ڕۆژنامەگەری ئازاد؛ ترسی ناو دڵی دوژمنان

پێشەنگانی ڕۆژنامەگەری ئازاد، بە ڕۆح و هەست و قەڵەم و کامێراکانیان لەپێناو دۆزی گەلێکدا بەردەوام لە تێکۆشاندا بوون، بەهۆی ئەو کاریگەرییە بەهێزەی ڕۆژنامەنووسانی ئازادەوە، بەردەوام لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە دەکرێنە ئامانج.

سلێمانی

 

ڕۆژنامەگەری ئازادی کورد تەمەنی کەمترە لە ٥٠ ساڵ بەڵام توانیویەتی شوێن پێی خۆی توند بکات و هەمیشەش بۆ داگیرکەران بووەتە مۆتەکە، کە لە هەر ساتێکدا بێت هێرشیان بکاتە سەر و هەوڵی کپکردنیان بدات، رۆژنامەنووسی بەرپرسیارێتی گەیاندنی دەنگی کۆمەڵگە و خستەڕووی حەقیقەت و ڕاستییە، ژنانی ڕۆژنامەنووس بە درێژایی تەمەنی ڕۆژنامەگەری کوردی و بە تایبەت ڕۆژنامەگەری ئازاد پێشەنگایەتییان کردووە و ترسی دڵی دەسەڵات، داگیرکەران و سەرکوتکاران بوون، چەندین ژنی ڕۆژنامەنووسی ئازاد هەبوون کە بە قەڵەم و کامێراکانیان ڕووی ڕاستی کۆمەڵگەکەیان بوون و تا ئاستی خوێن و گیان لەپێناو دۆزی گەلی کورد و ژندا بەرەوڕووی مەرگ هەنگاویان نا و بە ڕووی ژیاندا زەردەخەنەی چێژی تێکۆشانیان لەسەر لێو مایەوە و ڕێبازی گەیشتن بە ئازادی و حەقیقەتیان نووسییەوە.

 

نمونەی بەشێک لەو ژنانەی کە لە ڕاگەیاندنی ئازاد دا تێکۆشانیان کردووە و هەر لەو ڕێیەشدا گیانیان بەخت کرد، لەم ڕاپۆرتەدا دەهێنینە بەر باس؛

 

غوربەتلی ئەرسۆز، ناسراو بە زەینەب ئاگری لە ساڵی ١٩٩٥ دێتە ناو ڕیزەکانی سوپای ژنانی ئازادی کوردستان و دەست دەکات بە نووسینی ڕۆژنامەیەک بۆ تۆمارکردن و زیندووکردنەوەی ساتەوەختە واتادارەکان، لە ٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٧ لە هێرشەکانی پەدەکە لە چیای گارە لە باشووری کوردستان گیان بەخت دەکات.

 

ئایفەر سەرچە، بە ناسناوی شیلان ئاراس، لە تەمەنی گەنجییەوە خولیای ڕۆژنامەنووسی هەبووە لە دوای ساڵی ١٩٩٨ بەشداری لە خەباتی ژنانی کورددا کردووە، لە تورکیا و ئەرمینیا و باشووری کوردستان کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە. پاشان بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کوشتنی ژنان چووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مهاباد و ورمێ دەستی بە لێکۆڵینەوەکانی کرد. لە ١٩ی تەمموزی ٢٠٠٦ لە ناوچەی قەلارەش لە نێوان سنورەکانی ئێران و تورکیا لە ئەنجامی بۆسەی سوپای پاسدارانی ئێران کرایە ئامانج و گیانی بەختکرد.

 

ڕۆژنامەنووس لەیلا یلدزهان، ناسراو بە دەنیز فورات لە ٨ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی ئەنجامدانی کاری ڕۆژنامەنووسی و  ڕووماڵ کردنی هێرشی داعش بۆسەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور بەسەختی بریندار بوو،  پاش ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی بەختکرد.

 

لە ساڵی ٢٠١٧، چەتەکانی ڕۆژ سەربە پەدەکە، لە نزیک خانەسووری شەنگال بە فەرمانی دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردە سەر ئاسایشی ئیزیدخان، لە ئەنجامدا ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت بوونەوە کە بەهۆییە ١٢ کەس گیانی بەخت کرد، یەکێک لەوانە ڕۆژنامەنووس نوژیان ئەرهان بوو کە بۆ ڕووماڵکردنی خیانەتەکەی پەدەکە لەوێ بوو و کاری ڕۆژنامەوانی دەکرد.

 

ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ سوپای داگیرکەری تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی لە ناوچەی هەرەکۆل دەستپێکرد، ژیان ئامارگی کە ژنێکی دیکەی ڕاگەیاندنکارە لە ئەنجامی ئەو ئۆپراسیۆنەدا گیانی بەختکرد.

 

ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە زیلان، تێکۆشەر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە باشووری کوردستاندا بۆ پێشخستنی خەباتی ژنۆلۆژی تێکۆشانی دەکرد، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن میتی تورکەوە لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی کرایە ئامانج و گیانی بەخت کرد.

 

ئەمینە دەمیر، بە ناسناوی ڕۆسیدا مێردین بە تێکۆشانی خۆی لە گەورەشارەکانی تورکیا تا چیاکانی کوردستان، واتادارترین وەڵامی بە گوشارەکانی دوژمن لەسەر راگەیاندنی ئازاد و گەلەکەمان دایەوە. ڕۆسیدا وەک ڕۆژنامەنووسێکی ژن لە تێکۆشاندابوو بۆ گەیاندنی دەنگی ڕاستییەکان و حەقیقەتی ژیان، لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا لە ڕۆژی ١٧ی ئاداری ٢٠٢٤ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا گیانی بەختکرد.

 

هێرۆ بەهادین، ڕۆژنامەنووسی دەزگای میدیای چەتر کە ماوەی ٦ ساڵ بوو لە ڕێگای ڕاگەیاندەوە هەوڵی دەدا بۆ گەیاندنی دەنگی کۆمەڵگە و گوڵستان تارا، کە ماوەی ٢٤ ساڵ لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە تێکۆشانی کرد بۆ گەیاندنی دەنگی ڕاستی و ڕووبەڕووبەنەوە و نەهێشتنی داگیرکەری، لە ڕۆژی ٢٣ی ئاب لە کاتی پێکهێنانی ئەرکی ڕۆژنامەنووسیییاندا، لە شارۆچکەی سەیدسادق لەلایەن فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە کرانە ئامانج و گیانیان بەختکرد.

 

ژنانی کورد بەردەوام لە تێکۆشاندان بۆ هۆشیارکردنەوەی گەلەکەیان و خەبات دەکەن بۆ پاراسنی خاکەکەیان لە بەرامبەر داگیرکرداندا، دوژمنانی گەلی کورد بەردەوام هەوڵی لەناوبردنی پێشەنگان و کەسانی خاوەن ئیرادەیان داوە، ژنانی ڕۆژنامەنووسیش بە قەلەم و کامێرای دەستیانەوە پێشەنگی ئەم تێکۆشانی ژنانن و ڕووی راستی داگیرکاری و داگیرکەر وپلانە قرێژەکانیان هەڵدەماڵن و لە پێناو باوەڕی و بنەماکانیشیاندا تا ئاستی بەخشی گیان و ژیان بەردەوامن لە تێکۆشان.