کیمیابارانی هەڵەبجە، مێژوویەکی جەرگبڕی کورد

٣٥ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا لە جیهاندا بە جینۆساید نەناسێندراوە، هەروەها برینی دڵی هەڵەبجەییەکان تا ئێستا ساڕێژ نەبووە و چەندین خێزان کاریگەری کیمیابارانەکەیان بەسەرەوە ماوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەرواری ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨ بوو، واتە کۆتا ڕۆژی جەنگی نێوان ئێران و عێراق، ڕژێمی عێراق ئەوکاتەی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە وەک وەڵامێک بوو بۆ هێرشەکانی ئێران کە توانیبوویان هەڵەبجە بە هاوکاری پێشمەرگە بگرنە دەست، ئەم هێرشە لە ڕێگەی کیمیاییەوە ئەنجامدرا، کە لە گازی خەردەل و کۆمەڵێک گازی تری تێکدەری مێشک و دەمار پێکهاتبوو، بوونە هۆی برینداربوونی دەیان هەزار کەس و کاریگەری پاشماوەی چەکەکانیش دەیان ساڵە ماوەتەوە، چەندین خێزان و تاکی کورد چیرۆکی تراژیدیان بەهۆی ئەم کیمیابارانەوە لە مێژوودا تۆمار کردووە.

 

کیمیابارانەکە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزار کەس و برینداربوونی دە هەزار کەسی تر، ئاوارەبوونی تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبوونیان، کیمیابارانەکەی هەڵەبجە لەلایەن عەلی حەسەن مەجید، سەرداری یەکەمی سوپای عێراق و حزبی بەعس، کە ئەوکات بەرپرسی ئەنفالیش بوو ئەنجامدرا، دواتر بەهۆی کارەکانییەوە لە ساڵی ٢٠١٠ لە سێدارەدرا.

 

هۆکاری کیمیابارانەکە چی بوو؟

ڕۆژی ١٤ـی ئادار سوپای ئێران دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی هەڵەبجە، خورماڵ، بیارە و تەوێڵە، دوای داگیرکارییەکە سوپای عێراق هێزێکی زۆری هێنا بۆ دەوروبەری شاری هەڵەبجە و بە ناپاڵم بۆردومانی کرد، بەڵام سوودی نەبوو و هێزێکی زۆری لەدەستدا، دواتر دەستیکرد بە بۆمبارانی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی، بەهۆی ئەوەی هەڵەبجە بەوە ناوی دەرکردبوو کە خۆڕاگربوون لە بەرامبەر ڕژێمی بەعسی و حکومڕانییەکانیدا. بۆیە ببوە جێی سەرنجی ڕژێمی بەعسی، کاتێک هێزی پێشمەرگە ئەم ناوچەیەی لەژێر دەستی ڕژێمی بەعسی دەرهێنا، بووە بیانوویەک بۆ ڕژێمی بەعس تا درێژە بە سیستمی پاکتاوکردن و ڕەگەزپەرستی بدات، بۆیە کیمیابارانی بەرفراوانی ئەنجامدا.

 

بەر لە کیمیابارانەکەی ١٦ی ئادار بەشێکی دانیشتوانی هەڵەبجە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو، بەڵام بەشی زۆریان مابوونەوە، سەر لە بەیانی ڕۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ زیاتر لە حەوت فڕۆکەی جەنگی هاتنە سەر ناوچەی هەڵەبجە، بە موشەک و ناپاڵم شارەکەیان بۆردومان کرد، لە پاش ئەم هێرشە بەشێکی دیکەی خەڵک ناوچەکەیان جێهێشت، بەڵام زۆرینەی مایەوە و لە ژێر زەمینی ماڵەکانیان خۆیان حەشاردا، کاتژمێر ١١ی سەر لە بەیانی هەمان ڕۆژ بە چەکی کیمیایی و ناپاڵم هێرش کرایە سەر هەڵەبجە و زۆرینەی ئەوانەی لە ژێرزەمینەکاندا بوون بەهۆی نیشتنی گازەکەوە خنکان، زۆرێکیش لەو خەڵکەی کە هەڵاتبوون بەهۆی ئەوەی هەستیان بە خنکان و بڵق و ئاوساوی و سووتانەوە دەکرد لە جەستەیاندا، پەنایان بۆ ئاو و چەمەکان برد بەڵام بەهۆی ژەهراوی بوونی ئاو و سەرچاوەکان دووبارە ئەوەش بووە مۆڵگەیەکی مەرگ بۆ شەهیدانی کیمیابارانەکە.

 

لە ماوەی ڕۆژێکدا بەردەوام بۆردوومانی هەڵەبجە دەکرا

لەو کاتژمێرەوە تا سەر لە بەیانی ڕۆژی ١٧ی ئادار، ١٤ جار فڕۆکەکان بە بەردەوامی بۆردوومانی ناوچەکەیان کرد، ئەو چەکانەی بەکارهێنرابوون بریتیبوون لە "سارین، سیانید، فۆسفۆر، تابوون، خەردەل، ڤی ئێکس و گازی دەمارەکان"، شایەتحاڵانی کارەساتەکە دەڵێن چەکی کیمیاییەکە بۆنی سێوی لێدەهات، کۆمەڵێک لە خەڵکەکە ڕاستەوخۆ شەهید بوون بەشێکی تریان ماوەیەکیان پێدەچوو، تووشی کۆکە ببون و چاویان ئاوی کردبوو و هەروەها بڵق بەسەر جەستەیانەوە هەبوو، هێرشەکە بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر بەرکەوتووان جێهێشت و بووە هۆی لەبارچوونی دەیان منداڵ بە چەند ساڵێک دوای کارەساتەکە.

