مێژووی یەکەمین ڕێکخراوی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا دەگەرێتەوە بۆ ٩٤ ساڵ پێش ئێستا
لەم ڕاپۆرتەدا باس لە مێژووی دامەزراندنی یەکەم ڕێکخراوەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان دەکەین، کە لە ساڵانی دواتردا توانیویانە جێدەستیان لە دانانی بەشێک لە یاساکانی پاراستنی ژنان و پەیوەست بە ژنانەوە هەبێت.
سلێمانی
ژنانی کورد لە کۆندا توانیویانە رۆڵیان هەبێت لە دروستکردنی یەکەمین کۆمەڵەی ژنان و یەکەمین قوتابخانەش بۆ ژنانی کورد بە ئامانجی خوێندەوارکردنی ژنان لەسەر دەستی حەپسەخانی نەقیب دامەزراوە، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ بوونی سەدان ڕێکخراوی ژنان دۆخی ژنان بەرەو خراپتر دەچێت و تەنها لە شەش مانگدا ٣٠ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون.
یەکەمین ڕێکخراوی کۆمەڵەی ژنان لە مێژوودا
مێژووی ڕێکخراوەکانی ژنان مێژوویەکی کۆنی هەیە، کاتێک ژنە کوردێک بووە هۆی شکاندنی کۆمەڵێک ڕێچکەی پیاوسالاری یەکەمین کۆمەڵەی ژنانی کوردی بوونیادنا لە ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٠دا بوو، بە ناوی" کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد" بە سەرۆکایەتیی حەپسەخانی نەقیب، حەپسەخانی عیرفانەفەنی سکرتێری بووە و بارەگای تایبەتیشیان ھەبووە. دروستکردنی کۆمەڵەیەک لەلایەن ژنێکەوە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و داواکانی ژنان لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا، نموونەیەکی کەم وێنەیە، تەنانەت لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستیشدا. شایەنی باسە کە حەپسەخان یەکەمین ژنی کورد بوو قوتابخانەی بۆ ژنانی کورد دروستکرد لە ماڵەکەی خۆیدا. ئەمەش لەکاتێکدا بوو خوێندن بۆ ژنان نەبوو، بەڵام حەپسەخان توانی لەمەشدا ڕابەرایەتی ژنانی کورد بکات و هەوڵ بۆ خوێندەوارکردنیان بدات.
ئەو ژنانەی کە وەک ژن کاریان کردووە و خاوەنی ڕێکخراو نەبوون
عادیلە خانم ژنێکی دەسەڵاتدار و کارگێری ھۆزی جاف بووە، دوای مردنی هاوسەرەکەی، مەحموود پاشای جاف لە ١٩٠٥دا، عادیلە خانم ھەموو کاروباری ھۆزی جاف بەڕێوە دەبات و ناوبانگی لە ھەموو ناوچەی شارەزوور و ھەورامان و شوێنەکانی دیکەی باشووری کوردستان بڵاو دەبێتەوە و ڕێزێکی زۆری لە ناو خێڵەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش دەبێ و فەرمانی جێبەجێ دەکرێت. عادیلە خانم زۆر حەزی بە ئاوەدانی و پێشخستنی زانست و خوێندەواری کردووە. قوتابخانە و بازاڕێک و چەند باڵەخانەی گەورەی لە ھەڵەبجە دروستکردووە و لە گوندێکی بچووکەوە کردیە شاڕێکی ئاوەدان و چەندین باخ و سەیرانگای جوان و دڵگیری لێ دروستکرد.
یەکەمین ژن بووە کە بە سوارچاکێکی باش و تیرهاوێژێکی شارەزا ناوبانگی دەرکردووە ژنێکی شۆخوشەنگ و لێهاتوو بوو، هەرچی زێر و زیو جلی هەبووە بەخشیویەتیە حزبی هیوا و هەروەها کۆمەڵێ هۆندراوە و شیعری نەتەوەی نووسیوە.
یەكەمین قوتابخانەی كچان بە ناوی "ئەلزەهرا" لە ساڵی ١٩٢٥ لە شاری سلێمانی كرایەوە. کە لە نزیكی مزگەوتی گەورە بوو و لە ساڵانی هەفتادا قوتابخانەی گوڵاڵەی كچان لە جێگەی ئەو قوتابخانە بووە. گوزیدە خانم بەرێوەبەر و فاتیمە محێدین خانم مامۆستا بووە لە قوتابخانەكەدا.
