لە کانوونی دووەم تا ٢٣ی تەمووز ٣٩ ژن بەهۆی توندوتیژی و ڕووداوە گوماناوییەکان گیانیان لەدەستداوە
لە ماوەی حەوت مانگدا، ٣٩ ژن لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەی جۆراوجۆر کوژراون یان مردنیان بە گومانەوە تۆمار کراوە، ڕێکخراوە چاودێرییەکان دەڵێن دیاردەی کوشتنی ژنان و توندوتیژی دژ بە ژنان هێشتا یەکێکە لە کێشە سەرەکییە کۆمەڵایەتییەکان.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لە ژێر دیواری ماڵەکان، لە ناو گوندە دوورەکان، لە شارە گەورەکان و تەنانەت لە شوێنە گشتییەکان، هەموو ساڵێک ژنانێک دەکوژرێن، هەندێکیان بە دەستی هاوسەر، هەندێکیان بە دەستی باوک، برا یان کەسانی نزیکبەشێکیان بەدەستی هاوژینەکانیان، باوک، برا و کەسە نزیکەکانیان، یان بە دەستی پیاوانێک کە پێشتر پەیوەندیان لەگەڵیان هەبووە، زۆربەی ئەم تاوانانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر ناوی شەرەف یان کێشەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ناوبانگی عەشیرەت ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئەم ناوانە تەنها پردێکن بۆ شاردنەوەی تاوانێک کە ڕیشەکەی لە نایەکسانی ڕەگەزی، بێسزایی و کولتووری پیاوسالارییە، ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نیشان دەدەن کە ژمارەیەکی زۆر لە کوشتنی ژنان هەرگیز ناگەنە دادگاکان، هەندێک کەیس بە شێوەی "خۆکوژی" و "ڕووداوی هاتووچۆ" دەناسێندرێن و لە زۆر حاڵەتدا بنەماڵەکان لە ترسی کۆمەڵگا یان فشارە خێزانییەکان، ڕاستییەکان دەشارنەوە، بۆیە ئامارەکانی کوشتنی ژنان ناگاتە ڕاگەیاندنەکان و ڕێژەیەکی کەم دەکەوێتە بەردیدی بینەران.
لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەر ساڵ چەندین کەیسی کوشتنی ژنان دەگاتە سەردێڕی میدیا، زۆرجار ئەو کەیسانە ئەوەندە هەستیارن کە بوونەتە هۆی خۆپیشاندان، بانگەشەی میدیایی و داواکردنی گۆڕانکاری لە یاسا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتە، هەندێک لەو کەیسانە لە بیر دەچنەوە، بەبێ ئەوەی چارەنووسی دادگایییان بزانرێ، هەروەها کوشتنی ژنان تەنها کێشەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی کۆمەڵەیەک هۆکاری یەکگرتووە، ئەگەر کۆمەڵگایەک ڕێگە بدات پیاو بە ناوی شەرەف یان دەسەڵات ژنی خۆی بکاتە ئامانجی توندوتیژی، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە درێژەدان بە ئەو تاوانەدا بەشدار دەبێت، لە ساڵانی دواییدا، هەرچەندە هۆشیاری گشتی بەرزبووەتەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە ئاشکراکردنی تاوانەکان، بەڵام ئەوە بەس نەبووە بۆ وەستاندنی کوشتنەکانی ژنان زۆرێک لە ژنان هێشتا پێش ئەوەی بتوانن هاوار بکەن، گیانیان لەدەست دەدەن.
ئامارەکانی کوشتنی ژنان تابێت بەرەوزیادبوون دەچێت و بەپیی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسەکەمان کوشتنی ژنان لە مانگی کانوونی دووەم تا ٢٣ی تەمووز بەم شێوەیەیە:
کانوونی دووەم
_ لە شارۆچکەی کەلار دوو خووشک لە ماڵێکدا غاز لێی داون و یەکێکیان گیانی لەدەستدا
_ لە شاری کەرکوک ژنێک دەکوژرێت، پاش ئەنجامدانی تاوانەکە بە شاراوەی دەیخەنە ناو چەمی خاسەوە تا بتوانن تاوانەکەیان پەردەپۆش بکەن.
