دۆزی سەدەیەک... تێکۆشانی ژنان بۆ نوێنەرایەتی دادپەروەرانە

ژنان ڕەنگی پەرلەمان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا دیاری دەکەن، کە بڕیارە لە ١٥ی ئایاردا بەڕێوەبچێت، لە ساڵی ١٩٣٥ەوە تا ئێستا نوێنەرایەتییەکی پێویست بۆ ژنان لە پەرلەمان بەدەستنەهاتووە.

ساریا دێنیز

 

ناوەندی هەواڵ- ژنان نیوەی دەنگدەران لە تورکیا پێکدەهێنن، بەڵام لە هەڵبژاردندا هەمیشە پشتگوێ خرابوون، ئەو ژنانەی کە مافە سەرەتاییەکانیان لە لێوی پیاواندا قەتیس بوو، دەستبەرداری تێکۆشانیان نەبوون، پرسیارەکانی چۆنیەتی ژنان نوێنەرایەتی دەکرێن؟چۆن یەکسانی بەدەستدێت؟ و نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر بە ژنان هێشتا جێگەی مشتومڕە، لە ئێستادا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ١٤ی ئایار گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە چارەنووسی وڵات دیاری دەکات، جارێکی دیکە دیاریکەری سەرەکی ئەم هەڵبژاردنانە ژنان دەبن، بەتایبەتی لەسەر مێزەکانی هاوپەیمانان کە دانوستانەکان مافەکانی ژنان نیشان دەدەن و دەریدەخەن هەڵبژاردن واتا چییە بۆ ژنان.

 

لە یەکەم هەڵبژاردندا... ١٧ ژن چوونەتە پەرلەمان

لە ٥ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٤ ژنان مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردنیان بۆ یەکەمجار لە تورکیا بەدەستهێنا، ساڵی ١٩٣٥ یەکەمجار ژنان بوونە کاندید لە هەڵبژاردندا، لەو کاتەوە تا ئێستا ٥٢٣ ژن توانیویانە بچنە پەرلەمانی تورکیا، پەرلەمانیش هیچ کاتێک پڕکردنەوەی ٦٠٠ کورسی پەرلەمانی بەخۆوە نەبینیوە، لە هەڵبژاردنی گشتیدا کە لە ٤٠٠ کورسی پێکهاتبوو، تەنها ١٧ ژن توانیان بچنە پەرلەمانەوە، ژنێکی دیکە وەک ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرا لە هەڵبژاردنە لاوەکییەکاندا کە ساڵێک دوای ئەم بەروارە بەڕێوەچوو، مەبەش ژمارەی کورسییەکانی ژنان گەیشتە ١٨ کورسی و ڕێژەی ٤.٥٪ی کۆی ژمارەی نوێنەرانیان پێکهێنا.

 

ئەم ئەنجامەی لە ساڵی ١٩٣٥ بەدەستهاتبوو، بە سەرکەوتن لێکدرایەوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٥٠دا کەم بووەوە، لەو هەڵبژاردنەدا تەنها ٣ نوێنەری ژن لە پەرلەماندا هەبوو، تا ساڵی ١٩٩٩ ڕێژەی نوێنەری ژن نەیتوانی لە ٢٪ تێپەڕێنێت، لە هەڵبژاردنی ١٩٩٩دا ٢٢ نوێنەری ژن توانی بچێتە پەرلەمانەوە، واتە ڕێژەکە بووە ٤.٢٪، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٢-٢٠٠٧-٢٠١١دا ژمارەی دەنگدەرانی ژن زیادی کرد، بەڵام ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان و ڕێژەی کاندیدەکان لە پارتە سیاسییەکان بەپێی پێویست نەبوو.

 

هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥... زۆرترین ژمارەی نوێنەرایەتی ژن

لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا زۆرترین ژمارەی نوێنەرایەتی ژن لە مێژووی تورکیادا تۆمارکرا، بەو پێیەی ٩٧ نوێنەری ژن هەڵبژێردران کە ٣٢یان ئەندامی هەدەپە بوون، بەڵام ژمارەکە وەک ڕێژەکە نەمایەوە، نوێنەرایەتی ژنان دیسان کەمی کردەوە، چونکە لە هەڵبژاردنەکانی ١ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا ٨١ ژن هەڵبژێردران، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی ئایاری ٢٠١٨یشدا ژمارەکە دووبارە بەرزبووەوە و ١٠٣ ژن هەڵبژێردران و بوونە پەرلەمانتار.

 

ئەمڕۆ ژمارەی نوێنەرانی ژن لە پەرلەمانی تورکیادا کەمە، لە کۆی ٦٠٠ کورسی خولی ٢٧ی پەرلەمان تەنها ١٠٤ نوێنەری ژن هەیە، لەناو ئەندامانی خزبەکانیشدا، هەدەپە زۆرترین نوێنەری ژنی هەیە، کە بەمشێوەیەیە، لە کۆی ٥٦ نوێنەرەکەی هەدەپە، ٢٢ (٣٩.٢٩٪) نوێنەری ژن هەیە، لە پارتی داد و گەشەپێدان ٥٤ (١٨.٩٥٪) نوێنەری ژن لە کۆی ٢٥٨، لە پارتی گەلی کۆماری، ١٥ (١١.٩٤٪) نوێنەری ژن لە کۆی ١٣٠ نوێنەر، بزووتنەوەی نیشتمانی لە کۆی ٤٨ نوێنەر ٤ (٨.٣٣٪) ژنی هەیە، هەروەها پارتی کرێکارانی تورک تەنها یەک نوێنەری ژنی هەیە.

