لە خوشکانی میرابالەوە بۆ ژینا، زەینەب و ناگیهانەکان

بە گوڕکردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، وەڵامی ژنانە دژی توندوتیژی لەلایەن پیاوانی سەردەستەوە.

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

 

توندوتیژی پیاوانی باڵادەست بووەتە سەرچاوەی هەموو قەیرانە قووڵەکانی مرۆڤایەتی، مێتینگەری دەروونی و سیستمی پیاوسالاری، کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە، بنەمای هەموو جۆرە جینۆسایدێکە تا ئەمڕۆش لەسەر ژن، خاک و سروشت، کۆمەڵگە و گەلان ئەنجام دەدرێت. بەڵام ئەزموونە مێژووییەکانی خەباتی ئازادیخوازی ژنان و ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکانی ژنان لە سەرەتای سەدەی ٢١دا، پێداگری ژنان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی شکۆمەندانە و ئازاد نیشاندەدات.

 

خوشکانی میرابال - پاتریا، مینەرڤا و ماریا تێرێزا - بوونەتە یەکێک لە نموونەکانی پێشەنگایەتی و بەردەوامیی ژنان لە دۆزی ڕزگاری ژنان و کۆمەڵگەدا، لە ساڵانی ١٩٥٠دا بەشداریان لە 'بزووتنەوەی ١٤ی حوزەیران' دژی دیکتاتۆری فاشیستی ترۆژیلۆ لە کۆماری دۆمێنیکان کردووە. لەلایەن ئازادیخوازانەوە بە "لاس ماریپۆساس-پەپوولەکان" ناسراون، لەگەڵ هاوکارەکانیان هەوڵیاندا کۆمەڵگە هۆشیار و ڕێکخستوو بکەن، تا ترس و بێدەنگی بەرامبەر ستەم و ئەشکەنجە و کوشتنی سیاسی بشکێنن. هەرچەندە خوشکانی میرابال لەلایەن سەربازەکانی ترۆژیلۆ دەستگیرکران، بەڵام لەژێر ئەشکەنجە و دەستدرێژی سەربازەکاندا هەنگاوێکیان بۆ دواوە نەناوە و خیانەتیان قبوڵ نەکردووە، لە ئەنجامی هاوپشتی و فشاری نێودەوڵەتیشدا ئازاد کران.

 

ئیرادەی بەرخۆدان و ئازایەتی پەپولەکان هەم متمانەی بە خەڵک بەخشی و هەم ڕژێمی فاشیستی ترساند. بۆیە دیکتاتۆر ترۆژیلۆ لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠ فەرمانی ڕفاندن و کوشتنی پاتریا و مینەرڤا و ماریا تێرێزای دەرکرد و شەهیدکران، ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی ڕاپەڕینی گشتی کە بە تیرۆرکردنی ترۆژیلۆ لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦١دا گەیشتە لوتکە. خەڵکی کۆماری دۆمێنیکان بە لەناوبردنی دیکتاتۆریەتی فاشیستی کە بۆ ماوەی ٣١ ساڵ بە پشتیوانی ئەمریکا کۆمەڵکوژی دڕندانەی دژی گەل و ژنان ئەنجامدابوو، تۆڵەی خوشکانی میرابال و ٣٠ هەزار شەهیدەکەیان کردەوە. بزووتنەوەکانی ژنان لە ئەمریکای لاتین و جیهان یادی کار و خەباتی ئەو ژنە پێشەنگانەیان کردەوە و ٢٥ی نۆڤەمبەریان وەک ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان ناساند.

 

لەدوای شەهیدبوونی خوشکانی میرابال، بەرخۆدان و ڕاپەڕینی ژنان لەدژی ڕژێمە فاشیستەکان و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی پیاوسالاری لە جیهاندا هەرگیز کەمی نەکرد و تا ئێستاش بەردەوامە، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی شۆڕشی کوردستان لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لاپەڕەی نوێ لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازی ژناندا نووسرایەوە و لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و دیدگاکانی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا چەمک و فەلسەفە و بەرنامەی شۆڕشی ژنان وەک بنەمای ئازادی وڵات و کۆمەڵگە پەرەیپێدرا.

