دۆسییە ٣؛ ڕاستینەی منداڵان لە تورکیا

بەرفین ئەلچی لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئامەد ڕایگەیاند، بەهۆی باوەڕبوون بە سیاسەتی بێ سزایی، پشتگوێخستنی 'خێزانەکان' بووەتە هۆی کۆمەڵکوژی، بۆ ڕێگریکردن لە تاوانەکان، گرنگە باسی جەیلان و منداڵە کوژراوەکان بکرێت.

ساریا دەنیز

 

ناوەندی هەواڵ-لە تورکیا سەرەڕای ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و یاسای نوێ، ئەو منداڵانەی کە بەبێ پارێزگاری دەمێننەوە، بەهۆی سیاسەتەکانی بێ سزادان، مەترسییان لەسەرە، یاسا لە وڵاتدا جێبەجێ ناکرێت و کاری پێویست بۆ پاراستنی منداڵان ناکرێت.

 

بە سیاسەتەکانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە کە "خێزان پیرۆز دەکەن" ئەمڕۆ لە وڵاتدا هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووک، دەستدرێژی، هەراسانکردن و توندوتیژی دژی منداڵان بەڕێوەدەچێت، لە لیستی تاوانەکاندا ناوی ئەو منداڵانەی خراونەتە ڕوو کە کوژراون یان زیانیان پێگەیشتووە، لە لایەکی دیکەوە منداڵان بە تایبەتی دەکرێنە ئامانج لەو شەڕەدا کە دەیان ساڵە بەردەوامە، لە حاڵەتی ئەو منداڵانەی کە لە شەڕێکی تایبەتی دەوڵەتدا کوژراون، کردەوەکان بە یەکپۆشیەوە بە بێ سزایی پاداشت دەکرێن، لەگەڵ بەرفین ئەلچی، ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئامەد سەبارەت بە کوشتن و پێشێلکارییەکانی دژی منداڵان قسەمان کرد.

 

"کەموکورتی لە بەڕێوەبردنی داددا جێگەی نیگەرانییە"

بەرفین ئەلچی ئاماژەی بەوەکرد، لە تورکیا یاسا هەیە بۆ پاراستنی منداڵان بەڵام جێبەجێ ناکرێت، ئەو دەستدرێژییەی بەرامبەر بە منداڵان دەکرێت، سزاکانی پەیوەست بە دەستدرێژی و ڕفاندنی منداڵان جێبەجێ ناکرێت و بەو هۆیەوە دادپەروەری پێکنایەت، یاسا نوێیەکان بەس نین، ئەوەی گرنگە ئەو یاسایانە بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکرێن، بەهۆی کەموکوڕیەکانی جێبەجێکردنیان و نەبوونی سزاکان و کێشەی بێ سزای، تاوانباران دووبارە و سێبارە هەمان تاوان ئەنجام دەدەن.

 

"پێویستە ڕێکارەکانی پاراستن و خۆپاراستن زیاد بکرێت"

 بەرفین ئەلچی ئاماژەی بەوەشدا، نابێت سیستمی پاراستنی منداڵ تەنها لە سزاکاندا سنووردار بکرێت، پێویستە ڕێوشوێنی پاراستن و خۆپارێزی زیاتر بکرێت، وتیشی: ناوەندەکانی وەک چاودێریکردنی منداڵان و خزمەتگوزاری چاکسازی و میکانیزمی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی، لەبەر ئەوەی وەک پێویست کارناکەن، منداڵان پارێزراو نین، هەروەها لەبەر ئەوەی هۆشیاری لە کۆمەڵگەدا لەم بوارەدا کەمە، منداڵان ڕووبەڕووی بارودۆخی مەترسیدارتر دەبنەوە، لە ڕێگەی دەستێوەردانی پەروەردە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، پێویستە هۆشیاری لە بواری پاراستنی منداڵدا زیاتر بکرێت، دەستوەردانی پێشوەختە و ڕێوشوێنی پاراستن زیاد بکرێت.

 

بەرفین ئەلچی کوشتنی نارین گورانی بەبیرهێنایەوەو وتی: ڕووداوەکەی نارین گوران کە ماوەی ١٩ ڕۆژ بێسەروشوێن بووەو تەرمەکەی دۆزرایەوە، دڵتەزێنە، ئەو شتانەی لەم چەند ڕۆژەدا ڕوویاندا، چ لە کۆمەڵگە و چ لەناو گەلدا، زۆر غەمگین بوو، لە هەمان کاتدا ڕوون بوو کە منداڵەکانمان لە دۆخێکی سەلامەتدا ناژین، دوای دیارنەمانی نارین هەرگیز دەسەڵاتداران گومانی ئەو خێزانەیان نەکرد، تەنانەت ئەندامانی خێزانەکەش پەیوەندییان بە گروپەکانی گەڕانەوە کرد، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چەندە کەمتەرخەمی ڕوویداوە. ئەمە بەڕاستی ئەو عەقڵیەتە پیاوانەمان پیشان دەدات کە زاڵە بەسەر دادگادا، بینیمان دەسەڵاتداران چۆن درێژەیان بە لێکۆڵینەوە نهێنییەکان داوە بۆ ئەوەی دەست لە خێزانەکە نەدەن، ئەمەش پەیوەندی بە سیاسەتی دەسەڵاتداری پیاوان و کۆنەپەرستانەوە هەیە، سیاسەتی بێ سزای زۆر کاریگەرە هەم لە دامەزراوە دادوەرییەکان و هەم لە دامەزراوە ئیدارییەکان و چ لەسەر کۆمەڵگە، لە دۆسیەی نارین، متمانە بەخۆبوونی بنەماڵەی تۆمەتبار، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەت و سیاسەتی بێ سزایی نیشاندرا، بەهۆی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەت، پێیان وایە سیاسەتی بێ سزایی بۆ ئەوانیش جێبەجێ دەکرێت.

