دوو ساڵ بەسەر شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دا تێدەپەڕێت و هاواری ئازادی بەردوامە

کوشتنی ژینا ئەمینی دەستپێکی سەرهەڵدانی ژنان بوو لە دژی زوڵم و ستەم و سەپاندنەکانی ئەو ڕژێمە، ئەم سەرهەڵدانە لە سنوری ئێراندا نەمایەوە و بە جیهاندا بڵاوبووەوە، تا ئەو ئاستەی ژنانی هیندستان دژی دەستدرێژی و کوشتنی پەرستارێک هاواری ژن، ژیان، ئازادییان کرد.

بێگەرد ئازاد

 

ناوەندی هەواڵ- دوای کوشتنی ژینا ئەمینیی ٢٢ ساڵ، کە خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بیانووی گونجاو نەبوونی حیجاب، پریشکی سەرهەڵدانی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هاوێژرا، لە ڕۆژی بەخاک سپاردنی ژینا ئەمینی لە گۆرستانی ئایچی شاری سەقز بە سەدان کەس ئامادە بوون و لە هەمان ڕۆژدا لە سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکرد و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز بووەوە، لە هەمان کاتیشدا گەنجان لە زانکۆی تاران دەستیانکرد بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین.

 

لە ئەنجامی ئەم سەرهەڵدانەدا، گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی گرتن و لێدان و لە سێدارەدان بوونەوە، سەدان گەنجیش بوون بە درێژەدەری ڕێگای ژینا و لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە کوژران و گیانیان بەختکرد.

 

ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە تایبەتی بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان زیاتر لە ساڵێک لە شەقامدا مانەوە و درێژەیان بە سەرهەڵدانەکان دا، لە شەقامەکاندا دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان دەوتەوە و بە بێ حیجاب بە شەقامدا دەسووڕانەوە، کە کاریگەرییەکانی ئەم بزووتنەوەیە تا ئێستاش بەردەوامە.

 

لە بەرامبەر ئەم سەرهەڵدانەی گەنجاندا، ڕژێمی ئێران ئەشکەنجە و هێرش و دەستگیرکردنەکانی چڕ تر کردەوە، ژنان و گەنجان لە شەقامەکاندا بە گولەی ساچمە بریندار دەکران و زۆرێکیان بیناییان لەدەستدا،

 

دوو ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا تێدەپەڕێت، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویانکردووەتەوە، لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ تا ٢٢ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ، ٥٠٧ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، کە لانیکەم ٦٩یان منداڵ بوون، زیاتر لە ١٨ هەزار و ٥٠٠ کەس دەستگیرکراون، پێشبینی دەکرێت کە ٦٥٤ کەس لەوانە خوێندکار بوون، هەزار و ١٩٦ گردبوونەوەی شار و زانکۆکان بەڕێوەچووە، ١٦١ شار و ١٤٤ ناوەندی زانکۆ بەشداری گردبوونەوەکان بوون.

 

هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٧٤٥ هاوڵاتی و چالاکوانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکان یان دامودەزگا دادوەرییەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، تاران، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خووزستان، خوراسانی ڕەزەوی و مازەندەران بە هۆکاری سیاسی دەستبەسەر کراون.

 

هاوکات لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ژمارەی لە سێدارەدان بەراورد بە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا، ٢٣ حاڵەت زیادی کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٧٩١ هاوڵاتی لە ئێران لەسێدارەدراون کە ٢٥یان ژن و دوو تاوانباری منداڵ بوون، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو زیاتر لە ٣٣% زیادی کردووە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ تا ٣١ی تەموزی ٢٠٢٣ زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، کە لانیکەم ٥٧ کەسیان منداڵ بوون، لەم ساڵیشدا لە ئێران زیاتر لە ٤٠٠ هاوڵاتی لە سێدارەدراون کە ١٥ کەسیان ژن بوون.

 

دوای تێپەڕ بوونی دوو ساڵ بەسەر ئەم شۆرشەدا، کاریگەرییەکانی ئەم سەرهەڵدانە لەسەر گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ماوەتەوە، ڕژێمی ئێران لەگەڵ هاتنی ساڵیادی شۆرشی ژن ژیان ئازادی سەرجەم ئەو ڕێکارانە دەگرێتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە ناڕەزاییەتی دەربڕینی خەڵک، بە گرتنی ڕێگاکان و بڵاوکردنەوەی هێزی ئەمنی لە نێو شارەکاندا، هەروەها بە دەستگیرکردنی چالاکوانان و کەسانی ئازادیخواز هەوڵدەدات خەڵک بترسێنێت و ڕێگری بکات لە گردبوونەوە و چالاکییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.