کەموکوڕتی ئەندازیاری ژیانی هەزارەها کەس دەخاتە مەترسییەوە

لە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی باکووری کوردستان و ئەو زیانانەی لێی کەوتەوە، لە باشووری کوردستان ئەندازیاران باس لە هۆکار و کەموکورتییە ئەندازیارییەکان دەکەن و جەخت لەسەر گرنگی هەژمارکردنی هێزی بوومەلەرزە دەکەنەوە لە بینا و باڵەخانەکان.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- نزیکەی کاتژمێر ٤ی بەیانی ڕۆژی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، یەکێک لە بەهێزترین بوومەلەرزە کە لە ماوەی سەدەیەکدا تۆمار کراوە، بە گوڕی ٧.٦ و ٧.٧ لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا و تورکیا ڕوویدا.

 

تا ڕۆژی ٨ەم، زیاتر لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و سەد هەزار کەس برینداربوون و تا ئێستا لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکان ماونەتەوە، زیاتر لە پێنج هەزار و ٦٠٠ باڵەخانەش وێران بوون.

 

گەلی باشووری کوردستان پاڵپشتی و هاوخەمی خۆیان بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان نیشاندا و کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ بەڕێوەچوو، لەپێناو هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

 

بەهۆی ئەو وێرانکارییەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەوە ڕوویدا پسپۆڕان و ئەندازیاران لە وڵاتانی جیهان کەموکورتییە ئەندازیارییەکانی بینا و باڵەخانەکانی باکووری کوردستان و تورکیایان خستەڕوو، لە باشووری کوردستانیش ئەندازیاران باسیان لە هۆکار و کەموکورتییە ئەندازیارییەکان کرد و جەخت لەسەر گرنگی هەژمارکردنی هێزی بوومەلەرزە لە بینا و باڵەخانەکان دەکرێت.

 

تارا نەجمەدین، ئەندازیاری شارستانییە و ساڵی ٢٠١٥ بڕوانامەی ماستەری لە بواری ستراکچەر لە زانکۆی موسڵ بەدەستهێناوە، بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لە گرنگی هەژماری هێزی بوومەلەرزە لەسەر بینا و باڵەخانەکان کرد و ئەو تەکنیک و چارەسەرییانەی خستەڕوو کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو گیراوەتەبەر.

 

"هەر وڵاتێک دەبێت بە کۆد هەژماری هێزی بوومەلەرزە لەسەر بینا و باڵەخانەکان بکات"

تارا نەجمەدین لە سەرەتادا باسی لە دروستکردنی ستراکچەر "بینا و باڵەخانەکان" کرد و وتی: کاتێک ستراکچەرێک جێبەجێدەکەین، دەبێت لە کاتی دیزاین کردندا ئەو هێز و کێشانەی دەکەوێتە سەر بیناکە ڕەچاوبکرێت لەوانە؛ کێشی مردوو، کێشی زیندوو، ڕەشەبا و بوومەلەرزە، کە ئەمەش بە پێی کۆدی دیزاین هەژماردەکرێت بە پێی جۆری بەکارهێنانی بیناکە و ئەو شوێن و وڵاتەی پڕۆژەکەی تێدا جێبەجێدەکرێت.

 

ئەندازیار تارا باسی لەوەکرد کە هەر وڵاتێک دەبێت کۆدی دیزاینی تایبەت بە خۆی هەبێت، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان کۆدی تایبەتی خۆمان نییە، زیاتر لەسەر کۆدی ئەمریکی و بەریتانی دەڕۆین و کۆدی عێراقیشمان هەیە، بەڵام ئەویش زیاتر هەر لەو دوو کۆدەوە وەرگیراوە، وڵاتێکی وەک تورکیا کە باکووری کوردستانی لەسەرە، کۆدی تایبەتی خۆیان هەیە بە پێی ئەو ناوچە بوومەلەرزەییەی کە تێیدایە، دەبێت دیزاینی بینا و باڵەخانەکانی بکات."

 

"تورکیا و باکووری کوردستان لە ناوچەی سووری بوومەلەرزەی مەترسیدار دایە"

بە پێی نەخشەی بوومەلەرزەیی ٣ ناوچە هەیە، ناوچەی سوور واتە ئەو وڵاتانەی لەسەر هێڵی بوومەلەرزەی مەترسیدارە، ناوچەی پرتەقاڵی واتە کاریگەری بوومەلەرزەیان لەسەرە بەڵام مەترسی کەمترە، ناوچەی سەوزیش واتە بوومەلەرزەی تیادا ڕوودەدات بەڵام سەلامەتە، تارا نەجمەدین باسی لەوەکرد کە هەرێمی کوردستان و عێراق لە ڕووی بوومەلەرزەییەوە لە ناوچەی پرتەقاڵی دایە، بەڵام شارە سنوورییەکان ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە تیایدا بەرزترە و مەترسی زیاتریان لەسەر هەیە، هەربۆیە باکووری کوردستانیش ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەی بەهێز تیایدا بەرزە.

