تەنها ٪١٥ی دراوە جیهانییەکان وێنەی ژنان نیشاندەدەن

وڵاتانی جیهان بانگەشەی دیموکراسی دەکەن، بەڵام ئەمە تێیدا ڕەنگی نەداوەتەوە،  لەنێوان ١٠٠٦ دراوی نێودەوڵەتی تەنها ١٥٪ی وێنەی ژنان نیشاندەدات، لەسەر دراوی عێراق بە درێژای مێژوو تەنها یەکجار وێنەی ژنێکی جوتیار خرایە سەر دراوەکەی، ئەویش دواتر گۆڕدرا بە پیاوێک.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- ژنان لە چەندین بواری جیاوازدا ڕۆڵی گرنگ و دیاریان هەبووە، لە مێژوودا لە پۆستەکانی فەرمانڕەوایەتی، ئابووری، زانست و چەندین بواری دیکەشدا بوونیان هەبووە، سەرەڕای بانگەشەی یەکسانی ڕەگەزی وڵاتانی جیهان، بەڵام تا ئێستا کەمترین وێنەی ژنان لەسەر دراوە جیهانییەکان نیشاندراوە.

 

توێژینەوەیەک لەلایەن کۆمپانیای ئەدڤیسای سویدی شیکردووەتەوە کە لە نێوان ١٠٠٦ دراوی نێودەوڵەتی تەنها ١٥٪ی وێنەی ژنان نیشاندەدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژنان لە پۆستە جیاوازەکانی بەڕێوەبەری و کارگێڕی و پۆستە باڵاکاندا جێدەستیان دیارە، بەڵام کەمتر جدی وەردەگیرێن وەک لە پیاوان.

 

شیکردنەوەیەک لەسەر ١١٥وڵات ئەنجامدراوە و نزیکەی ٣٩٪ی نەتەوەکان وێنەی ژنەکانیان لەسەر یەک یان چەند دراوێک هەبووە، لە کەسایەتییە جیاوازەکانی وەک ئەندامانی خێزانی شاهانە، داهێنەرەکان، سیاسەتمەداران، چالاکوانی ژنان، توێژەر، فێرکردن و وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ، وێنەی شاژن ئێلیزابێثی دووەم، کە بۆ ماوەیەکی درێژە شاژنە و لەسەر ٣٥ دراوی جیهان وێنەی هەیە، ئەگەر ئەوی لێدەربکرێت کەمتر ٪٣ی ژنان وێنەکانیان نیشاندراوە و ئەوەش ئەو ژنانەیە کە لە ژیاندا نەماون.

 

وێنەی شاژنەکان لەسەر دراوەکان بە درێژای مێژوو نیشاندراون

کەنەدا، یەکێکە لە ئەندامانی کۆمۆنوێلتی نەتەوەکان، کە کۆمەڵەیەکی سیاسیە ٥٤ وڵات تیایدا ئەندامن، هەموویان ناوچەی پێشووی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیان کە سەرۆکەکەی شاژن ئێلیزابێثی دووەمە، وڵاتانی ئەندام هیچ پابەندییەکی یاساییان نییە بە یەکدی، بەڵام لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی و پەیوەندی مێژووییەوە گرێدراون.

 

کەنەدا یەکەم وڵات بوو کە لە ساڵی ١٩٣٥ وێنەی شاژن ئێلیزابێثی دووەمی لەسەر پارەی ٢٠ دۆلاری چاپکرد، کە لەوکاتەدا تەنها شازادەیەکی ٩ ساڵان بوو، ئێستا لە ١٩ وڵاتی جیاوازدا لەسەر چەندین دراوی جیهانی جیاواز دەردەکەوێت، لە دوورگەکانی کایمان، وێنەی لەسەر دراوی ١$، ٥$، ٢٥$، ٥٠$، ١٠٠$ چاپکراوە.

 

لە ١٧ی ئاداری ساڵی ١٩٦٠ بانکی ئینگلتەرا دراوی ١ پاوەنی نوێی دەرکرد و یەکەم وێنەی شاژن ئێلیزابێثی دووەمی لەسەر چاپکرد، لە ئێستادا لە مۆزەخانەی بانکی ئینگلتەرا پێشانگایەک هەیە بۆ پاراستن و نیشاندانی پۆرترێتی خێزانی شاهانە لەسەر دراوەکانی بانک و چەندین دراوی مێژوویی جیهانی تیادا هەڵگیراوە.

