زیندانییانی کورد لە مافە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکرێن

بەکارهێنانی هێز و دەستبەسەر و دەستگیرکردن، کە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێکخراوە و لادان لێی پێشێلی مافی مرۆڤە، بۆ گەلی کورد جێبەجێ ناکرێت و هەموو ئەم مافانەی پێشێل دەکرێت، بێ یاسایی و بێ مافی بەرامبەر دەکرێت، بە تایبەت لەلایەن دەوڵەتی تورک و ئێرانەوە.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- بۆ پابەندبوون بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە، پێویستە وڵاتانی جیهان واژۆی پابەندبوونیان لە دوای ڕێککەوتوون و پەسەندکردنیان دابنێن، دەوڵەتی ئەندام دەوڵەتێکە کە پەیماننامەیەکی پەسەند کردووە لە ڕووی یاساییەوە پابەندە بە پەیڕەوکردنی بڕگەکانی، بەڵام هەندێک لە دەوڵەتان هێشتا پەسەندکردنی فەرمی لە ناوخۆدا تێپەڕ نەکردووە، لە کاتێکدا ئەرکی ئەوەیە خۆی لە هەر کردارێک بپارێزێت کە ببێتە هۆی شکستپێهێنانی ئامانجەکانی پەیماننامەکە.

 

پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان

لە جیهاندا چەندین پەیماننامە هەیە، وەک،"CERD" کە ١٨٢ وڵات ئەندامن و ئامانجی نەهێشتنی جیاکارییە لەسەر بنەمای ڕەگەز، ڕەنگ، ڕەچەڵەک، ڕەچەڵەکی نەتەوەیی یان ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی، ICESCR" " بۆ پاراستنی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، کە ١٧٢ وڵات ئەندامن، "CEDAW" مافی هەموو ژنان گەرەنتی دەکات و ١٨٩ وڵات واژۆیان کردووە.
 

ICCPR" " کە مافە مەدەنی و سیاسییەکان دەپارێزێت، ١٧٤ وڵات واژۆیان کردووە، "CAT"  قەدەغەکردنی ڕەهای ئەشکەنجەدان پشتڕاست دەکاتەوە و داوا لە دەوڵەتانی واژۆکار دەکات هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ ڕێگریکردن و تاوانبارکردنی ئەشکەنجەدان بگرنەبەر.

 

کاتێک حکومەتەکان پەیماننامەی مافی مرۆڤ پەسەند دەکەن، کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشانیان لەوانە،  ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پێشێل نەکردنی و بەدیهێنانی مافەکانی مرۆڤ بە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ دڵنیابوون لەوەی هەمووان دەرفەتی بەکارهێنانی ئەو مافانەیان هەیە.

 

ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە و مامەڵەکردنی خراپ یان سزادانی نامرۆڤانە، پێویستی بە چاودێریکردن هەیە، کۆمیتەی ئەوروپی بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەدان، ناسراو بە " "CP، کە سەربەخۆیە، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە سەردانی هەر شوێنێک بکات کە خەڵک لە ئازادیی خۆیان بێبەش بکرێن، هەروەها جاڕنامەی عەرەبی بۆ مافەکانی مرۆڤ "میساقی عەرەبی" لە ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبیەوە پەسەند کرا و لە مانگی ئازاری ٢٠٠٨ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە میساقەکەدا لیژنەی مافی مرۆڤی عەرەبی دادەمەزرێنێت، کە ئەرکی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی پەیماننامەکە لەلایەن دەوڵەتانی ئەندامەوە پێسپێردراوە.