_ لە شاری هەولێر ژنێک بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.
_ لە شاری دهۆک ژنێکی گەنگی تەمەن ١٤ ساڵان، پاش مانەوەی زیاتر لە هەفتەیەک لە نەخۆشانە بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتانییەوە گیانی لەدەستدا.
_ لە شاری کەرکووک، ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵ، کە دایکی سێ منداڵە، لە لایەن هاوژینەکەیەوە تێزاب بە دەموچاویدا دەکرێت، کە بوە هۆکاری سوتانی بەشێکی زۆر لە جەستەی ژنەکە.
مانگی شوبات
_ ژنێکی گەنجی تەمەن ١٨ ساڵلە شآرۆچکەی ڕانیە، بە شێوەیەکی گوماناوی کە شوێنەواری فیشەک بە جستەیەوەهەبوو، گیانی لەدەستدا.
_ ئانا سەلامی تەمەن ١٧ ساڵ، لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی سەیدسادق، لە لایەن براکەیەوە کوژرا.
_ ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ، کە دانیشتوی شاری سلێمانی بووە، لە ڕوباری سیروان کە سەر بە شارۆچکەی دەربەندیخانە، دەکەوێتە ڕوبارەکەوە و گیان لەدەست دەدات.
_ ژنێکی تەمەن ٤١ ساڵ، کە خەڵکی شاری مەریوانبوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری سلێمانی کوژرا، کە پێشوتر لە لایەن هاوژینەکەیەوە چەندجارێک هەڕەشەی لێکراوە.
_ لە خەبات، ژنێک تەرمەکەی لە ئاوی زێی گەورەدا دۆزرایەوە، کە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە.
_ ژنێکی دیوگیان، لە شارۆچکەی شارەزوور، لە کاتی دەوامی خۆیدا گیانی لەدەستدا.
_ لە شارۆچکەی خەبات، لەسەر پردی کۆن ژنێک بە شێوەیەکی گوماناوی دەکەوێتە خوارەوە و گیان لەدەستدەدات.
مانگی ئادار
_ لە شارۆچکەی سەیدسادق، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٥ ساڵ، بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدا.
_ لە گوندی چیمەنی سەر بە شآری کەرکوک، هێزە ئەمنییەکان، تەرمی ژنێکی ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵ دەدۆزنەوە.
_ سکاڵا حەسۆ، دانیشتوی شاری کۆیە، بە شێوەیەکی گوماناوی سوتا، پاس مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
_ لە باڵەخانەی بۆلیڤاردی شاری هەولێر، ژنێکی ١٩ ساڵ کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
_ ژنێکی گەنجی تەمەن ١٣ ساڵ، لە گوندی کنی سپیکەی سەر بە شارۆچکەی سەیدسادق، بە شێوەیەکی گوماناوی فیشەک بەر سەری دەکەوێت و گیانی لەدەستدا.
مانگی نیسان
_ غەزال مەولانی تەمەن ١٩ ساڵ، لە دایکبووی شاری مەهاباد، لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران بۆسەر کەمپەکەیان لە سورداش گیانی لەدەستدا. ب
_ لە ڕوباری زێی گەورەدا، ژنێکی کوژراو بە شێوەیەکی گوماناوی دۆزرایەوە.
_ لە شارۆچکەی سەیدسادق، لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیدا دوو ژن بەر فیشەک دەکەون و یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەستدەدات.
_ لە شارەدێی سەنگەسەر سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، ژنێک بە هۆکاری گڕگرتنی سۆپاوە و بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.
_ لە شاری هەولێر، ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.
