سەرمایەداری، زانست لە خزمەتی کۆمەڵگە دادەماڵێت

سەرمایەداری زانستی سنووردار کردووە، لەگەڵیدا ملیارەها دۆلار سەرف دەکات بۆ توێژینەوە زانستییەکان بۆ ئەوەی بیگونجێنێت لە خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندی زۆرینەی مرۆڤەکانیشدا نەگونجێت، چونکە ڕوانگە سەرەکییەکەی کۆکردنەوەی سەرمایەیە.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- ئەگەر سەرمایەداری بە لیبرالیزمی ئابووری پێناسە بکرێت، دەتوانرێت بە سیستەمێکی ئابووری لەسەر بنەمای "شەهوەتێکی چەپەڵ" پێناسە بکرێت، سەرمایەداری بەدوای ڕازیکردنی شەهوەتەکانی مرۆڤدا دەگەڕێت لەسەر بنەمای سەرمایە کەواتە ئایدیالیست هیچ نییە جگە لە سۆزی مرۆڤ بۆی، بەم هۆیەوە مرۆڤناسی سەرمایەداری لەسەر بنەمای غەریزە "سێکس و برسێتی" دامەزراوە، بۆیە سەرەتای مۆدێرنیزم و سیکۆلاریزم و سەرمایەداری پێکەوە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی و پاشان ڕۆژهەڵاتییەکانی وەک ژاپۆن لەگەڵ بێ بنەمایی ڕووبەڕوو کردەوە و خەمۆکی، خۆکوشتن و توندوتیژی بووە دەرئەنجامەکانی.

 

پێناسەی زانین-مەعریفەش لە سەرمایەداریدا جیاوازی هەیە، چونکە زانین بۆ تێرکردنی غەریزەی مرۆڤ ڕەوایەتی هەیە، بۆیە زانینی سەرمایەداری ئامرازێکە لەسەر بنەمای جۆرێک لە عەقڵانییەتی ئامرازیی، بۆیە ڕۆشنبیربوون و نەریتگەرایی لە سیستەمی سەرمایەداریدا ون دەبێت و زانستە ئیجرایی و چەسپاوەکان هەموو زانیاریەکان بەڕێوەدەبات و لە ڕووی میتۆدۆلۆجییەوە خەمڵاندن و پوچەڵکردنەوە بەسەریدا زاڵ دەبێت.

 

ئامانجی زانست لە سەرمایەداریدا بازرگانییە نەک خزمەتی مرۆڤایەتی

سەرمایەداری زانستی سنووردار کردووە بۆ ئەوەی بیگونجێنێت لە خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی، مەعریفەی زانستی بەشێکی دانەبڕاوە لە چالاکی مرۆڤ و ئامانجی سەرەکیشی ئەوەیە مرۆڤ بتوانێت کۆنترۆڵی هێزەکانی سروشت بکات بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی باشتر و مرۆڤایەتیتر بنیات بنێت، بەڵام ئەمە لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریدا بەدیناهێنرێت کە تێیدا زانست لە ژێر پێویستی قازانج و کۆکردنەوەی زیاتری سەرمایەدایە.

 

مرۆڤایەتی لە جیهانێکدا دەژی کە ئەنجامە زانستیەکان بە شێوەیەکی زۆر بێبەرهەم بوون، زانستە بنچینەییەکان توێژینەوەیەکی گرنگ بۆ پاراستنی ستانداردەکانی ژیانمان و تەنانەت مانەوەمان ئەنجام نادات.

 

لە سیستمی سەرمایەداریدا زانکۆکان پێناسەیەکی جیاوازی هەیە، زانکۆ بە مانای ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیری نییە، بەڵکو شوێنی پەروەردەکردن و گەشەپێدانی زانست و مەعریفەی ئامرازیی و تەکنیکیە کە ئەویش بەسەر زانستە مرۆییەکاندا جێبەجێ دەکرێت لەسەر ئاستی ڕازاندنەوە و فانتیازادا، واتە زانستێک کە دەتوانێت یارمەتی خەڵک بدات بۆ تێرکردنی غەریزەکانیان، بۆیە پەنا دەباتە بەر میتۆدی چەندایەتی بۆ دەستکاریکردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، ڕۆحی مرۆڤ، ڕێنوێنی و ڕاهێنانی بەرەو کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری کە پێی دەوترێت کۆمەڵایەتیبوون، بۆیە زانستەکان باوەڕپێکراونین و بەشێکن لە سیستمی سەرمایەداری کە بەردەوام لە ڕێگای زانستە سروشتییەکانەوە هەوڵدەدات بۆ گۆڕینی جیهانی سروشت بۆ بەدەستهێنانی قازانج.

