هۆشیاری پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کوشتنی ژنان نییە

هەرچەندە چەندین ڕێکخراوی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی بوونیان هەیە بەڵام حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان تا دێت زیاد دەکات و لە ژێر ناوی جیاوازدا دەشاردرێنەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- کوشتنی ژنان لە جیهاندا بوونی هەیە و لە مێژووەوە تا ئێستا ئەم پرسە چارەسەر نەکراوە، کۆمەڵگە بە گشتی و پیاوان بە تایبەت بە ئاستێک هۆشیار نەکراونەتەوە کە چیتر توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام نەدەن، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوی ژنان لە باشووری کوردستان بوونیان هەیە بەڵام نەبوونەتە فشار بۆ سەر لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن، یاخود هەوڵ بدەن ئامارەکان بڵاوبکرێتەوە بەڵکو لە ژێر چەتری حزبەکاندا ماونەتەوە و بەشێکیان بێدەنگ کراوەن.

 

ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی حاڵەتەکان بە شێوازی جیاواز ڕووبدەن و دووبارە ببنەوە، بەشێکیان ناگەنە دادگاکان و بە سوڵحی عەشایەری ڕووداوەکە کپ دەکەن، بۆیە تەنها ژنان کە زەرەمەندی سەرەکین، لایەنی پەیوەندیداریش بێدەنگی هەڵبژاردووە و تاوانباران بە سزای خۆیان ناگەیەنێت.

 

"کوشتنی ژنان تا ئێستا لە ژێر ناوی شەرەف بەردەوامە"

لەیلا عەبدوڵا، توێژەری کۆمەڵایەتی لە یەکێتی ژنان ئاماژەی بەوەکرد حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان تا دێت زیاد دەکات و بەردەوام ئەو حاڵەتانە بوونیان هەیە، پێی وایە کوشتن مەرج نییە تەنها کەسێک یەکێک بکوژێت بەڵکو هەندێک کات فشاری کەسی بەرامبەر وادەکات تاک کۆتایی بە ژیانی خۆی بهینێت، بە جۆرێک چەندین کەیس هەیە لە دادگاکاندا بە بێ بەلگە ماونەتەوە و یەکلا نەکراوەتەوە، وتی: کاتێک تاک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت بێگوومان هۆکارێکی هەیە.

 

لەیلا عەبدوڵا باسی لەوەکرد تا ئێستا کارێک نەکراوە کوشتن و خۆکوشتنی ژنان کەم بکرێتەوە، بەڵکو لە ئێستادا کوشتنی ژنان کەمی نەکردووە بەڵکو کوشتنی پیاو و منداڵانیش زیادیان کردووە، دەڵێت: تا ئێستا ژنان لە ژێر ناوی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی کۆتایی بە ژیانی ژنان دەهێنن یاخود ناچاریان دەکەن کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن.

 

"ژن لە ترسی کۆمەڵگە و خێزان کێشەکانی کپ دەکاتەوە"

لەیلا عەبدوڵا باسی لەوەکرد، کێشەی سەرەکی ژنان نا هۆشیارییانە چونکە تا ئێستا نەگەیشتوون بەو بڕوایەی کە پێویستە کێشەکانیان ببەنە شوێنی گونجا و دوای مافەکانیان بکەون بەڵکو هەمیشە هەوڵی کپکردنەوەی کێشەکانیان و ئەو توندوتیژیانە دەکەن کە بەرامبەریان ئەنجام دراوە، ئەمەش وادەکات فشارەکانی سەریان زۆربێت تا دەگاتە ڕادەی خۆ کوشتن، حاڵەتەکانی ئێستا بەشی زۆری خۆ کوژییە چونکە فشارەکان بۆ سەر ژنان زیاتر لە ڕێگەی دەروونییەوە ئەنجام دەدرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد بەشی زۆری ئەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن ناچێتە ناو ئامارەکانەوە و لە ناو خێزانەکاندا پەردە پۆش دەکرێت، هەروەها بەشێکی دیکە لە ڕووداوەکان بە گووماناوی دەمێنێتەوە لە نێوان ئەوەی ئایە خۆی کوشتووە یاخود کوژراوە، وتی: کوشتنی ژنان لە مێژەوە هەیە و تا ئێستا نەتواندراوە ڕێگری لێبکرێت بەڵکو لە ئێستادا بە نادیاری و لە ژێر ناوی جیاوازدا دەکوژرێن و پەردەپۆش دەکرێت.

 

"ئەرکی چالاکوانانە هۆشیاری بڵاوبکەنەوە"

لەیلا عەبدوڵا ئاماژەی بەوەکرد سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵ دەدەن و بەدواداچوون دەکەن بۆ کەیسەکانی ژنان بەڵام حاڵەتەکان کەمیان نەکردووە بگرە لە بەرزبوونەوەدان وتی: گرنگە حاڵەتەکان ڕابگەیەندرێت بەڵام بە شێوەیەک نەبێت کە ببێتە هۆکار بۆ زیادبوونی حاڵەتی دیکە بەڵکو میدیاکان ببنە سەرچاوەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەناو خێزان و کۆمەڵگە، هەروەها ئەرکی ڕێکخراو و چالاکوانانە کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە دەربارەی کوشتنی ژنان.

 

لەیلا عەبدوڵا باسی لەوەکرد، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەتواندرێت بە دوو ڕێگە بێت یان لە ڕێگەی میدیاوە بێت و ڕاستەخۆ بگاتە ماڵ و دەستی هەموو تاکێک هەروەها یاساکان لە ڕێگەی بەرنامە و مانشێتەکانەوە بە هاوڵاتیان بگەیەنن، یاخود لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینار بۆ ژنان و پیاوان، کاسب کاران و بەڕێوەبەرایتییەکان، خوێندگە و شوێنە گشتییەکان بتوانن هۆشیاری دەربارەی مافی ژن و یاساکان بگەیەنن.