کەمپەین چییە؟ هەرێمی کوردستان ...٣

کەمپەین لە هەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە سەریهەڵداوە، بەڵام وەک چالاکوانکێکی ژنان باسی دەکات، بەهۆی نەشارەزایی لە کەمپەین و دیارینەکردنی کێشە و پەیامەکان کەمپەینەکان ناگەنە ئامانج، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئەوەی لە کەمپەیندا دەستدەخرێتە سەر کێشە سەرەکیەکە بۆیە لەلایەن کۆمەڵگاوە دژایەتی دەکرێن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- کەمپەین خۆی لە بنەڕەتدا مێژوویەکی هێندە کۆنی نییە چالاکی و فشارێکی نوێیە لەپێناو گۆڕانکاریدا دەکرێت، لە ئێستاشدا لە بەشێکی زۆری وڵاتان کەمپەین لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجامدەدرێت.

 

ئەگەر کەمپەین لە جیهاندا لە سەدەی ١٧ سەریهەڵدابێت، ئەوا لە هەرێمی کوردستان زۆر نوێترە، بەهۆی ئەو کێشمەکێشە سیاسییەی لە باشوری کوردستاندا هەبووە، گرنگی بە کەمپەین نەدراوە، دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە هەرێمی کوردستان و حکومڕانی کوردی ئیتر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و داکۆکیکار لە توێژە جیاوازەکان دروستبوون.

 

یەکێک لەو ڕێکخراوای پەرەیان سەند، ڕێکخراوەکانی ژنان بوو، کە بوونە لانکەی ڕاگەیاندنی کەمپەین لە بوارە جیاوازەکاندا، ئێستا ساڵانە دەیان کەمپەینی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، بەشێکیان دەنگدانەوەی گەورەیان بۆ دروستدەبێت، بەشێکیان پشتگیری دەکرێن، هەندێکیشیان لەلایەن هاوڵاتیانەوە دژایەتی دەکرێن.

 

کەمپەینەکان لە باشوری کوردستان

 لە دیارترین ئەو کەمپەینانەی کە ڕاگەیاندراون، کەمپەینی ٢٢ لەگەڵ تۆ، ناوی من ناوی دایکمە، یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری، ئێمە دەڵێین نا، ژن ژیانە مەیکوژە، تیرۆر و ڕەشەکوژی ژنان، کەمپەینی وەستانەوە بەرامبەر سوکایەتی بە ژنان، ئێمەی ژنان ناموسی کەس نین ناموسمان ئازادیمانە.

 

زۆرینەی ئەم کەمپەینانە تایبەتن بە ژنان، جگە لەوەش ساڵانە چەندین کەمپەین دژی داگیرکاریەکان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران ئەنجام دەدەرێت، هاوکات لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ دەیان کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ پەنابەر و ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، ناوەڕاستی عێراق ئەنجامدرا.

 

لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم کەمپەینە جیاوازانە بەڵام ئەو ڕەخنەیەیی کە هەیە و بەردەوام ئاڕاستەی ڕێکخەران و ئەندامانی کەمپەینەکان دەکرێت ئەوەیە کە پاش ماوەیەک ئەم کەمپەینانە دیار نامێنن و ئامانجەکانی خۆیان ناپێکن، شۆخان حەمە ڕەشید، شارەزای بواری کەمپەین و سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی بۆ ژنان هۆکاری ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەشارەزایی لە بارەی ئەنجامدانی کەمپەین.

 

وەک ئاماژەی بۆ دەکات، لە بەشێکی کەمپەینەکاندا کێشە، ئامانج، پەیام، کەسانی بە ئەمانج گیراو و ماوەی کەمپەینەکە دیارینەکراوە، بۆیە کەمپەینەکان کاریگەرییان نابێت یاخود کورتخایەن دەبێت.

 

بابەتی کەمپەین دەستخستنە سەر برینی کۆمەڵگایە

دەڵێت "ئەگەر ئامانج، پەیام و کێشەکە دیارینەکرابوو ڕاستەوخۆ بێیتە ناو کەمپەینەکە، ئەوا ئەو کەمپەینە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا نامێنێت، کاریگەری و دەستەکەوتەکانیشی نامێنێت، بۆیە زۆر گرنگە کەمپەینەکە  لەگەڵیدا بەردەوام بیت تا دەگەیتە ئامانجی کەمپەینەکە و دەستکەوتەکەت".

 

بەشێک لەو کەمپەینانەی ڕادەگەیەندرێن ڕووبەڕووی دژایەتی کۆمەڵگا دەبنەوە، بەتایبەت لە ڕێی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە چەندین ڕەخنە و کۆمێنت بۆ کەمپەینەکان دەچێت، لەم بارەیەوە ئەو پارێزەرە دەڵێت "زۆرجار ئەو کەمپەینانەی کە ئێمە دەیکەین ڕاستەوخۆ دەستخستنە سەر برینەکانی کۆمەڵگایە، لەبەر ئەوەی دەستبردنە بۆ سەر شتێک کە پێشتر لە کۆمەڵگادا باس نەکراوە، بۆیە بێگومان هەموو کەمپەینێک کۆمەڵێک دژایەتی دەکات، کۆمەڵێک لایەنگیرین دەکات، یاخود بێلایەن، بۆیە زۆر ئاساییە ئەو کەمپەینانە دژایەتی دەکرێن".

 

بەڵام وەک باسی دەکات، هەرچەندە کەمپەینەکان دژایەتی دەکرێن، بەڵام ڕازیکردن و باوەڕپێهێنان گرنگی کەمپەینەکە دەردەخات چۆن باوەڕ بەو کەسانە دەهێندرێت کە دژایەتی دەکەن، "بە شێوازێک تۆ ئەتوانیت ئەو کەسانەی کە دژی تۆن چۆن دەتوانن ببن بە بیلایەن یاخود لایەنگیری تۆ، ئەمەش لە ڕێگای ئەو پەیامی ڕوون و ئاشکرا، بۆیان بنێریت کە ئامانجی کەمپەینەکەی ئێمە چییە".

 

ت.پ