_ لە گوندی سەربیری سەر بە شارەدێی پردێ لە شاری کەرکوک تەرمی ژنێک بە کوژراوی دۆزرایەوە
_ لە گوندی لوبنانی ئۆتۆمبێلێک لە ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵیدا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
مانگی ئایار
_ لە سنووری پارێزگای هەولێر تەرمی ژنێک بە خنکاوی دۆزرایەوە.
_ لە شاری کەرکوک ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵ لە لایەن براکەیەوە بە چەقۆ کوژرا، کە ئاسەواری ٣٠ چەقۆی بە جەستەیەوە دیاربوو.
مانگی حوزەیران
_ لە ناوچەی زرارەتی لە سنووری شاری هەولێر، ژنێک بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.
_ ژنێکی گەنج، دانیشتووی کۆمەڵگەی خاڵخاڵانی سەربە شارەدێی شوان لە شاری کەرکوک ، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.
_ لە شارۆچکەی زاخۆ، بەهۆی تەقینەوەی بوتڵێکی غاز،
ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ گیانی لەدەستدا.
مانگی تەمووز
_ لە شاری هەولێر، ژنێک کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بوو، موالیدی ١٩٩٧ بوو لەیەکەیەکی نیستەجێبوون کەوتەخوارەوە، هاوژینەکەی دەستبەسەرە.
_ تەرمی ژنیکی گەنج لە یەکەیەکی نیستەجێبوون لە شاری هەولێر دۆزرایەوە.
_ لە گوندێکی شێخان، ژنێک بە ناوی زەینەب سامی تەمەن ٤١ ساڵ دوای ئەوەی ئاگر لە ماڵەکەی دەکەوێتەوە دەسوتێت و پاش مانەوەی لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.
_ لە شارۆجکەی بنەسڵاوە ژنیک لە لایەن کوڕەکەیەوە کوژرا.
_ لە گەڕەکی یەکی حوزەیران لە شاری کەرکوک،
منداڵێکی کچی تەمەن سێ ساڵ، لە لایەن دوو منداڵی تەمەن ١٠ ساڵانی کوڕەوە هەوڵی دەستدرێژی کردنەسەری دەدرێت، پاشان دەخنکێندرێت.
_ ژنێک بە ناوی نەسرین خدر تەمەن ٤٠ ساڵ، لە کوێستانەکانی سەرشێخان لە بناری قەندیل، هەڵدێراو گیانی لەدەستدا.
_ ژنیکی تەمەن ٢٦ ساڵ دانیشتووی ڕانیە لە گەڕەکی قەڵات گەیەندرایە پزیشکی دادی ڕانیە، ژنێک کە لەلایەن ئامۆزایەکی خۆیەوە کوژراوە بە پێێ گوتەی پۆلیسی ڕاپەڕین، لە شەڕو دەمەقاڵێی دوو برادا ژنەکە کوژراوە.
_ ژنێک لە چیای کۆدۆی ناوچەی سۆران، هەڵدێراو پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
_لە شارەدێی هێرۆ ژنێک سەر بە شارۆچکەی قەڵادزێ بە ناوی دڵنیا محەمەد تەمەنی ٣٣ ساڵە، لە لایەن کەسوکارەکەی خۆیەوە کوژرا.
_ لە شارۆچکەی ڕەواندز ژنێک بە ناوی شەیدا هەژار، دوای پێنج ڕۆژ لە سووتانی ئێوارەی ئەمڕۆ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر گیانی لەدەستدا، کە کەسێکی نزیک لە خێزانەکەیەوە ئاماژەی بەوەکرد چەند مانگێکە ژیانی هاوبەسی پێکهیناوە، بەڵام کێشەی لەگەڵ هاوژینەکەیدا هەبووە.