 

"لە مێژووی گەلەکەماندا وشەی ژیان و ژن وەک یەکن. بەڵام ئێستا دەبینین کە بوونەتە دوو وشەی دژ بەیەک. ئێمە دەمانەوێت ئەم جیاوازییە لە نێوانیاندا نەهێڵین و جارێکی دیکە ژن و ژیان یەکدەخەینەوە، ئەمەش پێشهاتێکی گەورەیە[...] ئەوەی پێویستە 'شۆڕشی ژنان'ە کە لە هەموو کایە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوە بچێت، وەک چۆن کۆیلایەتی ژنان قووڵترین کۆیلایەتییە، شۆڕشی ژنان دەبێت قووڵترین شۆڕشی یەکسانی و ئازادی بێت. شۆڕشی ژنان دەبێت چ لە ڕووی تیۆریەوە چ لە ڕووی کردارەوە هەنگاوی ڕیشەیی بنێت".

 

بە تیشک خستنەسەر ناسنامەی ژن وەک پێشەنگی شۆڕشی نیۆلۆتیک-بەردینی نوێ و بنیادنەری ژیان و کۆمەڵگەی هەرەوەزی؛ بە پێناسەکردنی بیردۆزی ڕزگاریخوازی ژنان وەک ئامرازێکی تێکۆشان و ژیان؛ بە ڕوونکردنەوەی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ژنان وەک هەنگاوێک بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندی نێوان ژیانی ژنان و کۆمەڵگە؛ لەگەڵ پێشنیاری ژنۆلۆژی وەک زانستی ئازادی و کۆمەڵگەیی ژنان، ڕێبەر ئاپۆ چوارچێوەی تیۆری و هزری شۆڕشی ژنانی هۆنییەوە و جەوهەرەکەی لە فۆرمی ژن، ژیان، ئازادیدا بەناوکرد، ئەم فۆرمە سیحرییە لە دامەزراندنی سوپای ژنان و پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان و ڕێکخستنی سیستەمی کۆنفیدرالی ژنان لە نەتەوەی دیموکراتیک و سەرکەوتنەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوادا بەدیهات، لە سەرەتای سەدەی ٢١دا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پلەی یەکەم لە چالاکیی و ڕێپێوانەکانی ژنانی کوردستاندا بەرزکراوەتەوە. ئەم دروشمە نەک هەر بووەتە نیشانەی بەرخۆدانی ژنان لە بەرامبەر سیستەمی حوکمڕانی پیاوان، بەڵکو نیشانەی زیندووکردنەوەی هیواکانی ژیانێکی ئازادە.

 

ئەم ڕاستییە لە سەرهەڵدانەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەنگی دایەوە کە لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد و بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە. دوای تێپەڕبوونی ٦٢ ساڵ لە کوشتنی خوشکەکانی میرابال، کوشتنێک کە لەلایەن دەوڵەتی ڕەگەزپەرستەوە ئەنجامدرا و بووەتە پریشکی ڕاپەڕینی گشتی دژی سیستەمی دەسەڵاتدار.

 

ژینا ئەمینی، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵەی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بە بیانووی 'حیجابەکەی ڕاست نییە، قژی دیارە' لە لایەن "پۆلیسی ئەخلاق"ی ڕژێمی ئێرانەوە هەڕەشە و توندوتیژیی لێکرا و دەستبەسەرکرا. لە ئەنجامی لێدان و ئەشکەنجەی پۆلیس لە ١٥ی ئەیلولی ئەمساڵدا کۆچی دوایی کرد.

 

توڕەیی ژنان لە کوشتنی ژینا ئەمینی بۆتە پریشکی ڕاپەڕینە گشتیەکان،لە شاری سەقزەوە خۆپیشاندان بە دروشمی 'ژن-ژیان-ئازادی' و 'ئێمە دیکتاتۆر لەناو دەبەین و تۆڵەی ژینا دەکەینەوە' هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە. ژن و پیاوی کورد، فارس، بەلوچی، ئازەری و لە هەموو بەشەکانی ئێرانەوە بە هەڵوێست و دروشمەکانیان نیشانیان دا کە ئازادی ژن بنەمای ئازادی کۆمەڵگەیە. ئەوان پێیانوایە لەناوبردنی سیستمی دیکتاتۆری پیاوان بە خەباتی هاوبەش بۆ ئازادی و دیموکراسی ژنان بەدیدێت. سەرەڕای هێرشی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی بۆ سەر خەڵک و کوشتن و بریندارکردن بەڵام ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و سنورەکانی ترسی شکاندووە، ئەم خۆپیشاندانانەش دۆخێکی مێژوویی نوێی بۆ بڵاوبوونەوەی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا خوڵقاند. ژنان بۆ پاراستنی ژیان، بۆ گەیشتن بە ئازادیی ژنان و کۆمەڵگە لە هەموو گۆشەکانی جیهان بە چالاکیی بەرفراوان دەنگیان بەرز کردەوە.

