خەتەنەکردنی مێینە؛ ئازارێک کە کۆتایی نایەت

خەتەنەکردنی مێینە، یەکێکە لە دیاردە خراپەکانی ناو هەندێک کۆمەڵگە، کە بەجۆرێک بە توندوتیژی ناودەبرێت کە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، هەربۆیە لە جیهاندا ٦ی شوبات بە ڕۆژی ڕووبەڕووبوونەوەی خەتەکردنی مێینە ناسێندراوە.

هێرۆ عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- خەتەنە، پێکهاتووە لە توێکردنی ئەندامی زاوزێی مێینە لە بەشی دەرەوە ئەمەش پلەی هەیە لە پلەیەکدا تەنها بەشی دەرەوەى لادەبرێت، بەڵام لە پلەی دووەم و سێیەمدا زیاتر لە گۆشتەکەى دەرەوە لادەبرێت و دەبێتە مەترسی بۆسەر ژیانی ئەو منداڵە کچە، هەروەها وێڕای هەموو هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی خەتەنەکردنی مێینە، بەڵام ئێستاش لە هەندێک لە وڵاتان ئەو دیاردەیە ماوە و بنەبڕ نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دیاردەیە جۆرێکە لە توندوتیژیی کە لە باشووری کوردستانیش ڕووبەڕووی منداڵانی کچ و ژنانی گەنج دەبێتەوە، هەروەها ڕۆژی ٦ی شوبات، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە، بۆیە ساڵانە لەو ڕۆژەدا هۆشیاری تایبەت بڵاودەکرێتەوە.

 

مێژووی خەتەنەکردن بە تەواوی نازانرێت، بەڵام بە پێی توێژینەوەکان بۆ نزیکەی ٢٠٠٠ساڵ لە مەوپێش دەگەڕێتەوە، هەروەها سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە لە شارستانییەتی میسری کۆنەوە سەریهەڵداوە، چونکە دەوترێت هەندێک لە مۆمیاکانی میسر تایبەتمەندی خەتەنەکردنی مێینە نیشان دەدەن، هەروەها مێژوونووس ''هێرۆدۆتس'' بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین، فینیقیەکان، هیتیەکان و ئەسیوپییەکان خەتەنەکردنیان ئەنجامداوە، دواتریش ڕێوڕەسمی خەتەنەکردن لە ناوچە گەرمەکانی ئەفریقا و فلیپین، لەلایەن هەندێک هۆز لە ئەمازۆنی سەرەوە ئەنجامدراوە، دواتریش بە تێپەڕبوونی کات بەشێکی زۆری کۆمەڵگەکانی گرتۆتەوە و بووە بەنەریت.

 

کرداری خەتەنەکردن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە پێشێلکردنی مافی ژنان ناسراوە، کە ڕەنگدانەوەی نایەکسانی ڕەگ داکوتاوی قووڵی نێوان ڕەگەزەکانە وشێوازێکی توندڕەوی هەڵاواردن لە دژی منداڵانی کچان و ژنان پێکدەهێنێت.

 

هەندێک لەو کەسانەی کە پلانی خەتەنەکردنی مێینە دادەنێن یان ئەنجامی دەدەن پێیان وایە ئەم ڕێکارە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی چالاکی سێکسی ژنانی گەنج، هەروەها لە هەندێک کۆمەڵگەدا ئامڕازێکە بۆ بەدەستهێنانی ژنایەتی تەواو.

 

بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و زۆرێک لە دامەزراوە تەندروستییە گرنگەکان لە سەرانسەری جیهان کە بڵاویان کردووەتەوە، ڕایانگەیاندووە، کە هیچ سودێکی پزیشکی لە پشت خەتەنەکردنی مێینەوە نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە مەترسی زۆر لەسەر جەستە  دروست دەکات، وەک، لابردن و زیانگەیاندن بە شانە تەندروست و ئاساییەکانی کۆئەندامی زاوزێی مێینە، هەروەها دەستوەردان دەکات لە ئەرکە سروشتییەکانی جەستەی ژنان، هەرچەندە هەموو جۆرەکانی خەتەنەکردن پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسی ئاڵۆزییە تەندروستییەکانەوە هەیە، بەڵام مەترسییەکە لەگەڵ جۆرە توندەکانی خەتەنەکردن زیاترە، بۆیە داوا لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە سەرانسەری جیهان دەکرێت کە بەشداری ئەم ڕێکارە نەکەن، هەر پزیشکێکیش کە ئەو کارە ئەنجام بدات ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