 

هەروەها لەناو ١٨ کورسی وەزاریدا تەنها یەک وەزیری ژن هەیە، ئەویش دەریا یانیک، وەزیری خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتییە، لە ئەنجومەنیشدا ١٥ گروپی نوێنەری سەرۆک لە ٥ پارتی سیاسی هەیە، لە گروپی نوێنەری سەرۆکی پارتە سیاسییەکان مەرال دانش بێشتاش لە هەدەپە و ئۆزلەم زینکین لە ئاکەپە هەن.

 

ئەو پارێزگایانەی کە هیچ نوێنەرێکیان تێدا هەڵنەبژێردرابوو

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن کۆمەڵەی پاڵپشتی لە کاندیدەکانی ژنان-KA.DER ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە، بە درێژایی مێژووی کۆماری تورکیا لە ٢٠ شاری تورکیادا ژنی پەرلەمانتار نەبووە، ئەوانیش، سەمسور، ئارتفین، ئەردەهان، بایبورت، بوردور، ئەرزینجان، کرسون، گوموش هانە، کارابوک، کەرامان، کلیس، کیریکاڵ، قەرەقەلایلی، قەرەشەهیر، نەفشەهیر، نیدا، عوسمانییە، ڕیزە، سینۆپ، یۆزگات.

 

بەپێی داتاکانی نەخشەی "ژن لە سیاسەتدا-٢٠٢١" کە لەلایەن یەکێتی نێوان پەرلەمانەکان و یەکەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادەکراوە، تورکیا لە ڕیزبەندی ١٢٩هەمین لەکۆی ١٨٨ وڵات دایە لە ڕووی نوێنەرایەتیکردنی ژنانەوە، لە ڕاپۆرتی جیهانی سەبارەت بە نایەکسانی جێندەری کە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە ساڵانە ئامادەی دەکات، بە شێوەیەکی ئەرێنی باسی تورکیا نەکراوە، ڕەنگە ١٣٢ ساڵ بخایەنێت تا جیهان بگاتە یەکسانی جێندەری و بەپێی کۆڕبەندەکە ڕەنگە ئەم کاتە چاوەڕوانکراوە زۆر زیاتر بێت بۆ تورکیا، بەپێی ڕاپۆرتەکە تورکیا لە ڕیزبەندی نایەکسانی لە پلەی ١٢٤ و لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن لە پلەی ١٠١ و لە بواری تەندروستی لە پلەی ٩٩ و لە نوێنەرایەتی سیاسی لە پلەی ١١٢ و بەشداری ئابووری لە پلەی ١٣٤ دایە.

 

بە ئامانجگرتنی هەڵبژێردراوان

گۆشەگیریی سەر ژنانی هەڵبژێردراو لە وڵاتدا نەوەستاوە، بەو پێیەی نوێنەرایەتی سیاسی ئەوان لە هێرشەکانی سیستەمی پیاو باڵادەستدا کرایە ئامانج، لێبوردەیی و دوژمنایەتییان بەرامبەر بە نوێنەرایەتی ژنان بە "فشاری بە ڕاپۆرت" دەرکەوت، سەدان ڕاپۆرت ئامادە کرا بۆ پەرلەمان سەبارەت بە نوێنەرە ژنەکانی هەدەپە، کە داوا کراوە لە نوێنەرایەتی لاببرێن، لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کۆنفرانسی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان لە هەکاری، دوای هەڵگرتنی پارێزبەندییەکی دەستگیر کرا، نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان لە ئامەد سامرە گوزەل لە پۆستی نوێنەرەکەی دوورخرایەوە و ئێستا لە زیندان ڕاگیراوە.

 

نوێنەرایەتی یەکسان لە پەرلەماندا بەدینەهاتووە، هیچ بایەخێکیش بە کاری نوێنەرەکانی ژن نەدرا، ئەو گروپەی ژنانی سەر بە هەدەپە لە پەرلەمان کە دژی هەیکەلی پیاوسالاری و لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان دامەزرا، وەک گروپی ژنان کۆدەبنەوە و دەنگی ژنان دەگەیەننە پەرلەمان بەرامبەر کوشتنی ژنان و کچان و یاسا، کێشە هاوبەشەکان بۆ ژنان و توێژینەوە ئەنجام دەدەن و پێشنیار لەسەر پرسەکانی ژنان دەکەن، سەرەڕای ئەمەش سەدان لەو پێشنیارانەی کراون دەربارەی دۆخی ژنان لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە وەڵام نەدراوەتەوە.

 

ژن بڕیار دەدات

چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە ١٤ی ئایار بەڕێوەبچێت، ژنان جارێکی دیکە بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ نوێنەرایەتیکردنیان بە شێوەیەکی شایستەتر، کاراتر و هاوتەریبتر، بەو پێیەی ژنانی دەنگدەر وەک فاکتەری یەکلاکەرەوە لەم هەڵبژاردنانەدا سەیر دەکرێن، هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە دەستبەرداری هەڵوێستی خۆی نابێت، گروپە پەراوێزخراوەکان زیاتر لەسەر مێزەکانی هاوپەیمانی دەردەکەون لەپێناو بەهێزکردنی سیاسەتەکانی دژە ژن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێتەوە، حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی دانوستانی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن لەگەڵ پارتی ئاسوودەژیانی و پارتی دەعوەی ئازاد، لەسەر مافەکانی ژنان ئەو هاوپەیمانییەی کە دەستکەوتەکانی ژنان دەکاتە ئامانج لە ڕێگەی ئەم موزایەدەیانەوە

 

دانوستانەکانی لەسەر ژنان و یاسای ژمارە ٦٢٨٤ی تایبەت بە پاراستنی خێزان و ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان، هۆکارێکە بۆ ئەوەی ژنانی دەنگدەر دەنگەکانیان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان و بەدەستهێنانی دەستکەوتی نوێ بەکاربهێنن.