 

ترۆژیلۆ وەک دیکتاتۆرێکی فاشیست لە ئیرادە و هێزی بەرخۆدانی خوشکانی میرابال دەترسا و ئەمڕۆش ئیرادە و هێزی خەباتی ژنانی شۆڕشگێڕ دیکتاتۆرە فاشیستەکان و زلهێزە دەسەڵاتدارەکان دەترسێنێت، بۆیە سیستەمی پیاو-دەوڵەت لە سەدەی ٢٠دا فەرمانی بە سی ئای ئەی دا کە 'سەرەتا ژنەکان بکوژن!' ئەمەش دژی ژنانی شۆڕشگێڕ ئەنجامدرا و بەتایبەت لە هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و چەتەکانی دژ بە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان پەیڕەوکرا.

 

 

هێزە هەژموونخوازەکان و دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی شەڕی داگیرکارییەوە سیاسەتەکانیان بەڕێوەدەبەن

دەستکەوتەکانی ١٠ ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە وەک شۆڕشی ژنان لەسەر بنەمای پارادایمی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی و ڕزگارکەری ژنان دەنگی دایەوە، هیوای ژیانێکی ئازادی لە کۆمەڵگە و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان و ژنانی کوردستان و جیهاندا زیندوو کردەوە، بە پێچەوانەی ئەمە، هێزە هەژموونخوازەکان، دیکتاتۆرەکانی دەوڵەتی تورکیا و سوریا، هەوڵی سەپاندنەوەی سەروەری خۆیان دەدەن لە ڕێگای شەڕی داگیرکاری و سیاسەتی جینۆساید دژ بە ژنان و کۆمەڵگە. لە ناوچەکانی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی کە لە ژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورک دایە، جینۆسایدێکی سیستماتیکی دژ بە ژنان ئەنجام دەدرێت. پیاوە داگیرکەرەکان بۆ ئەوەی ئیرادەی ژن بشکێنن، ڕۆژانە ژن دەکوژن و دەڕفێنن و دەستدرێژی دەکەنە سەریان و ئەشکەنجەیان دەدەن. لە هەمانکاتدا پێشەنگەکانی شۆڕشی ژنان لە ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکرێنە ئامانج.

 

ژنانی وەک گوڵە سەلمۆ، هەڤرین خەلەف، دایە عەقیدە، زەهرا، هەبوون، ئامینە، نوژیان، ڕۆژین، ڤیان، هیند، سەعدە، سەوسەن و ژیانەکان کە شوناسی ژنێکی ئازادیان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا پێشکەشکرد، لەڕێگەی نوێترین تاکتیک و تەکنەلۆژیاکانی ناتۆوە کوژران، یەکێک لەو ژنە پێشەنگانە زەینەب سارۆخانە کە لە ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی سوپای تورکیا شەهید بوو.

 

لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە زەینەب سارۆخان لە خەباتی ئازادی ژنان و دامەزراندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکدا جێگەی خۆی گرتووە. بە خۆشەویستی و دۆستایەتی و هەستی دادپەروەری ژنێک، بەرەو هەموو بەرپرسیارێتییەکانی شۆڕش هەنگاوی ناوە، وەک هاوسەرۆکی کۆمیتەی ژنانی کانتۆنی جزیرە و دواجار وەک هاوسەرۆکی فەرمانگەی دادی خۆبەڕێوەبەری بە سەرکەوتوویی بەرپرسیارێتیەکانی خۆی جێبەجێ کرد. زەینەب سارۆخان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نەوای ژن، پرۆسەی شۆڕشی ژنانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەم شێوەیە هەڵسەنگاند:

 

