مەرزیە؛ دەنگێک بە ڕەنگی خۆشەویستی وڵاتەکەی

مەرزیە فەریقی، ژنە هونەرمەندی کورد کە بە دەنگە بە سۆزەکەی هەر لە شاخەکانی کوردستانەوە تا دەرەوەی وڵات، تێکۆشان و جوانیەکانی گەل و وڵاتەکەی دەخستە بەر چاو و گوێ.

سلێمانی

 

"تۆ شادیمی تۆ شادیمی، تۆ فریشتەی ئازادیمی

تۆ هێلانەی خۆشبەختیمی، تۆ پەیامی سەرسەختیمی..."

 

دوو دێڕ لە گۆرانیەکانی هونەرمەند، مەرزیە فەریقی، کە دەتوانی تیایدا خۆشەویستی بۆ وڵات ببینیت و هەستی پێبکەیت. مەرزیە، ژنە هونەرمەندی شۆڕشگێڕ، کە توانی بە ڕێگای هونەرەکەیەوە وەک ژنێکی هونەرمەند، خزمەتێکی بەرچاوی هونەری کوردی بکات.

 

ناوی تەواوی مەرزیە شەهاب عەبدوڵایە، لە ٢٢ی ئایاری ١٩٥٨ لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک و باوکێک کە لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری سنەن، لەدایکبووە.

 

مەرزیەی دەنگ خۆش، هەر لە تەمەنی منداڵیدا هەستی بە بەهرەکەی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەو سەردەمەدا گۆرانی گوتن بۆ ژنان لە لایەن کۆمەڵگەوە ڕێگە پێدراو نەبووە، ڕێگای هونەری لێگیراوە، بەڵام سەرەڕای کۆسپ و کێشەکان مەرزیەی هونەرمەند، کە دەنگی وەک گڕکانێک گەش لە هەناویدا دەقۆڵیا، پاڵی دەنێت بۆ ئەوەیکە تەسلیمی داب و نەریتەکانی کۆمەڵگە نەبێت و سوڕ بێت لە گەیشتن بە ئارەزووەکانی. سەرەتا بە شانۆوە دەست پێدەکات و بۆ یەکەمین جار لە تەمەنی ٩ ساڵیدا چووەتە سەر شانۆی قوتابخانەکەی و یەکەمین گۆرانی کە لەو کاتەدا گوتوویەتی گۆرانییەکی (فەتانەی وەلیدی) بووه.

 

مەرزیە تەمەنی منداڵی تا ١٧ ساڵی ژیانی لە شاری مەریوان بەسەر بردووە، دواتر لە کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠دا بۆ خوێندنی مامۆستایەتی ڕووی کردووەتە شاری سنە و لەوێ بڕوانامەی دبلۆم لە بواری مامۆستایەتیدا بەدەست دەهێنێت و لە گوندێکی نزیک شاری مەریوان دەست بەکاربووە.

 

لە ساڵی ١٩٧٧ لە شاری سنە بە هونەرمەند (ناسر ڕەزازی) ئاشنا دەبێت و لە ساڵی ١٩٧٨ هاوسەرگیری دەکەن.

 

"هونەرمەدنێکی شۆڕشگێڕ"

مەرزیە، ئەو کەسە بوو کە ڕۆحی بە هونەر و وڵاتپارێزی ئاو دەدا. لە ساڵی ١٩٧٩دا لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا مەرزیە فەریقی بەشداری لە خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکان دەکات، بەو هۆیەوە بۆ ماوەیەک کەوتووەتە بەندیخانە و کاری مامۆستایەتییەکەی لێ سەندراوەتەوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی پاشەکشەکردن لە خواستەکانی و لە ساڵی ١٩٨٠ بە هۆی داواکراوییەوە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، مەجبور دەبێت شاری سنە بە جێبهێڵێت و لە گەڵ ناسر دەچێتە شاخ و دەبێتە پێشمەرگە. ئێتر مەرزیە تەنها هونەرمەند نەبوو، بەڵکو هونەرمەندێکی شۆڕشگێڕ بوو.

