بازرگانیی جلوبەرگ؛ فریودەری مرۆڤ و دوژمنی ژینگە

جلوبەرگ، دووەم گەورەترین هۆکاری پیسبوونی ژینگەیە لەسەر زەوی، لە جیهانی ئێستادا لە پێویستییەکی داپۆشەرەوە بەرەو کەرەستەیەکی بازرگانی و دوژمنی ژینگە و تێکدانی جەستە و دەروونی مرۆڤ هەنگاوی ناوە.

سلێمانی

 

جلوبەرگ، دووەم گەورەترین هۆکاری پیسبوونی ژینگەیە لەسەر زەوی، لە جیهانی ئێستادا لە پێویستییەکی داپۆشەرەوە، بەرەو کەرەستەیەکی بازرگانی، دوژمنی ژینگە و تێکدانی جەستە و دەروونی مرۆڤ هەنگاوی ناوە، بەجۆرێک کە جلوبەرگ  مرۆڤ دەکڕێت و نرخی پێدەدات و پێگەی لە کۆمەڵگە دیاری دەکات، ڕۆ چووەتە ناو هەموو کایەکانی ژیان و دەستی بەسەر هەموو سنوورەکانی مرۆڤبووندا گرتووە، لەو بارەیەوە ژینگەناسان باس لە زیانی فرە بەرهەمهێنانی جلوبەرگ دەکەن، کە لە ڕەنج و ماندووبوونی ژنانی وڵاتە هەژارنشینەکان دێنە بەرهەم و دەچێتە بازاڕە گرانبەهاکانی شارە سەرمایەدارەکانەوە، لە ئەنجامی ئەمانەشدا شارەزایانی ژینگە پێشبینی کارەساتی مەترسیداری مرۆیی و سروشتی دەکەن بۆ داهاتووی زەوی.

 

لەم ساڵانەی کۆتاییدا، ئەو گۆرانکارییانەی لە کەرتی بازرگانی جلوبەرگدا کرا، کارێکی گەورەی کردە سەر ژینگە و سیستمی ژیانکردنی مرۆڤەکان، لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕێژەی بەفیڕۆدانی جل بە ڕێژەی ٪٦٠ لەچاو ساڵی ٢٠٠٠دا زیادی کرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵانە ٩٢ ملیۆن تەن جلوبەرگ فڕێ دەدەرێت و سەرجەمیشیان ماددەی ژەهراوی و زیانبەخشیان تێدایە.

 

ئەم ڕێژەیە ئەوەندە بەرزە کە ژینگەناسان کەوتوونەتە گومانی ئەو کارەساتانەی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا لە ئەنجامی بازاڕی جلوبەرگدا بێتە ڕێگای مرۆڤایەتی و زەوییەوە، لەبەر ئەمەشە کە لە جیهاندا جلوبەرگ بە "منداڵە دڵخوازەکەی سەرمایەداری" ناودەبرێت.

 

"فاشیۆنی خێرا" دەروازەیەک بۆ داگیرکردنی مێشک و حەزەکانی مرۆڤ

لە کۆتایی نەوەتەکاندا، دیاردەی "فاشیۆنی خێرا" لە بازاڕەکانی جلوبەرگدا دەرکەوت، فاشیۆنی خێرا جلوبەرگی زیاتری لە کاتی کەمتردا بەرهەم دەهێنا، واتا بۆ هەر وەرزێک هەزاران پارچە جل و دیزاینی نوێ دەخرانە بەردەست، هەر ساڵێک شێوازی تایبەت و جیاواز لە ساڵانی پێشوو دروستدەکرا و بە خەڵکیان دەوت "لەگەڵ سەردەمدا بن، ئێستا دەبێت بەم جۆرە خۆتان بپۆشن و ئەم جلوبەرگانە لەبەرکەن تا قبوڵکراو و جوان دەرکەون"، ئەمەش فێڵێکی کۆمپانیاکان بوو بۆ دەستگرتن بەسەر حەز و خولیاکانی مرۆڤ و زیادکردنی کڕیاردا، هەر بۆنە و مانگێک دەکرایە دەرفەت بۆ زیادکردنی فرۆشی جلوبەرگ و خێراکردنەوەی بازاڕەکەی، ئەمەش بووە هۆکاری زیادکردنی نموونەی زیاتری جلوبەرگ لە ماوەی کەمتردا، کە لە ئێستادا حەفتانە لە ٥٠ بۆ ١٠٠ پارچە جلوبەرگ لە مارکە جیاوازەکان دیزاین دەکرێت، وەکو مارکەی زارای ئیسپانی کە زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ لقی لە ٩٣ وڵاتدا هەیە، لە هەر هەفتەیەکدا دوو جار بەرهەمە نوێیەکانی دەخاتە بازاڕەوە، هەر دوو هەفتە جارێک دیزاینی نوێ دەهێنێتە بەرهەم، بەمەش لە ساڵێکدا ١١ هەزار پارچە دروست دەکات، بە بەراورد بە کارگەکانی دیکە دوو بۆ چوار هەزار پارچە زیاتر لە ساڵێکدا بەرهەم دێنێت.