"ژنان مێژوویان شرۆڤە دەکرد، سودمەندبوون لە شۆڕشەکانی پێشوو. بەپێی سروشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەنگاویان بەرە ناو هێزە سەربازییەکان ناوە، بۆیە دەیانزانی بۆ ئەوەی مافی سیاسی بەدەستبهێنن، دەبێت دەسەڵاتی سەربازییان هەبێت، لە هەمانکاتدا لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگەدا ڕۆڵیان هەبووە، هەربۆیە شۆڕش بە ژن ناسرا، ژنان لە ڕێگەی خەبات و بەرخۆدانی بێهاوتاوە چەمکەکانی کۆیلایەتییان ناسی و خۆیان لە هەڕەشەکان پاراست، دۆخی ئێستایان بە باشی بۆ داهاتوو هەڵسەنگاند، هەروەها بۆ ئەوەی تێکۆشان بۆ بوونی ژن وەک خەبات بۆ ئازادی گەلی کورد بەردەوام بێت، بوونی خۆیان سەلماند و درێژەیان بە تێکۆشانی ئازادی دا.

 

ژنان بۆ کۆتایهێنان بە مەترسییەکان، لەلایەک دەبێت بەرەنگاری دوژمن ببنەوە، لەلایەکی تریشەوە تێکۆشان دژی عەقڵیەتی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە بەڕێوەببەن، ئەم تێکۆشانە بە تایبەتی بۆ پاراستنی ڕەوای ژنان و بەدەستهێنانی مافە سروشتییەکانی، دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ڕەگەزەکاندا گرنگە".

 

دوای زەینەب، ناگیهان ئاکارسەل تیرۆر کرا

تەنها یەک هەفتە دوای گیان لەدەستدانی تێکۆشەر زەینەب، بە نەزری تۆڵەسەندنەوە و دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'، لە ٤ی تشڕینی یەکەمی ٢٠٢٢، ژنێکی پێشەنگی شۆڕشی کوردستان و خەبات بۆ ئازادیی ژنان جارێکی دیکە بووەوە ئامانجی هێزە تاریکەکانی دەوڵەتی تورک، ئەویش، ناگیهان ئاکارسەل بوو.

 

ژیانی شۆڕشگێڕانەی ناگیهان ئاکارسەل لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکرد، ئەو کاتەی لە زانکۆی غازی لە ئەنقەرە خەریکی خوێندنی پەیوەندییەکان بوو، وەک ژنێکی کورد وەڵامی گەڕان بەدوای حەقیقەت و خۆشەویستی و ئازادی لە حەقیقەتی ڕێبەر ئاپۆدا و لە تێکۆشان و ژیانی تەڤگەری ئازادیدا دۆزیەوە. فەلسەفە و بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو چالاکییەکانیدا، لە ژیان و تێکۆشانیدا، بووە سەرچاوەی سەرەکی هێز و ئیلهام بۆ ناگیهان. سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن ڕژێمی فاشیستی تورکیاوە دەستگیرکرا و بۆ ماوەی ٦ ساڵ وەک زیندانییەکی سیاسی زیندانی کرا، هەرگیز گەرمی شۆڕشگێڕانەی کەم نەبووەوە، زۆر حەزی لە خەبات بوو لەگەڵ گروپێکدا کە ڕۆحی هاوڕێیەتییان هەبوو، بەڵام هەستی بە بەرپرسیارێتی زیاتر دەکرد و لە پەرەپێدانی بیرۆکە و پڕۆژەی نوێشدا نەوەستا.

 

دوای ئازادبوونی هەڤاڵ نەگیهان لە زیندان، وەک ڕۆژنامەنووس و دامەزرێنەری یەکەمین ئاژانسی هەواڵی ژنان-ژنها کاریکرد و و پێشەنگانە ڕۆڵی گێڕا، لە ڕێگەی خوێندن و لێکۆڵینەوەکانی لەسەر زمان و واقیعی ژن، ڕەنجی کێشا و لە ڕوانگەی ژنەوە شێوازێکی نوێی پەیوەندیکردنی دروستکرد، دەستی بۆ ژنانی هەموو چین و توێژەکان درێژ کرد تا بتوانن دەنگ و ڕەنگەکانیان دەرببڕن. بەم شێوەیە تۆڕی هاوپشتی و دۆستایەتی ژنانی بنیادنا و بەردەوامی پێدا، ناگیهان ئاکارسەل لە پێشخستنی خەباتی ژنۆلۆژیشدا ڕۆڵێکی کارا و بەرچاوی گێڕا.

