عێراق بە درێژای مێژوو لە لێکەوتەکانی جەنگدا دەژی
لە مێژوودا "میزۆپۆتامیا" ناوەندی ژیان و ئاوەدانیی بووە، بەڵام هەر لەگەڵ ئەو مێژووەدا ئەنجامدانی ناکۆکیی و شەڕ لەلایەن وڵاتان و دەسەڵاتدارانی زلهێزەوە بەشێکی دانەبڕاو بووە لە دیرۆکی ئەم جوگرافیایەدا.
بێریڤان کەمال
ناوەندی هەواڵ- لە مێژوودا "میزۆپۆتامیا" بەهۆی بەپیتی خاکەکەی و هەبوونی چەندین سەرچاوەی وزەی سروشتی و ئاو ناوەندی ژیان و ئاوەدانیی بووە، بەڵام هەر لەگەڵ ئەو مێژووەدا ئەنجامدانی ناکۆکیی و شەڕ و ئاژاوە لەلایەن وڵاتان و دەسەڵاتدارانی زلهێزەوە بەشێکی دانەبڕاو بووە لە دیرۆکی سەر ئەم جوگرافیایە.
بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی دێرینی بەر لە هەزاران ساڵی پێش زایین، چەندین ڕاستی بەدیدەکرێت کە ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتیی و میزۆپۆتامیا بە تایبەتی ناوچەی نائارام و پڕ لە ئاژاوە و کێشمەکێش بووە، هەر لە سۆمەرییەکانەوە تا دەگاتە ئاکادیی و حیسیی و ئاشووری و بابلی و کلدانی و دەسەڵاتی فارسەکان، ئەو سەرزەمینەی ئەمڕۆ پێیدەوترێت عێراق، گۆڕەپانی سەختترین ململانێی توندوتیژ و شەڕ و کوشتاری بێ بەزەییانە بووە، خەڵکی ناوچەکە بە خوێن قوربانیان لەپێناو خاکەکەیاندا داوە.
کورد بەشێک بووە لە هێزی پاراستنی خاکی عێراق
سووربوونی ڕووباری دیجلە لە خوێندا لەلایەن مەغۆلەکانەوە بە سەرۆکایەتی هۆلاکۆ رووداوێکی خوێناویی ئەوەندە گەورەیە تا مێژوو هەیە لە بیر ناچێتەوە، لەو مێژووەشدا بەدرێژای قۆناغەکان کورد بەرخۆدانی گەورەی لە دژی داگیرکەران و دوژمنانی کردووە و ڕێکخستنیان پێکهێناوە و ئازایانە جەنگاون و ڕووبەڕووی داگیرکاری بوونەتەوە.
قۆناغەکانی داگیرکاریی ئینگلیزەکانیش لە ناوچەکەدا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بێ شەڕ و خوێنڕێژیی و کاولکاریی نەبووە و هەمیشە چاویان بڕیوەتە خاکی بەپیت، وزەی سروشتی ناوچەکە و سەرچاوە ئاوییەکانی، بۆیە ئینگلیزەکان ململانێکانی خۆیان لە ناوچەکانی میزۆپۆتامیا ئەنجامداوە و هەموو کات ژێرخانی دەوڵەمەندی ناوچەکەیان بۆخۆیان بەکارهێناوە و خەڵکەکەیان بەرەو هەژاری بردووە و ڕووبەڕووی شەڕ و داگیرکارییان کردونەتەوە.
کوردەکان لە دوای شکستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی ١٩١٨دا کەوتنە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا و بە ناعەدالەتی لە بەدەستنەهێنانی سەربەخۆیی زنجیرەیەک یاخیبوون و ڕاپەڕینی دژ بە بەریتانیەکان و فەرمانڕەوایی بەغدا ئەنجامدا.
کوردستان بەهۆی وڵاتانی دراوسێوە کەوتووەتە بەر زیانی شەڕ و ململانێ
٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ پەیماننامەی لۆزان بەسترا وەک پێداچوونەوەیەک بە پەیماننامەی سیڤەردا، لە ژێر سایەی حکوومەتی ئینگلیز دەوڵەتی عێراق دروستدەکرێت باشووری کوردستان وەک بەشێک لە جوگرافیای عێراق دیاریکرا و سوپایەکی بۆ دادەمەزرێنرێت، ئیدی بەرە بەرە سوپا ڕێگەی زیاتری پێدەدرێت ڕۆڵ لە هاوکێشە سیاسییەکاندا ببینێت، بەڵام تا ئێستا ئەو سوپایە نەیتوانییوە خزمەت بە گەل بکات، کوردستانیش ناوچەیەکی تەواو دەورەدراوە بە ٤ وڵات، بەوهۆیەشەوە زۆرجار کەوتووەتە بەر زیانی ئەو شەڕانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووەتەوە، یاخود شەڕەکان لە هەناوی کوردستاندا هەڵگیرساون.
عێراق بەردەوام ناوەندێک بووە بