لە هەرێمی کوردستان بۆ لەباربردنی منداڵ یاسایەکی تایبەت نییە

لەباربردنی منداڵ، لە هەرێمی کوردستاندا یاسایەکی تایبەتی نییە و پشت بە یاسای سزادانی عێراقی دەبەستێت، کە لەباربردن قەدەغەیە و لە یاسادا وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

سلێمانی

 

هێرۆ عەلی-لەباربردن، ڕێکارێکی پزیشکییە بۆ کۆتایی هێنان بە گەشەکردنی کۆرپەلە لە سکی دایکیدا پێش ئەوەی بگاتە قۆناغی توانای ژیان، کە هەندێکجار ناخۆویستانە ڕوودەدات و پێی دەوترێت لەبارچوون، یان خۆویستانە ڕوودەدات و پێی دەوترێت لەباربردنی هاندەری.

 

سەرەتاییترین تۆمارە ناسراوەکانی تەکنیکەکانی لەباربردن و ڕێکخستنی گشتی زاوزێ دەگەڕێتەوە بۆ ٢٧٠٠ ساڵی پێش زایین لە چین و ١٥٥٠ پێش زایینیش لە میسر.

 

لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢٠، حکومەتی سۆڤیەت لەباربردنی منداڵی لە نەخۆشخانەکانی دەوڵەتدا بە یاسایی کرد، لە ساڵانی ١٩٣٠شدا، چەند وڵاتێکی وەک ( پۆڵەندا، تورکیا، دانیمارک، سوید،  ئایسلەندا، مەکسیک) لەباربردنی منداڵیان لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا بە یاسایی کرد وەک: دووگیانی بەهۆی دەستدرێژیەوە یان بوونی مەترسی لەسەر تەندروستی دایک و شێواوی کۆرپەلە.

 

لە ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٣٦، دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی یەکێتی سۆڤیەت جارێکی دیکە لەباربردنی منداڵیان نایاسایی کردەوە، کە تەنها لە حاڵەتی مەترسی لەسەر تەندروستی دایکەکە ڕێگەی بە لەباربردنی منداڵ دەدا، ئەویش بە مەبەستی زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان، کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و جەنگی ناوخۆی ڕووسیا کەمی کردبوو، بەڵام ئەمە جارێکی تر لە ساڵی ١٩٥٥ گۆڕدرایەوە بۆ ئاسایی و ئازادانە.

 

ژاپۆنیش، بە دەرکردنی یاسای پاراستنی یۆجینیک لە ساڵی ١٩٤٨، لەباربردنی منداڵی بە یاسایی کرد بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی دانیشتووان دوای شکستی جەنگی جیهانی دووەم، هەروەها لەباربردنی منداڵ لە ساڵی ١٩٥٢ لە یوگۆسلاڤیا یاسایی کرا، لەسەر بنەمایەکی سنووردار، لە ساڵی ١٩٥٥شدا، هەندێک لە هاوپەیمانەکانی سۆڤیەت (پۆڵەندا، هەنگاریا، بولگاریا، چیکۆسلۆڤاکیا، ڕۆمانیا) لە ژێر فشاری سۆڤیەتدا لەباربردنی منداڵیان یاسایی کرد.

 

لە بەریتانیا لە ساڵی ١٩٦٧، لەباربردنی منداڵ وەک یاسایی تا ٢٨ هەفتە بوو، دواتربۆ ٢٤هەفتە کەمکرایەوە، لە دوای ئەویشەوە وڵاتانی دیکە بەدوایدا هاتن، لەوانە کەنەدا ١٩٦٩، ئەمریکا لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵا لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٧٣ لە دۆسیەی ڕۆ دژی وەید کە مافی دەستووری بە ژنان بەخشی بۆ کۆتاییهێنان بە دووگیانییان، لەباربردنی منداڵی لە سەرانسەری وڵاتدا بە یاسایی کرد، دواتریش تونس و دانیمارک لە ساڵی ١٩٧٣، نەمسا ١٩٧٤، فەرەنسا و سوید ١٩٧٥، نیوزلەندا ١٩٧٧، ئیتاڵیا ١٩٧٨، هۆڵەندا ١٩٨٤، بەلجیکا ١٩٩٠.

 

بەپێی تۆمارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە نزیکەی ٧٣ ملیۆن لەباربردنی منداڵ لە جیهاندا ڕوودەدات، کە ٪٦١ی دووگیانییە نەخوازراوەکان و ٢٩٪ی دووگیانیەکان بە گشتی بە لەبارچوون کۆتایی دێت.

 

لە جیهاندا٢٠ وڵات هەیە کە لەباربردنی منداڵ تیایاندا قەدەغەیە، واتە لە هەموو بارودۆخێکدا نایاساییە، لەوانەش حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی، پەیوەندیی خزمایەتی یان کاتێک ژیانی دایکەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.

 

هەروەها ٧٢ وڵاتیش هەیە کە لەباربردنی منداڵ تیایاندا یاساییە لەسەر داواکاری، ئەم وڵاتانەش بەشێکی زۆری ئەوروپای ڕۆژئاوا و کەنەدا و ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و ئاسیا لەخۆدەگرن، لەم وڵاتانەدا ژنان دەتوانن بە هەر هۆکارێک و لە هەرکاتێکدا لە ماوەی دووگیانیدا لەباربردنی منداڵ هەڵبژێرن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ئاماژەیەکی پزیشکی تایبەت یان پاساوێکی پزیشکی هەبێت.

 

لە هەرێمی کوردستاندا، یاسایەکی تایبەت نییە سەبارەت بە لەباربردنی منداڵ و پشت بە یاسای سزادانی عێراقی دەبەستێت، کە لەباربردن قەدەغەیە و لە یاسادا وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١) ی ساڵی (١٩٦٩) لە ماددەکانی (٤١٧ ، ٤١٨ ، ٤١٩) باس لە لەباربردن دەکات و بەکارێکی تاوانکارانە هەژماری دەکات، تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت کە مەترسی لەسەر ژیانی دایکەکە هەبێت، یان ناتەواوییەک لە کۆرپەکەدا هەبێت، بۆ سه‌لماندنی ئەوەش پێویستی بە ڕاپۆرتی پزیشکی تایبەت هەیە و دەبێت ڕاپۆرتەکە لە دامەزراوەیەکی تەندروستی تایبەتەوە دەربچێت، بە پێی یاساکەش هەر پزیشکێک ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام بدات، دەکرێت بۆماوەی سێ ساڵ زیندانی بکرێت و مۆڵەتەکەی لەدەست بدات.

 

شارەزایانیش دەڵێن: بەیاساییکردنی لەباربردن، ئاسان نییە و پەیوەندیی تەنیا بە خودی کردەکەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە بیرکردنەوە، کولتوور، بیروڕا و تەندروستیی گشتی، باری کۆمەڵایەتی، ئابووریەوە هەیە، هەروەها گرنگیی بە یاساییکردنی لەباربردن لە ماوەیەکی دیاریکراوی سکپڕیدا، یارمەتیدەرە بۆ ئەو ژنانەی بە تایبەت کە کۆرپەکانیان لە ئەنجامی دەستدرێژیدا دروستبووبێت، تا لەژێر چاودێریی تەندروستی و پسپۆڕانی ئەو بوارەدا بن و ژیانیان پارێزراو بێت.