 

بزوێنەری سەرەکی ئەم کۆمپانیایە بازاڕکردنە لەڕێی دروستکردنی حەزی لەبەرکردنی نوێترین بەرهەم، بۆ هەر ساڵ و هەر وەرزێک حەزی لەبەرکردنی نوێترین مۆدێل لە خەڵکدا دروست دەکات، ئەم کۆمپانیایە بە جێبەجێکردنی فاشیۆنی خێرا کوالێتی جلەکان و نرخەکانیشیانی دابەزاند، بۆ ئەوەی کەمترین تێچوو لە جلەکاندا بکات و ڕێگایەکی هەرزانیش بدات بە مرۆڤ کە دانەبڕێت لە بازاڕی جلوبەرگ و زۆر کڕین و زۆر بەفیرۆدان، لە جلەکاندا ماددەی زیانبەخش بۆ سروشتی بەکارهێنا بۆ ئەوەی نرخێکی کەم بدات بە دروستکردنی جلوبەرگەکان و زیاترین بەرهم بهێنێت، لەمەشدا سەرکەوتووبوو و توانی حەزی لەبەرکردنی جلوبەرگی نوێ بدات بە مرۆڤ و بەزوویی سەلیقەیان بۆ جل لەبەرکردن بگۆڕن، بەبێ ئەوەی بزانن کە هەر پارچەیەک لەو جلوبەرگانەی دەیکڕن چ زیانێک دەدات بە ژینگە و چۆن هۆکارە بۆ نەخۆشییەکان، کە هەر جلوبەرگێک ٢٠٠ ساڵی پێدەچێت تا شی دەبێتەوە، ئەم قوڵنەبوونەوەیەی مرۆڤ لە پێشكەوتنە خێراکان بوو بە کلیلی سەرکەوتنی کۆمپانیاکان و فاشیۆنی خێرا بوو بە فریودەرێکی گەورەی مرۆڤ.

 

لەم ڕێگایەوە جیهان فێربوو کە جلوبەرگ فڕێ بدات و بەردەوام لە هەوڵی کۆکردنەوەی زیاتردا بێت، بە تایبەت کاتێک پێیان دەوترێت چیتر ئەم جلوبەرگانە مۆدێرن نین و باویان نەماوە، لە ژێر سێبەری کۆمپانیاکان، ژیان بە ڕەوتێک بۆ مرۆڤەکان دروستکراوە کە ناهێڵن دووبارە کەلوپەلەکانیان بەکاربهێننەوە، مرۆڤ پەنادەباتە بەر گۆڕینی بەردەوامی جلوبەرگەکانی، لەکاتێکدا ئەمە تەنها حەزێکە و هیچ پێویستییەکی سەرەکی ژیان نییە، مرۆڤ دەتوانێت بە ڕێژەیەکی کەمی جلیش بەردەوام بێت لە ژیان، بەڵام تاکیی مۆدێرن تەمەنێکی کورت دەدەن بەو جلانەی لەبەری دەکەن.

 

جلەکانی ئێمە چۆن دروست دەکرێن و کێ ڕەنجی دروستکردنی دەکێشێت؟

زۆرێک لە خەڵک تا ئێستاش پێیان وایە، جلوبەرگ بە ڕەوتێکی ئاسایی دێتە دروستکردن و هیچ زیانێکی نییە، هەروەها پێشیان وایە ئامێرێکی گەورە جلوبەرگەکان بەم شێواز و ڕەنگە جیاوازانە دروست دەکات، بەڵام دەڵێیت چی گەر بزانیت جلوبەرگەکانی ئێمە لەسەر ڕەنج و ماندووبوونی ژنانی هەژاری کرێکارەوە دروست دەکرێت، کە بەشێکیان تەمەنیان لە خوار ١٦ ساڵە، بۆ دوورینی گرانترین پارچەی بازاڕیش بەشی شایستەی ژیان پارەیان پێنادرێت؟ دەڵێیت چی گەر بزانیت ئەم جلوبەرگەی ئێمە لەبەری دەکەین، دەشێت ڕەنجی کرێکارێکی پێوەبێت کە لەبەر هەژاری گیانی لەدەستداوە و لە ژیاندا نەماوە؟

 

با هەنگاوێک بێینە دواوە، ئەمجارەیان جلوبەرگەکان تەنها لە پشتی شووشەی دوکانەکانەوە تەماشا ناکەین، تەنها لە دیمەنی کۆتایی بەرهەمی پرۆسەکە ناڕوانین، دەگەڕێینەوە خاڵی سەرەتای پرۆسەی دروستکردنەکەی.

