فۆبیای دەوڵەتی تورک لە ئیرادەی ئازادیخوازانی باشووری کوردستان
دەوڵەتی تورک کە ترسی لە ئیرادەی ئازادیخوازانە، هێرش دەکاتەسەر ئازادیخوازان و تیرۆریان دەکات، لەمساڵدا سێ ژنی پێشەنگی بەشێوازی جیاواز تیرۆر کردووەو بێ لێپرسینەوە بەردەوامە لە کارە قێزەونەکانی.
ناوەندی هەواڵ
دەوڵەتی تورک باشووری کوردستانی کردووە بە مەیدانی تیرۆر کردنی چالاکوانان و پێشەنگان بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەو تێکۆشانەی کە بۆ دۆزی کورد بەردەوامی هەیە، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین مرۆڤی تێکۆشەر لە ژن و لە پیاو لەم خاکی هەرێمی کوردستانەدا لەلایەن داگیرکاران و جاسوس و سیخوڕەکانەوە تیرۆر کراون.
تیرۆر کردنی پێشەنگان و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لەلایەن دەوڵەتی تورک لە درێژەی ئەو هێرش و ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانە زەمینی و ئاسمانییەدایە کە ساڵانێکە بۆ ناو قوڵایی شار و گوندەکانی کوردستان دەستی داوەتێ و بەهۆیەوە ژیان و ئاسایشی خەڵکی کوردستانی نا ئارام و ناسەقامگیر کردووە و کوژران و برینداروبوون و ئاوارەبوونی دەیان هاوڵاتیی کوردستانی لێکەوتووەتەوە.
بەردەوامی ئەم پەلامارو هێرشە دڕندانەیەی دەوڵەتی تورک، لە سایەی دەسەڵاتەکانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمدا، نەک هەر بێدەنگی لێکراوە، بەڵکو ڕێککەوتنی نهێنی لەنێوانیان کراوەو هەموو ڕێککەوتنەکانیش دژی گەلی کوردن، بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەش هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ئێستا بە ڕەوا دادەنرێت.
ڕۆژی ١٥ی ئاب، کۆبوونەوەی نێوان عێراق- پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، لەم دیدارەدا کە درێژەپێدەری دانوستانەکانی پێشوو بوو لەسەر بنەمای بە ئامانجگرتنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد، بە هاوکاریی پەدەکە "ڕێککەوتنی ئەمنی" لە نێوان دەوڵەتی تورکی و عێراق واژۆ کراو ڕۆژی ٢٣ی ئاب هێرشێکی دڕندانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراو تێیدا ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کە هەوڵی ئاشکراکردنی ڕاستییەکانیان دەدا کرانە ئامانج.
گوڵستان و هێرۆ و فریاڵ لە ٢٠٢٤دا کرانە ئامانج
٢٣ی ئاب، لە سنووری سەیدسادقی سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، لەئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەدا، دوو ژنی ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا و ڕۆژنامەنووسێکی دیکە بەناوی ڕێبین بەکر برینداربوو.
هەر لەمساڵدا ١٨ی کانوونی دووەم، فریال سلێمان خالید، سیاسەتمەدار و چالاکوانی بواری ژنان، خەڵکی شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک تیرۆر کرا، دوای ڕووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردو دوو تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستبەسەرکران.
هەر لە ٢٠٢٤، لە ٢٩ی شوبات لە شاری سلێمانی "عەبدولقادر سەبری تۆپراق" کە خەڵکی باکووری کوردستانە و بەهۆی کێشەی سیاسییەوە ساڵانێک بوو ڕووی لە باشووری کوردستان کردبوو تیرۆر کرا.
لە ماوەی ساڵێکدا چوار پێشەنگ کرانە ئامانج
لە ماوەى یەک ساڵدا دەوڵەتی تورک چوار چالاکوان و پێشەنگی سیاسی لە سنووری پارێزگای سلێمانی تیرۆر کرد، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان تەنها دوو کەسیان لەسەر ئەو تاوانانە دەستگیرکرد و ئامادە نەبوون زانیاریی لەبارەی ناسنامەکانیان و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بڵاوبکەنەوە.
-لە ٤ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٢، لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی و لە نزیك لەماڵەكەی خۆی و ناوەندی ژنۆلۆژی ناگیهان ئاكارسەل، چالاكوانی بواری ژنان و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی و ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیی ژنۆلۆژی، کە خەڵكی شاری كۆنیای تورکیا بوو وبە ڕەچەڵەك كورد بوو، درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و دەست بەجێ گیانی لەدەستدا.
-وڵاتپارێز محەمەد زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان لە باشوور و خاوەنی چێشتخانەی "دەنیز" لە شاری سلێمانی، کە سەرەڕای هەڕەشەکان دەستبەرداری دۆزەکەی نەبوو، درەنگانی شەوی ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢، لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، لەبەردەم شوێنی کارەکەی لەلایەن دوو چەکداری میتی تورکەوە کە لەسەر ماتۆڕسکیلێک بوون، دەستدڕێژی گوللـەی لێکراو تیرۆر کرا.
٢٨-ئابی٢٠٢٢ سوهەیل خورشید، ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان کە فەرمانبەر بوو لە کشتوکاڵی کفری لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکراو تیرۆر کرا.
-ڕۆژی ٩ی حوزرەیرانی ٢٠٢٣، پاس کاتژمێر ١٠ی بەیانی، هێرشێکی چەکداریی لەبەردەم دەرگای نووسینگەی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا و بەو هۆیەوە حسێن ئاراسان، كە پەنابەرێكی سیاسیی باکووری کوردستان بوو، بەسەختی برینداركرا و دوای ڕۆژێک لە نەخۆشانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو.
"یاسین بولوت" ناسراو بە شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢١ لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی تیرۆرکرا، ئەوەش زانراوە، پێش تیرۆرکردنی چەندین جار لەلایەن میتەوە هەڕەشەی لێ کرابوو.
لە ١ی ئاداری ٢٠٢٤ نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تائێستا لە سلێمانی حەوت ئەندامیان تیرۆر کراون، پێویستە حکومەت و لایەنەکانی هەرێم هەوڵی جدیی بخەنەگەڕ بۆ ڕاگرتنی ئەو کردەوانە و داواش دەکەن ڕێگە نەدرێت خاکی باشووری کوردستان ببێت بە گۆرەپانی کردەوە تیرۆرستیەکانی دەوڵەتی تورک.
ئەم تیرۆر کردنانە دەرخەری فۆبیای دەوڵەتی تورکە لە بەرامبەر ئیرادەی پێشەنگان و ئازادیخوازانی کورد کە لەهەر چوار پارچەی کوردستانەوە بۆ ئازادی و شوناس و دۆزی کورد لە تێکۆشاندان، دەوڵەتی تورک کە بەرگەی شکستەکانی خۆی ناگرێت هێرش دەکاتە سەر خاک و ژینگەو سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسانی کوردو بە دڕندانەترین شێوە تیترۆریان دەکات.