 

"بەهۆی توندوتیژیی دەوڵەتەوە زۆر منداڵ گیانیان لەدەستدا"

 لە تورکیا بە هۆی توندوتیژی دەوڵەتییەوە دەیان منداڵ گیانیان لەدەستدا، وتی: ئەو ڕێککەوتنانەی کە تورکیا لایەنگرییەتی و یاسای پاراستنی منداڵ، هەموو مافەکانی منداڵان مسۆگەر کراوە، لەو شوێنانەی کە دەوڵەت دەبێ منداڵان لە توندوتیژی کەسانی دیکە بپارێزێت، خۆی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان ئەنجام دەدات، لە ئەنجامدا زۆرێک لە منداڵان گیانیان لەدەستدا، زۆرێک لەو کوردانە لەژێر چاوی چاودێر و بە کوشتنی کارە نادیارەکانیان کوژران، بەشێکی زۆریان بە گولـلەی هێزەکانی دەوڵەت کوژران، سیاسەتی بێ سزا لەو حاڵەتانەدا بەردەوامە، یان بە هیچ شێوەیەک سزا نادرێن یان سزایەکی وەها فەرمییان پێ دەدرێت، دەمەوێت بڵێم هەرگیز ئەمە قبوڵ ناکەین، هەرچییەک ڕووبدات، دژی سیاسەتەکانی بێ سزایی تێدەکۆشین، ئەو منداڵانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە کوژراون لە بەرنامەی کاردا نەبوون و باسیان لێ نەکراوە، پێموایە بەهۆی ئەو منداڵانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە کوژراون، دەکرێت بوترێ هەموویان کوردن، بۆیە نەخرانە ناو بەرنامەی کارەوە، بەداخەوە دۆخێک هەیە کە کەس ئەم بابەتە نایبینێت و نابیستێت.

 

"دۆسیەی جەیلان ئۆنکۆڵ یەکێکە لە نمونە گەورەکانی بێ سزایی"

 ٢٨ی ئەیلوول ساڵڕۆژی کوشتنی جەیلان ئۆنکۆڵە، بەرفین ئەلچی ئاماژەی بەوەشکرد، دیمەنەکانی کۆکردنەوەی ئەندامەکانی جەستەی جەیلان لەلایەن دایکیەوە تا ئێستاش لە یادەوەری هەموواندایە، هەرگیز لەبیرناکرێن، کەیسی جەیلان ئۆنکۆڵ بەداخەوە یەکێکە لە نمونە گەورەکانی سیاسەتی بێ سزایی، سەرەتا بڕیاری نهێنی بۆ دۆسیەکە درا و پارێزەران ڕێگەیان پێنەدرا بچنە ناو فایلەکەوە، لێکۆڵینەوە لە شوێنی ڕووداوەکە بە هاوکاری پارێزەران ئەنجامدراوە. لێکۆڵینەوەیەکی دروست بۆ ناسینەوەی تاوانباران ئەنجام نەدرا و دواجار دۆسیەکە ڕەتکرایەوە، لێدوانی کەس وەک تۆمەتبار لە دۆسیەکەدا وەرنەگیراوە، واتە ساڵانێکە سیاسەتی بێ سزایی هەیە و ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین نموونەکان.

 

"داواکاری دادپەروەری گرنگە بۆ ئەوەی ڕووداوی لەو شێوەیە ڕوونەدات"

بەرفین ئەلچی باسی لە گرنگی قسەکردن لەسەر کوشتنی جەیلان ئۆنکۆڵ کرد و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: جەیلان ئۆنکۆڵ، ئوگوڕ کەیماز، مەهمەت ئویتون، هێلین حەسرەت شەن و چەندین منداڵی دیکە لە ئەنجامی توندوتیژیی دەوڵەتی کوژران و تاوانباران بە بێ سزای پاداشت کران، لە حاڵەتەکانی وەک ئەمانەدا ئەگەر بە ڕاستی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنێک بۆ سزادانی تاوانباران ئەنجام بدرایە، هێزە چەکدارەکان بەهۆی ترسی سزادان خۆیان لەو جۆرە ڕووداوانە بەدوور دەگرتو  ئەوەندە منداڵ نەدەکوژرا، بەڵام بەداخەوە لەم حاڵەتانەدا هەموویان بەهۆی نەبوونی سزاوە زیاتر دەبن، هەر بۆیە زۆر گرنگە باسی جەیلان ئۆنکۆل و منداڵە کوژراوەکانی دیکە بکرێت و داوای سزادانی تاوانباران بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لەو جۆرە ڕووداوانە بکرێت.

 

کۆتایی