نەتەوەی دیموکراتیک چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە -٥

جیهان خەلیل، ڕاوێژکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی جەزیرە، باسی لە ڕەهەندی دیپلۆماسی نەتەوەی دیموکراتیک کرد، کە نابێت دیپلۆماسی لەسەر بنەمای جینۆساید بێت، هەروەها هێندەی کاروباری دەرەوە، دیپلۆماسی لەگەڵ کۆمەڵگەدا گرنگە .

"دیپلۆماسی نەتەوەی دیموکراتیک بنەمای پەیوەندی و هاودەنگییە لە ناوخۆ و دەرەوە"

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- یەکێک لە ڕەهەندەکانی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک: دیپلۆماسییە جیهان خەلیل، ڕاوێژکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی جەزیرە، باسی لە ڕەهەندی دیپلۆماسی نەتەوەی دیموکراتیک کرد و وتی: دیپلۆماسی کۆمەڵگەی نەتەوەی دیموکراتیک کاری بەرفراوانی بەڕێوەبردووە، دۆخی ئێستای کۆمەڵگە بەهۆی نادادپەروەری و نەتەوە پەرستی، ئایین پەرستی و چینایەتیی بە دۆخی ناهەمواری گەشتووە، کە لەسەر بەهای سروشتی مرۆڤایەتی بەڕێوەدەچێت، گرنگە جەخت لەوە بکرێتەوە، کە چەندە دیپلۆماسی دیموکراتیک لە کاتێکی ئاوادا پێویستە، ڕۆڵی دیپلۆماسی دیموکراتیکیش بریتییە لە پێشخستنی یەکسانی لە نێوان خەڵکدا، یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکان جێبەجێکردنی دادپەروەری و دیموکراسییە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئایین و نەتەوەپەرستی.

 

جیاوازی چییە لە نێوان ئەو و دیپلۆماسیەتی دەوڵەت؟!

جیهان خەلیل سەرنجی بۆ جیاوازیی نێوان دیپلۆماسیەتی نەتەوەیەکی دیموکراتیک و دیپلۆماسیەتی حکومەت و دەوڵەت-نەتەوە ڕاکێشا و وتی: ئەگەر سەیری وڵاتانی دەرەوە بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە دیپلۆماسیەتی خۆیان لەسەر بنەمای قازانجی زۆر بنیاد دەنێن، کار بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەکەن نەک کۆمەڵگە، ئەمەش شەڕ و کێشەی کۆمەڵایەتی بەدوایدا دێت، دەرئەنجامی ئەم سیستمەش دۆخی ئێستای جیهانە، چونکە لەسەر بنەمای خەڵک و ڕەنجەکەیان خۆی بنیاد ناوە، دەوڵەت-نەتەوە لە ماوەی دوو سەد ساڵی ڕابردوودا بەهێزتر بووە، بۆیە پێویستە لە ڕێگەی دیپلۆماسی دیموکراتیکیەوە سیستمێکی دیموکراتیکی و ئازاد و کۆمەڵایەتی دابمەزرێندرێت، جیاوازی دیپلۆماسیەتی نەتەوەی دیموکراتیک ئەوەیە کە هەموو کەسێک لە هەموو پێکهاتەیەک لەخۆدەگرێت، بەڵام خاڵێک هەیە کە پێویستە ڕوون بکرێتەوە؛ کە لە ناوچەکەدا بەهێزبوونی کورد، بەهێزکردنی هەموو پێکهاتەکانی ژیانە، ئەم پڕۆژەیەش پڕۆژەیەک جیاکار نییە.

 

"زانست و پاراستن لە دیپلۆماسی جیا ناکرێتەوە"

