حکومەتی عێراق کاری جدی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ ناکات ...٢

عێراق وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری ١٣٢٥ ڕاگەیاند، بەڵام هەوڵی جدی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە نادات، ئەندامێکی ئەنجومەنیش ڕایدەگەیەنێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشێلکاری بەرامبەر ژنان دەکرێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە ساڵی ٢٠١٤ عێراق پابەندی خۆی بە بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی یاسایش ڕاگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەش ستراتیژی نیشتیمانی لەسەر دوو بنەمای سەرەکی ئامادەکرا، ئەویش یەکەمیان پاراستن و پارێگاریکردن لە ژنان دژی ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدەرێت، دووەمیشیان بەرەوپێشبردنی ژنان و هەوڵدان بۆ پێشخستنیان.

 

پابەندبوونی عێراق بەو بڕیارەوە کارێکی گرنگ بوو، بەتایبەت بۆ ڕێکخراوەکانی داکۆیکار لە مافی ژنان، یەکێک لە گرنگترین ئەو بڕیارانەش بەشداربوونی ژنان بوو لە بڕیارە سیاسی و چارەنوسسازەکانی وڵاتدا، لەبەر ئەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ ستراتیژێکی نیشتیمانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ دانرا.

 

١٧ وەزارەت بەشداری جێبەجێکردنی بڕیارەکە بوون

بەپێی ئەو ستراتیژە ١٧ وەزارەت لە حکومەت بەشداریان لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەدا دەکرد، هاوکات بڕیاربوو کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە هەموارکردنەوەی یاساکان و پەسەندکردنی یاسای نوێ کرد.

 

بەڵام هیچ کارێکی جدی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە نەکرا، بۆیە لە ساڵی ٢٠٢٠ حکومەتی عێراق جارێکی دیکە ستراتیژێکی دیکەی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ دەرکرد تا ساڵی ٢٠٢٢، بەڵام وەک ڕێزانی شێخ دلێر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی دەکات، لە حکومەتی عێراقەوە هەوڵی جدی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە نادرێت.

ڕێزان شێخ دلێر، ئاماژە بۆئەوە دەکات هەرچەندە ستراتیژێکی نیشتیمانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە داندەنرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان ناکرێت و حکومەت بەشێوەیەکی جدی کار لەسەر بڕیارەکە ناکات بۆیە بڕیارەکە بەشێوەیەکی تەواو جێبەجێناکرێت.

 

ئەو پەرلەمانتارە، باس لەوەش دەکات کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەندین بەربەست و ڕێگری بۆ ژنان دەهێننە پێش، ئەوەتا لە ساڵی ٢٠١٠وە پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەسەند ناکرێت، بگرە پەرلەمانتاران هەوڵی هەموارکردنەوەی بەشێک لە یاساکان دەدەن لە بەرژەوەندی پیاوان و خورانی مافەکانی ژنان.

 

حزبەکان ژنان بەپێی خواستی خۆیان دیاریدەکەن و ئەرکیان دەدەنێ

باس لەوەش دەکات، تا ئێستا بەڵام بەشێوەیەکی جدی هیچ کارێک نە لە حکومەت نە لە پەرلەمان نەکراوە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا بە شێوەیەکی خراپ مامەڵە لەگەڵ ژناندا دەکرێت، ئەم ڕێگرییە بۆ پرسی ژنان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بە هەموو ١٠ ژن بە ئەقڵیەتێکی ژنانەوە کار ناکەن، ئەم حزبە سیاسییانە ژنانێک دیاری دەکەن کە ئەقڵیەتێکیان هەبێت نزیک بێت لە خۆیانەوە.

 

لەکاتی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای ٢٠٢١دا ژمارەیەک پەرلەمانتاری ژن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پڕۆژە یاساکەدا بە ماددەیەک دابینکردنی بڕێک بودجەیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ و یەکسانی جێندەری جێکردەووە، بەڵام لەکاتی پەسەندکردنی یاساکەدا ئەو بەشە دیارینەکرا کە بە چ بڕێک بودجە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرسە دیاری دەکرێت.

 

ت.پ