خوێندەوەی پەرتووک منداڵێکی ڕۆشن فکر دروست دەکات

لە سەردەمی ئێستادا کۆمەڵگە گرنگی بە زۆر شتی بێ سوود دەدات، ئەوەی پێویستە بۆ ئێستای منداڵان بە کولتوورکردنی خوێندنەوەیە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەیەوە خۆیان بەرەوپێش ببەن و تاکێکی تەندروستیان لێ دەربچێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- خوێندنەوە یەکێکە لە ڕێگە گرنگەکان بۆ بەرەوپێشبردنی فکر و هۆشیاری تاک، ئەگەر خوێندەوە لە منداڵییەوە دەست پێبکات بێگوومان تاکێکی ڕۆشن فکر بەرهەم دێت، لەگەڵ بوونی تاکی لەو شێوەیە کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد بەرهەم دێت، ئەوەی گرنگە لێرەدا ڕۆڵی خێزانە، پێویستە هەموو هەوڵی خۆیان بەکار بهێنن بۆ ئەوەی خوێندنەوە بکەنە کولتوورێک لای منداڵەکانیان و خۆشەویستی بکەن بۆ ئەوەی پەرتووک یەکێک بێت لە بەهاترین ئامراز لەلایەن.

 

"پڕۆسەی خوێندنەوە کەسایەتی منداڵ دەگۆڕێت"

فەوزیە سەڵاح، چیرۆکنووس و وەرگێڕ دەربارەی گرنگی خوێندنەوە بۆ منداڵان بە پێی ئەزموونی چەند ساڵەی کە کاری بۆ منداڵان کردووە و لە کتێبخانەی گشتی کاری کردووە ئاماژەی بەوەکرد لەماوەی ساڵانی کارکردنیدا چەندین منداڵ سەردانیان کردووەن وەک منداڵی غەمگین، شەڕەنگێز، فرە جوڵە و ئەو منداڵانەی بەردەوام پرسیاریان هەیە وتی: ئێمە خولی خوێندنەوەمان بۆ منداڵان دەکردەوە و ڕۆژانە لە کاتژمێرێکدا لە ژووری خوێندنەوە بە پێی قۆناغەکانی تەمەنیان پەرتووکیان دەخوێندەوە.

 

فەوزیە سەڵاح ئاماژەی بەوەکرد ئەو منداڵانەی پەرتووکیان دەخوێندەوە گۆڕانکاریان تیادا دەردەکەوت، لە منداڵێکی شەڕەنگێز و توڕەوە دەگۆڕان بۆ منداڵێکی سەلار و هێمن، دەلێت: پڕۆسەی خوێندنەوە گەورەترین کاریگەری لەسەر منداڵ هەیە و وای لێ دەکات گۆڕانکاری لە ڕەفتار و بیرکردنەوەیدا دروست دەبێت.

 

"منداڵی تێگەیشتوو ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت"

فەوزیە سەڵاح باسی لەوەکرد، منداڵێک کاتێک لە دنیای خوێندنەوەدا دایبنێیت و بیخەیتە بەردەم خوێندنەوە و کاتەکانی بۆ دیاری بکەیت لە تەمەنێکی منداڵییەوە و لە ماڵەوەدا تا دەگاتە قۆناغەکانی پێگەیشتن و گەورەبوون بێگوومان لە ڕەفتاریدا گۆڕان بەدی دەکرێت وتی: دایک و باوک گرنگە کاتی منداڵەکانیان دابەش بکەن و ڕێگە نەدەن تەواوی کاتەکانیان بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان بەسەر ببەن، هەوڵ بەدەن یاریان لەگەڵدا بکەن و کاتی خوێندنەوە و ئامۆژگاریان بۆ دیاری بکەن.

 

فەوزیە سەڵاح باسی لەوەکرد منداڵ لە نێوان سێگۆشەی خوێندنگە، خێزان و کۆمەڵگە پەروەردە دەبێت لە هەموو قۆناغەکاندا منداڵ بەرکەوتەی بە کەسای دیکە دەبێت و گرنگە بتوانێت بە گونجاوی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، بۆیە گرنگە دایک و باوک کات ناس بێت بتوانن منداڵەکانیان بەرەوپێش ببەن، نەهڵێن هەموو یارییەکانیان بە ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان بێت بەڵکو پێویستە تێر یاری بێت و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بێت، مامەڵە لەگەڵ خێزانەکانیاندا بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی تۆکمە دروست بکەن.