 

لە چ تەمەنێکدا خەتەنەکردنی مێینە ئەنجامدەدرێت؟

تەمەنەکان جیاوازن، بەڵام زۆربەیان لە نێوان ٥ بۆ ٩ ساڵیدا ئەنجام دەدرێن، لە هەندێک ناوچەدا، بڕینی ئەندامی زاوزێی مێینە لە کاتی کۆرپەییدا ئەنجام دەدرێت، واتە هەر لە یەک دوو ڕۆژ دوای لەدایکبوونی منداڵ ئەو کارە ئەنجام دەدرێت، هەروەها بەشێکی تریشیان لە کاتی هاوسەرگیری یان یەکەم دووگیانی ڕوودەدات.

 

هۆکارە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێینە؟

هۆکارەکانی ئەنجامدانی خەتەنەکردن لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر و هەروەها بە تێپەڕبوونی کات جیاوازە و تێکەڵەیەک لە هۆکارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لەناو خێزان و کۆمەڵگەکاندا لەخۆدەگرێت، هەروەها  زۆرجار خەتەنەکردن بە بەشێکی پێویست لە پەروەردەکردنی منداڵی کچ دادەنرێت، وەک ڕێگەیەک بۆ ئامادەکردنی بۆ گەورەبوون و هاوسەرگیری، ئەمەش دەتوانێت کۆنتڕۆڵکردنی سێکسییەتی ئەو لەخۆبگرێت بۆ بەرەوپێشبردنی کچێنی پێش هاوسەرگیری و دڵسۆزی هاوسەرگیری، هەروەها هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەو کردارە پشتیوانی ئایینی هەیە، هەرچەندە هیچ ڕێنووسێکی ئایینی ئەو کردارەی دیاری نەکردووە.

 

زیانەکانی خەتەنەکردنی مێینە چییە؟

ئاڵۆزییە دەستبەجێیەکانی خەتەنەکردنی مێینە بریتییە لەمانە:-

  • ئازاری زۆر
  • خوێنبەربوون
  • ئاوسانی شانەکانی ئەندامی زاوزێ
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە
  • هەوکردن
  • کێشەی میزکردن
  • کێشەی چاکبوونەوەی برینەکان
  • مردن

ئەمە جگە لەوەی بڕینی ئەندامی زاوزێی مێینە کاریگەری دەروونی دەستبەجێ یان درێژخایەنی هەیە، کە کاریگەرییە دەروونییەکان بریتین لە فشاری دەروونی، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی.

 

لە کوێ خەتەنەکردنی مێینە ئەنجام دەدرێت؟

لە ئێستادا خەتەنەکردنی مێینە لە ٩٢ وڵاتی جیهان لە ڕێگەی داتای نوێنەرایەتی نیشتمانییەوە بەڵگەدار کراوە، کە ئەمەش تیشک دەخاتە سەر سروشتی جیهانی ئەم کردارە زیانبەخشە و پێویستی وەڵامدانەوەی جیهانی و هەمەلایەنە بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە.

 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم کردارە لە ''عومان، ئیمارات،  یەمەن، عێراق، ئێران، ئوردن، فەڵەستین، هیندستان، ئەندەنوسیا، مالیزیا، سریلانکا، بەنگلادیش، تایلەند، برونێی، سەنگافورە، کەمبۆدیا، ڤێتنام، لائۆس، فلیپین، ئەفغانستان، پاکستان و ماڵدیڤ ڕوودەدات، هەروەها لە نیوزلەندا و ئوسترالیا، جۆرجیا، ڕوسیا و بەریتانیاش، خەتەنەکردنی مێینە ڕاپۆرت کراوە.

 

هەروەها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر، پەنەما و پیرۆ لە ئەمریکای باشووریش تۆمارکراوە.