 

ڕوانگەی سەرمایەداری قازانجی زیاترە، نەک خزمەت

 لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکانی سەرمایەداریدا خەسڵەتی بەرهەمهێنان زیندوویی و وەرچەرخانی نەگۆڕە، کە تێیدا زانست لە ڕوانگەی کۆکردنەوەی سەرمایەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، چونکە لە ڕوانگەی سەرمایەداریەوە ئامانجی زانست ئەوەیە قازانجی زیاتر بکات نەک خزمەتی مرۆڤایەتی، سەرمایەداری ملیارەها دۆلار سەرف دەکات بۆ توێژینەوە زانستییەکان کە خزمەتی ئامانجەکانی دەکات تەنانەت ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندی زۆرینەی مرۆڤەکاندا نەگونجێت.

 

نموونەی ئەمە ئەو ملیارەها دۆلارەیە کە بۆ پەرەپێدانی چەک خەرج دەکرێت، هەرچەندە ئەنجامی ئەم پرۆسەیە لەناوبردن و مردنە بۆ مرۆڤایەتی، لە زانستی پزیشکیدا دەبێت بەرهەمهێنانی دەرمان لە پێناو تەندروستییەکی باشتری مرۆڤایتیدا بێت، بەڵام ئەو کۆمپانیا دەرمانسازانەی کە سەرمایەیەکی زۆر خەرج دەکەن لە توێژینەوە و گەشەپێدانی دەرمان ئامانجیان دەسکەوتنی قازانجە لە فرۆشی بازاڕ و بە تەواوی ئەو توێژینەوانە پشتگوێ دەخەن کە لەوانەیە بتوانن نەخۆشییەکان بنبڕ بکەن.

 

لە بەرامبەردا ڕکابەرییەکی بەردەوام لە نێوان زانایاندا دروستدەکات لە گەیشتن بە ئەنجامە نوێکان و دۆزینەوەکان کە دەتوانرێت سوودی لێببینرێت لە بەدەستهێنانی ئەو سەرمایەیەی پێویستە بۆ بەردەوام بوون، دەستکەوتەکانی زانست بابەتی لۆژیکی چینایەتین، چونکە چینی دەوڵەمەندان سود لە دەستکەوتەکان وەردەگرن لەکاتێکدا هەژاران لێی بێبەشن.

 

لە سەرمایەداریدا زانست پێویستی کۆمەڵگە پڕناکاتەوە

بەشێک لەو توێژینەوانەی ئەنجامدەدەرێت سودبەخشی تەواو نین بۆ مرۆڤ یاخود ئەگەر توێژینەوە لە جێگرەوەکانیان بکرایە ،دەکرا زۆر زیاتر سودبەخش بن، مەترسییەکانی دەرمان مرۆڤایەتی دەباتەوە بۆ سەردەمی پێش جەنگی دووەم، چونکە لە گەڕان بەدوای قازانجدا دەبنە هۆی کوشتن، کە بەهۆیەوە کۆمپانیا گەورەکانی دەرمان قازانجی زیاتر دەکەن.

 

دژە بەکتریاکان نمونەیەکی دیارن، چونکە ئەو ڕێگایەی کە بەکاریدەهێنێت بە خێرایی و لەماوەیەکی دیاریکراودا نەخۆشەکە چارەسەر دەکات، بەڵام دژە بەکتریاکان چیتر بە سادەیی لێکۆڵینەوەیان لێ ناکرێت چونکە لە داهاتوودا بەهۆی پەرەسەندنەوە بەکتریاکان بە شێوەیەکی زۆر بەرگری لە دژی دەرمانەکان دەکەن و ئێستا ڕێکخراوەی تەندروستی ئەم بابەتەی بە "گەورەترین مەترسی بۆ تەندروستی" کۆمەڵگە ناوبردووە.

