بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سەدامەوە بۆ ئەردۆغان

چەکی کیمیایی چەکێکی قەدەغەکراوە لە جیهاندا، بەڵام هەندێک لە دەوڵەتە داگیرکەرەکان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و خاپورکردنی ئەو ناوچانەی ئامانجیانە داگیریبکەن، بەکاریدەهێنن، تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی مرۆڤیش لێی بێدەنگن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- چەکی کیمیایی یەکێکە لە جۆرەکانی چەکی کۆکوژ کە هەریەک لە چەکی "بایۆلۆجی، ناوکی و تیشک" دەگرێتەوە، ئەم چەکە لە کۆمەڵیک گاز و ژەهری کوشندە پێکهاتووە، لەکاتی بەرکەوتنی بە سروشتدا مرۆڤ و چی لە سروشتدا هەیە وەک ئاژەڵ و باڵندە و ڕووەک دەکوژێت، بە جۆرەها شێوە ئاراستە دەکرێت وەک ڕێگای تۆپی دوورهاوێژ، هاوەن، موشەک، کاتیوشا، مین، بۆمبی فرۆکە، هەندێکجار بە شێوەی پرژاندن لە ئاسمانەوە، یان لە ڕێگای چەکی ئاگر پرژێنەوە دەهاوێژرێت و بەشێوەی ماددەی شل، گاز و ڕەق هەیە.

 

لە چەکی کیمیاییدا ماددەی کیمیایی جۆراوجۆری وەک ئۆکسیم، لویسیت، سۆلفور، نایترۆجین، سارین، کلۆراید، هایدرۆجین سیانید، فۆسجین، بەکاردەهێندرێت.

 

جۆرەکانی چەکی کیمیایی چییە؟

بە وتەی زاناکان ئەو چەکانە زۆر بە خێرایی بڵاودەبنەوە بە جۆرێک دەتوانن لە ماوەی چەند خولەکێکدا ژیانی چەندین بوونەوەر کۆتایی پێبهێنن، دەتوانێت ببێتە هۆی مردن، بریندارکردن، هەستیاریی، نەهێشتنی توانا بۆ هەناسەدان، هەروەها دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە سیستمی دەماری لەشی مرۆڤ، هاتنی ئاو لە چاوەکان، کاریگەریی لەسەر خوێن دەکات، ئاوی زۆر لە لوتەوە دێت و دەبێتە هۆی مردن، مەترسیی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو جۆرە کیمیاییانە لەسەر زەویەکان دەمێننەوە و دەجوڵێن بەوەش کاریگەریی لەسەر خواردنەکان دروستدەکات و بۆ چەندین ساڵ کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە و زەوی دەمێنێتەوە.

 

جۆرەکان بەم شێوەیەن:

ڤی ئێکس:- پێکهاتەیەکی سەر بە پۆلی ئۆرگانۆفۆسفاتە کە تێکەڵەیەکی کیمیایی ژەهراوییە، لە ڕواڵەتدا تۆزێک ڕوونە بێ تامە لەشێوەی ڕەشەکوژییدا ئامادەکراوە و کاریگەریی لەسەر سیستمی دەماری لەشی مرۆڤ دەکات، کاتێک لەناو هەوادا بڵاودەبێتەوە، بە خێرایی و چەند خولەکێک نیشانەکانی لەسەر پێست و جل و شتی تر دەردەکەون و بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە، لە جەستەی مرۆڤدا ماسولکەکان لە کار دەوەستێنێت.

 

سارین:- لە ساڵی ١٩٣٨دا چەند زانایەکی ئەڵمانی ئەم چەکە کیمیاییەیان ئامادەکردووە، بۆ کوشتنی ئەو بونەوەرانەی زیانبەخشن، بەمەبەستی پارێزگاریی، ئەم جۆرە چەکی کیمیایی بە گازی دەمار دەناسرێت شلەی بێ ڕەنگ و بۆنە، لە گەرمادا بە خێراتر بڵاودەبێتەوە هەر ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی بۆ ماوەی زۆر کاریگەریی نەبێت و بگۆڕێت بە پێکهاتە بێ زیانەکان، ئەم جۆرە ماسولکەکان وردە وردە ئیفلیج دەکەن، سەرەتا ئاو لە لوت و چاوەوە دەردەدات.

