ڕۆژی جیهانی ئاشتییە و ئاشتی ڕێگای لێ ون بووە

ئاشتی جیهانی بەشدارە لە کەمکردنەوەی شەڕەکان و وڵاتانی شەڕکەر یان ململانێی نەتەوەکانی ناوخۆ کەم دەبێتەوە، بەڵام ئاشتی ڕێگای لێ ون بووە و لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە کوردستانەوە و باکووری ئەفریقا و بەشێكی یەکێتی ئەوروپا، شەڕێکی نامرۆڤانە بەڕێوەدەچێت.

ڕۆزا ڕزگار

 

ناوەندی هەواڵ- ١ ی ئەیلول و لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، ئەڵمانیا دەستیکردن بە کارەکانی بۆ داگیرکردنی وڵاتی پۆڵەندا، بۆیە هەموو ساڵێک لە ١ی ئەیلول، ڕۆژی ئاشتی، لە لایەن یەکێتی سۆڤیەت و پەیمانی وارشۆوە پیرۆز دەکرا، پاشان لە ساڵی ١٩٨١ دا ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان زەنگی ئاشتی لێدا و ٢١ ی ئەیلولی بە ڕۆژی جیهانیی ئاشتی بۆ سەرتاسەری جیهان ڕاگەیاند.

 

مەبەست لە دانانی ئەم ڕۆژە تایبەت بە ڕۆژی ئاشتی لێی "دانانی بەروارێکی هاوبەشی جیهانییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی بۆ پابەندبوون بە ئاشتی لە سەرووی هەموو جیاوازییەکانەوە و بەشداریکردن لە بنیاتنانی کولتووری جیهانی ئاشتی"، چونکە ئاشتی واتە ئازادی و بە دوور بوون لە پشێوی، کاتێکی ئارامییە کە لەلایەن کەس و هیچ شتێکەوە تێکناچێت، ئاشتی واتە تێگەیشتن لە یەکتر و پێکەوە کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان، هەروەها ئاشتی دۆستایەتی و هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتییە بە بێ بوونی دوژمنایەتی و توندوتیژی.

 

زەوی بۆ ئەوەی بتوانێت بژی پێویستی بە ئاشتی هەیە، ئەمەش هەموو گۆشەیەک دەگرێتەوە لەوانە شەڕ و پیسبوون و کارەساتی سروشتی و زۆر شتی تر، کاتێک ئاشتی و هاوسەنگی بپارێزرێت، بەبێ هیچ دواکەوتنێک شتەکان بە ئاسانی بەردەوام دەبن.

 

ئەمڕۆ زیاتر لە جاران ئاشتی پێویستە، شەڕ و ململانێ خەریکە وێرانکاری و هەژاری و برسێتی زیاد دەکات،و دەیان ملیۆن کەس لە ماڵەکانیان دوور خراونەتەوە، باشترین نموونەش لە ئێستادا ئۆکراینا و سودانە، کە جەنگ ماڵی هەزاراری وێران کرد و سەدان کەسی کوشت و بە ملیۆنانی ئاوارە کرد، ئاژاوەی کەشوهەوا لە هەموو دەوروبەردایە و تەنانەت وڵاتانی ئاشتیش بە نایەکسانی کەلێن و جەمسەرگیری سیاسییەوە گیرۆدە بوون.

 

گرنگی ئاشتی لە جیهاندا

ئاشتی جیهانی دەبێتە هۆی زیادبوونی جیهانگیری، کە خەڵکی وڵاتانی جیاواز دەتوانن لە لایەنی جۆراوجۆرەوە بە ئازادی لەگەڵ یەکتردا کار بکەن و بەشدارە لە ئاڵوگۆڕی کولتووری و مرۆڤەکان توانای ئەوەیان هەیە، بە ئازادی لەیەکتر تێبگەن و دەتوانن لە کەسانی دیکە فێری کولتووری جیاواز ببن.

