دیزاینی بیناکان یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی کاریگەری بومەلەرزە

پاراستنی بینا بەرزەکان لە بوومەلەرزە لە بەرزترین هەوڵەکانی ئەندازیاراندایە، بینا بەرزەکان گەورەترین هێڵی ململانێی ئەندازیارانی ئەمریکی و یابانین، لە دوای ڕوودانی بومەلەرزە بەهێزەکانەوە یابان چەندین سیستمی نوێی ئەندازیاری گەشەپێدا، بەڵام پەیڕەوناکرێن.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- پاراستنی بینا بەرزەکان لە بوومەلەرزە لە بەرزترین هەوڵەکانی ئەندازیاران دایە، بینا بەرزەکان گەورەترین هێڵی ململانێی ئەندازیارانی ئەمریکی و یابانین، زۆربەی خانووە بەرزە نوێیەکان لە ئەمریکا لە دەوری ناوەکی کۆنکرێتی بەهێزکراو دروستکراون، کە تەکنیکێکە ئەندازیارانی یابان خۆیانی لێ بەدوور دەگرن، چونکە دەڵێن لە بوومەلەرزەدا بە شێوەیەکی پێشبینینەکراو کاردەکات، بینا بەرزەکان لە یابان هەمیشە بە ئاسن و پۆڵا دروست دەکرێن.

 

یابان شوێنی خۆڕاگرترین بیناکانی جیهانە و نهێنییەکانیان لە توانای سەماکردنیاندایە، کاتێک زەوی لە ژێریاندا دەجووڵێت، بەرزاییەکانی تۆکیۆ و ئۆساکا و یۆکۆهاما زاڵن بەسەر دیمەنی شارەکانی دەوروبەریان، تاوەرەکان بڕوایەکی وادەبەخشن کە ئەوەندەی پێکهاتەیەکی دروستکراوی مرۆڤ نەجووڵاو و جێگیرە.

 

مەترسییە بەردەوامەکان

بوومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١١ی تۆهۆکو لە یابان، بە یەکێک لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکان ناسراوە و بە مەزەندەکردن ١٦ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و تیشکی ڕیاکتۆرێکی ئەتۆمی تێکچووی بڵاوکردەوە، بەڵام ئەوە تەنها یەکێک بوو لەو ڕووداو و بومەلەرزە زۆرانەی کە ساڵانە یابان دەگرێتەوە.

 

دوورگەکانی یابان دەکەونە درێژایی ئەڵقەی ئاگری زەریای هێمن، لە پەراوێزی چینی تەکتۆنیکی ئۆراسیا و فلیپین و زەریای هێمن وەستاونەتەوە، چینێکی تەکتۆنیکی بەهێزی دیکەی لە ژێردایە، خزانی چینەکانی زەوی دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی فشارە نائاساییەکان و ئازادکردنی هێزی بوومەلەرزە، کە لەرزینێکی بەهێز دەنێرێت و گوڕەکەی دەکرێت شارێکی ئاسایی بخاتە سەر زەوی.

 

بەڵام تاوەرە بلۆکەکانی یابان بینایەکی ئاسایی نین، جون ساتۆ، ئەندازیاری پێکهاتەیی و مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی تۆکیۆ دەڵێت: هەموو بیناکان تەنانەت ئەگەر پێکهاتەی بچووک یان کاتیش بن، دەبێت خۆڕاگر بن بەرامبەر بە بوومەلەرزە لە وڵاتەکەدا.

 

وڵاتەکە چەندین بینای کۆنی هەیە کە پێش گۆڕانکاری گەورە لە یاسای بیناسازی ساڵی ١٩٨١ دروستکراون، تەنانەت داهێنانە بومەلەرزەییەکانی وڵاتەکە کوالیتی و کاریگەریی جیاوازیان هەیە، وەک لە ئاشکراکردنەکانی ساڵی ڕابردوودا ئاماژەی پێکرا.