 

تابون:-  لە ساڵی ١٩٣٦ لەلایەن گیرهارد شرایدەرەوە دۆزرایەوە، تایبەتە بە لەناوبردنی مێرووەکان، کاریگەریی لەسەر سیستمی دەمار دەکات، شلەی بێ ڕەنگە و بۆنی میوەی لێدێت، ئەمیش کاریگەریی لەسەر دەمار دەکات و لەو ڕیزەدا پۆلێن کراوە نیشانەکانی هاوشێوەی گازی سارینە.

 

گازی موستەرد:- یەکەمجار لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا بەکارهێنراوە، کاتێک بەر بەرگی ژینگە دەکەوێت، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کون لە بەرگەکە دروستدەکات و دەچێتە ناو جەستەی مرۆڤەوە، ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر چاو، سیستمی هەناسەدان و پێست، فرمێسکی زۆر دەهێنێت، لەوانەیە چەند کاتژمێرێک دوای بەرکەوتن کوێر بن، کاتێک قوربانییەکان هەڵیدەمژن تووشی ئازاردان، کۆکەی خوێندار، ئازاری سک و ڕشانەوە دەبن، کاتێک لە پێستدا نیشانەکانی دەردەکەوێت، پێست سوور دەبێتەوە، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسوتێت.

 

گازی فۆسجین:-  ئەم گازە بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ دروستکردنی پلاستیک و دەرمانی ژەهراوی بەکاردێت، یەکێکە لە مەترسیدارترین چەکەکان کاتێک کەسەکە بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵیدا، کێشەی هەناسەدان، خنکاندن، ئاو لە لوت و کۆکەی توند دروستدەکات.

 

کلۆر:-  بەکاردێت بۆ دروستکردنی دەرمانی ڕەشەکوژیی مێروو، لاستیک، بابەتی پاککردنەوە، ئەگەر بە بڕێکی زیاتر بەکار بهێنرێت، دەتوانێت کوشندە بێت، کاتێک دەچێتە ناو جەستەوە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر سییەکان و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لەوانەیە کەسەکە بمرێت.

 

بۆ یەکەم جار چەکی کیمیایی کەی بەکارهاتووە؟

مێژووی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش زاینی کە یەکەمجار لە جەنگەکانی هیندی کۆندا، جۆرە هەڵمێک یان دوکەڵێکیان بەکارهێناوە و بووەتە هۆی (خاوبوونەوە، گێژی و خەواڵویی)، لە جەنگی نێوان ساسانییەکان و ئەسپارتەکانی یۆنان لە ساڵی ٤٢٣ پێش زاینی ئەسپارتەکان دژی ساسانییەکان بەکاریانهێناوە، بەدرێژایی سەدەکانی مێژوو چەکی کیمیایی بەکارهاتووە، بەتایبەتی لە سەدەی بیستەمدا و لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، لایەنەکانی بەشدار لەو شەڕە، لەوانە (ڕوسیا، فەرەنسا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، ئەمریکا) چەکی کیمیاییان دژ بە یەکتر بەکارهێناوە، ژمارەی قوربانییان گەیشتە ملیۆنێک و هەشت سەد هەزار کەس، ئەو چەکانەش بریتیی بوون لە (کلۆرین و فۆسجین و خەردەل).

 

جگە لەو وڵاتانە، کوردستان یەکێکە لەو ناوچەیەی زۆرترین چەکی کیمیایی لەلایەن دوژمنە جیاوازەکانەوە بۆ بەکارهێنراوە، بۆ یەکەمجار دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لە ساڵی ١٩٣٠ لە ناوچەی گەلی زیلان، لەدژی کوردانی ئەو ناوچەیە چەکی کیمیایی بەکارهێنا و ٤٥ هەزار کەس بوونە قوربانی، دواتر لە ١٩٣٧ دژ بە خەڵکی دەرسیم چەکی کیمیایی بەکارهێنرا، کە بووە هۆی کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە ١٣ هەزار و هەشت سەد کەس.