 

لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کۆمپانیا گەورەکان لەپێناو فراوانکردنی مەودای کارکردنیان و بەدەستگەیشتنی قازانجی زۆر، هەستان بە دروستکردنی کارگەکانیان لە وڵاتە هەژارنشینەکان و ئەو وڵاتانەی دەستی کار تیایدا لاوازە، ئەوان وڵاتی هیندستان و بەنگلادیشی هەژارنشینیان وەکو گەوهەرێک و پانتاییەکی فراوانی کار دەبینی بۆ بەرزکردنەوەی داهاتەکانیان، بەو پێیەی کە پێدانی کرێیەکی کەم بە هاوڵاتییەکی بەنگلادیشی ئاسانترە وەک لە هاوڵاتییەکی ئەوروپی، بەم جۆرەش لە ئێستادا بەنگلادیش بە پلەی دووەمی زۆرترین بەرهەمی جلوبەرگ دێت لەپاش چین، ئەم بەرهەمانەش سەرجەمیان دەچنە بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، لە شەقامە گرانبەهاکانی پاریس و لەندەن و نیویۆرکدا دەفرۆشرێن و زۆربەی ئەو جلوبەرگانەش لەلایەن ئەو کرێکارانەوە دروست دەکرێت، کە ڕۆژانە ٢ بۆ ٣ دۆلار وەردەگرن.

 

ئەم پیشەسازییە کار بە ٧٥ ملیۆن مرۆڤی هەژار دەکات، ٪٨٥ بۆ ٩٠ی کرێکارەکان ژنن و بە زۆری تەمەنیان لە ١٨-٢٤ ساڵدایە، هەروەها منداڵی خوار هەژدە ساڵیشیان تێدایە، زۆربەیان ڕۆژانە بۆ ماوەیەکی درێژ کە نزیکەی ١٦ کاتژمێر دەبێت لە بەرامبەر ٣ دۆلاردا کاردەکەن، ئەو کارگانەی کاری تیادا دەکەن، گرێبەستیان لەگەڵ براندە بەناوبانگەکانی جیهان هەیە، وەک بەرپرسانی کارگەکانی بەنگلادش لە چەندین سەرچاوەی میدیایی جیهان ڕوونیدەکەنەوە دەڵێن، ئەوان کاتێک کۆمپانیایەکی گەورەی جیهانی داوای دروستکردنی جلوبەرگیان لێدەکات، کۆمپانیاکە کەمترین نرخ دەڵێت، واتا شێوازێکی کێبڕكێ بەکاردەهێنێت بۆ پێدانی کەمترین پارە، پێیان دەوترێت "گەر ئێوە قەمیسێک بە ٢ دۆلار بۆ کۆمپانیاکەمان نادوورن، ئێمە دەچین دەیدەین بە کارگەیەکی تر لە وڵاتەکەتان کە بە ٢ دۆلار دەیکات" لەبەرامبەریشدا کارگەی کۆن و ژنە کرێکاری ستەملێکراو باجی ئەم شێوازە بازاڕکردنە دەدەن. لە مانگێکدا کرێکارەکان ٦٣ دۆلار وەکو موچە وەردەگرن، کە ئەم برە پارەیە ناتوانێت ژیانێکی شایستە بۆ هیچ کامیان دابین بکات، لە فیلمی دێکۆمێنتاری "نرخی راستەقینە" ژنە کرێکارێک دەڵێت، ئەوان بە بەردەوام خۆپیشاندان و مانگتریان ساز کردووە بۆ بەدەستگەیشتنی ماف و کەمکردنەوەی سەختی کارەکەیان و زیادکردنی کرێکەیان، بەڵام وەک خۆی دەگێڕێتەوە، "ڕۆژێک لەناو کارگەکە مانمان گرت لە کارکردن و چاومان بە بەڕێوبەر کەوت تا موچەکەمان زیاد بکات و بەشی ئەوەندەمان پێبدات کە بژین، لە بەرامبەردا دەرگاکانی کارگەیان بەسەرمان داخست و لە ژوورەوە ژمارەیەک پاسەوان و پیاویان هێنا لێیانداین، بە سەختی لێدراین، بە قایش  و کورسی و مقەستی کارەکانمان و بە هەر شتێک کە بەردەستیان کەوت برینداریان کردین، پێشیان وتین گەر جارێکی تر مان بگرن، دەرتان دەکەین لە کارەکانتان، ئێمە بەردەوام ستەممان لێدەکرێت، ئێوە نازانن کە جلوبەرگەکان بە خوێنی ئێمە دروست دەکرێن".