 

ساڵانە خەتەنەکردن ملیۆنان ژن دەکاتە قوربانی، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و بەشێکی ئاسیا دیاردەکە وەک نەریتێک پەیڕەو دەکرێت، لە ساڵی ٢٠٢٠، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کە ٢٠٠ ملیۆن منداڵی کچ و ژن کە ئەمڕۆ لە ژیاندان، جۆرێک لە جۆرەکانی خەتەنەکردنیان بۆ ئەنجامدراوە، هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان، لە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە چوار ملیۆن و ٣٠٠ هەزار منداڵی کچ و ژن خەتەنە کراون، هەروەها خەمڵاندوویەتی کە ئەو ڕێژەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ بۆ چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرز دەبێتەوە و  تا ١٠ ساڵی داهاتووش دەگاتە سەروو حەوت ملیۆن.

 

دیاردەی خەتەنەکردن لە هەرێمی کوردستان

٨٤ وڵاتی جیهان یاسای ناوخۆیییان هەیە کە کرداری خەتەنەکردنی مێینە قەدەغە دەکات یان ڕێگەی پێدەدات لە ڕێگەی یاسای دیکەوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت، وەک یاسای تاوان یان یاسای سزادان، یاسای پاراستنی منداڵان، یاسای توندوتیژی دژی ژنان یان یاساکانی توندوتیژی خێزانی، بێگومان لە هەرێمی کوردستانیش یاسایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تاوانە هەیە و هیچ تاوانێکیش بەبێ بوونی تاوانبار ئەنجام نادرێت، تاوانباری ئەو تاوانە گەورەیەش کە بەرامبەر ژنان دەکرێت خێزان و کۆمەڵگەن.

 

بەپێی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، خەتەنەکردن قەدەغەکراوە و ئاماژە بەوە کراوە، هەر کەسێک هەوڵی ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێینەیدا یان بەشداری تێدا کرد بە پێبژاردن سزا دەدرێت و سزای بەندکردنی بۆ ماوەیەک دەیگرێتەوە، کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنەکەشی لە دوو ملیۆن کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆنیش زیاتر نەبێت، پاشان باری تاوانکارەکە توندتر دەبێت ئەگەر بکەرەکە پزیشک، دەرمانساز، مامان یان یاریدەدەرەکانیان بوو، لەسەر دادگایە فەرمان بدات کارەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ قەدەغە بکات.

 

ماوەی چەند ساڵێکە ئامارەکانی خەتەنەکردنی مێیینە لە باشووری کوردستان بەرەو کەمبوونەوە دەچن، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، کە چالاکی و پڕۆژەکانی لە هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکات و کار لەسەر نەهێشتنی دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە دەکات، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە ناوچەکانی باشووری کوردستاندا زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی خەتەنەکردنی مێینەیان تۆمارکردووە، کە لە ڕانیە ۱٤۷ کەیس و لە هەولێر ٦٦ کەیس هەبوون، هەروەها ئەوانەی خەتەنەکراون لە تەمەنی کۆرپەیی تا ۱٨ ساڵ بوون.

 

هەروەها ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠٢٤شدا، ئاماری خەتەنەکردنی مێینەی لە ناوچەکانی باشووری کوردستاندا لە ساڵی ٢٠٢٣ بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند، لە هەرێمی کوردستان ١٠٠ حاڵەتی خەتەنەکردن تۆمار کراوە، بەشێوەیەک ٦٠ حاڵەتیان لە ڕانییە و٤٠ یان لە هەولێر بوون، هەروەها تەمەنی هەر ١٠٠ کەیسەکە خوار ١٨ ساڵ بووە.

 

بۆیە لەگەڵ بەردەوامی هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە، بەڵام هەمیشە مەترسی دووبارە تەشەنەسەندنەوەی هەیە، بەپێی دوایین ئاماریی ساڵی ٢٠٢٤ ساڵانە ملیۆنان ژن دەبنە قوربانی ئەو دیاردەیە و بەردەوامیش لە بەرزبوونەوەدایە، بۆیە پێویستە بەردوام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان کاری لەسەر بکەن.