 

ڕژێمى به‌عس له‌ ساڵى ١٩٨٧ به‌ چه‌كى كيميايى هێرشى كرده‌ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان و له‌شارى سه‌رده‌شت نزيكه‌ى ١٢٠٠كه‌س شه‌هيد بوون و ٨ هه‌زار كه‌سیش برينداربوون، هه‌ر ساڵێك دواتر ڕژێمی بەعس لە باشووری کوردستان لە ناوچەی بالیسان و سێوسێنان و دۆڵی جافایەتی چەکی کیمیایی بەکارهێنا و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا، هەروەها لە ساڵی ١٩٨٨دا چەکی کیمیایی لە شاری هەڵەبجە بەکارهێنرا و ٥٠٠٠ کەس شەهید بوون.

 

چەکی کیمیایی چەکێکی قەدەغەکراوە

لە پرۆتۆکۆڵی جنێف لە ١٧ی تەموزی ١٩٢٥ هاتووە و دەڵێت "بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە چەکی کیمیایی لە کاتی جەنگدا بەکاربێت"، هەروەها لە نیسانی ١٩٧٢ جارێکی تر پشتڕاست کرایەوە کە چەکی بایۆلۆجی بە هەموو شیوەیەک بەر‌هەمهێنان و بەکارهێنانی قەدەغەیە.

 

لە ساڵی ١٩٩٢دا کۆنفرانسی داماڵینی چەک لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتەواوی باسی لە نە‌هێشتنی چەکی کیمیایی کرد، لە ٣٠ ئەیلولی ١٩٩٢دا کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردووە و واژۆکرا، پاشان ڕێکەوتننامەی پاریس لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٣، کە لەلایەن ١٣٠ وڵاتەوە واژۆکرا، بەتەواوەتی چەسپا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای دامەزراندنی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) لە ساڵی ١٩٩٧وە، ئەم ڕێکەوتننامەیە لەسەر ئاستی جیهان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

ڕێکخراویی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی جیهانی دەڵێت ١٩٣ دەوڵەت پابەندن بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە ٩٨٪ی دانیشتوانی جیهان لەژێر پاراستنی پەیماننامەکە دەژین، بەڵام بەشێک لە دەوڵەتەکان لە شەڕەکاندا بەشێوەی ڕێژەیی بەکاریدەهێنن، وەک دەوڵەتی داگیرکەریی تورک.


پێشێلکردنی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن تورکیاوە

دەوڵەتی تورکیا سەرباری ئەوەی واژۆی پەیماننامەی جنێفی ساڵی ١٩٢٥ کردووە دژ بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بەڵام ساڵانێکە لە شەڕی دژ بە گەلی کورد گازی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت، بەتایبەتی لە دوو ساڵی ڕابردوودا، کە بەگوێرەی ئامارێکی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، تەنها لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوو هەزار ٤٧٦ جار بۆمب و چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە.

 

تورکیا لەناوخۆی وڵاتەکەیدا بە سەدان ملیۆن دۆلاری ساڵانەی لە بەرهەمهێنانی پیشەسازیی ماددە کیمیایەکان دەستدەکەوێت، کە سوپاکەشی بەشێوەی چەکی بچووک لە ئێستادا دژی ئازادیخوازان و گەریلاکانی ئازادیی لە ناوچەی بادینان لە باشووری کوردستان بەکاریدەهێنێت. هەروەها تورکیا جیاواز لە سیستمی حکومڕانی سەدام حسێن چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت و بە ڕۆژانە لە چیاکانی کوردستان جگە لە بۆردومان، چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، ئەگەرچی ئەو وڵاتە ئەندامی ناتۆ و پەیماننامەی جنێف و ڕێککەوتنەکانی قەدەغەی چەکی کیمیاییە.