 

ئاشتی جیهانی بەشدارە لە گەشەسەندنی ئابووری زیاتر کە ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە مرۆڤەکان توانای ئەوەیان هەیە، هەم وەبەرهێنانی ناوخۆیی و هەم وەبەرهێنانی دەرەکی ئەنجام بدەن، بەبێ ترس لە مەترسی توندوتیژی وڵاتانی تر لە داهاتوودا، هەروەها ئاشتی جیهانی بەشدارە لە یەکگرتنی خەڵک بۆ بەرەنگاربوونەوەی خراپەکارییە نادادپەروەرەکان واتە مرۆڤەکان توانای ئەوەیان هەیە بە یەک دەنگ قسە بکەن بۆ ڕزگاربوون لە خراپەکارییەکانی وەک ڕەگەزپەرستی و جیاکاری ئایینی و نایەکسانی جێندەری.

 

ئاشتی جیهانی بەشدارە لە کەمکردنەوەی شەڕەکان و وڵاتانی شەڕکەر یان ململانێی نەتەوەکانی ناوخۆ کەم دەبێتەوە، لەگەڵ ئاشتی جیهانی دڵنیا دەبیتەوە لە زیادبوونی ئازادی مرۆڤەکان، مرۆڤەکان ئازادی زیاتر بەدەست دەهێنن جا ئەگەر لە ئایین و ڕەگەز و وڵاتی جیاوازیش بن. ئەمەش یەکگرتوویی جیهانی بەرەوپێش دەبات.

 

لە جیهاندا دانیمارک، ئێرلەندا، نیوزلەندا و نەمسا لەو وڵاتانەن کە ئاشتی تێیدا بەرقەراە، ئەفغانستان بۆ هەشتەمین ساڵ لەسەریەک بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەندرێت کە ئارامی تێدا نییە و لە دوای ئەویش یەمەن، سووریا، عێراق، باشووری سودان و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دێن، ئەم وڵاتانە زۆربەی ساڵەکان لە جەنگ و نا ئارامیدا بوون، بە هۆی جەنگەکانەوە وڵاتەکانیان وێران بوون و هیچ سیمایەکی جوانیان تێدا نەما، خەڵکەکان پەرتەوازە بوون و لە ماڵەکانی خۆیان ناچارکران بڕۆن، بەمەش هەر وڵاتێک جەنگی تێدابێت، ئاشتی تێیدا بەرقەرار نابێت.

 

دەوڵەتانی زلهێز کاراکتەری سەرەکی ناسەقامگیری ئاشتین لە جیهاندا، هەمیشە بۆ زیادبوونی هێز و بەرژەوەندییەکانی خۆیان، لە وڵاتانی جیهاندا ئاشتی تێکدەدەن، باشترین نموونە وڵاتی ئۆکراینایە کە زیاتر لە ساڵێکە لە شەڕێکی نامرۆڤانەدایە لەگەڵ ڕووسیادا، هەموو ئەمەش بە پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا و هێزی ناتۆ دەستیپێکرد، بەڵام نە ناتۆ و نە یەکێتی ئەوروپا نەیانتوانی ژیان و ماڵی ئۆکراینی و ڕووسییەکان بپارێزن و لە دوورە چەپڵەیان لێدەدا، ئەم شەڕە لە بواری کەرتی گاز و دانەوێڵەدا زیانی لە وڵاتانی ئەوروپا دا و وڵاتێکی وەک و ئەڵمانیا، کە یەکێكە لە زلهێزەکان، بەدەست گرانی و کەمبوونەوەی سوتەمەنییەوە گیرۆدە ببوو.

 

ئەمە جگە لە کوردستان کە چەندین ساڵە لەژێر هەژموونی داگیرکاری دایە، لە کاتێکدا وڵاتانی وەک ناتۆ، کە دەوڵەتی تورکیا ئەندامە تێیدا،  دەتوانێت داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی کوردستان ڕابگرێت، بەڵام لێی بێدەنگە و هەموو جارێک گڵۆپی سەوزی هێرشی بۆ هەڵدەکات، بەمەش ئاشتی جیهانی لە کوردستان ناسەقامگیر کراوە و بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانیشی بۆ وڵاتانیی ڕۆژئاوایییە.