هەر بستێک لە خاکی کوردستان بە خوێنی شەهیدێک ئاو دەدرێت

گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، کە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤دا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە بڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەسەر ڕێگای سەیدسادق لە کاتی ئەرکی میدیایدا کرانە ئامانج، بوونە یەکێک لە گوڵزارەکانی باخی شەهیدانی کوردستان و بۆ ئەبەد ناویان لە دڵی وڵاتپارێزاندا دەمێنیتەوە

ژیان عەلی

 

سلێمانی- دەڵێن هەر بستێک لە خاکی کوردستان بە خوێنی شەهیدێک ئاو دەدرێت و لە شوێنی هەر دڵۆپە خوێنێک گوڵێک شین دەبێت. ئەو دڵۆپە خوێنە گوڵستانێکە لە گوڵە هێرۆ، ئەو گوڵە هێرۆیانەی ڕووخساریان لە چەشنی ئاوی مەنگ و ناخیان بە ئاوازی شەپۆلی دەریا هاژەی دێت و هەر ژێر پێیەکیان شینایی و لە هەر دڵۆپێکی خوێنیان ژیان دەستپێ دەکاتەوە.

 

گوڵستان تارا، ئەو ژنەی کە داگیرکەر نەیتوانی بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ  چۆکی پێ دابدات و بە ترسنۆکانە تیرۆریان کرد و وایان زانی گەر گوڵستان لەباخی ئازادی هەڵبوەرێت، ئەوکاتە دەتوانن چاپەمەنی ئازاد، قەڵەمی ئازاد، دەنگی ئازاد، کامێرای ئازاد،  وشک بکەن.

 

 

گوڵێ کەم ژیا، بەڵام کەڵ ژیا، ئەو واتای دەبەخشی بە ژیان و لە هەناوییدا هێزی ئازادی و یاخیبوونی هەڵگرتبوو، ئەو یاخی بوو لە دەسەڵات، ئەو دەسەڵاتەی کە ویستی لە ناو خۆیدا بیتوێنێتەوە، یاخی بوو لە سیستم، کە دەیویست پێناسی کوردبوونی لێ بسەنێتەوە،  بەڵام ئەو بە قەلەم و  کامێراکەی چاونەترسانە ئەو پەردە ڕەشەی هەنجن کرد، کە دەسەڵات دەیویست بیدات بەسەر هەموو تاوانەکانیدا و لەناو خۆیدا نغرۆی بکات و بۆ ئەبەد پەردە پۆشی بکات.

 

ئەو ژنێکی یاخی و سەرهەڵگرتوو بوو، لە باتمانەوە شاپۆلیدا و بە کوردستاندا گوزاری کرد، ناوی گوڵستان بوو، لە هەر جێیەکیش پێی دابنایەوە، ئەو ناوەی پڕ لە گوڵ دەکرد، یەک لە باخەکانی باشووری کوردستان بوو، گوڵی ناو گوڵستانەکەشی هێرۆکان بوون، ئەوان باخچەکەیان پر لە هێزی ئازادی و ڕێگاکەشیان ڕێگای عەشق و ئازادی و حەقیقەت بوو.

 

وەکو ئەوەی شێرکۆ بێکەس بە باڵای گوڵستان و هێرۆدا هەڵیدابێت، کاتێک دەڵێت:

ئەوەی
له خەونی گورگە بۆرەکەی یەکەمەوە
نەهاتە دی و نایژێتە دی
ئەوەی هەرگیز پێتان ناکرێ
سڕینەوەی ئازادییە،
له ڕۆحمانا

 

گوڵیستان و هێرۆ لەسەر ڕێچکەی ئازادی بە دەنگی ژنانی سەرزەمینی ئاهورایی، بە هەڵوێستیان و خۆڕاگرییان نەیانهێشت خیانەت لە حەقیقەت بکرێت، ژیانی خۆیان کرد بە مێژووی دێڕ بە دێڕی حەقیقەتی ژنانی تێکۆشەر و لەبیرنەکراوی وڵاتی ڕۆژ.

 

ئەو ڕۆژەی کە بەگزنگی خۆرەتاوی درەوشاوەی چاوانی گوڵیستان و هێرۆ هیوایەک لە دایک بوو، تاریکی لە گۆڕنرا، لە بری جەستەی سوتاویان هەزاران ژن بەیەک دەنگ هاواریان کرد، نەمری بۆ گوڵیستان و هێرۆ.

 

هەروەک پیرەمێردی شاعیر دەڵێ سنگی کچان دەبێت بە قەڵغان لە بەردەم تیغی دوژمن بۆ گەیشتن بە ئازادی. ئەو ئازادییەی کە لە ڕوخسار و هزری گوڵە هێرۆدا ڕەنگی دابویەوە، بوو بە چروسکەیەک لە ڕەنگی ژیانەوە لە چاوانی هەموو ئەو ژنانەی بۆ چرکەیەک چاویان بە چاوەکانی گوڵە هێرۆکەی کوردستان کەوتبێت.

 

لە چاوی هاوڕێ و هاوپیشەکانتاندا، کە چاوەڕوانی بەرهەمە میدیاییە ناوازەکەتان بوون،  خەمێک دیارە، خەمی لەدەستدانتان، بەڵام هیوایەکیش دەدرەوشێتەوە، هیوای پێکهێنانی ژێانێکی ئازاد لەسەر ئەو ڕێچکەیەی ئێوە ژیانتان لە پێناویدا بەخشی، واتە بەخشینی ژیانێک بۆ زیندوو کردنەوەی ژیانێکی دیکە.

 

وەک یەکێک لە هاوڕێکانی گوڵستان تارا دەڵێت، ئاخاوتن و نووسین بە ئازارە، نەنووسینیش ناهەقییە. بەرامبەر ئەو کەسە نامەرد و خیانەتکارانەی ئەوانیان کوشت، نووسین و ئاخاوتنی هاوڕێکانی، بەرپرسیارێتییە. دەبێت مناڵ و گەنجانی کوردستان ئەو بناسن، بزانن کێ بکەنە نموونەی باڵای خۆیان. دەبێت واتای وڵاتپارێزی و دۆستایەتی و شۆڕشگێڕی لە ژیانی گوڵێ و هێڕۆ وەربگرن و ببنە قارەمانی ئەوان، دەبێت ژنان بزانن هاوڕێیەتی چەندێک مرۆڤ جوان و شکۆمەند و هێژا دەکات، بزانن پەیوەندی لەم چەشنە،  ژیان چەندە واتادارتر دەکات.