لە کۆتا پەیامیدا دایە پەری بانگەوازی یەکڕیزی ژنان دەکات
دایە پەری ئەندامی کۆچکردووی تەڤگەری ئازادی و ڕژاک داوای یەکڕیزی لە ژنان دەکات، تا دژی داگیرکارییەکان بوەستنەوە و منداڵەکانیان لەسەر ڕێچکەی شۆڕش پەروەردە بکەن. هەوار محەمەد
دایە پەری ئەندامی کۆچکردووی تەڤگەری ئازادی و ڕژاک داوای یەکڕیزی لە ژنان دەکات، تا دژی داگیرکارییەکان بوەستنەوە و منداڵەکانیان لەسەر ڕێچکەی شۆڕش پەروەردە بکەن.
هەوار محەمەد
دایە پەری، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزوری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان دوێنێ بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایکرد، بەڵام دوو ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن پەیامنێری ژنهاوە لێدوای تایبەتی لێوەرگیراوە لەبارەی یەکڕیزی ژنان.
دایە پەری لە کۆتا پەیامیدا، بانگەوازی لە ژنان دەکات یەکگرتووبن و لە دژی داگیرکاری بوەستنەوە خۆیان بپارێزن و نەکەونە ناو پیلانگێڕی دوژمنەوە، هۆشیاربن لە گۆڕانی بارو دۆخی سیاسی کوردستان، داواش دەکات منداڵەکانیان وەک شۆڕشگێڕ پەروەردەبکەن و بە ڕووی داگیرکاریدا بوەستنەوە .
سەبارەت بە داگیرکارییەکانی سەر کوردستان و بە تایبەت تۆپباران و بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە دەڵێت "تورکیا دەیەوێت داگیرکاری بکات و ئەم ئازادییەی کوردستان بشێوێنێت، چەند ساڵە ئێمە لە ژێر دەسەلاتی داگیرکاراندابووین ئێستاش ئەم ئازادییەکەمەی کە لە باشوری کوردستان هەیە دەیەوێت ئەوەش نەمێنێت".
هەروەها لەبارەی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لە ساڵانی هەشتاکاندا ڕژێمی بەعسی عێراقی بەشی باشور و ڕۆژئاوای کوردستانی کیمیا باران کردووە و هەروەها دەوڵەتی تورکی داگیرکاریش چەندین جار لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان ژەهراویترین گازی بە سەر گەل و ژینگەی کوردستاندا کردووە، سەبارەت بەو نا دادپەروەرییەش دەڵێت: ئێمە نەچوینەتە سەر خاکی کەس و خاکی کەسمان داگیر نەکردوە بەڵکو داگیرکاران هاتوون خاکی ئێمەیان داگیرکردووە.
دایە پەری پێی وایە دەبێت دایکان منداڵەکانیان لەسەر ڕێچکەی شۆڕشگێڕی پەروەردە بکەن، دەڵێت "پێویستە ژنان و دایکان ڕۆڵەکانیان لەسەر ڕێچکەی شۆرشگێڕی پەروەردە بکەن، بۆ ئەوەی ڕژێمی داگیرکەران نەتوانن داگیرمان بکەن، ڕۆڵی دایکان گەورە و کاریگەرە، تا کوردستانێکی ئازاد و ڕزگارمان هەبێت".
دایە پەری بە گرنگی دەزانێت کە ژنان لە هەر چوارپارچەی کوردستان یەکدەنگ بن، هەڵوێست وەرگرن و ڕابوەستن بەرامبەر داگیرکاری، لە کۆتایشدا داوایکرد" هۆشیاربن و نەکەونە ناو پیلانگێڕییەوە، چونکە کوردستان لە بەردەم بارودۆخێکی سیاسی هەستیاردایە و خۆیان بپارێزن و ڕووبەڕووی دوژمن بوەستنەوە".