 

پۆلیس  و هێزە ئەمنییەکان یاساکان پێشێل دەکات

لە هەموو جیهاندا حکومەتەکان ئەرکی جێبەجێکردنی یاسایان بە دەزگایەکی دیاریکراوی جێبەجێکردنی یاسا سپاردووە، لە زۆرینەی زۆری وڵاتاندا پۆلیسە، کە دەسەڵاتەکانی بریتین لە؛ دەستگیرکردن و ڕاگرتنی کەسێک؛ گەڕان و دۆزینەوەی کەس و شت و شوێنێک، دەستبەسەرداگرتنی شتەکان و بەکارهێنانی هێز و چەکی ئاگرین

 

بەکارهێنانی ئەم دەسەڵاتە بەرفراوانانە دەتوانێت کاریگەرییەکی دوور مەودای لەسەر ژیانی خەڵک هەبێت، ئەگەر خراپ بەکاربهێندرێت، دەبێتە هۆی پێشێلکردنی گەورەی مافەکانی مرۆف، بەڵام بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەبێت  کاری پۆلیس لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ بێت و لە کاتی بەکارهێنانی هێزیشدا کەمترین هێز بەکاربهێنێت، جیاکاری لە دژی خەڵک نەکات.

 

مافی کۆبوونەوەو گردبوونەوە

لە ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ مادەی ١١ هاتووە: هەر کەسێک مافی ئازادی گردبوونەوەی ئاشتیانەی هەیە، نابێت هیچ سنوورێک بۆ پیادەکردنی ئەو مافانە دابنرێت، جگە لەو حاڵەتانەی کە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی یان سەلامەتی گشتی بخاتە مەترسییەوە، بۆ ڕێگریکردن لە پشێوی یان تاوان، بۆ پاراستنی تەندروستی یان ڕەوشت، بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی ئەوانی تر.

 

مافی پارێزەری یاسایی

هەر کەسێک دەستگیر بکرێت، مافی ئەوەی هەیە پارێزەری هەبێت بۆ پاراستنی مافەکانی و یارمەتیدانی لە بەرگریکردنیان، ئەگەر کەسەکە پارێزەرێکی هەڵبژاردەی خۆی نەبێت، ئەوا مافی ئەوەی هەیە یارمەتی یاسایی کاریگەر و شارەزا بدات، ئەم مافە لە کاتی دەستگیرکردنەکەوە دەست پێدەکات، پێویستە بەندکراوەکان کات و شوێنی گونجاویان پێبدرێت بۆ ئەوەی بە نهێنی پەیوەندی لەگەڵ پارێزەرەکانیان بکەن، لە هەندێک بارودۆخی نائاسایی و زۆر پێویستدا، بۆ نموونە لەبەر هۆکاری ئەمنی، کۆبوونەوەکانی نێوان پارێزەر و دەستگیرکراوەکە لەوانەیە پێویست بکات لە چاوی ئەفسەرانی پۆلیسدا ئەنجام بدرێت، بەڵام پێویستە هەمیشە لە دەرەوەی گوێگرتنی پۆلیس بێت، دەستگیرکراوەکە مافی ئەوەی هەیە پارێزەری یاسایی خۆی هەبێت لەکاتی لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا.

 

دوای لێکۆڵینەوەی پۆلیس، مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەی هەیە، هەروەها ماوەی دەستبەسەرکردن و دانانی زیندانی لە ژووری تاکە کەسی نابێت لە ٢٤ کاتژمێر زیاتر بێت، هەروەها مافی پەیوەندی و بینینی بنەماڵەو پارێزەری هەیە، زیندانیانی نەخۆش مافی چارەسەری پزیشکی و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە هەیە.

 

گەلی کورد مافی دەستبەسەر کردن و دەستگیرکردن و لێپرسینەوەیان پێشێل دەکرێت

هەر چوار دەوڵەتی عێراق، ئێران، سووریا، تورکیا کە کوردستان بەسەریاندا دابەشکراوە، گەورەترین پێشێلکارییەکان بەرامبەر گەلی کورد دەکەن، ئەگەرچی ئەو چوار دەوڵەتە واژۆکاری زۆرینەی پەیماننامەکانیشن.

