"کۆمەڵگەی باشووری کوردستان چوارچێوەیەکی دڕکاوی بۆ ژنان دروستکردووە"
نووسەر و ژنانی داکۆکیکار لە پارچەکانی کوردستان زیندانی دەکرێن، ژنانی باشوور سەرەڕای ڕێگریەکانیان بە پێنوسەکانیان داوای ئازادی بۆ ژنانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان دەکەن.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ ئازادبوونی ژنان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا پێویستی بە تێکۆشانی ژنان هەیە، ژنان لە هەر پارچەیەکی کوردستان بن بەدەست عەقلیەتی پیاوسالاری و سیستمی دەسەڵاتدارییەوە هەڵەوگیر دەبن، بەردەوام ڕوبەڕووی ڕێگریکردن دەبنەوە، ژنان لە باشووری کوردستان، ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانیشدا لە لایەن ڕژێمەکانەوە زیندانی دەکرێن، یاخود تیرۆر دەکرێن، پێویستە ژنان بە ئەنجامدانی شۆڕشی هزری، هاوشێوەی شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازادی "، کە تەواویی ژنان و ئازادیخوازانی هێنایە سەر شەقامەکان، لە ڕێگەی خۆ پەروەردەکردنەوە بتوانن بەردەوام داواکاری بۆ مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن.
"نەمانی عەقلیەتی پیاوسالاری ژنان بەرەو ژیانێکی شایستە دەبات"
گوڵزار فەرەج، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و دەستەی نوسەرانی بەشی ڕاگەیاندنی یەکێتی ژنان، باسی لەوەکرد، بەهۆکاری بوونی کولتوورێکی نا تەندروست ژنان بەرەوسەرکۆنەکردن دەبرێن، ژنان لە چوارچێوەی ژیان کردنێکی زیندانیدا دەهێڵنەوە، دەربڕینی ئازادی بیروڕاکانیان لێ زەوت دەکرێت، وتی: لە کۆنەوە ژن لە چوارچێوەی دیوارێکدا هێڵدراوەتەوە، ئازادی بیروڕا دەربڕینی لێ زەوت دەکەن، عەقلیەتی پیاوسالاری بەردەوام ژنان لە بەشی دووەمی ژیاندا دەهێڵێتەوە، ژنان لە دەربڕینی مافەکانیان بێبەش دەکەن، ناهێڵن بەردەوام دەنگی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان بڵندبێت، پێویستە ژنان و کۆمەڵگەی ئێمە بەڕووی جیهاندا بکرێتەوە، هەتا ژنان و کۆمەڵگە هۆشیاری تەواو لە مافەکانی ژنان وەربگرن.
وتیشێ:عەقلیەتی پیاوسالاری وای لە ژنان کردووە بە دوای خولیا و ئاواتەکانیان نەڕۆن، تێڕوانینەکانی کۆمەڵگە بەردەوام ژنانی بە لاواز بینیووە، بەڵام هێز و تواناکانی ژنان بەردەوام لە لوتکەدایە و تواناکانی ژنان لە پیاوان زیاترە، ڕێگری نەکردن لە تواناکانی ژنان لە لایەن پیاوانەوە، ژنان بەرەو ژیانکردنێکی شایستەی ژنبوون دەبات.
"ژنانی ئازادیخوازی باشوو بە پێنوسەکانیان بەرگری لە ژنانی جیهان دەکەن"
گوڵزار فەرەج، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ڕودان و کارەساتەکانی جەنگ هۆکارێکی دیکە بە ئامانج گرتنی ژنان دەبێت، وتیشی: کۆمەڵگەی باشووری کوردستان چوارچێوەیەکی دڕکاوی بۆ ژنان دروست کردووە کە ژنان نەتوانن داوای مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن، چەندین جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویداوە، هەروەها ئێمەی کورد بەرماوەی جەنگی چەندین ناوچەین، هەبوونی ئەو جەنگانە بیر و هۆشی هاوڵاتیانی ناوچەکەی سنوردار کردووە، کاتێک داوای مافی خۆمان بکەین وەک تاوانبارێک لێمان دەڕوانن، بەڵام هاتنە دەرەوەی ژنان و ئاشنابوونی ژنان بە مافەکانی خۆیان لە کۆمەڵگەشدا، هەمووی تێڕوانینی لە سەر دەکرێت، سەرکۆنەکردنی ژنان بەڕادەیەکی بەرچاو بەردەوامی لەسەر ژنان هەیە لە تەواوی ناوچە کورد نشینەکاندا، بەڵام چەندین ژنی بوێر و تێکۆشەر بەردەوام لە تێکۆشاندان بەرامبەر بە عەقلیەتی پیاوسالاری، دەبنە قەڵغانێک بۆ تەواوی ژنان لە ناوچەکاندا، هەر بۆیە پێویستە ژنان لە باشووری کوردستان بە کۆکردنەوەی زانیاری و خوێندنەوە، بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو توندوتیژی و ڕێگریانەی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت خۆمان پڕ لە زانیاری بکەین.
گوڵزار فەرەج ئەوەشی خستەڕوو، لە دژیی ئەو نادادپەروەرییانەی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، ژنان پێویستیان بە دەنگ هەڵبڕین دژ بە یاساکان و دەسەڵات هەیە، وتی: لە هەموو قۆرغکاریەکاندا کەسانێک هەڵدەستن بە هەڵگیرساندنی شۆڕشێک لە دژی ئەو بیروڕایەی بەرامبەریان دەگوزەرێت، ژنان لە بارەی بە کەم تەماشاکردنی ژنانەوە، هەڵدەستن بە ئەنجامدانی شۆڕشێکی فیکری و چاکسازی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری و باشترکردنی دۆخی ژنان، نموونەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی "هەیە، ئەو شۆڕشە دنیا بینینێکی نوێ بوو کە بەڕووی جیهان و ژناندا کرایەوە، زۆرێک لە ژنان ئەو دنیا بینییەیان تێدا هەیە بەڵام کۆمەڵگەی چەقبەستوو ڕێگە بە داواکردنی مافی ژنان نادات.
ئەو نووسەرە لە کۆتاییدا وتی: ئێمەی نووسەر بە پێنووسەکانمان پشتگیری تەواوی ژنانی ئازادیخواز لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان دەکەین، ئێمەی ژنان بە سەختییەکاندا گوزەر دەکەین دەبێت ئارام بگرین بۆئەوەی بەرهەمێکی جوانی ئازادیمان هەبێت، ئێمەی ژنان لە باشووری کوردستان بە پێنووسەکانمان پشتگیری لە تەواوی ژنان و ئازادیخوازی ناوچە و شارەکانی دیکە دەکەین، ئێمەی ژنان هەمووکات بە خۆ پڕ زانیاریکردن و داڕشتنەوەی بە نووسینەکانمان ئازادی بەدەستدەهێنین.