 

دوو ئاستی سەرەکی خۆڕاگری بینا و باڵەخانەکان هەیە کە ئەندازیاران کاریان بۆ دەکەن

یەکەمیان بەرگەگرتنی بوومەلەرزەی بچووک، ئەو جۆرەیە کە بینایەک ڕەنگە سێ یان چوار جار لە تەمەنی خۆیدا لە یابان بیبینێت، بۆ ئەم قەبارەیە هەر زیانێک کە پێویستی بە چاککردنەوە هەبێت قبوڵ ناکرێت، بۆیە دەبێت بیناکە بە شێوەیەکی باش دیزاین بکرێت، کە بتوانێت بەبێ زیان لەو بوومەلەرزانە ڕزگاری بێت.

 

ئاستی دووەمی خۆڕاگری بریتییە لە بەرگەگرتنی بوومەلەرزە توندەکان کە ڕوودانیان دەگمەنترن، کە بەهۆی بوومەلەرزە گەورەکەی کانتۆی ساڵی ١٩٢٣ دانراوە، ئەمە بوومەلەرزەیەکی گەورە بوو بە پلەی ٧.٩، کە تۆکیۆ و یۆکۆهامای وێرانکرد و زیاتر لە ١٤٠ هەزار کەسی کوشت، بۆ بوومەلەرزە گەورەکان بە قەبارەی زیاتر لەم پێوەرە پاراستنی بیناکان بە تەواوی چیتر ئامانج نییە، هەر زیانێک کە زیانی مرۆڤی لێ نەکەوێتەوە جێگای قبوڵکراوە واتە بیناکان دیزاین کراون بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک.

 

بۆ ئەوەی بیناکان بەرگەی هێزە باوەڕپێنەکراوەکانی بوومەلەرزە بگرن، دەبێت زۆرترین وزەی بومەلەرزەیی هەڵبمژن، لە ڕێگەی چەند سیستمێکی ئەندازیارییەوە ئەو کات ناڕوخێت، ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی لە پرۆسەیەکدا ڕوودەدات کە پێی دەوترێت دابڕانی بومەلەرزەیی، بیناکان یان پێکهاتەکان دەخرێنە سەر فۆرمێکی بیرینگ "بەرگەگرتن یان شۆک ئەبزۆبەر-ئامێرێک بۆ نەهێشتنی کاریەگەری لەرزین بەهۆی بومەلەرزەوە"، هەندێکجار بە سادەیی وەک بلۆکی لاستیک کە ئەستووری نزیکەی ٣٠-٥٠ سانتیمەتر دادەنرێت، بۆ ئەوەی بەرەنگاری جووڵەکانی بوومەلەرزەکە ببنەوە.

 

خۆگونجاندن لەگەڵ بناغەی بیناکەدا یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکان کە بیناکان دروستدەکرێن بۆ ئەوەی بەرگەی بوومەلەرزە بگرن، بەڵام دامپەری جوڵە بە درێژایی بەرزی بیناکە دەتوانێت خۆڕاگری باشتر بە بیناکە ببەخشێت، لەگەڵ پاڵەپەستۆکردنی پەمپەکە پاڵ بە شلەکەوە دەنێت، ئەو پرۆسەیە دەتوانێت لەرزینەکانی ناو بیناکە کەم بکاتەوە.

 

ئامێرەکان بۆ هەڵمژینی وزەی بوومەلەرزە و ئاسانکاری لەرزین تاکە ڕێگە نین بۆ ئەوەی بینایەک خۆڕاگر بێت بەرامبەر بە بوومەلەرزە، شێوازەکانی تر بریتین لە داڕشتن و دیزاینی خودی بیناکە.