هۆکارەکانی کوشتنی ژنان؛ لەنێوان "شەرەف"، دەسەڵاتی پیاوسالاری و فشارە کۆمەڵایەتییەکان
کوشتنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها ئەنجامی توڕەیی یان ناکۆکییەکی ساتی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە کە لە ماوەی دەیان ساڵدا دروست بووە، لە زۆر کەیسدا، تاوانبار پێش ئەنجامدانی کوشتن هەست بەوە دەکات کە کۆمەڵگا، خێزان یان تەنانەت یاسا، بە شێوەیەک لە شێوەکان، هەڵسوکەوتەکەی ڕەوا دەزانن، ئەو هەستە یەکێکە لە مەترسیدارترین هۆکارەکانی بەردەوامبوونی کەشتنەکانی ژنان، لە بەشێک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باوەڕیان بەوەیە کە شەرەفی خێزان بە هەڵسوکەوتی ژنان پەیوەستە، لەبەر ئەم بیرکردنەوەیە، هەر گومانێک، یان بڕیارێکی ژیانی تایبەتی ژن، وەک هەڵبژاردنی هاوسەر، داوای جیابوونەوە، یان ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری، لەلایەن هەندێک کەسەوە بە "سووکایەتی بە شەرەفی خێزان" دەبینرێت،بەڵام شەرەف نابێت بە بیانووێک بۆ کوشتنی مرۆڤ بگۆڕدرێت، ئەوەی بە ناوی شەرەف ناسێنرێت، لە ڕاستیدا تەنها هەوڵێکە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی پیاو بەسەر ژندا، نەک پاراستنی بەهایەکی ئەخلاقی، هەروەها یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی کوشتنی ژنان، سیستەمی پیاوسالارییە، لە زۆر شوێن تە ئێستەش پیاو خۆی بە بڕیاردەری سەرەکی ژیانی ژن دەزانێت، ئەگەر ژنێک بڕیارێک بدات کە لەگەڵ خواستی پیاو یان خێزان نەگونجێت، هەندێک جار ئەو بڕیارە دەبێتە سەرچاوەی توندوتیژی، ئەو دەسەڵاتە لە منداڵییەوە لەناو خێزان دروست دەبێت، کاتێک کوڕ بەو شێوەیە پەروەردە دەکرێت کە خاوەن دەسەڵاتە و کچ بەو شێوەیە کە دەبێت گوێڕایەڵ بێت، ئەم جیاوازییە لە گەورەبووندا دەگاتە قۆناغی توندوتیژی، پاشان، لە زۆر کەیسدا، کوشتنی ژنان بە یەکجار ڕوونادات، پێشتر ژنەکە ماوەیەکی درێژ ڕوبەڕووی توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، ئابووری یان سێکسی، لێدان، سووکایەتی، سنووردارکردنی ژیان، ڕێگرتن لە خوێندن یان کارکردن، و دابڕاندن لە خێزان و هاوڕێیان، هەمووی قۆناغەکانی پێش کوشتن دەبێتەوە، لە کاتیکدا زۆرێک لە ژنان هەوڵی شکایتکردن دەدەن، ترسیان لە تۆڵەسەندنەوە، نەبوونی شوێنی ئارام یان پشتگیری یاسایی، وای لێدەکات شکایتەکان پاشبگەڕێنن یان هەرگیز نەگەنە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.
