سیستمی پەروەردە، منداڵ ناچاری کارکردن دەکات

لە دوای وەلانانی پەروەردەی دایک و زاڵبوونی دەسەڵاتی پیاوسالاری لە قۆرخکردنی پەروەردە و خوێندنی منداڵاندا، منداڵ ناچاربوو کار بکات و ناوەندی پەروەردەی داگیرکاریش منداڵی لە نیشتمان دوورخستەوە.

ژیان عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- لە مێژووی کۆنی كۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتییەوە تاكوو ئێستا، پەروەردە مەڵبەند و ناوەندی پێگەیاندنی مرۆڤەكان بووە. پەروەردە وەك چالاكییەكی گرنگ بوونی هەبووە و هاوکات یەکێک لە گەورەترین شۆڕشی بەردەوامی مرۆڤایەتییە.

 

ژن ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لەم بارەیەوە چونکە منداڵان پەروەردەی سەرەکیان لە ئامێزی دایکیاندا دەبینن، دایک هیچ جیاوازییەکی لە نێوان منداڵەکانیدا بەهۆی جیاوازی ڕەگەزیانەوە نەکردووە، هەروەها پەروەردە کردنی منداڵەکانی بۆ کەس بەجێنەهێشتووە.

 

دایک منداڵەکانی وەها پەروەردە کردووە کە لەسەر پێی خۆیان بن و پشت بە هێز و توانای خۆیان ببەستن، لە بەرامبەر خاک و نیشتمان و یەکتردا  هەستی بەرپرسیاریەتییان هەبێت.  ژن-دایک سیستمی پەروەردەی کۆمەڵگای بە شێوەیەکی جوان داڕشتبوو بۆ گەشەسەندنی ژیان و داهاتوویەکی باش بۆ نەوەکانی.

 

سیستمی پیاوسالاری کۆمەڵگا و منداڵی لەپێناو خۆی پەروەردە کرد

دواتر بە پێشکەوتنی عەقڵیەتی پیاوسالار و رەگەزپەرست، لە ژێر گوشاری چڕ و هێرشی  هزری دەزگاکانی پیاوسالاری فشار خرایە سەر ژن و مافی  پەروەردەی کۆمەڵگایان لە ژێر دەستی دەرهێنا. کۆمەڵگا و بەتایبەت منداڵانیان بۆ مەرامەکانی خۆیان لە خوێندنگاکانیان پەروەردە کرد و بە کاریانهێنان. ئەوعەقڵییەتە وایکرد جیاوازی بکەوێتە نێوان منداڵان بەتایبەتی منداڵی کوڕ و کچ، خوێندنگە کەوتە ژێر چاودێری هێزەکانی دەوڵەت-دەسەڵاتداری و بیرۆکەی ڕەگەزپەرستی پەرەی پێدرا.

 

ڕێبەری گەلان، عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: بە درێژایی مێژووی شارستانییەت، بە ئامڕازی پەروەردەی دەوڵەت و دەسەڵاتداری شەڕی بەرامبەر کۆمەڵگا بەڕێوەبراوە، دەکرێت بە ئاسانی بڵێین ئەوەی زیاتر زەبری بەرکەوتووە مافی پەروەردەی کۆمەڵگاکانە، جێبەجێکردنی مافی پەروەردەی کۆمەڵگا سەختترین مافە دەوڵەت زیاترین زەوتکەری ئەو مافەیە .

 

لە ئێستادا ئەم زەوتکاریە بە زەقی دەبیندرێت، چۆن بە زەبر و زەنگ ویستی خۆیان لە ڕێگای شێوازی پەروەردە کانیانەوە سەپاندووە؟ دەسەڵات لە خوێندنگاکانی ئەو پەروەردەیەی کە لە بەرژەوەندی خۆیدا نەبووبێت وەکوو خورافە پێناسەی کردووە و منداڵانی پێترساندووە و خۆی کردووە بە ناوەند، واتە دەکرێت بڵێین تەسلیم گرتنی هزر و ئیرادە بە هەموو شێوازێک.