 

کۆمەڵێک تەکنیک و چارەسەری هەیە ئەگەر ڕەچاوبکرێت کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە بە ڕێژەی ٪٧٠-٪٨٠ کەمدەکاتەوە، ئەمە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان دەبینرێت. بەڵام ئەو وڵاتانەی ئابووریەکی نزمیان هەیە تا ئێستا بە شێوەیەکی ڕێک و پێک ئەم چارەسەرییانەیان جێبەجێنەکراوە کەمتەرخەمی تێداکراوە لە هەژماری هێزی بوومەلەرزە لەسەر بینا و باڵەخانەکان، وە لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژە ئەندازیارییەکانیش کەموکورتی هەیە.

 

"وڵاتانی پێشکەوتوو بە چەندین تەکنیک زیانەکانی بوومەلەرزە کەمکراوەتەوە "

ئەندازیار تارا باسی لەوەشکرد، لەم ساڵانەی دوایدا بەتایبەتی لە دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی ١٩٩٥ ەوە لە وڵاتی یابان کە ٦٠٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، چەندین چارەسەری تازە و پێشکەوتوو لە وڵاتانی وەک یابان گیراوەتەبەر، لەوانە؛ بیناکە دەخەنە سەر بناغەیەکی لاستیکی کە لەگەڵ هێزی بوومەلەرزەکەدا بیناکە دەجوڵێت و ڕێگری لە ڕووخانی بیناکە دەکات، بەڵام ئەم تەکنیکانە لە بەشێکی وڵاتانی تر ڕەچاو ناکرێت و کەمتەرخەمی تێدادەکەن لە کاتی جێبەجێکردن، بۆیە لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزە چەندین کارەسات و کاولکاری دروستدەبێت، وەک ئەوەی لە تورکیا و باکووری کوردستان بینرا.

 

هەروەها ئەو ئەندازیارە چەند چارەسەر و تەکنیکێکی خستەڕوو، کە ئەگەر لە کاتی جێبەجێکردنی بینا و باڵەخانەکان ڕەچاوبکرێت، ئەوا بەشێوەیەکی باش یارمەتی کەمکردنەوەی زیانەکانی بوومەلەرزە دەدات و ماوەی ڕووخانی بینایەک درێژ دەکاتەوە، تا ئەو کەسانەی لە ناویدان بتوانن بچنە دەرەوە و بە سەلامەتی ڕزگاریان ببێت.

 

تارا نەجمەدین باسی لە ئەو وێرانکارییانە کرد، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە باکووری کوردستان ڕوویدا و وتی: ئەوەی بینیمان لە باکووری کوردستان تەنها بینا کۆنەکان نەبوون، بەڵکو بەشێک لە بیناکان تازەکانیش بوون کە داڕووخان تیایدا ڕوویدا، ئەوەش چەند هۆکارێک کاریگەری دەخاتەسەری، کە ڕەنگە کۆدی دیزاینی بوومەلەرزەی تێدا ڕەچاونەکرابێت و هەژماری هێزی بوومەلەرزەی بە باشی بۆ نەکرابێت یاخود لە کاتی جێبەجێکردندا کەموکوڕتی هەبووبێت، کەرەستە و مادە بەکارهاتووەکانی ناو بیناکە لە دڵنیای جۆری دەرنەچووبێت و چەندین هەڵە وکەموکورتی دیکەش..

 

ئەندازیار تارا ئەوەشی ڕوونکردەوە کە پێویستە ڕێکارەکان توندبکرێتەوە لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژە ئەندازیارییەکان چونکە ژیانی هەزارەها خەڵک دەخاتە مەترسییەوە و وتی: بینا و باڵەخانە بەرزەکان ئەگەر کەموکورتی و کێشەی دیزاین و جێبەجێکردنی نەبێت، ئەوا سەلامەتە بۆ ژیان و مەترسی دروست ناکات، چونکە هەڵە و کەمتەرخەمییەکان لە پرۆژە ئەندازیارییەکان مەترسی دروست دەکات.

 

"کەموکورتی ئەندازیاری پەیوەندیدارە بە ژیانی هەزارەها کەسەوە"

ئەندازیار تارا نەجمەدین لە کۆتایدا ئەوەی خستەڕوو، بواری ئەندازیاری بوارێکی هەستیارە و پەیوەندیدارە بە ژیانی هەزارەها کەس، هەڵەیەک و کەموکورتییەکی ئەندازیاری ژیانی هەزارەها کەس دەخاتە مەترسییەوە کە لەو باڵەخانەیەدا دەژین، بوومەلەرزەش کارەساتێکی پێشبینی نەکراوە. بۆیە پێش ڕوودانی دەبێت لە دروستکردنی بینا و باڵەخانەکان ڕەچاوبکرێت و تەنها وەک سەرمایەداری و بازرگانی سەیری بواری ئەندازیاری نەکرێت، تا ئەو کارەساتەی لە باکووری کوردستان ڕوویدا دووبارە نەبێتەوە.

 

وتیشی: پێویستە ڕێکاری یاسای لەسەر بواری ئەندازیاری توند بکرێتەوە، بە تایبەتی لە پڕۆژە گەورەکاندا کە چەندەها کەس تیایدا دەژین، ڕاستە هەرێمی کوردستان لە ناوچەی بوومەلەرزەی مەترسیداردا نییە، بەڵام ئەمە دڵنیای و گرەنتی ئەوە نادات کە لە داهاتوودا بوومەلەرزە ڕوونەدات.