 

داڕووخانی باڵەخانەیەکی جلوبەرگ بەسەر کرێکارەکاندا لە بەنگلادش

ڕووخانی باڵەخانەی رانا بلازا یەکێکە لە کارەساتە گەورەکانی مێژووی پیشەسازی جیهانی سێیەم، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٣ کارگەیەکی هەشت نهۆمی دروستکردنی جلوبەرگ بەناوی رانا بلازا لە بەنگلادش بەسەر کرێکارەکانیدا ڕووخا، لە ئەنجامدا هەزار و ١٢٩ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو هەزار و ٥١٥ کەس بریندار بوون، کە زۆربەی هەرە زۆریان ژنانی کرێکاربوون.

 

ئەم داڕووخانە بەهۆی خراپی ئاستی بیناسازی کارگەکەوە و ئەو درزە گەورانەی تیایدابوو، ڕوویدا، کە چەندین جار کرێکارەکان ئاگادارکردنەوەیان بە بەرپرسانی کارگەکە دابوو، بەڵام لەپێناو ئەوەی کاری زیاتر لە کاتی کەمتر بکرێت، هیچ هەوڵێک بۆ چاککردنەوەی یان وەستاندنی کارکردن نەدرابوو، ئەم ڕووداوە بە جۆرێک کاریگەری بەسەر وڵاتەکە و جیهاندا جێهێشت، کە تا ماوەیەکی زۆر مرۆڤ بە هەستکردن بە تاوانەوە دەهاتنە سەر شاشە و باسی ئەو کارەساتەیان دەکرد، بەڵام کۆمپانیاکانی جلوبەرگ نەیانهێشت ئەم خەمە لەناو مرۆڤەکانی جیهان درێژە بکێشێت و لەسەر ڕەنجی ژنانی کرێکار و بەخوێنی بەجێماویان، جلوبەرگی نوێ و ریکلامی نوێ و شێوازی نوێی بازاڕکردنیان هێنایە بەرهەم، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرەڕای تێپەرینی چەندین ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا، ڕێژەیەکی زۆری ژنانی قوربانی ئەو کارەساتە بێسەرووشوێنن، هەروەها ڕێژەیەکی زۆری برینداریش کە بەشێکیان قاچ یان دەستەکان یان چاویان لەدەستداوە، بەشێکی تریان ناتوانن بەبێ گۆچان ڕێبکەن.

 

ساڵانە گردبوونەوە و ڕێپێوان لە وڵاتەکە ساز دەکرێت، باوک و دایکەکان وێنەی کچەکانیان بەدەستەوە دەگرن و داوای لاشەکانیان دەکەنەوە، بەدوای ونبووەکانیان دەگەڕێن، وەک ژنە بریندارێکی کارەساتەکە لە دیکۆمێنتاری "نرخی ڕاستەقینە"دا دەڵێت :"هێشتا گوێم لە هاواری خەڵکە لەژێر بەردەکان، هێشتا دەنگیان لەگوێمدا دەزرینگێتەوە.

 

لە هەمان ساڵدا، ئاماری فرۆشتنی جلوبەرگ لە ئەمریکا دەریخست، ئەمریکییەکان ٣٤٠ ملیار دۆلاریان لە کڕینی جلوبەرگدا سەرف کردووە، زۆربەی ئەو جلوبەرگانەش لە بەنگلادش دروستکرابوون، بەشێکی لەلایەن ئەو کرێکارانەوە بوو کە لە باڵەخانەکەی رانا پلازادا گیانیان لەدەستدا.

 

ئەمە تاکە ڕووداو نییە لە مێژووی پیشەسازی جلوبەرگدا، ئەم رووداوە لە کاتێکدابوو، کارگەیەکی تری دروستکردنی جلوبەرگ لە بەنگلادش لە ساڵی ٢٠١٢دا ئاگری گرت و سووتا، لە ئەنجامدا هەزار و ١٢ کرێکار بە سووتاوی گیانیان لەدەستدا، بۆیە وەک ژنە کرێکارەکانی بەنگلادش دەڵێن: "جلوبەرگەکان بە خوێنی ئێمە دروست دەکرێن".