جەستەی خۆی وەک پڕۆژەیەکی نەبڕاوە دەبینێت کە هەمیشە پێویستی بە گۆڕانکارییە هەرگیز ناگاتە ئاشتەوایی ناوەکی ئەمەش جۆرێک لە شوناسی لەرزۆک دروست دەکات کە تێیدا بەهای مرۆڤ تەنیا بە پێوەرە دەرەکییەکانی وەک شۆخ و شەنگی و گەنجێتی هەمیشەیی دەپێورێت نەک بە لێهاتوویی فیکری و زانستی یان پێگەی کۆمەڵایەتی و مرۆیی.

 

بەم شێوەیە سەرمایەداری بە هاوکاریی دەستەبژێری بازرگانیی ناوخۆیی توانیویەتی جەستە بکاتە سەکۆیەکی گەورەی ڕیکلام و بەکاربردن کە تێیدا چاولێکەری دەبێتە بزوێنەری سەرەکیی ئابوورییەکی مشەخۆر و زیانبەخش.