تورکیا گەندەڵی لە بنیادنانی بیناکانیدا دەکات؛ کورد کارەساتی ڕووبەڕوو دەبێتەوە

تورکیا و باکووری کوردستان ئەزموونی چەندین بوومەلەرزەی بەهێز و وێرانکەری کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە ستانداردی بیناسازی گۆڕانی بەسەرداهات بەڵام گەندەڵی جێبەجێکردنەکان ئەمڕۆ چەندین کارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- تورکیا و باکووری کوردستان لە ناوچەیەکی چالاکی بوومەلەرزە دایە و مەترسی هەیە، بوومەلەرزەکانی ڕۆژی ٦ شوبات بەدرێژایی هێڵی بلۆکی تەکتۆنیکی ئەنادۆڵ ڕوویدا، بە گوڕی ٧.٨ لە قووڵیەکی زۆردا، ئەمەش وایکرد زیاتر وێرانکەر بن، تا ئێستاش هیچ ڕێگەیەکی پشت پێبەستن نییە بۆ پێشبینیکردنی ڕوودانی بوومەلەرزە.

 

توێکڵی زەوی لە پارچەی جیاواز پێکهاتووە و پێیان دەوترێت پلێت، لەسەر یەکتر جیگیربوون و ئەم پلێتانە زۆرجار هەوڵدەدەن بجوڵێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی بۆشاییەک لە بەرامبەر پلێتێکی تەنیشت یەکتردا ڕێگرییان لێدەکرێت و هەندێک جار فشارەکە زیاد دەکات، تا لەناکاو پلێتێک دەلەرزێت و دەبێتە هۆی جوڵەی ڕووی پلێتەکە، لە بوومەلەرزەکەی ٦ شوبات پلێتی عەرەبی  بەرەو باکوور جوڵا لە بەرامبەر پلێتی ئەنادۆڵدا.

 

ئەم جوڵە جیۆلۆجییە لە ١٣ی ئابی ساڵی ١٨٢٢ بوومەلەرزەیەکی دروستکرد پلەکەی ٧.٤ بوو، کە کەمتر بوو لەو بوومەلەرزەیەی لە ٦ی شوباتدا ڕوویدا، تەنانەت بەو شێوەیەش بوومەلەرزەکەی سەدەی نۆزدەهەم زیانێکی زۆری بە شارۆچکەکانی ناوچەکە گەیاند و تەنها لە شاری حەلەب ٧ هەزار گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، دواتریش بوومەلەرزە زیانبەخشەکان بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک بەردەوام بوون، پێشتر چەند بوومەلەرزەی دیکە ڕوویداوە و زانایان پێشبینی دەکەن هەمان ڕەوتی گەورەی پێشووی ناوچەکە بەردەوام ببێت.

 

دوای سەدەی ٢٠ بیناکان لە ڕووی بوومەلەرزەوە بەهێزکراون، بەڵام گەندەڵی هەیە

هەموو بیناکانی سەدەی بیستەم لاوازن لە ڕووی بەرگەگرتنی بوومەلەرزەوە، بەڵام دوای بوومەلەرزەکەی ئەزمیت لە ساڵی ١٩٩٩ کە زیاتر لە ١٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، کۆدێکی نوێی بیناسازی بۆ پاراستن لە بوومەلەرزە لە تورکیا نووسرایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٧ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچەندە دەوترێت زۆرجار بیناکاران بەهۆی گەندەڵیەوە یاساکانیان پشتگوێ خستووە.

 

دوای بوومەلەرزەکانی شاری وان لە باکووری کوردستان لە ساڵی ٢٠١١  سەرۆکوەزیرانی تورکیا وتی: "پێویستە ئێستا شارەوانییەکان و بیناکاران و سەرپەرشتیاران بزانن کە کەمتەرخەمییەکانیان یەکسانە بە کوشتنی چەندەها مرۆڤ، لە ساڵی ٢٠١٨ یاسای لێبوردی ناوچەیی بە هەندێک بینای بێ مۆڵەت و نهۆمی بێ مۆڵەت درا، ئەمەش کاریگەری لەسەر لاوازکردنی بیناکان هەبوو.

