کاریگەری توندوتیژی تەقینەوەکان لەسەر منداڵان لە جیهان

توندوتیژی لە ئەنجامی تەقینەوەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان دەرئەنجامی وێرانکەری بۆ منداڵان لە سەرتاسەری جیهاندا دروستکردووە، تەنها لە سوریا ٨٠٩٠ منداڵ بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، کە دەکاتە ٤٣٪ی سەرجەم قوربانیانی منداڵان کە لە سەرتاسەری جیهاندا تۆمار کراون.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- چەک و تەقینەوەکان ساڵانە لە ئەنجامی ململانێکانی شەڕی چەکداری دەبنە هۆی کوشتن و برینداربوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی، منداڵان نزیکەی نیوەی قوربانییەکانی تەقینەوەکان پێکدەهێنن، بەهۆی ئەوەی ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، ململانێ چەکدارییەکان لەو ناوچانەی کە ژمارەی دانیشتوان تیایدا بەرزە زیاترن، وەک شارەکان کە تیایدا منداڵان نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە دەکەن، کاتێک چەکی تەقەمەنی لەم ناوچانەدا بەکاردەهێنرێت زیاتر لە ٩٠٪ی قوربانییەکان خەڵکی مەدەنین و منداڵان بەرکەوتەی سەرەکی دەبن.

 

منداڵانی ڕزگاربوو لە ئەنجامی تەقینەوەکان ڕووبەڕووی برینداربوونی جەستەیی و زەبر و زەنگی دەرونی دەبنەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵیان دەمێنێتەوە، ڕەنگە هەندێکیان بینایی، بیستن یان ئەندامەکانی جەستەیان لەدەستبدەن، بە نزیکەیی هەموویان پێویستیان بە پشتیوانی دەرونی کۆمەڵایەتی بەردەوام دەبێت.

 

لەو ناوچانەی کە ژمارەی دانیشتوان تیایدا بەرزە تەقەمەنی ژێرخانی گرنگ لەناودەبات، وەک بۆری ئاو، دامەزراوەکانی تایبەت بە پاکوخاوێنی، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان کە منداڵان لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دادەبڕێت، ئەمەش زیان و هەڕەشەکان گەورەتر دەکەن کە ڕووبەڕووی منداڵان دەبێتەوە، وەک ئاوارەبوون لە ماڵەکانیان یان بەرکەوتنیان بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و دەستڕانەگەیشتن بە ئاوی پاک بۆ پێداویستییەکانی ڕۆژانە.

 

لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە تەقەمەنییەکان بەکاربهێنرێت، سەرەتاییترین مافەکانی منداڵان دەخاتە مەترسییەوە، یونیسێف داوا لە حکومەتەکان دەکات خۆیان لە بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی لە ناوچە پڕ دانیشتوانەکان بەدوور بگرن، هەروەها هەنگاوەکانی پاراستنی منداڵان لە سەرتاسەری جیهان بگرنەبەر.

 

توندوتیژی لە ئەنجامی تەقینەوەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان دەرئەنجامی وێرانکەری بۆ منداڵان لە سەرتاسەری جیهاندا دروستکردووە و لە ئەنجامدا قوربانییەکی بەرچاو و کاریگەریی زیانبەخشی درێژخایەنی لێکەوتووەتەوە.

 

توندوتیژی لە ئەنجامی تەقینەوەکان بە پلەی یەکەم لەو شوێنانەدا ڕوودەدات کە شەڕ و ململانێی تێدایە، ئەمەش وا دەکات کاریگەرییە دەرونییەکانی تەقینەوەیەک بە زەحمەت دەستنیشان بکرێت، چونکە زۆرجار بەهۆی هەژاری و ئاوارەبوون و نائەمنی شەڕەوە ئاڵۆزتر دەبن، هەروەها کاریگەری چەکی تەقینەوە لەسەر تەندروستی دەرونی دەتوانێت تێکچوونەکانی وەک نەخۆشی فشاری دەرونی، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و گۆشەگیربوونی کۆمەڵایەتی دروستبکات، هەروەها بەهۆی جیاکارییە ڕەگەزییەکانەوە منداڵانی کچ سێ هێندەری منداڵانی کوڕ بەرکەوتەی کاریگەرییەکان دەبن.

 

لە ٢٠١٣-٢٠٢٢ زیاتر لە ١٨ هەزار و ٧٦٠ منداڵ بەهۆی تەقینەوەکانەوە بوونەتە قوربانی

تۆمارەکانی AOAV کە ڕێکخراوێکی خێرخوازییە و بنکەکەی لە لەندەنە، توێژینەوە و داکۆکیکردن لەسەر ڕوودان و کاریگەریی توندوتیژی چەکداری جیهانی ئەنجام دەدات، ئەوەی خستوەتەڕوو کە لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠٢٢ دا ١٨ هەزار و ٧٦٠ منداڵ بەهۆی تەقینەوەکانەوە کە ڕوویداوە بوونەتە قوربانی، ئەم قوربانیانە ٪٧ی کۆی گشتی ٢٥١ هەزار و ٨٣٣  قوربانی مەدەنی پێکدەهێنن کە لە سەرتاسەری جیهاندا ڕاپۆرتکراون.