لەیلا قاسم چالاکوانێکی سیاسیی کورد بوو، کە ڕژێمی بەعسی عێراق لە بەغدا لە سێدارەی دا. لەیلا قاسم یەکەم ژنە زیندانی سیاسی کوردە کە لەسێدارە درابێت. زوڵم و زۆرداری ڕژێمی عێراق لەسەر گەلی کورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێکۆشانی لای لەیلا قاسم دروستکردبوو. لەیلا ھەر زوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و ڕێکخستنەکانی نەتەوەکەیدا پەیدا کرد. ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەیەوە پەیوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ڕیزەکانی 'یەکێتیی قوتابیانی کوردستان' خەبات و تێکۆشانی بەڕێوە بردووە. دەگوترا ژن ناتوانێت شانبەشانی پیاوان لە شار و لە شاخ و لە دێھاتەکاندا خەبات بکات، لەیلا بە پێچەوانەوە شانبەشانی قوتابییە کوڕەکانی کورد خەباتێکی بەرفراوانتری بەڕێوەدەبرد و دژ بە نایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان بوو. دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕێژیمی بەعس بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەکبەیەکی تاکەکانی کوردییان دەکرد، بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە ٢٨ی نیسانی ١٩٧٤دا لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر کران و لە ١٢ی ئایاری هەمان ساڵدا لە سێدارە دران.
لەیلا قاسم بە ڕووی وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باکانە ڕایگەیاندبوو: «بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم».
ڕێکخراوەکان دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١
بە گشتی دروستبوونی ڕێکخراوەکان دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و لەو کاتەدا بوو کە هێرشی ژنکوژی دەستی پێکرد لە کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی حزبەکاندا و ڕێگای خۆشکرد بۆ ژنکوژی و ژیاندنەوەی کۆنەپارێزی و گرێدانی جەستەو کەرامەتی ژن بە “شەرەف و ناموس”ی پیاوەوە. لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا دەسەڵات نەیتوانیوە ژنان هۆشیار بکەنەوە بۆ خەبات کردن و داکۆکی لە خۆیان، زۆرێک لە ڕێکخراوەکانیش، کە تا ئێستاش خۆیان دانەتەکاندووە لە دابونەریتە باوەکانی کۆمەڵگە و لە ژێر ڕکێفی حزب و پیاوانی ناو حزبەکاندا کار دەکەن، نەیانتوانیوە ڕێکخراو و چالاکییەکانی ژنان بکەنە بزووتنەوەی ژنان و گۆڕانکاری بەرفراوان ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە ژنان و بەشێک لە ڕێکخراوەکانیان ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبووە لە گۆڕینی دیدگای کۆمەڵگە و زیاتر بەشداری ژنان لە بواری ئابووری و دەستی کار و بواری کۆمەڵایەتی سیاسی و هونەری.
یەکێتی ژنانی کوردستان یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی ژنان کە سەر بە حزبی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و لە ١١ی نیسانی ١٩٨٨ دامەزراوە، هەوڵیداوە ئامانجەكانی خۆی بە ڕێگەی سیاسی و دیموكراتی و جەماوەری بەدیبهێنێت، ساڵانە چەندین چالاکی جۆراوجۆر و دانیشتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژنانی پارت و لایەنەکانی دیکە و پارچەکانی دیکەی کوردستان هەیە، هەروەها چەندین پێشنیار و پڕۆژەی تایبەتی هەبووە بۆ جێبەجێكردنیشی چەندین رێپێوانی ئاشتییانەی ئەنجامداوە.
پێشنیارەكانییەکێتی ژنان بۆ لیژنەی باڵای دەستووری عیراق
یەکێتی ژنان یەکێک بوو لەو ڕێکخستنانەی ژنان کە ڕێپێوانی ژنانی لە سەروبەندی شەڕی ناوخۆی نێوان پەدەکە و یەنەکە لە باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩٦ ڕێکخست، تا شەڕ بووەستێت و چیدی ڕۆڵەی ئەم خاکە گیان لەدەست نەدەن و خەرگی دایکان نەسووتێت، هەروەها چەند پێشنیارێکی پێشكەش بە لیژنەی باڵای داڕشتنی دەستووری عیراق كردووە، بۆ بەدیهێنانی رژێمێكی دیموكراسی كە مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كورد و مافی مرۆڤ دابین بكات، بەجۆرێك كە ژن و پیاو لە بەكارهێنانی مافەكانی هەڵبژاردن و كاركردن و مافە سیاسیو یاساییو ئابووریو پەروەردەییو تەندروستییەكاندا یەكسان بن، بۆ بەگژداچوونەوەی كوشتنی بەكۆمەڵو پاكتاوكردنی رەگەزیی (جینۆساید) لەجیهاندا، بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاوازییەكی رەگەزیی لەدەستووردا، بۆ سەلماندنی هەموو ئەو مافانەی، كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانو كۆمەڵەی مافی مرۆڤو رێكخراوە مرۆییەكانەوە بۆ ژنان دابینكراوە بەدەوڵەتو تۆماركردنیان لەدەستوورو یاساكاندا.