 

لەکاتێکدا فرۆشتنی چارەسەر بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەکرێت زۆر زیاتر سودبەخش بێت بۆ ماوەی ژیانی نەخۆشێک، وەبەرهێنانی دەرمانی شێوازی ژیان وەک دەرمانی دژ بە خاوەن پێداویستی تایبەتی، قەڵەوی و جوانکاری کە تیایدا دەوڵەمەندەکان دەکاتە ئامانج.

 

لە سایتی گلاکسۆسمیثکلین، کە زەبەلاحێکی دەرمانسازیە لە ساڵێکدا زیاتر لە ٥ ملیار پاوەن قازانجی کردووە، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کۆمپانیاکانی دەرمان گرنگی بەوە نادەن تا چەندێک دەرمانەکان هۆکاری چارەسەریین، بەڵکو بیر لە فرۆش و بە بازاڕکردنی زیاتر دەکەنەوە، بە بەڵگەی ئەوەی کە کۆمپانیا گەورەکانی دەرمانسازی گەورەترین پشکەکانیان لە قازانجی زیاتردا خەرج دەکەن نەک لە توێژینەوە زانستییەکاندا.

 

لە ئەنجامدا، گروپە توێژینەوە جیاوازەکان کە لە هەمان بابەت دەکۆڵنەوە پێشبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر نەک هاوکاری و کاری بە کۆمەڵ بکەن بۆ ئەوەی شکۆ بۆ خۆیان بەدەستبهێنن، لەئەنجامدا فشارەکانی سەرمایەداری لەسەر زانست دەبێتە هۆی ئەوەی کە کارێکی شڵەژاو و کوالیتی کەم بەرهەمبهێنێت و توانای زانایان کەمدەکاتەوە.

 

کاتێک کۆمپانیای دەرمانسازی گلاکسۆ وێڵکۆم و سمیتکلین بیچام یەکیانخست بۆ پێکهێنانی " گلاکسۆ سمیثکلینبۆیان دەرکەوت کە تێکەڵبوون و جیاوازی هەیە لە نێوان کتێبخانەی دەرمانەکانیان، چونکە توێژینەوەکانیان یەکنەبوون و هەر یەکەیان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەنگاوی ناوە.

 

کۆمپانیاکان سود لە سیستمی سەرمایەداری و قازانج دەبینن

لەژێر سایەی سەرمایەداریدا سوودەکانی پێشکەوتنی زانستی لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی کۆمەڵگە دابەش ناکرێت،  بەڵکو بەپێی یاساکانی بازاڕ دەبێت، بۆیە ئەوە کۆمەڵگە نییە کە سوود لە توێژینەوە و گەشەسەندن وەردەگرێت، بەڵکو کۆمپانیاکانن کە قازانج لە توێژینەوەی زانستی بەدەستدەهێنن.

 

دەرمانی ساڵانەی تروڤادا، دەرمانێکە کە لە چارەسەری نەخۆشی ئایدزدا بەکاردێت، تێچووی بەرهەمهێنانی تەنها ٦٠ دۆلارە، بەڵام بە ٢٠ هەزار  دۆلار دەفرۆشرێت، توێژینەوەکە دەریخستووە کە تروڤادا بە تەواوی ڕێگری لە گواستنەوەی ئایدز دەکات، کە دابەشکردنی بەسەر هەموو ئەو کەسانەی مەترسییان لەسەرە ڕێگە بەکۆتایهێنانی ئایدز دەدات.

 

تاکە ڕێگا کە ئەم دژایەتییە چارەسەر بکات بە هەڵوەشاندنەوەی هاندەرییەکانی قازانج و ئاراستەکردنی توێژینەوەکانە لەسەر بنەمای پلانێکی ئابووری دیموکراتیک و عەقڵانی و بە ئامانجی تێرکردنی پێویستییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکان، نەک زیادکردنی سەرمایەی هەڵچنراو.