ژنان لە هەر شوێنێکی جیهان بن، ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان دەبنەوە

ساڵی ٢٠٠٠ نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٥ی تشرینی دووەمی وەک ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دەستنیشان کرد، ١٦ ڕۆژ چالاکی بەڕێوەدەبرێت، ڕاپۆرت و ئامارەکانیش دەریدەخەن ژنان لە هەر شوێنێکی جیهان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- چالاکوانانی مافی ژنان لە ساڵی ١٩٨١ەوە ٢٥ی تشرینی دووەمیان وەک ڕۆژێک لە دژی توندوتیژی جێندەری بەڕێوەبردووە، ئەم بەروارە بۆ ڕێزلێنان لە خوشکەکانی میرابال هەڵبژێردرا، کە سێ چالاکوانی سیاسی کۆماری دۆمینیکان بوون و لە ساڵی ١٩٦٠ بە فەرمانی فەرمانڕەوای وڵات، ڕافایل ترۆژیلۆ، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران.

 

لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٩٣، ئەنجومەنی گشتی لە ڕێگەی بڕیارنامەی ٤٨/١٠٤، جاڕنامەی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لەپێناو کەمکردنەوەی ئەو دەستدرێژی و توندوتیژییانەی بۆ سەر ژنان لە هەر ناوچەیەکی جیهان هەیە، پەسەند دەکات، لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە بە فەرمی ٢٥ی تشرینی دووەمی وەک ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دەستنیشان کرد.

 

تەوەری جیهانیی ١٦ ڕۆژی چالاکیی دژی توندوتیژی بۆ سەر ژنان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ڕاگەیاندووە کە ئەمساڵ کە لە ٢٥ی تشرینی دووەم تا ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ چالاکییەکان بەردەوام دەبێت بە دروشمی " یەکگرتن" بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکان دژی ژنان.

 

لە هەرێمی کوردستانیش چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژنان لە چەند ڕۆژ پێش ٢٥ تشرینی دووەمەوە دەستدەکەن بە بانگەشەکردن بۆ چالاکییەکانیان لەپێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان، بەڵام ئەوەی دەبیندرێت لە هەرێمی کوردستان پرسەکانی ژنان وەک پێویست کاری لەسەر ناکرێت و چالاکییەکانیش پێویستی کۆمەڵگە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان پڕ ناکاتەوە و ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە لە سەرجەم چین و توێژەکان دەربارەی بابەتەکانی ژنان لە ئاستی پێویست نیە.

 

ژنان لە هەموو شوێنێکی جیهان بەرکەوتەی توندوتیژییەکانن

ژنان لە هەموو شوێنێک بەردەوام بەرکەوتەی چەندین جۆری توندوتیژی جێندەری دەبنەوە، لەوانە ژنکوژی، توندوتیژی ئۆنلاین و توندوتیژی خێزانی، جەستەی و دەروونی، ئەوان داوا لە دەوڵەتان دەکەن کە وردبینی پێویست بکەن و پشتیوانی یەکسانی جێندەری بکەن.

 

لەم کارەدا نەتەوە یەکگرتووەکان بانگهێشتی حکومەتەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها ڕێکخراوە ناحکومییەکانی کرد بۆ ئەوەی هەموو ساڵێک لەو بەروارەدا یەکبگرن و هۆشیاری گشتی بەرز بکەنەوە، دوای بیست ساڵ، شەڕی ڕێگریکردن و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە سەرتاسەری جیهان وەک تەحەدایەک چەندین چالاکی هۆشیاری ژنان بەڕێوەدەچێت.

 

توندوتیژی دژی ژنان، بە تایبەتی توندوتیژی لەلایەن کەسە نزیکەکان وەک توندوتیژی سێکسی، کێشەیەکی گەورەی تەندروستی گشتی و پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانی ژنانە، ئەو خەمڵاندنانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئاستی جیهانیدا نزیکەی ٪٣٠ ژنان لە سەرتاسەری جیهان تووشی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی دەبنەوە.

