ڕەگەزپەرستی؛ قڕکردن لەژێر ناوی یەک نەتەوە و یەک ئاییندا
مێژوونووسان پێیانوایە ڕەگەزپەرستی خراپترین جۆرەكانی نەخۆشیە كۆمەڵایەتیەكان و هۆكاری سەرەكی پەیدابوونی ناكۆكیە مرۆییەكانە، چونکە دەبێتە هۆی لەناوچوونی نەتەوەکان
سروە نێرگز
ناوەندی هەواڵ- هەر كاتێك دوو دەستە یان دوو گروپی جیاواز لەسەر شتێك كێشە و گرفت بكەوێتە نێوانیان، توندوتیژی و زیادەڕۆیی زیاتر دروست دەبێت، ڕەگەزپەرستی و نەژادگەرایی تۆختر دەبێـتەوە، لە جێگەیەكدا ئەگەر یەك جۆرە نەژاد و ڕەگەز زاڵبن، ئەوا پێكەوەبوون و بێ گرفتتر ژیان دەچێت بەڕێوە و لە كاتی هەر كێشە و گرفتێكدا زووتر چارەسەر دەكرێت.
مێژووی ڕەگەزپەرستی زۆر کۆنە لەناو ئاینەكانیشدا پانتاییەكی گەورەی هەیە، هەڵبژاردنی نەتەوە یان ئاینێك بەسەر ئەوانی تردا كێشەی گەورەی ناوەتەوە، لەو ڕێگەیەشەوە دابەشكاریی بیر و باوەڕی لێكەوتووەتەوە، كە دیارترینیان ڕەوایەتی بەخۆدان و ناڕەوایەتیدان بەویترە، لەو سۆنگەیەشەوە بڕیاری كوشتن و پاكتاوی جەستەیی و فیزیكی لێدەکەوێتەوە.
مێژوونووسان پێیانوایە ڕەگەزپەرستی خراپترین جۆرەكانی نەخۆشیە كۆمەڵایەتیەكان و هۆكاری سەرەكی پەیدابوونی ناكۆكیە مرۆییەكانە، چونکە دەبێتە هۆی لەناوچوونی نەتەوەکان، هەروەها ئایین پەیوەندییەکی دوور و درێژ و ئاڵۆز و بەیەکەوە گرێدراوی لەگەڵ میراتی ڕەگەزپەرستیدا هەیە.
ئایینەکان، دامەزراوە ئاینییەکان و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لە ئایین بەکاردەهێنرێن بۆ بەرز ڕاگرتنی باڵادەستی سپی پێستەکان و پاساو هێنانەوە بۆ ڕەگەزپەرستی و جیاکاری نەتەوەیی. ئایین نە لە بۆشاییدا پراکتیزە دەکرێت و نە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، بەڵکو هەمیشە بە زەمینەی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئاگادار دادەنرێت، لێرەوە زۆرجار ئایین وەک ئاوێنەیەک بۆ گریمانە فراوانەکانی کۆمەڵگە کاردەکات و هەوڵی دابەشکردن و جیاکاری دەدات، لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، چینایەتی، پێگەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەی بێت.
دەوڵەتانی داگیرکەر قڕکردنی فیزیکیان بەڕێوەبرد
لە مێژووی کورداندا، دەوڵەتە داگیرکەرەکان سەرەتا قڕکردنی فیزیکییان بە بنەما گرت و هەر چەشنە سەرهەڵدانێک و ماف خوازییەکیان بە هێرش و کوشتن وەڵام دایەوە، لە هیچ کردەیەکی دڕندانە سڵیان نەکردەوە، لە کوردستان، تایبەت لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و درێژایی سەدەی ٢٠ دەسەڵاتە فاشیستیەکان سەرهەڵدانی کوردانیان سەرکوتکرد و دەستیان دایە کوشتن و داگیرکاری.
