بازاڕی کۆنی زاخۆ نزیکەی ١٤٠ ساڵە بەدەست پیاوانەوەیە

بازاڕی کۆنی زاخۆ کە تەمەنی نزیکەی ١٤٠ ساڵ دەبێت، لەماوەی ئەو ساڵانەدا تەنها پیاوان تێیدا بازرگان و دوکاندار بوون، لە ئێستاشدا لەکۆی ١٣٠ دوکان ١٢ ژن ڕێچکەیان شکاندووە و کاری تێدا دەکەن.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- مافی کارکردن بۆ ژنان و بە تایبەت بۆ ژنی کورد ساڵانێک قەدەغەکاری لەسەربوو، بەجۆرێک پیاوان دەیانویست تەنها خۆیان لە دەرەوەی ماڵ کاربکەن و کارەکان کرابوون بە موڵکی پیاوان، بە ئێستاشەوە سەرەڕای ئەوەی ژنان بە بوێرییەوە دەستیان بەکار کرد و لە چوار دیواری ماڵەکانیان هاتنە دەرەوە، هیشتا لە هەندێک شوێن ژنان لە زۆر بواری کاردا دوور دەخرێنەوە.

 

بازاڕی کۆنی زاخۆ "بازارێ کەڤنێ زاخۆ" مێژووی دروستکردنی بۆ زیاتر لە ١٤٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، لەئێستادا بازاڕەکە لە مەترسی لەناوچوون پارێزراوە و لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بڕیاری نۆژەنکردنەوەی درا و لە ١٣٠ دووکان پێکھاتووە، کە بە شێوازێکی کولتووری و شوێنەواری نۆژەنکراوەتەوە.

 

بازارێ کەڤنێ زاخۆ، سێ ناوی لێنراوە "سیکا تاریا زاخۆ، بازارێ کەڤنی زاخۆ، چارسیا زاخۆ"، بەڵام لەئێستادا تەنها بە بازارێ کەڤنێ زاخۆ ناوی دەھێنن.

 

کاتێک لە دەرگای سەرەکی بازاڕەکە دەچیتە ژوورەوە لە دەستە چەپدا وێنەی تەواوی دوکاندار و بازرگانە کۆنەکانی بازاڕەکە لە ژێر نووسینیک "ئیدارەیا سەربەخۆیا زاخۆ" هەڵواسراو ەو ناوی تەواویشیان نووسراوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە هەموو وێنەکان پیاون و تەنها یەک وێنەی ژنی تیادا نییە، واتە هەموو دوکاندار و بازرگانە کۆنەکانی ئەم بازاڕە پیاو بوون و بازاڕەکە بە دەست پیاوانەوە بووە.

 

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە پێشتر شارۆچکە بوو، هاوسنووری باکووری کوردستانەو ڕۆژانە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەکرێت، کاتێک دەچیتە ئەو سنوورە دەستکردە، ژمارەیەک لە ژنان هەن کە ئەوایش دیارە خەریکی ئاڵوگۆڕی کاڵا و شتومەکن، بەڵام لە زاخۆدا ژنان لە ڕابردوودا دوورخرابوونەوە لە بازرگانی و خاوەنکاری و دوکانداری، لە ئێستاشدا بازرگانی هەر لە لایەن پیاوانەوە قۆرخکراوە.

 

دوای نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کۆنی زاخۆ، سەرنجڕاکێشترین بەشی ئەم بازاڕە ئەوەیە کە ژنان ئەگەر ژمارەیەکی کەمیش بن، کە تەنها ١٢ ژنن لەکۆی ١٣٠ دوکان، شوێنیان بۆ خۆیان گرتووە، زۆربەیان کاری دەستی دەکەن و بوونەتە پارێزەری کولتوور و ڕێچکەی بواری بازرگانی شارەکەیان شکاندووە.