جیهان خەلیل ئاماژەی بەوەدا کە دوو بنەمای گرنگ هەن ناتوانرێت لە دیپلۆماسی جیابکرێنەوە، ئەوانیش زانست و پاراستنە، کە زانست بە قووڵکردنەوەی دیپلۆماسی زانستی و بە بیرۆکەیەکی ڕاستگۆیانە ئەنجام دەدرێت، لە شۆڕشی چەند ساڵەی ئێمەدا، شەڕێکی ناوازە لە دژی داعش بەڕێوەچوو، بە هێزی ژن و گەنجەکانمان لە گروپە جیاوازەکان، داعش شکستی هێنا. بێگومان هەنگاوێکی ئەرێنی بوو کە دەرگایەکی نوێ لەبەردەم خۆبەڕێوەبەریدا کرایەوە، تا بتوانێت دیپلۆماسی لەگەڵ کۆمەڵگەکەی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەنجام بدات، وتیشی: لە مێژووەوە دەوڵەت-نەتەوە سیاسەت و دیپلۆماسی خۆی لەسەر جینۆسایدی کورد بەڕێوە دەبات، ساڵانێکی زۆرە کورد بە بێبەش و بێ دیپلۆماسی ماوەتەوە، لەم ڕووەوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی جزیرە، هەنگاوی یەکەمی ناوە و هەموو ڕێکخراو و حزب و مەزهەبێک لەخۆدەگرێت، بەدڵنیاییەوە یەکڕیزیی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە هێندەی یەکگرتوویی گەل گرنگە، دەتوانین بڵێین ئاستی دیپلۆماسی ناوخۆیی و دەرەکی بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دروست بووە، بەڵام هێشتا زۆر لایەن و هەنگاو هەیە کە پێویستە بنرێت بۆ بەهێزکردنی ئەم ڕەوتە.

 

"داگیرکەرانی کوردستان ڕێگە نادەن کورد وەک گەلێک کۆببێتەوە"

جیهان خەلیل ڕایگەیاند کە داگیرکەرانی کوردستان ڕێگری لە دیپلۆماسیەتی کوردستان دەکەن و دەڵێت: کوردستان لە نێوان چوار وڵاتی داگیرکەری، عێراق، تورکیا، سوریا و ئێراندا دابەش بووە، ئەو وڵاتانە ڕێگە نادەن کورد بگاتە یەکتر و ڕێگری لە دیپلۆماسی نێوانیان دەکات، چونکە بە مەترسی بۆ خۆیان دەبینن، هەر لەبەر ئەوەشە ئەو دیپلۆماسیەت و پەیوەندییە دیپلۆماسیانەی کورد کە بنیاد دەنرێن بە بێکاریگەری ماونەتەوە، کاتێک هەنگاوێک لەلایەن خۆبەڕێوەبەرییەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بنرێت، بەخێرایی و سەرەڕای هەموو ناکۆکی نێوانیان، وڵاتانی دەرەوە کۆدەبنەوە و ڕێگە نادەن هیچ دیپلۆماسیەتێک لە لایەنی کوردییەوە گەشە بکات.

 

چارەسەر: کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانە

جیهان خەلیل دووپاتی کردەوە کە چارەسەری لاوازی پەیوەندییەکانی کورد لەلای کەنەکەیە و وتی: بێگومان چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە هەیە، دەبینین چارەسەر ئەوەیە لە ژێر چەتری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە کار بکەین، پێویستە هەموو لایەنە هاوبەشەکان یەکبگرن و هێزەکانی پاراستن یەکبخەن، بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییەی ئێستا. چەند ساڵێک لەمەوبەر هەوڵی پەرەپێدانی دیپلۆماسی کوردی لەگەڵ حکومەتی باشووری کوردستان هەبوو، کەنەکە ئەرکێکی گرنگی لەم بوارەدا ئەنجامدا و ڕۆڵی هەبوو و تا ئێستاش خەباتی بۆ دەکات، دیپلۆماسی لەسەر پێوەرە دیموکراتیکەکان و ئازادی و یەکسانی بۆ کورد پێویستە، بە پێشەنگایەتی کورد لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا ئەو پێوەرانە جێبەجێ دەکرێن و دیپلۆماسییەکی هاوبەشی کۆمەڵگە دادەمەزرێنرێت.

 

"بە هێندەی نەورۆز ١٩ی تەمموز گرنگە"

جیهان خەلیل یادی ١٩ی تەمووزی لە گەل پیرۆز کرد و لە کۆتاییدا وتی: ١٩ی تەمموز ساڵڕۆژی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە، بە سایەی شەهیدەکانمان و گەلەکەمان چەندین دەستکەوت بەدەستهات و شۆڕش جێگەی خۆی گرتەوە، ئەوەندەی بەها و مانای جەژنی نەورۆز کە هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە، ١٩ی تەمموز بۆ ئێمە گرنگە، چونکە چارەسەری هەموو گەلان بنەمای شۆڕشی ١٩ی تەمموزە، ئەم ڕۆژە لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین و بەم هەنگاوە ڕاستانە درێژە بە خەبات و تێکۆشانمان دەدەین و ئەنجام بەدەست دەهێنین.