"ئازادبوونی ژنان لە ئەقڵیەتی پاوانخوازی ئازادبوونی ژیانە"

سیاسەتە دژ بە ژنانەکان بۆ سەرکوتکردنی ژنان بەکاردەهێنرێت، کۆیلەکردنی کۆمەڵگە بە کۆیلەکردنی ژنان دەستپێدەکات، بەڵام خۆبوون و پەروەردەکردنی ژنان، ژنان بەرەو ئازادبوونی خۆیان و ژیان دەبات.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوام لەلایەن داگیرکەران و سیستمی سەرمایەداریەوە دەکرێنە جێگەی ئامانج و دەیانەوێت لە مێژوو دایانبماڵن و لە ژیانیش دووریان بخەنەوە، بەڵام ژنان بەردەوام لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیاندا بوون و کۆڵیان لەو ڕێبازی تێکۆشانە نەداوە، ئەگەرچی ڕێگریەکان و ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستمی سەرمایەداری لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بەربەستی بەردەم ژنانە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە سیاسەتی شەڕی نەتەوە پەرستی، ئایین و ڕەگەزپەرستی بەردەوام پەرەی پێدەدرێت و کۆمەڵگەی پێوە سەرقاڵ دەکرێت، کە ژنان بەشێکی سەرەکین تیایدا.

 

سیستمی پاوانخوازی و سیستمی سەرمایەداری هەموو جۆرە جەنگێکی گڵاو دژ بە ژنان ئەنجام دەدەن، هەبوونی ئەم جەنگەی دژ بەژنان و کۆمەڵگە و ژینگە بەردەوامە و هەوڵ دەدەن تێگەیشتنی گەلان بشێوێنن و بەردەوامبن لە شێواندنی کۆمەڵگە و لایەنی دەروونی ژنان.

 

"هەبوونی سیستمی سەرمایەداری وایکردووە ژنان زیانبەرکەوتووی سەرەکی بن"

کۆیلەکردنی کۆمەڵگە بە کۆیلەکردنی ژنان دەستپێدەکات، سیستمی سەرمایەداری سیاسەتەکانی دژ بە ژنان بەکاردەهێنێت. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک تەوق بکات، سەرەتا لە ژنانەوە دەستپێدەکات، هەموو هێرشەکان سەرەتا ڕووبەڕووی ژنان دەکرێتەوە، دەبینین سەرەتای دەستپێکردنی هەموو جەنگێک یەکەم کاری داگیرکار هێرشکردنە سەر ژنانی ناوچەکەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ئەو ئەقڵیەتەی کە پێی وایە بۆ داگیرکردنی کۆمەڵگە سەرەتا پێویستە ژنان کۆیلە بکەیت.

 

جەنگ و داگیرکاریەکان لە کوردستان و جیهانیشدا ساڵانێکی درێژە بەردەوامە، شەڕەکانی سووریا، ڕووسیا و ئۆکراینا، ئەرمەنستان و ئازەربایجان و دواجار شەڕی حەماس و ئیسڕائیل ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەکردن و بەردەوامیدایە، هەبوونی ئەم جەنگانە بۆ نەتەوەپەرستی و ئایین و ڕەگەزپەرستی دەگەڕێتەوە و هۆکاری دەستدرێژیە بەردەوامەکانی سەر ژنانە، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و پاوانخوازی لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوە پاڵپشتی سەرەکی ئەو شەرانە کە ژنان تیایدا زیانبەرکەوتوون، هەروەها شەڕ دەبێتە هۆی تێکدانی فکری گەلان و دروستکردنی شەڕی دەروونی بەرامبەر کۆمەڵگە.

 

"هەوڵدان بۆ خۆپاراستنی ژنان"