 

چەند شاژنێکی تر یان ئەندامانی پاشایەتی لە وڵاتەکانی دیکەش وێنەکانیان لەسەر دراوەکان نیشاندراوە وەک: دراوی "٥٠ لاری جۆرجیا" وێنەی شاژن تاماری لەسەر چاپکراوە کە شاژنی جۆرجیا بووە لەنێوان ساڵانی ١١٨٤ تا ١٢١٣، بانکی پۆڵەندی ماری کیوری براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە فیزیک و کیمیادای لەسەر چاپکراوە.

 

لە ئەلبانیان وێنەی "توتا" شاژنی هۆزی ئەردیا لە ئیلریا لەسەر دراوی "١٠٠ لێکیی ئەلبانی" نیشاندراوە، توتا لە ساڵانی ٢٢٧-٢٣١ی پێش زایین فەرمانڕەوایەتی کردووە، هەروەها سوید وێنەی سێ ژنی دیکە لەسەر پسوولەکانیان نیشاندەدات: بیرگیت نیلسۆن، جینی لیند، و گرێتا گاربۆ، کە دراوەکانیان بە نیوەی دابەشکردووە بۆ نیشاندانی وێنەی ژن و پیاو.

 

لە ئەمریکا لە ساڵی ١٨٠٠کاندا بوو، کاتێک یەکەم وێنەی ژن بە ناوی پۆرترێتی "مارتا واشنتۆن" لەسەر ١ دۆلاری چاپکرا، لە ئێستاشدا ئیدارەی بایدن هەوڵەکانی زیاتر دەکات بۆ دانانی وێنەی "هاریت توبمان" لەسەر پسوڵەی ٢٠ دۆلاری وەک دەستپێشخەریەک کە لەم ساڵانەی دواییدا دواخرا.

 

وێنەی ژنان لەسەر دراوی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا

لە نەیجیریا، وێنەی لەیدی کوالی، کە کاری دروستکردنی گڵکاری کردووە لەسەر کاغەزی ٢٠ دراوی چاپکرا، لە قیرغیزستان ژنێک لە میراتی قیرغیری بەناوی کورمانجان داتکا کە شاژنی شاخەکان بووە و وێنەکەی خراوەتە سەر کاغەزی ١٠یی.


لە تورکیا وێنەی فاتیمە عەلیا وبۆز، یەکەم ڕۆماننووسی تورکت، لەسەر کاغەزی ٥٠ لیرەیی چاپکراوە، لە تونس شاژنە عەلیسە کە دامەزرێنەری شاری قرتاجە لەسەر کاغەزی ١٠یی دەردەکەوێت، هەروەها لە سوریا، شاژنە زنوبیا کە شاژنێک بوو لە سەدەی سێیەمی میلادیدا دەرکەوت لەسەر کاغەزی ٥٠٠یی وێنەکەی چاپکراوە

 

وێنەی ژن لەسەر دیناری عێراقی نیشان نەدراوە

بە درێژای مێژوو فەرمانڕەواکان بۆ نیشاندانی هێز و پێگەی خۆیان وێنەی خۆیان لەسەر دراوەکان چاپکردووە و لەسەر دراوی وڵاتی عێراق تا ئێستا وێنەی هیچ ژنێک چاپنەکراوە، لە ساڵانی ١٩٣٠ کاندا وێنەی شا فەیسەڵی لەسەر چاپکراوە و تەنها وێنەی یەک منداڵ لەسەر کاغەزی ١٠ دیناری چاپکراوە ئەویش وێنەی شا فەیسەڵە بە منداڵی.

 

دواتر لە سەردەمی حوکمڕانی ڕژێمی بەعسدا وەک بەشێک لە سەپاندنی دەسەڵاتداری خۆی سەدام حوسێن وێنەی سەرجەم دراوەکانی گۆڕی بە وێنەی خۆی، دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسیش وێنەی دراوەکان گۆڕدران و وێنەی ژنێکی جوتیار لەسەر کاغەزی ٢٥ هەزاری چاپکرا  کە ڕەمزی ڕەنج و زەحمەتی ژنانی نیشاندەدا، بەڵام دواتر ئەو وێنەیەش لابرا و گۆڕدرا بۆ پیاوێک.

 

ئەم مێژووە نیشانی دەدات کە لەم ناوچەیەدا هێزە خۆسەپێنەکان لەلایەن پیاوانەوە نوێنەرایەتیان کراوە و ڕۆڵی ژنان لاواز و سنووردارکراوە، سەرباری هەبوونی ژنانی شۆڕشگێڕ و بەتوانا لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا، بەڵام ئەوەندە بە گرنگ نەزانراوە و لە هەموو کایەکاندا تەنها هێز و پێگەی پیاوان خراوەتە بەرچاو.