جیابوونەوە و ڕەتکردنەوەی پەیوەندی
لە چەند ساڵی دواییدا، لێکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە ژمارەیەکی زۆر لە کوشتنی ژنان دوای داوای جیابوونەوە یان ڕەتکردنەوەی پەیوەندی ڕوویداوە، هەندێک پیاو ناتوانن بڕیاری ژن بۆ کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەک قبوڵ بکەن و هەست بەوە دەکەن کە دەسەڵات و کەرامەتیان لەدەستداوە، لە هەندێک حاڵەتدا، ئەو هەستە دەگۆڕێت بۆ توندوتیژی و لە کۆتاییدا کوشتن، هەروەها هەندێک جار تاوانبار تەنها نییە، لە هەندێک کەیس، فشار لەلایەن ئەندامانی دیکەی خێزان، خزمەکان یان دەوروبەر دروست دەبێت، هەندێک پیاو دەڵێن ئەگەر ئەو کارە نەکەن، لەلایەن کۆمەڵگا بە "بێشەرەف" دەناسێندرێن، بەم شێوەیە، کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێتە هاندەری تاوان، پاشان لە ناوچەیەکدا کە هۆشیاری یاسایی و مافی مرۆڤ کەمترە، ئاسانترە توندوتیژی ببێتە کارێکی ئاسای، خوێندن و ڕۆشنبیری یەکێکن لە کاریگەرترین هۆکارەکانی کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چونکە تاک فێری ماف، یاسا و ڕێگاکانی چارەسەری ناکۆکی دەبێت، ڕاپۆرتکردنی میدیایی لەبارەی کوشتنی ژنان دەتوانێت دوو کاریگەری هەبێت، لە لایەک، ئاشکراکردنی کەیسەکان هۆشیاری گشتی بەرز دەکاتەوە و فشار لەسەر دامەزراوەکان زیاد دەکات، لە لایەکی دیکە، ئەگەر هەواڵەکان بە شێوەیەکی نادروست بڵاوبکرێنەوە و تاوان بە "کێشەی خێزانی" بچووک بکرێتەوە، دەتوانێت قوربانی و بنەماڵەکەی دووبارە زیانمەند بکات، کە پێویستە لەو بارودۆخانەدا میدیاکار بە وریایەوە کار لەسەر کەیسەکان بکات، هەموو ئەو هۆکارانە پێکەوە پیشان دەدەن کە کوشتنی ژنان تەنها بڕیارێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، یاسایی و کولتوورییە، هەتا ئەو سیستەمە نەگۆڕدرێت، هەر تەنها سزا دان بە تاوانباران ناتوانێت ئەم دیاردەیە ریشەکێش بکات، بۆیە زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە چارەسەری ڕاستەقینە لە گۆڕینی بیرکردنەوە، باشترکردنی یاسا و زیادکردنی هۆشیاری کۆمەڵگا دەست پێدەکات.
تاوانباران چۆن کوشتنی ژنان دەشارنەوە، شێوازە نوێیەکان بۆ سەرلێشێواندنی دادگا
لەگەڵ گەشەکردنی زانستی پشکنینی تاوان و توندتر بوونی یاساکان لە هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شێوازی ئەنجامدانی کوشتنی ژنانیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەگەر لە ڕابردوودا زۆربەی کوشتنەکان بە ئاشکرا و بە ناوی "شەرەف" ئەنجام دەدران، ئەمڕۆ زۆرێک لە تاوانباران هەوڵ دەدەن کوشتنەکە بە شێوەیەک ڕێکبخەن کە وەک تاوان نەناسێندرێت، بەڵکو وەک ڕووداوێکی ئاسایی، خۆکوژی یان هەڵەیەکی ناخواستە پیشان بدرێت، ئەم جۆرە تاوانانە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد و زانستی هەیە، چونکە تاوانباران زۆرجار پێش ئەنجامدانی تاوان، پلانی شاردنەوەی بەڵگەکان دادەنێن، یەکێک لە زۆرترین شێوازەکانی