 

کاتێک دەڵێن هونەر بەشێکە لە شۆڕش و هونەرمەندان پێشەنگانی شۆڕشن و دەتوانن بە بەهرەکانیان مۆری خۆیان لە مێژوو بدەن، دەتوانین مەرزیەش یەکێک لەو هونەرمەندانە حەساب بکەین. لەو ساڵانەی کە مەرزیە لە شاخ دەبێت بە سرود و گۆرانیە شۆڕشگێڕییەکانی هێز، ورە و کڵپەی دەخستە ناو دڵی ئەو کەسانەی کە گوێبیستی ئەو دەنگە بوون.  گۆرانی (هەڤاڵی پێشمەرگە) یەکێک لەو گۆرانیانەیە کە بە هەر جار گوێ لێگرتن، ئەو کڵپە لە ناو دڵدا زیندوو دەکاتەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆشمان بە هەر جار گوێگرتن ئەو کڵپە زیندوو دەبێتەوە.

 

مەرزیە فەریقی تا ساڵی ١٩٨٤ لە تێکۆشانی خەباتگێڕی بەردەوام دەبێت، دواتر لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٥ لە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبن.

 

مەرزیەی کە بە جەستە لە ئەوروپا و بە ڕۆح و دڵ لە کوردستان دەبێت، بەردەوام هەستی دووری لە وڵاتەکەی ئازاری دەدات و لە ساڵی ١٩٩٤ دا بە گۆرانی وتن و تۆمارکردنی چەند بەرھەمێک هەوڵ دەدات ئەم ئازارە کەم بکاتەوە.

 

ڕووناکی هونەری مەرزیە بە شێوەیەکی جیاواز داگیرساوە و بەردەوام بووەتە ڕەمزی ژنە هونەرمەندەکانی کورد لە هونەری موزیک و گۆرانی کوردیدا، جگە لەوەش دەبێتە نموونەی ژنێکی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی و بەرگریکاری دۆزی کورد و سەربەخۆیی، چالاکانە بەشداری لە چالاکییە جۆراوجۆرەکان دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە مافەکانی ژنان و منداڵان.

 

مەرزیە هوەنەرمەندێکە بە ڕۆحێکی نەتەوی کە دوژمن نەیتوانی لە خەیاڵیدا، کوردستانێک پارچە کراو و سنووردار  بنەقشێنێت. مەرزیە بە هەنگاوەکانی لە ژیان و خەباتە هونەرییەکەی، بەردەوام تێکۆشانی بۆ کوردستانێکی یەک پارچە دەکات و بە گۆرانی وتن بە زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردی، ئەوەی نیشانمان دەدا کە وەک ژنێک چەندە هەستی نیشتمان پەروەری تێدا زیندوو بوو و لە ڕۆژی ئەمڕۆدا و بۆ نەوەی ئێستا، گۆرانیەکانی یادەوەری ئەو وڵاتپارێزییە کە مەرزیە تا کۆتا هەناسەی لەگەڵیدا ژیانیکرد.

 

هونەرمەند و شۆڕشگێڕ مەرزیە فەریقی ڕۆژی ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٥ بە هۆی نەخۆشی لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد و لە دوای دووریکی چەندین ساڵە گەڕایەوە ئامێزی کوردستان و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

 

عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری گەلی کورد دەڵێت:" دیاردەی ژن وەک دیاردەیەکی هونەری زیاتر واقعیی و ژیانییە". مەرزیە فەریقی ئەو ژنە بوو کە بە هونەرەکەی واتای دا بە ژیان، ئازار و ستەمەکانی  گەل و وڵاتەکەی. مەرزیە، ئەو ژنە شۆڕشگێڕە بوو کە وەک هونەرمەندێک ژن، لە ئەرکی سەرشانی لە بەرامبەر کۆمەڵگەکەی تێگەیشتبوو، وەکوو خۆی لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی لە ماڵەکەی لە سوێد دەڵێت:" خۆشەویستی بۆ کوردستان بەر لە هەموو خۆشەویستییەکە لە لای و  ئارەزوو و هیوایەتی ئازادی کوردستانە. مەرزیە خۆشەویستی بۆ هونەرەکەی لە ناخیا بە خۆشەویستی وڵاتەکەیەوە کردبووە یەک و بە دەنگە خۆشەکەی، وەکو بلبلێک ئەڤینی وڵاتەکەی لە شاخ دەشتەکان ئەچڕی، هەر وەک خۆی لە گۆرانی "بێ تۆ"  دەڵێت:

"ئەتپەرستم ئەتپەرەستم

بە ئاواتی تۆوە مەستم

هەر دێممەوە بۆ ئامێزێت

دەشنێمەوە بە شنەی هێزیت

ئەیڵێمەوە بەستەی بەستان

قوربانت ئەبم کوردستان..."