 

لە یابان ئەندازیارەکان لەسەر دیزاینی بومەلەرزەزانی پەروەردە دەکرێن

 هەر نهۆمێک بە تەواوی هەمان بەرزی هەبێت و هەموو ستوونەکانت " پایەکان" لەسەر دوورییەکی تۆڕی یەکسان بێت، بیناکە لە بوومەلەرزەدا باشتر کاردەکات، لە یابان تەنانەت تەلارسازەکانیش لەسەر بوومەلەرزە پەروەردە دەکرێن، بۆیە ئەندازیاران و دیزاینەرەکان دەتوانن بە تێگەشتنەوە گفتوگۆ لەسەر بابەتە زانستییەکان بکەن.

 

بۆ نموونە بەکارهێنانی پێکهاتەی تۆڕ یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە چەمانەوەی پشتگیرییەکانی بیناکە، ئەگەر بەشێک ببەسترێت، هەبوونی دراوسێیەکی نزیک یارمەتی دەدات بۆ وەستاندنی چەمانەوەی و هەڵمژینی وزە دابەش دەکات، لە ئەنجامدا پێکهاتەی تۆڕیی یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی بیناکان.

 

بەپێی کۆمەڵەی دابڕانی بومەلەرزەزانی یابان لە کۆی ٩ هەزار پێکهاتەی یابان کە لە بنکەکاندا دابڕاوە، ٤٣٠٠ بینای فرە نهۆمین کە زۆربەیان ئۆفیس و بینای حکومین و ٤٧٠٠ یان خانوون.

 

گۆڕانکاری لە یاسا و ڕێساکانی یابان بۆ  پارێزگاری دژی بومەلەرزە

لە ساڵی ١٩٧١، دوای بوومەلەرزە لە کەناری تۆکاچی لە ساڵی ١٩٦٨ زۆرترین پێوەرەکانی چڕی بومەلەرزەی JMA 5، ستاندارد بۆ پەیوەندییەکانی RC، یان پێکهاتەی کۆنکرێتی بەهێزکراو، توندکرایەوە.

 

لە ساڵی ١٩٨١، دوای ئەو کارەساتەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە کەنارەکانی پارێزگای میاگی لە ساڵی ١٩٧٨دا ڕوویدا، زۆرترین پێوەرەکانی چڕی بومەلەرزەزانی JMA 5، یاسای ستانداردی بیناسازی پێداچوونەوەی بۆ کرا و یاسای نوێی دیزاینی دژە بومەلەرزە هاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ستانداردە نوێیەکە نەک تەنها گرنگی بە ڕێگریکردن لە داڕمانی بیناکان لە کاتی بوومەلەرزە دەدا بەڵکو کاری دەکرد لەسەر چۆنیەتی دەستەبەرکردنی سەلامەتی ئەو کەسانەی لەناو بیناکاندان.

 

لە ساڵی ٢٠٠٠، بە پشتبەستن بەو وانانەی کە لە بوومەلەرزەی گەورەی هانشین لە ساڵی ١٩٩٥ فێربوون، زۆرترین پێوەرەکانی چڕی بومەلەرزەیی7  JMAیاسای ستانداردی بیناسازی پێداچوونەوەی بۆ کرا بە مەبەستی باشترکردنی سەلامەتی بینا دارەکان و بۆ ڕوونکردنەوەی ئاستی ئەدای دژە بومەلەرزە، تایبەتمەندییەکان و فۆرمەکانی بناغەی بیناکان، لێکۆڵینەوە زەمینیەکان بوو بە ناچاری.

 

بە جێبەجێکردنی یاسای بەرەوپێشبردنی دڵنیایی کوالیتی خانووبەرە "سیستەمی نیشاندانی ئەدای خانووبەرە" دامەزرا، توانی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی ئەدای خانووبەرە بکرێت لەسەر بنەمای ستانداردە یەکگرتووەکان، جگە لەوەش کۆمپانیای بیناسازی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەرپرسیار بوو لە کەموکوڕی و دزەکردنی باران لە بەشە بنەڕەتییە پێکهاتەییەکانی خانووەکەدا.