 

گەلی کورد کە لە گردبوونەوە و هەڵکوتانە سەر ماڵاندا دەستبەسەر دەکرێن و دواتر بەبێ دادگایی کردن یاخود دادگای کردنێکی نادادپەروەرانە دەخرێنە زیندانەوە، هەموو مافەکانیان پێشێل دەکرێت، دەوڵەتی تورک و ڕژێمی ئێران هەمیشە پۆلیسیان لە دژی کورد بەکارهێناوە و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانیان کردووە، لە کاتێکدا ئەم دوو دەوڵەتە ئەندام و واژۆکاری زۆرێک لەو پەیماننامە نێودەوڵەتیانەن کە لە سەرەوە باسکران.

 

لە کاتی دەستبەسەرکردنە نایاساییەکاندا، سیاسەتمەداران، پارێزەران و چالاکوانانی کورد ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە.

 

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کە ماوەی ٢٦ ساڵە بە نایاسایی و نادادپەروەری گۆشەگیر کراوە، هەموو مافەکانی و پەیماننامە نێودەوڵییەکان لە بەرامبەری پێشێل کراوە، ماوەی سێ ساڵە هیچ زانیارییەک دەربارەی نییە و سی پی تی کە سەربەخۆیە و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە سەردانی هەر شوێنێک بکات کە خەڵک لە ئازادیی خۆیان بێبەش بکرێن، بێدەنگە و هەژموو ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتییان بنپێ خستووە.

 

ژنانی نەخۆش لە زیندانەکاندا مافی چارەسەریان ڕەت دەکرێتەوە

لە ئێستادا سەدان ژنی زیندانیکراوی کورد لە زیندانەکانی تورکیاو ئیراندان، پێویستیان بە چارەسەرو چاودێری پزیشکی هەیە، بەڵام مافی بینینی پزیشک و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیان پێشێل دەکرێت، بەدەر لەوە بە ڕووتی و بێ جلوبەرگ لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکدا گەڕان و پشکنینیان بۆ دەکرێت.  

 

یەکێک لەوانە، زیندانی سیاسی شاکیلا مونفەردە، لە هاوینی ٢٠٢٣ لە بەندیخانەی ئەڤینەوە بۆ نەشتەرگەری بەردی زراو بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەن ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەخانی تاران کراوە، بەڵام پێش تەواوبوونی پڕۆسەی چاکبوونەوە گەڕێندراوەتەوە زیندان، هەروەها لە ٢٢ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە هۆی نەخۆشی گەدە بە مۆڵەتی ٥ ڕۆژ لە زیندان ئازاد کرابوو، بەهۆی داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتەکەی بۆ چارەسەرکردن، پێش کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکەی جارێکی دیکە دەستگیرکرا و ئەشکەنجە درا.

 

فاتمە ئۆزبای، شێرپەنجەی مەمک، گرێی قورگ، کێشەی بڕبڕەی پشت و مل و شێرپەنجەی خورانی ئێسکی هەیە، ماوەی ٢٨ ساڵە زیندانی کراوە، لە زیندانی ژنانی شاکران ئالیاگایا لە ئیزمیر ڕاگیراوە و هەرچەندە لە لیستی زیندانیانی نەخۆشی سەختدایە، چارەسەری بۆ ناکرێت.

 

حەنیفە ئارسلان لە وان، زیندانییەکی تەمەن ٧٦ ساڵ کە سەرەڕای نەخۆشییەکانی بەرزی پەستانی خوێن، گەدە و چەندین نەخۆشی دیکە، ڕاپۆرتی "دەتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە"ی بۆ دراوە.

 

هەروەها لە لێدوانێکی پێشتری پارێزەر ڕیحان گۆک، دۆخی زیندانیانی نەخۆش لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا تا دێت سەختتر دەبێت، لەو زیندانانەی کە هەزاران زیندانی نەخۆش و سەدان زیندانی نەخۆشی سەختییان تێدایە، زیندانییەکان ناتوانن مافی تەندروستی و ژیانیان وەربگرن، هەروەها زیندانییەکانی جۆری R گۆشەگیری بۆ زیندانیانی نەخۆش قوڵتر دەکەنەوە.