 

"دایک و باوک بەرپرسن لە ڕەفتاری منداڵەکانیان"

فەوزیە سەڵاح مەنمی، ڕوونیکردەوە ئەرکی سەرەکی بۆ بنیادنانی منداڵێکی بە ئاگا دایک و باوکە، چونکە ئەوانن ڕەفتاری منداڵەکانیان دیاری دەکەن دەڵێت: منداڵ هەیە درەنگانی شەو دەخەوێت بێگوومان بەیانی توانای وەرگرتنی زانیاری نییە و هەست بە ماندووبوون دەکات بۆیە لە پاش خوێندنگە ناتوانێت وەرگری پەرتووکی دیکە بێت و لە ژێر فشاریشدا خوێندگەکەی دەکات، بۆیە دیاریکردنی کات بۆ منداڵ ئەرکێکی گرنگە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، ناوچەکە بەردەوام پڕە لە کێشە و شەڕ، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر دایک و باوک بەهۆی قەیرانەکانەوە هێندەی لە خەمی ئەوەدان بژێوی ژیان بۆ منداڵەکان دابین بکات و پێداویستییەکانیان بۆ پڕ بکاتەوە هێندە لە خەمی ئەوەدا نین لە بواری فکری گەشە بە منداڵەکانیان بدەن وتی: بوونی کۆمەڵگەیەکی ماندووکەر خێزانێکی تۆکمەی لێ بەرهەم نایەت و دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو دایک و باوکە نەتوانن گرنگی بە لایەنی پەروەردەیی منداڵەکانیان بدەن و وایان لێبکەن بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن و ئازایانە قسە بکەن.

 

"بایکۆت کاریگەری لەسەر ئاشنابوونی منداڵان بە پەرتووک هەیە"

فەوزیە سەڵاح ئاماژەی بەوەدا پەککەوتنی سیستمی پەروەردە کاریگەری لەسەر ئاشنابوونی منداڵان بە پەرتووکەکان هەیە و دەڵێت: ساڵانی ڕابردوو منداڵان دەهێندرانە کتێبخانەی گشتی و ئاشنای پەرتووکەکان دەبوون، چەندین خوێندنگە دەهاتن و ئێمەش جۆر و شێوازی پەرتووکەکانمان بۆ باس دەکردن بەڵام لە ئێستادا بە هۆی بایکۆتەوە ئەو سەردانیانە نەماون و چالاکییەکان کەمبوونەتەوە، کەمبوونەوەی ئەو چالاکیانە بووتە هۆکار بۆ ئەوەی منداڵان بەهێز نەبن و تاکی بە ئاگایان لێ دەرنەچێت بەڵکو هەمیشە جۆرێکیان لێ بەرهەم دێت کە سڵ بکەنەوە لە خوێندن و فێربوون.

 

ڕوونیکردەوە ئەو کەسانەی لە بواری پەروەردەییدا کار دەکەن پێویستە خاوەنی فکرێکی ڕۆشنبیری پتەو بن چونکە بە قسەکانیان منداڵان پێدەگەیەنن ئەگەر ئاستیان گونجاو نەبێت بێگوومان کاریگەری خراپ دەکەوێتە سەر منداڵەکە، پێویستە بە پێی قۆناغی تەمەنی منداڵەکە بابەتیان بۆ بگێڕنەوە و بە شێوازێک مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن بۆ ئاستی خۆیان ببێت، وتی: حکومەت گوێ نادات بە ئاستی ڕۆشبیری ئەو تاکانەی منداڵ پەروەردە دەکەن و تەنها ڕێگەیان دەدەن خوێندنگە و دایەنگەی نا حکومی بکەنەوە لە کاتێکدا بەشی زۆریان ئەو ئاستی هۆشیارییەیان نییە.

 

"منداڵی جاران لەوپەڕی نەبوونیدا توانیویانە لەسەر قاچەکانی خۆیان بوەستنەوە"

فەوزیە سەڵاح ئاماژەی بەوەکرد جاران هەرچەندە ئەوەندە دەرفەت نەبوو وەک ئێستا بۆ خۆ بەرەوپێشبردن بەڵام منداڵان بە جۆرێک پەروەردە دەکران ئاستی هۆشیارییان بەرز بوو، لەسەر پێکانی خۆیان دەوەستان، جگە لەوە دەیانخوێندەوە و هەوڵی خۆ بەرەوپێشبردنیان دەبرد، دەڵێت: گرنگە دایکان و باوکان سەرکۆنەی منداڵەکانیان نەکەن، هەوڵ بدەن بە گفتوگۆ مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، کاتی گونجاویان بۆ دیاری بکەن بۆ هەر شتێک کە خولیایان تیایدا هەیە، گرنگی بدەن بە خۆراکی مێشکی منداڵەکەی.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا کە بوونی کتێبخانە گرنگە لە ماڵدا وتی: پێویستە دایک و باوک بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی منداڵ چاوی لێبکات، مۆبایل ژەهرە و گرنگە منداڵ لەم ژەهرە دووربکەوێتەوە، کاتێک خێزان خوێنەر بێت منداڵیش خوێنەر دەبێت، هەمیشە پەرتووک وەک دیاری بۆ منداڵەکانیان بکڕن بۆ ئەوەی لە گرنگی پەرتووک و خوێندنەوە تێبگەن.