 

لەگەڵ گۆڕان و پێشكەوتنی كۆمەڵگه‌كاندا پەروەردەش گۆڕاوە و میكانیزم و ئامانجەكانیشی بەردەوام دەگۆڕێت.

 

زانست لە واتای خۆی دوورخرایەوە

دۆخی پەروەردە لە دنیادا لە لێواری لەناوچوون دایە و لە ژێر ناوی ڕێگەچارەسەری جێگە بە زانست و ڕۆشنبیری لێژ کراوە و زانستی کەڵەکەبووی کۆمەڵگایان بچووک کردووەتەوە، بەمەش زانستی پۆزۆتویستی پەرەی پێدراوە و کۆمەڵگایان لە ڕاستی خۆی دوورکردەوە.

 

پەیوەندی نێوان خوێندکار و مامۆستا وەکوو سەردەست و بندەستی لێهاتووە، ئەوەی لە فێربووندا سەرکەوتوو نەبێت، وەکوو گێل و نەزان لەگەڵی مامەڵە کراوە، هەروەها منداڵ–گەنج لە قۆناغەکانی خوێندندا هەمیشە لەناو پێشبڕکێدان بۆ بەدەستخستنی دەستکەوتی زۆرتر، بەم ململانێ و شێوازەش باشترین سەرباز بە پێی فکر و ئامانجی خۆیان ئامادە دەکەن.

 

سیستمی خوێندنی داگیرکار، منداڵ لە نیشتمان دووردەخاتەوە

لە لای ئەو خوێندکارە بەدەستهێنانی پلەی بەرزتر لەناو سیستمی داگیرکەردا گەورەترین ئامانجە. نەوەیەکی بێبەرپرسیار بەرهەمهێنراوە کە خۆشەویستی بۆ نیشتیمان نەماوە، واتە خەریکە منداڵان کە بە داهاتووی کۆمەڵگا پێناسە دەکرێن، ئەو داهاتوویە بەرەو لە ناوچوون دەڕوات.

 

لە لایەکی دیکەشەوە ئەم سیستمە کە خۆی بە پارێزوانی مافی منداڵان پێناسە دەکات و باس لەوە دەکات منداڵ نابێت کار بکات و پێویستە تەنیا کاری خوێندن بێت. بەڵام هەر لە پەناشیەوە سیستمێکی لەناو کۆمەڵگا داڕشتووە کە دەرفەتی خوێندن بۆ هەندێک لە منداڵان فەراهەم نابێت، ئەم سیستمە دوو جۆر منداڵی بەرهەمهێناوە: یەکەم، ئەوەی کە پارەی هەیە و بێ هیچ بەرپرسیاریەک ڕۆژانە پەروەردەی سیستم دەبینێت، دوومیشیان منداڵێکە، بێ بەشە لە هەموو شتێک و ڕۆژانە بۆ دابین کردنی پاروە نانێک کار دەکات.

 

سیستمی پەروەردە منداڵ ناچاری کارکردن دەکات

ئەم سیستمە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە بە میلیۆنان منداڵ دەست بدەنە هەندێک کار کە بۆ تەمەنیان شیاو نییە، کەواتە خۆیان بوونەتە هۆکاری بێبەش بوونی منداڵان لە پەروەردە و خوێندن.

 

سوور پێستەکان دەڵێن: ئێمە ئەم دنیایەمان لە باو باپیرانمان وەر نەگرتووە، بەڵکوو لە نەوەکانمان وەرمان گرتووە و ئەمانەتە لای ئێمە و پێویستە ئەم ئەمانەتە بپارێزین بۆ نەوەکانی داهاتوومان.

 

ئێستاش بۆ گەیاندنی ئەم ئەمانەتە بە نەوەکانی داهاتوومان پێویستی بە سۆز و دڵ نزمی دایک هەیە، جارێکی دیکە مافی پەروەردە بە بیر و بۆچوونی ئەو دابڕێژڕێتەوە و نەوەیەکی بەرپرسیار پشت بەستوو بە ئیرادەی خۆی بۆ گەشەسەندنی دنیایەکی باش بەرهەمبهێندرێت.