شاردنەوەی کوشتنی ژنان، دروستکردنی دیمەنێکە کە وا پیشان بدات قوربانی خۆی گیانی لەدەست داوە، لە هەندێک کەیسدا، ژنەکە دەخرێتە شوێنێک کە وا دیاربێت خۆی خەڵاندووە، یان ماددەی ژەهراوی لە نزیکی دەخرێت بۆ ئەوەی مرگەکە بە خۆکوژی لێکبدرێتەوە، کە پشکنینی جەستە، شوێنی ڕووداو، پەنجەمۆر، کامێرای چاودێری و تاقیکردنەوەی فۆرەنسی دەتوانێت ئەو جۆرە ساختەکارییانە ئاشکرا بکات، بەڵام لە ناوچەیەکدا کە ئامراز و تیمی فۆرەنسی تەواو نییە، هەندێک کەیس بە خۆکوژی تۆمار دەکرێن، لە کاتێکدا ڕاستییەکە کوشتنە، شێوازێکی دیکە کە لە هەندێک کەیسدا تۆمار کراوە، سووتاندنی جەستە یان دروستکردنی ئاگر لە ناو ماڵە، تاوانبار هەوڵ دەدات بەڵگەی تاوان لەناو ئاگرەکەدا لەناوبچێت و مرگەکە وەک ڕووداوێکی ناخواستە پیشان بدات،بەڵام تەنانەت لە جەستەی سووتاویشدا دەتوانرێت بزانرێت ئایا قوربانی پێش ئاگرکەوتن مردووە یان لە کاتی ئاگرکەوتندا هێشتا زیندوو بووە، ئەم جۆرە زانیارییانە زۆرجار یارمەتی دادگا دەدەن بۆ دەستنیشانکردنی ڕاستی، لە چەند کەیسێکی ناسراودا، تاوانبار هەوڵیداوە کوشتنی ژن وەک ڕووداوێکی ئۆتۆمبێل یان کەوتنە خوارەوە پیشان بدات، لە ڕواڵەتدا، هەموو شتێک وادەردەکەوێت کە قوربانی بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان نیشانی داوە برینەکان لەگەڵ شێوازی ڕووداوەکە ناگونجێن، پاشان بەکارهێنانی ماددە ژەهراوییەکان لە هەندێک کەیسدا شێوازێکی دیکەی کوشتنی ژنانە، ئەم جۆرە تاوانانە لەبەر ئەوەی شوێنەواری ئاشکرایان کەمترە، زۆرجار سەرەتا بە مردنی ئاسایی لێکدەدرێنەوە، هەر بۆیە، پزیشکی دادوەری لە کەیسە گوماناوییەکاندا داوای تاقیکردنەوەی خوێن، خواردن، پاشماوەی ماددەکان و ئەندامە ناوەوەکانی جەستە دەکات، بۆ ئەوەی هەر شوێنەوارێکی ژەهراوی بدۆزێتەوە، تاوانباران تەنها هەوڵی شاردنەوەی جەستە یان شوێنی تاوان نادەن، بەڵکو هەندێک جار دەست دەبەن بۆ ونکردنی مۆبایل، کامێرای چاودێری، چەکی تاوان یان هەر بەڵگەیەکی دیکە کە بتوانێت لە دادگا دژیان بەکاردێت.
کاریگەری لەسەر لێکۆڵینەوە و دادگا
ئەو شێوازانەی تاوانباران بۆ شاردنەوەی تاوان بەکاردەهێنن، کارەکەی لێکۆڵەران و دادگا زۆر ئاڵۆز دەکات، لە هەندێک کەیسدا، دادگا ناچار دەبێت مانگان یان تەنانەت ساڵان چاوەڕوانی بەڵگە و راپۆرت بمێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی پرۆسەی دادگایی و دواکەوتنی وەرگرتنی مافی قوربانی، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم جۆرە تاوانانە، پێویستە پۆلیس و پزیشکی دادوەری بە شێوەیەکی خێرا لە شوێنی ڕووداو ئامادە بن، بەڵگەکان بە شێوەی زانستی پارێزراو بن و دادگا بە خێرایی و سەربەخۆیی لەسەر کەیسەکان بڕیار بدات، ئەگەر ئەم هەنگاوانە بە جددی جێبەجێ نەکرێن، هەندێک تاوانبار دەتوانن لە کەلێنی سیستەم بەشە شیاوی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانییە، لە بەشیمی دادپەروەری سوود وەربگرن و لە سزا ڕزگار بن.