 

بەهێزکردنی بیناکان بەپێی کۆد لە ساڵی ٢٠٠٧ لە پێداوچوونەوەی کۆدێکدا ساڵی ٢٠١٩ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، باشترکردنەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا بریتی بوون لە چاودێریکردنی دیزاین و پێناسەکردنی مەترسی تایبەت بە شوێنەکان بۆ بینا نوێیەکان لە ناوچە لاوازەکان و چەندین ڕێکاری ئەندازیاری نوێ گیرایەبەر، وەک ئەوەی پێویستیان بە تەختە بوو، کۆنکرێتی کوالیتی بەرز، هەروەها ستوونی ئەو بینایانە دەبێت لە شوێنی گونجاودا بن بۆ ئەوەی بە باشی لەرزینەکان هەڵبمژن، هەرچەندە ئەم کۆدە بیناسازیانەی سەدەی ٢١یش زۆر بە باشی جێبەجێ نەکراون.

 

لەرزین بەهۆی بوومەلەرزەوە بە گوڕی ٢.٥ یان کەمتر بەزۆری هەست پێناکرێت، بەڵام دەتوانرێت بە ئامێرەکان دەستنیشان بکرێت، بوومەلەرزە تا ٥ هەستی پێدەکرێت و زیانێکی کەم دەگەیەنێت، بوومەلەرزەکەی تورکیا بە پلەی ڕێختەری ٧.٨، بە پلەیەکی گەورە پۆلێن دەکرێت و بەزۆری زیانی گەورە دەگەیەنێت، لە سەروو پلەی ٨ زیانێکی کارەساتبار دەگەیەنێت و دەتوانێت کۆمەڵگەکانی ناوەندەکەی بە تەواوی لەناوببات.

 

چی وایکردووە تورکیا و باکووری کوردستان ببێتە شوێنێکی چالاکیی بوومەلەرزەزانی؟

تورکیا و باکووری کوردستان ئەزموونی بوومەلەرزەی بەهێز دەکات، بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاکەوتن-ئافاد لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ٣٣ هەزار بوومەلەرزەی لە ناوچەکەدا تۆمارکردووە، لەو ژمارەیەش ٣٣٢ بوومەلەرزە بە گوڕی ٤.٠ و زیاتر بووە.

 

ڕوودانی بوومەلەرزە لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی شوێنی تەکتۆنیکییەوە سەرچاوە دەگرێت، چینی دەرەوەی زەوی لە نزیکەی ١٥ چینی سەرەکی پێکدێت، کە پێیان دەوترێت پلێتی تەکتۆنیکی، سنووری نێوان ئەم پلێتانە جێگیرە و هەر جوڵەیەکی کتوپڕ بەدرێژایی ئەم پلێتانە دەبێتە هۆی بوومەلەرزە.

 

ئەندازیارانی بیانی ئاماژە بە کەموکورتی بیناکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەکەن

بەو پێیەی تەمەنی بەشێک لە بیناکان زیاتر لە ٥٠ ساڵ بووە، بەوتەی شۆن ویلکینسن، مامۆستای ئەندازیاری پێکهاتەیی لە زانکۆی نیوکاسڵ لە بەریتانیا، تەمەنی دیزاینەکەیان تێپەڕاندووە، ئاماژەی بەوەشداوە نائاسایی نییە بینا خراپ دروستکراوەکان کە بە کۆدی بوومەلەرزە دیزاین نەکرابێت لەم ئاستەی بوومەلەرزەدا دابڕمێن، ئەمە تایبەتە بەو وڵاتانەی کە لە قۆناغی تایبەتی گەشەکردندان.

 

وڵاتانی جیهان سیستمی تایبەتی بۆ بەرگەگرتنی بوومەلەرزە بەکاردەهێنن، بەڵام ئەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێکردنی سەختە، هەندێک وڵاتی وەک نیوزلەندا و یابان و ئەمریکا دەستیانکردووە بە دروستکردنی بینا بە بەکارهێنانی سیستەمی دابڕانی بنەڕەتی، بە پڕۆسەیەکی هاوشێوەی "دانانی بیناکەت لەسەر ڕۆلەر سکەیتەر"، واتە جوڵاندنی، بۆیە بنکەکە لە کاتی لەرزینی بوومەلەرزەدا دەلەرزێت، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە تاڕادەیەکی زۆر لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە، ئەم پرۆسەیە بە "ستانداردی زێڕین" دادەنرێت لە ئامادەکاری بۆ بوومەلەرزە، بەڵام "مۆدێرن" و "گرانە".