 

تا ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە جینۆسایدکردن نە ناسێندراوە

وڵاتانی دەرەوە و جیهان لەم ڕووداوە بێدەنگ بوون، حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەزگا هەواڵگرییەکان ڕایانگەیاند کە هێرشی سەر کوردەکان ئەنقەست نەبووە و ویستیان تاوانەکە بخەنە پاڵ ڕژێمی ئێران، کەیسی هەڵەبجە یەکێک بوو لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد، لە دادگای باڵای تاوانکاريی عێراقدا یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسەکە لە ٢١ی ١٢ی ٢٠٠٨ ئەنجامدرا، لە بەرواری ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند، لەبری ئەوەی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت. لە پاش ٣٤ دانیشتنی دادگا بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجەیدا، و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید لەلایەن دادگاوە ناسێندرا و یەکلاییکرایەوە، پەرلەمانی عێراقیش لە ١٧ی ئاداری ٢٠١١دا لە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە ٤٤ بە بڕیاری ژمارە ١٢ کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام هیچ بڕیارێکیان بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە دەرنەکرد.

 

لەسەر ئاستی عێراق لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراق و لە پەرلەمانی عێراقدا بە جینۆساید ناسێندراوە و دانیپێدانراوە، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە یاسا بە جینۆساید دانی پێدانەنراوە، تەنها پەرلەمانی کەنەدا وەک تاکە دەوڵەتێک لە ١٦ی ئاداری ٢٠١٠ وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساندوویەتی نەک تاوانی جینۆساید.

 

تا ئێستا ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە دەربارەی جینۆسایدکردنی هەڵەبجە

بە پێی ئامارەکانی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەر لە کیمیابارانەکە ژمارەی دانیشتوانی ناوەندی قەزای هەڵەبجە و گوندەکانی یەکەی کارگێڕییەکەی بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩٨٧ کە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە کرابوو، گەیشتبووە ١١٥.٥٤٠ کەس لە شارەکە و ٢١٦ گونددا نیشتەجێ بووبوون، لە دوای جینۆسایدەکە تەنها ١٨ گوند مانەوە و ١٩٨ گوندەکەی تر وێرانکران و خەڵکەکەی ئاوارەکران و بوونە پەنابەر، سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشت بەڕێژەی لە ٪١٠٠ لەناوبرا، بە پێی ئامارەکان لە ٪٦٨ی قوربانییەکان لە خوار ١٨ ساڵەوە بوون، لە ئێستا ٦٧ خێزان داوای ١١٩ منداڵیان کردووە کەلە جینۆسایدەکەدا ونبووە.

 

تا ئێستا ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی جینۆسایدی هەڵەبجە لەبەردەست نییە، بەڵام ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی هەڵەبجەیان خستووەتەڕوو و ٣ هەزار و ٢٠٠ ناویان تۆمار کردووە، بڕواشیان وایە لە نێوان ٤ بۆ ٧ هەزار هاوڵاتی خنکابن، ئامارێکی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ژمارەی گیان لەدەستداوان دەگاتە ٥ هەزار و ٤٦١ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش لە ١٢ هەزار و ٨٠٠ کەس، ٢١١ منداڵی ٧٤ خێزان ونبوون، تا ئێستاش ٩٠٠ کەس کاریگەری چەکە کیمیاییەکەیان لەسەر ماوە و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ تەنها ١١ منداڵ گەڕاونەتەوە و ئەوانی تر چارەنووسیان نادیارە.

 

جینۆسایدەکە بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین نەخۆشی و کاریگەری درێژخایەن

زیاتر لە ٧٠٠ برینداری تۆمارکراوی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە هەن و زیاتر لە ٥٠٠ یان حاڵیان زۆر ناجێگیرە، دوای کیمیابارانکردنی ناوچەکە، ڕێژەی لەبارچوون ١٤ ئەوەندە زیادی کردووە، شێرپەنجەی قۆڵۆن ١٠ ئەوەندە و نەخۆشییەکانی دڵ چوار ئەوەندە زیادیان کردووە، شێرپەنجەکانی تر و نەخۆشییەکانی هەناسەدان و کێشەی  پێست و چاو، نەخۆشییەکانی زاوزێ بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەڵەبجە و ناوچەکانی تر کە بەر کیمیابارانکردن کەوتوون زیاتر بوون، ترسیش هەیە لە دروستبوونی نەخۆشییە بۆماوەییەکان.

 

کۆمەڵێک سەرچاوەی جیهانی هەن کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە شەهیدکردنی هاوڵاتیانی کورد، چونکە رژێمی عێراق بۆ دەستکەوتنی ئەو جۆرە چەکانەی جینۆسایدەکەی پێ ئەنجامدا، پەیوەندی بە وڵاتانی ترەوە کردووە، پاش چەند ساڵێکیش لە ڕووداوەکە چەندین بازرگان و کەسانی دیکە لە وڵاتانی دەرەوە بەهۆی پەیوەندیکردنیان بەو جینۆسایدەوە سزادران، لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە و بە چەندین زمانی جیاواز فیلم بۆ جینۆسایدی هەڵەبجە دروستکرا و چەندین ڕووداوی دڵتەزێنی تیادابوو.