ئەنفال؛ زامێکی خوێناوی تیمار نەبوو

لە ماوەی کۆمەڵکوژی ئەنفالدا جگە لە کوشتنی ڕاستەوخۆی ژنان و ڕاگواستنیان و زیندانی کردنیان، لە زیندانەکانی ڕژێمدا چەندین دەستدرێژی و سوکایەتی و ئەشکەنجەدان ڕووبەڕووی ژنانی کورد بووەتەوە، کە زەبری دەروونی بەجێهێشتووە.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- کۆمەڵکوژی ئەنفال زامێکی خوێناوی و تیمار نەبووە بە مێژووی کوردەوە، لە ساڵانی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕژێمی بەعس بە هێرشکردنە سەر دانیشتووانی مەدەنی باشووری کوردستان و بە چەند جۆرێکی شێوازی لەناوبردن دەستی لە کەس نەپاراست و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، گەلی کورد هەمیشە ئامانجی ڕژێمی بەعس بووە بۆ چەوساندنەوە و لەناوبردن، ئەنفالیش یەکێک بووە لەو کردە نامرۆڤانانەی بەسەری هاتووە.

 

چەمکی ئەنفال

ئەنفال وشەیەکی عەرەبیە و بە واتای دەسکەوت دێت، ئەم وشەیە لە قورئاندا هاتووە و بە مەبەستی تاڵان کردن دێت، واتا دوای هەر جەنگێک ماڵ و سامان و مافی بەرامبەر حەڵاڵە بۆ موسوڵمانەکان. بەعسیەکان خۆیان ئەم ناوەیان بۆ پڕۆسەکە هەڵبژارد و ئەگەرچی حزبەکە ئیسلامی نەبوو، بەڵام پێدەچێت سەدام حسین، سەرۆکی ڕژێمی بەعس لەبەرئەوەی عەرەی پێ باشترین نەتەوە بوو، وە کوردی بە نەتەوەیەکی "لە ئاین دەرچوو" لەقەڵەم دەدا، ئەم چەمکەی هەڵبژاردبێت.

 

پڕۆسەی ئەنفال و قۆناغەکانی

ڕژێمی بەعس بێ ویژدانانە بەردەوام بوو لە خاپورکردن و دەربەدەرکردن و کوشتارگە لە خاکی باشووری کوردستاندا، ئەم پڕۆسەیە بە ٨ قۆناغدا بەجێ گەیەندرا، تا لە دوای کاولکردنی ٤ هەزار و ٥٠٠ گوند و ڕاگواستنی ملیۆنێک لە دانیشتووانی ئەم گوندانە لە کۆی سێ ملیۆن و نیو کەس، بە کۆمەڵکوژکردنی زیاتر ١٨٢ هەزار کورد کۆتایی پێهێنرا. لە شاری سلێمانیەوە (دۆڵێ جافایەتی، ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨) دەستی پێکرد و لە ناوچەی بادینان (کانی ماسی، ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨) کۆتایی هات.

 

ناساندنی کارەساتی ئەنفال وەک جینۆساید

پڕۆسەى ئەنفال، تاوانێکى کۆمەڵکوژی نێودەوڵەتی بوو، هەر بۆیەش وڵاتانی سوید و نەرویج و بەڕیتانیا بە فەرمی ئەنفالیان بە جینۆساید لە دژی نەتەوەی کورد ناساند، کە لە یەکێک لە کاردانەوەکانیشدا، لە٥ی کانوونى یەکەمى ساڵی ٢٠١٢دا پەرلەمانى سویدى، پڕۆسەى ئەنفالى بە پڕۆسەیەکى کۆمەڵکوژى بەرامبەر بە کوردەکانى باشوورى کوردستان ناساند، چونکە پڕۆسەی سڕینەوە و کوێر کردنەوەی نەتەوەیەک بوو کە تەنها بەدوای مافی سەرەتایی و پێشێلکراوی خۆیەوە بووە بە درێژایی مێژوو.

 

جینۆسایدی ئەنفال ژنانی بە چ ئاقارێکدا بردووە؟

بیرەوەری ڕەش و ژەهراوی ئەنفال و لێکەوتەکانی، کاریگەری کردووەتەوە سەر هەموو لایەنێکی کۆمەڵگەی کوردی، بەڵام وەک زۆربەی توندوتیژییەکانی دیکە بەرکەوتەی سەرەکی تیایدا ژن بوو، بەشێکیان ڕفێندران و لە بازاڕەکاندا فرۆشران، وەک ئەو ژنە گەنجانەی برانە میسر و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە، سەدان ژن بران و دەستدرێژیان کرایەسەر، ژنانی دووگیان لە کاتی ئەنفالدا بە ناڕەحەتیدا تێپەڕین و ژنانی بەساڵاچوو لە هەڵپەی خۆڕزگار کردنیاندا گیانیان لەدەستدەدا، هەتا ئێستاش ئەو ژنانەی لە ئەنفال ڕزگاریان بووە و کارەساتیان تێپەڕاندووە، لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی کەسوکار و منداڵەکانیاندان و بەشێکیان بە هۆی تەمەنیانەوە، هەر لە چاوەڕوانیدا گیانیان لەدەستداوە.

