ئاراپخا، لە شارێکی گۆتییەکانەوە بۆ ململانێی نەتەوەکان

یەکێک لە شوێنەوارە دێرینە مێژووییەکان قەڵای کەرکوکە، مێژووی شارستانییەتی تێدا شاردراوەیە و ناسنامەی ڕۆشنبیری شارەکە بووە، شوێنی نیشتەجێبوونی گۆتییەکان بووە.

تەوار پێنجوێنی

 

ناوەندی هەواڵ- کەرکوک، ئەو شارەی لایەک بە قودسی کوردستان و لایەک بە عێراق و دەوڵەتێکیش بە تورکی ڕەسەن و وەچەی عوسمانی بەناوی دەکات، وڵاتێک جێگەی ململانێی هەزاران ساڵەی نەتەوەکان بووە، خودی شارەکەش هەموو نەتەوە جیاوازەکانی لە باوەش گرتووە و بە ئەندازەی گەرمی بابە گوڕگوڕ و زۆری نەوتەکەی و وێرانی شارەکەی عەشق و خۆشەویستی بەخشیوەتە دانیشتوانەکەی.

 

لە کەرکوکدا یەکێک لە شوێنەوارە دێرینە مێژووییەکانی قەڵای کەرکوکە، مێژووی شارستانییەتی تێدا شاردراوەیە و ناسنامەی ڕۆشنبیری شارەکە بووە، مێژووی ئەم قەڵایە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٣٠٠٠ ساڵ بەر لە زاین، شوێنی نیشتەجێبوونی گۆتییەکان بووە، لەوێوە میرنشینی گۆتییەکانیان بەڕێوەبردووە و پارێزگارییان لێکردووە.

 

دەربارەی گۆتییەکان، زۆرێک له ‌ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان به‌ ئاشكرا ده‌ڵێن گەلی "گۆتی، میتانی، لۆلۆیی، هیتی و هتد" بنچینه ‌‌و ڕه‌گه‌زی‌ هه‌ره‌ كۆنی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردن و دانیشتوانی ناوچەی زاگرۆسن و سەر بە تیرەی هیندۆ-ئەوروپییەکانن، دەربارەی گۆتییەکان دەوترێت نزیکەی ٥ هه‌زار ساڵ پێشدا گەلێکی ئازا بوون و توانیویانە هێرش بکەنە سەر عیلامییەکان کە لە ناوچەکەدا بوون و سەرکەوتن بەسەریاندا، ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ناوبانگی‌ گۆتییه‌كانی‌ خستۆته‌ مێژووەوە، ناوچەی میرنشینەکەشیان لە ناوچەی هه‌ردوو ڕووباری‌ سیروان ‌و زێی‌ بچوك بووە و ناوه‌ندیان ئاراپخا-كه‌ركوكی‌ ئێستا بووه‌.

لە مێژوودا گۆتییەکان بە شەڕکەر ناسراون
گۆتییەکان ئەو خەڵکانە بوون لە هەزارەی دووەم و سێیەمی پێش زاین ناوچەکانی ئاراپخا (کەرکوک و دەوروبەری)یان کردە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، لە تۆماری سۆمەریەکاندا یەکەم پاشایان ناوی بە (ئیردویزیر) هاتووە، کە هاوکاتی پاشای ئەکەدی (نەرام سین) بووە، دوا پاشاشیان ناوی (ئیلۆلۆمیش) بووە.


گۆتییەکان بە خەڵکانێکی شەڕەوان و چاونەترس لە مێژوودا ناسراون، ئەوان لە شاڵاوێکی سەربازیدا شاری ئەکەدیان گرت کە پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ئەکەدی بوو و ئەو ئیمپراتۆرییەتەیان ڕووخاند، گۆتییەکان نوسینی بسماریان لەپاڵ نوسینی خۆیاندا بەکارهێناوە، خواوەندەکەشیان بەناوی (ئاراپخا) بووە.


سەبارەت بە زاراوەی گۆتی واباوە لە (کردا) هاتووە، دواتر گۆڕاوە بۆ کۆت- کۆتی- گۆتی، لە سەردەمی خۆیاندا گەورەترین زلهێز بوونە ترسیان بۆ هەریەکە لە ئاشوری- سۆمەری- ئەکەدی هەبووە، ئەکەدیەکان لەسەر دەستی ئەوان رووخان، ئەنجومەنێکیان هەبوو بە ناوی ئەنجومەنی پیران، کەوا هەڵبژاردنی پاشا و چەندین کاری تریان لە ئەستۆدا بوو، پاشا ٧ ساڵ فەرمانڕەوایی دەکرد و پاشان بە بڕیاری ئەنجومەنی پیران دەگۆردرا، واتا سیستەمیان پشتاوپشت و تاهەتایی نەبووە.