هۆشیاری هاوڵاتیان و ڕۆڵی کۆمەڵگە لە بەرەنگاربوونەوەی کوشتنی ژنان
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، هۆشیاری گشتی لەبارەی کوشتنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزبۆتەوە، بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، میدیا و چاڵاکیی ڕێکخراوە مەدەنییەکان وای کردووە زۆرێک لە کەیسەکان نەشاردرێنەوە و بگەنە ڕای گشتی، ئێستا زۆرێک لە هاوڵاتیان بە ئاشکرا دژی ئەم جۆرە تاوانانە وەستاون و داوای سزا و دادپەروەری بۆ قوربانییان دەکەن، بەڵام هەندێک ناوچە هێشتا هۆشیاری بە ئاستی پێویست نییە، ترس لە قسەکردن، فشارە خێزانییەکان، و باوەڕ بە هەندێک نەریتی کۆمەڵایەتی وای کردووە کە هەندێک کەیسی کوشتنی ژنان بەبێ تۆمارکردنی سکاڵا یان لێکۆڵینەوەی تەواو کۆتایی پێ بێت، هەندێک خێزانیش لە ترسی ناوبانگ یان فشار، هەوڵ دەدەن کەیسەکە بە شێوەیەکی ناوخۆیی چارەسەر بکەن، گۆڕینی ئەم دۆخە تەنها بە یاسا ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕینی بیرکردنەوەی کۆمەڵگا هەیە، هەروەها خوێندنگەکان، زانکۆکان، میدیا و دامەزراوە ئاینییەکان دەتوانن بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و باسکردنی مافی ژنان، ڕۆڵێکی کاریگەر لە کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیەدا بگێڕن، کاتێک کۆمەڵگا کوشتنی ژنان وەک تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی ببینێت، نەک وەک "کێشەی خێزانی"، ئەوا هەنگاوێکی گرنگ بەرەو بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە هەڵدەگیرێت.
کێشەی دواخستنی کەیسەکان لە دادگا و کاریگەرییەکانی لەسەر دادپەروەری
یەکێک لە کێشە گەورەکانی کەیسەکانی کوشتنی ژنان، دواخستنی پرۆسەی دادگاییە، لە هەندێک حاڵەتدا، کەیسەکان بۆ مانگ و ساڵ لە دادگا دەماونەتەوە، کە ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر بنەماڵەی قوربانی و متمانەی کۆمەڵگا بە سیستەمی دادپەروەری هەیە، دواخستنی کەیسەکان هۆکارە جۆراوجۆرەکانی هەیە، لەوانە کەمی بەڵگەی پێویست، درێژبوونەوەی لێکۆڵینەوە، نەبوونی کەسانی پێویست بۆ شایەتی، یان بارگرانی دادگا بە ژمارەیەکی زۆر لە کەیسەکان، هەندێک جار فشارە کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانیش دەتوانن کاریگەری لە خێرایی و بێلایەنی پرۆسەکە هەبێت، بۆ بنەماڵەی قوربانی، دواخستنی دادگا تەنها چاوەڕوانییەکی درێژ نییە بەڵکو دەکرێت ببێتە هۆی دووبارە زیندووبوونەوەی ئازار و هەستی بێدەنگی، زۆرێک لە خێزانەکان داوای ئەوە دەکەن کە کەیسەکانی کوشتنی ژنان بە خێرایی و بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، لە هەمان کاتدا، خێراکردنی دادگایی نابێت بە مانای پشتگوێخستنی مافی تاوانبار بێت، بەڵکو پێویستە هاوسەنگی لەنێوان مافی قوربانی و مافی تۆمەتبار دروست بکرێت، دادگای سەربەخۆ و کارامە دەتوانێت دڵنیایی بدات کە بڕیارەکان لەسەر بنەمای بەڵگە و یاسا بدرێن، نەک لەسەر بنەمای فشار یان هەست، چارەسەرکردنی کێشەی دواخستنی کەیسەکان پێویستی بە چاکسازی لە سیستەمی دادوەری، زیادکردنی توانای دادگا، باشترکردنی لێکۆڵینەوەکان و پاراستنی بەڵگەکان هەیە، تەنها بەو شێوەیە دەتوانرێت متمانەی خەڵک بە دادپەروەری بگەڕێندرێتەوە و پەیامێکی ڕوون بۆ کۆمەڵگا بنێردرێت کە کوشتنی ژنان تاوانێکی قورس و بێ سزا نییە.