 

لە ماوەی کۆمەڵکوژی ئەنفالدا جگە لە کوشتنی ڕاستەوخۆی ژنان و ڕاگواستنیان و زیندانی کردنیان، چەندین کارەساتی تر و چیرۆکی تری دڵتەزێن ڕوویانداوە، لە زیندانەکانی ڕژێمدا چەندین دەستدرێژی و سوکایەتی و ئەشکەنجەدان ڕووبەڕووی ژنانی کورد بووەتەوە و ئەمەش جێ پەنجەی بەسەر دەروون و کەسایەتی و ڕەوتی ژیانی ژنانی کوردەوە بەجێ هێشتووە، لە ڕووی دەروونیەوە ئەنفال دەکرێت بووبێتە هۆی چاندنی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و تەنگەشەی زەبر و توڕە بوونی توند لە ژناندا، بە هۆی ناجێگیری باروودۆخی ئەو کاتە و توندی ڕووداوەکان، کە ئەمەش دووبارە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دادەنێتەوە، بەهۆی ئەوەی ژن بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگەیە و لە ڕۆڵی دایکایەتیدا تاکی تر بەرهەم دەهێنێتەوە، واتا گەر دایک بارودۆخی دەروونی لەبار نەبێت و لە دڵەڕاوکێ و زەبردا ژیان بکات، لە بەشە ئەرکی خۆیەوە تاکی ناتەندروست بەرهەم دەهێنێتەوە و شەڕەنگێزی و دڵەڕاوکێ و کۆمەڵێک گرفتی تری دەروونی دەبێتە کێشەیەکی بەرچاو لەو تاکانەدا کە ئەنفالیان نەدیوە و لێکەوتە دەروونیەکانیان لە رێی باوانیانەوە بۆ گوازراوەتەوە.

 

لە ڕووی کەسایەتیشەوە، دوای هەر داگیرکاریەک و کۆمەڵکوژیەک، ئەو ژنانەی کە لە ژیاندا دەمێننەوە، بەڵام بە چاوی خۆیان ڕووداوەکانیان ئەزموون کردووە و ناچار بە لەدەستدانی نزیکەکانیان بوون، چ بە دوورکەوتنەوە یان مردن یان زیندانی کردن، بە گشتی دوو جۆر کەسایەتی دروست دەبێت، یان کەسایەتیەکی ژێردەستە و بەستەزمان و شل، یانیش کەسایەتیەکی خۆسەپێن و ڕەق و توند. لە ڕووی ڕەوتی ژیانیشەوە، ئەو دوو خاڵەی پێشتر باسکران دەستێکی باڵایان هەیە لە جوڵانی ئاڕاستەکەدا و بەو تایبەتمەندیە خراپانەوە بە ئاقارێکی نەرێنیدا دەیانبات.

 

دەکرێت چەندەها ژن لە بێسەروشوێنی هاوژینەکانیان و نەبوونی بەڵگەی مردنیان، مافی دووبارە هاوسەرگیریان لێ سەندرابێتەوە و کچان بە هۆی نەمانی باوک یان دایکیانەوە نەیانتوانیبێت خێزانی خۆیان پێکبهێنن، یاخود نەیانتوانیبێت خوێندن تەواو بکەن، کار بکەن و ببنە تاکێکی ئامانجدار لە کۆمەڵگەدا بەهۆی وەستانی ژیانیان لە دوای کارەساتەکانەوە. هەروەها، دەوترێت کە چەنەها ژن و کچ فرۆشراون بە وڵاتانی میسر و ئوردن و سعودیە، بۆ مەبەستی لەشفرۆشی و بەکارهێنانیان بۆ هەر کارێکی دیکە، کە ئەمەش دووبارە توندوتیژیەکی دیکە و سەربەخۆیە بەرامبەر بە ژنانی کورد.

 

ئەنفال زیاتر لەوەی لەبەرچاوە، کاریگەری لەسەر ژن داناوە، ئەو کردە قێزەونانەی بەرامبەر ژنان کراون، کاریگەریان لەسەر وردترین وردەکاری ژیانیان داناوە.