 

کەرکوک لەلایەن هورییەکان و قەڵاکە لەلایەن گۆتییەکانەوە بنیادنراوە

مێژووی بنیادنانی کەرکوک نازانرێت، بەڵام بوونی قەڵاکەی بەڵگەی دێرینی ناوچەکەیە، چەندین بۆچوون لەبارەی مێژووی بنیادنانی کەرکووکەوە هەیە، یەکێک لەوانە دەڵێت، شارەکە لەسەر دەستی لۆلۆییەکان بنیادنراوە.

 

بۆچوونێکی دیکە دەڵێت، مێژووی‌ بنیادنانی‌ شاری‌ كه‌ركوك ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆسه‌رده‌می‌ بابل و كلدانیه‌كان، بۆیه‌ له ‌مێژووی ‌كلدانیه‌كاندا شاری‌ كه‌ركوك به‌ ئارفه-ئاره‌فە ناوبراوه‌، بۆچوونێکی دیکەش باس لەوەدەکات، کەرکوک ٤٠٠٠-٣٥٠٠ ساڵ پێش زاین لەلایەن ‌هورییەکان-حورییەکان، کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ گەلانی چیای زاگرۆس و تۆرۆس بنیادنراوە، دواتر ئەو گەلە بە گۆتییەکان ناسران و زەوییە تەختەکانی باشووری ناوچەی نێوان دوو ڕووبار-بلاد ما بین النهرینیان ئاوەدانکردووەتەوە، ئاراپخا پایتەختی گوتییەکان بووە.

 

لەناو هەموو بۆچوونەکان، ئەوەی کە گۆتییەکان بنیادی کەرکوکیان داناوە ڕاستترینە، چونکە شارستانی و هونەری گۆتییەکان لە قەڵاکەیدا ڕەنگدەداتەوە کە لەلایەن گۆتییەکانەوە دروستکراوە، بەپێی لێکۆڵینەوە شوێنەواری و مێژووییەکانیش کە لەسەر گۆتییەکان کراوە، لەڕووی هەڵکۆڵین و شێوەی پاشا و جلوبەرگەکانیان، گۆتییەکان لە کوردی ئێستا چوون و بەڵگەیەکە کە بنەچەی کورد، گۆتییەکانەوە و ئاراپخاش ناوچەیەکی کوردستانییە.

کەرکوک مێژووەکەی شاراوەیە و ئێستاش ناوچەی ململانێیە

ئەگەر سەیری مێژووی شاری کەرکوک بکەین، بەپێی ئەو سیستمەی کە لە سەردەمی گۆتییەکاندا لە ئاراپخا-کەرکوک پەیڕەوکراوە، بە بوونی ئەنجومەنی پیران بۆ بڕیاردان لەسەر بەڕێوەبردنی میرنشینەکەیان، بەر ئەو ڕاستییە دەکەوین کە ئەو شارە و میرنشینەکە دەسەڵاتێکی دیموکراسی هەبووە و کاروباری وڵات لەلایەن ئەنجومەنەوە دوور لە بڕیاری تاکلایەنە بەڕێوەبراوە و وڵاتی پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیری بووە.

 

قەڵای کەرکوک کە خودی شارەکە بوو، پاش تەشەنەسەندنی بۆ پێدەشتەکانی گوازراوەتەوە، تا ساڵی ١٩٩١ لە قەڵاکەدا ژیان هەبووە، بەڵام دواتر بەهۆی وێرانبوونی قەڵاکە و ململانێی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردن و خستنە ژێردەستی خۆیەوە، بە وێرانی ماوەتەوە و شاری کەرکوکی ئێستاش سەرباری دەوڵەمەندی خاکەکەی و فرۆشتن و بەتاڵانبردنی هەزاران بەرمیل نەوت لە ژێرخاکەکەیدا، لەناو گێژاوی ململانێی حزبی، نەتەوەیی و دەوڵەتیدا دەخولێتەوە.