هەروەها بە هاوکاری لەگەڵ ژنانی ڕێکخستنەکانی دیکەدا چەندین پێشنیاریان لە بواری یاسایی پێشکەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كردووە، لەوانە؛
– یاسای دەستدرێژی سێكسی ساڵی ٢٠١٣ بۆ پەلەمانی كوردستان
– هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە ٨٨ی ساڵی ١٩٥٩
– هەمواری یاسای سزادانی عیراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩
– هەمواری یاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی ساڵی ١٩٨٨
– سەرنجو پێشنیار لەسەر جێبەجێنەكردنی یاسای باری كەسێتی هەمواری ساڵی ٢٠٠٨
– سەرنجو پێشنیار لەسەر پڕۆژە یاسای چاوپێكەوتنی منداڵ ساڵی ٢٠١١
بەشێک لە ڕێکخراوەکانی دیکەی باشووری کوردستان
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان- ١٩٥٢، ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان-١٩٩٢ و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان/ڕژاک-٢٠٠٢.
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٢ دامەزراوە، ٥ کۆنگرەیان ئەنجامداوە، ئامانجیان هۆشیار کردنەوەی ژنانە بە تایبەتی لەسەر زانست و زانیاری ژن بوون، مافەکانی ژنان وەک هەبونێكی راستەقینە، چارەسەر کردنی ئەو کێشانەی لە ئێستادا ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە بەتایبەتی کێشەکانی ڕەگەز گەرای، ناموس پەرستی، هەموو ئەو توندوتیژیانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، هەروەها لەڕووی فکرییەوە بە پەروەردە و پێگەیاندنی ژنان هەوڵی ئەوەی داوە یاساکان بگۆرێت و بە یاسا کێشەکان چارەسەر بکات، هەروەها هەوڵی داوە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کێشەکانی ژنان چارەسەر بکات، لەبواری سیاسی دا بۆ پێگەیاندنی کادری سیاسی کاری کردووە بە ئامانجی ئەوەی ژن لەو بوارەشدا بتوانێت ڕۆڵی هەبێت و ڕابەرایەتی کۆمەڵگە بکات بۆ ئەوەی ژنان لە بواری کارکردندا لە ئەرک و لە مافەکانیاندا یەکسان بن، و هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێت.
لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوەکەوە تا ئێستا ٢٣ کۆنفرانسی فکریان بۆ گەیاندنی فکری ڕێکخراوەکە و ژنان ئەنجامداوە، بەتایبەتی بەئامانجی ئەوەی تەواوی چینوتوێژەکان هۆشیاریان لەلادروست ببێت لەڕێگەی کۆنفرانس و وۆرکشۆپەوە، زۆرترین کارو چالاکی و سیمینار و گردبوونەوەیان ئەنجام داوە.
ڕژاک پێی وایە کێشەی ژن کێشەیەکی ئەقڵییە لە بواری فکرییدا، ئەو جیاکاریە فەرزییەی دروستکراوە لە کۆمەڵگەدا لەڕێگەی کاریگەری کۆمەڵگەیە بۆ سەر زهنیەتی تاکەکانی کۆمەڵگە و ئەوەی باجی هەموو ئەوەشی داوە ژن بووە، هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا بە مەبەست ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەیە ژنان هۆشیار نەبن، هەروەها لەڕێگەی قوتابخانەکانەوە لەناو کۆمەڵگەدا لەناو خێزاندا دەیانەوێت ئەوە لە ژن بگەیەنن کە ژن کۆیلەیە و بە کۆیلەی لەدایک دەبێت و بە کۆیلەیش دەمرێت، بەڵام ئەو تێکۆشانە فیکریانەی لەڕێکخراوەکەوە ئەنجام دراوە توانیویەتی ڕۆڵی بەرچاو ببینێت لە کۆمەڵگەدا، ڕژاک دەیەوێت ژن خۆی بناسێت و پیاو بناسێت، بۆ بەرەنگار بوونەوەی هەموو ئەو ئەقڵیەتە چەواشەکارییەی کە لەسەر هەموو تاکەکانی ناو کۆمەڵگە بەڕێوەدەچێت، چەندین چالاکی و سیمنار و گردبوونەوە و ڕێپێوانیان کردووە.
کەمپەینی "نا بۆ توندوتیژی" لە ساڵی ٢٠٠٦دا کە بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بوو، یەکێکە بوو لە کەمپەینەکانی ڕێکخراوەکە کە زۆرترین چالاکی بۆ ئەنجام دراوە، لە ساڵی ٢٠٠٧دا پڕۆژە یاسایەک بە ناوی پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی پێشکەشی پەرلەمان و حکومەت کرد، ئەو پرۆژە یاسایە لە ساڵی ٢٠١١ بڕیاری لەسەردرا، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە پەرلەمان باسی ڕژاک نەکرا، هەروەها کەمپەینەکانی دیکە کە ئەنجامدرا، قەدەغەکردنی خەتەنەی مێینە، قەدەغەکردنی فرە ژنی، بەڵێ بۆ بەشداری کارای ژنان لە بواری سیاسیدا بوون.