 

زۆربەی ئەو توندوتیژیانەی ژنان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە سەرتاسەری جیهاندا، نزیکەی ٪٢٧ ئەو ژنانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥-٤٩ ساڵدایە و لە پەیوەندییەکەدا بوون، سکاڵاش دەکەن کە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە تووشی جۆرێک لە توندوتیژی جەستەیی و سێکسی بوونەتەوە.

 

توندوتیژی دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی جەستەیی، دەروونی، سێکسی ژنان هەبێت، و لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە ئایدز و چەندین نەخۆشی دیکە لە هەندێک شوێندا زیاد دەکات، هەوڵی کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەدرێت، کەرتی تەندروستی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ پێشکەشکردنی چاودێری تەندروستی گشتگیر بۆ ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی بوونەتەوە، وەک خاڵی چوونە ژوورەوە بۆ ڕەوانەکردنی ژنان بۆ خزمەتگوزارییە پشتیوانییەکانی دیکە کە ڕەنگە پێویستیان پێی هەبێت.

 

ڕاپرسییەکانی ئاستی دانیشتووان لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی ڕزگاربووان وردترین خەمڵاندن بۆ بڵاوبوونەوەی توندوتیژی هاوبەشەکانی ژیان و توندوتیژی سێکسی دەکەن، شیکارییەکی ساڵی ٢٠١٨ بۆ داتاکانی بڵاوبوونەوە لە ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٨ لە سەرتاسەری ١٦١ وڵات و ناوچەدا، کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بەناوی گروپی کاری نێوان دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە لە سەرتاسەری جیهاندا، نزیکەی ٣٠٪ی ژنان تووشی توندوتیژی بوونەتەوە، جەستەیی یان سێکسی لەلایەن هاوبەشەکانیان یان کەسەکانی دەرەوەی خێزانەکانیان.

 

لە هەر سێ ژن یەکێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی بووەتەوە

زیاتر لە چارەکێک لەو ژنانەی لە تەمەنی ١٥-٤٩ ساڵیدان و لە پەیوەندیدا بوون، لانیکەم جارێک لە ژیانیان لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە لەلایەن هاوبەشە نزیکەکەیانەوە تووشی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی بوونەتەوە، خەمڵاندنی بڵاوبوونەوەی توندوتیژی هاوبەشی لە ماوەی تەمەنی ژنێک بەم شێوەیە لە ٪٢٠ لە ڕۆژئاوای زەریای هێمن، ٪٢٢ لە وڵاتانی داهات بەرز و ئەوروپا و ٪٢٥ لە هەرێمەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەمریکا، ٪٣٣ لە ناوچەی ئەفریقای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ٪٣١ لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ٪٣٣ لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.

 

لە ئاستی جیهانیدا ٪٣٨ی هەموو کوشتنەکانی ژنان لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە ئەنجام دەدرێن، جگە لەو توندوتیژیانەش لە ئاستی جیهانیدا ٪٦ی ژنان ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن کەسێکی ترەوە جگە لە هاوبەشی ژیانیان دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، توندوتیژیی سێکسی زیاتر لەلایەن پیاوانەوە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت.

 

سەرەڕای هەوڵەکانی داکۆکیکردن، هێشتا ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، لە هەر پێشینە و تەمەنێک بن، ئەو ژنانەی کە لە کەرتی میوانداری و گەشتیاریدا کاردەکەن، ڕووبەڕووی مەترسی توندوتیژی و هەراسانکردن دەبنەوە لە لایەن پیاوان.

 

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام و کۆمەڵگەی ئارامتر زۆر گرنگە، توندوتیژی دژی ژنان ڕەگ و ڕیشەی لە نایەکسانی و هەڵاواردن لە دژی ژنان و ئەقڵیەتی پیاوسالاری و باڵادەستی سیستمی سەرمایەداری دایە، ڕێگری و بنبڕکردنی دەبێت لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزی و بەهێزکردنی ژنان بێت.