 

لە ٦٠٧٥ ڕووداودا کە منداڵان لەناو قوربانییە مەدەنییەکان تۆمار کراون، منداڵان ٢٦٪ی کوژراو و بریندارەکانیان پێکهێناوە، لەناو ئەو منداڵانەی کە کوژراون، زیاتر لە هەزار و ٦٣٠ منداڵیان کچ بوون، ٢٠٤٠ کەسیشیان کوڕ بوون.

 

ئەم ژمارەیە پێدەچێت ڕاپۆرتکردنی ئامارە دیارەکان بێت، چونکە کاتێک داتاکان وەردەگیرێن کە پەیامنێران بە ڕوونی دەڵێن منداڵێک زیانی پێگەیشتووە یاخود گیانی لەدەستداوە و هەر بۆیە دەکرێت ژمارەی قوربانیەکانیان زیاتربێت لەوەی ئامارەکان خستویانەتەڕوو، سوریا وەک خراپترین وڵاتی زیانلێکەوتوو دەرکەوتووە کە ٨٠٩٠ منداڵ تیایدا گیانی لەدەستداوە، دەکاتە ٤٣٪ی سەرجەم قوربانیانی منداڵ کە لە سەرتاسەری جیهاندا تۆمارکراون.

 

داتاکان ئەوەشیان نیشانداوە کە ٨٩٪ واتە ١٦٦٤٠ منداڵ کە بەهۆی چەکی تەقەمەنیەوە کوژراون و برینداربوون، لەو ناوچانەدابووە کە ژمارەی دانیشتوان تیایدا بەرزە، وەک شارەکان ٪٢٧ کە زیاتر کە ٤٩٨٤ منداڵ تیایدا بوونەتە قوربانی، لە کاتێکدا گوندەکان و ناوچەکانی دیکە زیانێکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.

 

چەکی ئاسمانی بووەتە هۆی ٪٣٦ی قوربانییەکانی منداڵان، دواتر چەکی زەمینی ٪٣٣ و ئامێری تەقەمەنی چێندراو ٪١٩ قوربانییەکان پێکدەهێنێت.

 

منداڵانی ناوچە جێناکۆکەکان ڕووبەڕووی چەندین کۆسپ و ئاستەنگی دەبنەوە، لەوانە نیگەرانی سەلامەتی، کێشەی تەندروستی دەرونی و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، لاوازی منداڵان بەهۆی ڕوودانی توندوتیژی تەقینەوە لە ماڵ و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان خراپتر دەبێت، کە ڕووبەڕووی دەستدرێژی و پێشێلکاریی مافەکانیان دەبەنەوە، ئاوارەبوون پرسێکی بەرچاوە، بە مەزەندەکردن ٣١ ملیۆن منداڵ بەهۆی شەڕی چەکدارییەوە ئاوارە بوون تا ساڵی ٢٠١٨، لەناویاندا ١٩ ملیۆن منداڵی ئاوارە ناوخۆییەکان.

 

توندوتیژی لە ئەنجامی تەقینەوەکان دەرئەنجامی توندی بۆ دەرونی منداڵان هەیە، زۆرجار دەبێتە هۆی تێکچوونی فشاری دەرونی دوای کارەسات، وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، پچڕانی چاودێری تەندروستی بەهۆی توندوتیژی تەقینەوەکانەوە زیاتر ڕێگری دەکات لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی پێویست بۆ منداڵان، ئەمەش کاریگەری جەستەیی و دەرونی برینەکان خراپتر دەکات، داتاکان جەخت لەسەر پێویستی زیادکردنی هۆشیاری و هەنگاوی ئامانجدار دەکەنەوە بۆ پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی تەقینەوە، وەک پشتگیریکردنی تەندروستی دەرونییان و دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن.

 

منداڵان لە ڕووی دەرونییەوە کاریگەری توندوتیژی تەقینەوەکانیان لەسەرە، تەنانەت ئەگەر خۆشیان بەرکەوتەی جەستەییان نەبووبێت، بەڵام تووشی زەبر و زەنگ دەبن بەهۆی لەدەستدانی کەسێکی ئازیزیان، ئامارێک لە ئەنجامی کاری مەیدانی ڕێکخراوەکان لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵانەوە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە ٩٠٪ی منداڵانی ئاوارەبووی موسڵ کەسانی خۆشەویستیان لەدەستداوە و بەدەست خەمۆکی و فشاری دەرونیەوە دەناڵێنن.

 

توندوتیژی تەقینەوەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خۆشگوزەرانی منداڵان لە سەرتاسەری جیهاندا دروستدەکات، ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن AOAV خراوەتەڕوو جەخت لەسەر پێویستی بەپەلەی سەرنجی جیهانی و هەوڵە هاوبەشەکان دەکەنەوە بۆ پاراستنی منداڵان لە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی چەک و تەقەمەنی، هەروەها ستراتیژی گشتگیر پێویستە بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییە جەستەیی، دەرونی و پەروەردەییەکانی منداڵانی تووشبوو بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ژێرخانی چاودێری تەندروستی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان کە شەڕ و ململانێی تێدایە، تەنها لە ڕێگەی کردەوەی بەکۆمەڵ و هەنگاوی گرنگ و چارەسەری وڵاتان لە جیهان دەتوانرێت داهاتوویەکی سەلامەتتر و پارێزراوتر بۆ ئەو منداڵانە دابین بکرێت کە کاریگەری توندوتیژی تەقینەوەکانیان لەسەرە.