لە دوای پەیماننامەی لۆزان هەمیشە هەوڵدراوە کوردان بە عەرەب و تورک و فارس بکەن، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرکوتی سەرهەڵدانی سمکۆی شکاک، سەرهەڵدانی مەلا خەلیل، کۆماری کوردستان و هەروەها دەیان سەرهەڵدان و جوڵانەوەی تر لەلایەن دەوڵەتی دژە گەلانی پاشایەتی ئێران و هەروەها کوشتن و جیهاد دژی کوردان و ملیتاریزەکردنی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی داگیرکەری ئێستای ئێران، ویستیان گەلی کورد فیزیکی لەناوببەن، لە باکووری کوردستانیش بە سەرکوتی سەرهەڵدانەکانی دەرسیم، گەلی زیلان بە کۆمەڵکوژی گەلی کورد لە مەرەش، دەرسیم و دەیان هێرش و سەرکوتی تر، پەیڕەوی هەمان زهنیەت و بیرۆکەی بەرتەسکی دەسەڵاتی دەوڵەتی بوون کە جیاوازیەکان پەسەند ناکات لەگەڵ ئەوەشدا لە باشوور و ڕۆژئاوای کورستانیش ڕووبەڕووی چەندین و هێرشی قڕکردن و لەناوبردن و ئەنفال بوونەوە.
ڕژێمی بەعس بە عەرەبکردنی بەڕێوەبرد
لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا پاکتاوی بە عەرەب کردن هەبوو، کە خەڵک بە زۆر دەکران بە عەرەب و ناسنامەی کورد بوونیان لێ دەسێندرایەوەم هەر کەسێک ناڕەزیەتی دەربڕیایە ئەوا ڕووبەڕووی مەرگ دەکرایەوە، کوردێکی زۆر بەر ئەو لێشاوە ڕەگەزپەرستییە کەوت، بە تایبەت کوردان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو هێرشانە تائێستاش بەردەوامن لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و دوژمنانی کورد لەژێر ناوی ئاین و نەتەوە وێرانکاری و کوشتن بەردەوام دەکەن.
هەموو ئەو کۆمەڵکوژییە بەهۆی بیری ڕەگەزپەرستیەوە سەرچاوەی گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێزیدی و عەلەویی و یارسانی بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی توندوتیژی و کۆمەڵکوژی دەوڵەتانی داگیرکەر و بیرە توندڕەوەکانی تر بوونەتەوە، لە نیشتیمانی خۆیان ئاوارە بوون و زهنیەتی ڕەگەزپەرستیان بەرامبەر بەکارهێنراوە بۆ لەناوبردن و نەهێشتنیان.
دەوڵەتە داگیرکەرەکان بەڕەوایان زانیوە چ بەهۆی ڕەگەزپەرستی نەتەوەی یاخود ئاینییەوە بیانەوێت لە هەموو لایەکەوە نەتەوەی کورد لەناوببەن لەژێر ناوی یەک ئاین، یەک نەتەوەدا، تا ئەمڕۆش بەرامبەر کورد هەرچی وێرانکاری و توندوتیژیە ئەنجامی دەدەن، لە بەرامبەر ئەوەشدا جیهان خۆی لێ بێدەنگ کردووە.
ڕەگەزپەرستی لە ئەمرۆدا بووە بە فاشیزم بەرامبەر کورد، چونکە نەک تەنیا لە ڕووی نەتەوەی و ئاینیی و نەژادییەوە ڕووبەڕووی لەناوچوون و هێرش دەبنەوە، بەڵکو لە ڕووی چاند، زمان، نەتەوە، لە هەر چوار پارچە پلانی لەناوبردن هەیە، بۆیە ئەوەی گرنگە لێرەدا کۆمەڵگە زیاتر هەوڵی خۆهۆشیار کردنەوە بدات بەرامبەر بیری ڕەگەزپەرستی و فاشیزم لە کوردستان.