 

بێ ماندووبوون ناگیهان بەردەوام بوو لە تێکۆشان

گەڕان و لێکۆڵینەوەکانی ناگیهان هەرگیز کۆتاییان نەدەهات، بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە ناگیهان هەستی بە بەرپرسیارێتی زیاتر دەکرد لە پێشخستنی ژنۆلۆژیدا وەک چەمکێک و هێنانەدی وەک تیۆر و میتۆدێک و بنیادنانی و بەردەوامکردنی وەک دامەزراوەیەکی نوێ، بەو هەوڵانە ژنۆلۆژی لە کۆمەڵگەی کوردستان و لەناو ژنانی ئازادیخوازی جیهانیشدا وەک زانستی ژن و ژیان ناسێنرا، لە ئەنجامی تێکۆشانەکانی شەهید ناگیهان بە تایبەت لە ناوچەکانی شەنگال و ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، زۆرێک لە ژنان حەقیقەتی خۆیان دۆزییەوە و متمانە و ئیرادەیان بە خۆیان زیندوو بووەوە.

 

 

لە ساڵی ٢٠١٩ەوە، جگە لە چالاکییە پەروەردەییەکان و لێکۆڵینەوەکانی لەسەر کولتووری بەرخۆدانی ژنان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڤاڵ ناگیهان چالاکییەکانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بە تایبەت لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەبرد و بە پێشەنگایەتی و خەباتەکەی، ژنۆلۆژی ناسنامەی خۆی وەک زانستی شۆڕشی ژنان و زانستی پێکەوە ژیانی ئازاد و زانستی مۆدێرنیتە نیشاندا، دەبینین لەو شوێنانەی کە واقیعی ژیان و شۆڕشی ژنان پەیوەندی بە چەمکی زانستی ژنەوە هەیە، تیایدا زانست و خەبات بۆ ئازادیی ژن یەکتر بەهێز دەکەن و پێشکەوتنی دیار سەرهەڵدەدەن، ئەم هێزەش هێزی ژنانە کە سیستەمی حوکمڕان لێی دەترسێت، بۆیە بەئامانجکردنی هەڤاڵ ناگیهان لە ڕۆژانی ڕاپەڕینی ژن-ژیان-ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ڕێکەوت نەبوو، بەڵکو پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان ڕاپەڕینەکانی ژن-ژیان-ئازادی و زانستی ژن-ژنۆلۆژی نیشاندا و هێزە فاشیستەکان بە کوشتنی پێشەنگی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، ناگیهان ئاکارسەل، دەیانویست ڕێگری بکەن لە بڵاوبوونەوەی زانستی شۆڕشی ژنان وەک پایەی دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراتیکی خۆبەڕێوەبەری لە کۆمەڵگەدا.

 

بەڵام چۆن کوشتنی خوشکانی میرابال سەرەتایەک بوو بۆ کۆتاییهاتنی دیکتاتۆریەتی ترۆژیلۆ، ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان بە پێشەنگایەتی ژنانی سەقز، قامیشلۆ و سلێمانی وەک وەڵامێک بۆ شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و زەینەب و ناگیهان، بە کوردستان و جیهاندا بڵاوبووەوە و نیشانی دا کە کۆتایی دیکتاتۆری ئەردۆغان و سیستەمە توندڕەوەکانی حوکمڕانی پیاویش نزیکە. بە دروشمی ئەفسوناوی ژن-ژیان-ئازادی، بە بەهێزکردنی ژنۆلۆژی وەک زانستی شۆڕشی ژنان، بە ڕۆح و خەباتی هاوبەشی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، تۆڵەی هەموو شەهیدانی ئازادی دەکرێتەوە.

 

پێشخستنی یەکڕیزی و دۆستایەتی ژنان؛ بەهێزکردنی زانست و ڕێکخستن و بەرگری لە خۆی ژنان بەرامبەر هەموو جۆرە توندوتیژییەک؛ پەروەردەکان بۆ بنیادنانی تاک و کۆمەڵگە و داهاتوویەکی ئازاد بۆ منداڵان؛ ڕێکخستنی ئابووریی کۆمەڵایەتی ژنان بۆ کۆتایی هێنان بە کۆیلایەتی و توندوتیژی دژی ژنانی کرێکار دەبێتە بەشێک لە بەردی بناغەی بنیادنانی ژیانێکی ئازاد و کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی ژنان لە جیهاندا.