ژنان بەرپرسیارن لە ڕزگارکردنی کۆمەڵگە و جێگیربوون و خۆبوونی خۆیان، پیاوانی هەژمونخواز و سیستمی بەکاڵاکردنی ژنان لە هەموو کایەکانی ژیاندا دۆخێکی ئاڵۆزیان خوڵقاندووە، سیستمی پاوانخوازی لە جیهاندا ئەوەندە شەڕیان دروستکردووە ژنان ناتوانن بەبێ پاراستن و خۆڕێکخستن و پەروەردەکردن درێژە بە تێکۆشان و مانەوەی خۆیان بدەن، پێویستە ژنانیش ببنە پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیخوازی و ڕووبەڕووی تەواووی ئاستەنگی و ڕەوشە قەیراناویەکان ببنەوە. ئازادبوونی ژنان لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستمی سەرمایەداری پێویستی بە تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان هەیە، ژنان کاتێک خۆپارێزی و خۆیان بە ڕێکخستن ناکەن، هۆشیاریان پەرە پێنەدەن و ئیرادەی خۆیان زیندوو نەکەنەوە، هەرچییەکیش لە دەوری ڕووبدات بێ پاراستن دەمێنێتەوە و ناتوانێت خۆی بپارێزێت بەرامبەر ئەو داگیرکاریەی لە بەرامبەریدا ڕوودەدات.

 

ئەگەر ژنان خۆپاراستنی خۆیان بدەنە دەست دەسەڵات و پیاوان، بێگومان بەردەوام لە سەرکوتکردندا دەبن، هەرچەندە ژنان بتوانن لە کایەکانی ژیاندا دەستیان هەبێت و پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن، زیاتر دەتوانن خۆپاراستن ئەنجام بدەن، هەر بۆیە پێویستە ژنان لە هەموو کایەکانی ژیاندا بەشداری بکەن، پێویستە ژنان لە کایەکانی ئابووری، پەروەردە، هونەر، سیاسەت، ڕاگەیاندن تا ژیانی کارکردن و هەموو سێکتەرەکانی ژیانکردن بەردەوامی بدەن، بەرامبەر هەموو ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری و دەستدرێژی کردنە سەر مافەکانیشیان بوەستنەوە.

 

"ئاڤان جەزای ١٧ ساڵ زیانبەرکەوتووی ئەقڵیەتی پیاوسالاریە"

هەبوونیی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کاریگەریەکانی بە کوشتن یان پاڵنانی بۆ خۆکوشتی ژنان کۆتایی دێت، کوشتنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە لەم ساڵانەی کۆتایدا لە هەڵکشاندایە، ئاڤان جەزای ١٧ ساڵیش کە سووتێنرا، نموونەی ئەو ژنانەنەیە کە زیانبەرکەوتووی ئەقڵیەتی پیاوسالارییە.

 

ئاڤان جەزا جەوهەر ئەمین، یەکێکە لەو ژنانەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندرا، ئاڤان لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ لە تەکییە لە دایکبووە،  خوێندنی تا پۆلی هەشتی ناوەندی خوێندووە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا کە تەمەنی ١٥ ساڵ دەبێت ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت، ماوەی دوو ساڵە لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی نیشتەجێیە، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە، ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە ماڵەکەی خۆیدا سووتێندرا، لە کاتێکدا دووگیان دەبێت بە منداڵی دووانە، پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی سووتاوی شاری سلێمانی، بەهۆی ئەوەی ٪٨٥ی جەستەی سووتابوو، لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و لە گۆڕستانی سەیزەنوورلە شارەدێی تەکییە بە خاک دەسپێردرێت.

 

ئاڤان و چەندین ئاڤانی دیکە دەبنە زیانبەرکەوتووی ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییە، کە ئەگەر ژنان ڕێگە لەو فکرە نەگرن پێی وایە ژن پێویستە بێدەنگ بێت، لە ماڵ بێت، منداڵی ببێت. ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئەقڵیەتە پێویستیان بە خۆپاراستن و شێوازی خۆبوون هەیە، لە ڕێگەی هاتنە لای یەکی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەواوی ئەو هێرش و داگیرکارییانەی لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێت.

 

باشووری کوردستان و شەڕ

باشووری کوردستان بەردەوام لەناو شەڕ و ململانێی سیاسیدا بووە، شەڕی تایبەت و هەموو جۆرە هێرشەکان لە دژی کۆمەڵگە و بە تایبەت ژنان ئەنجام دەدرێت، ئەوەی زیاتر بۆ ژنان پێویستە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە، هێزی خۆڕێکخستن و ئیرادەی ژنانە، تا بتوانن لە دژی سەرکوتکردنی ژنان خۆپاراستن بکەن و لە دژی ئەو ئەقڵیەت و دەسەڵاتی پیاوسالارییە بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوەستنەوە.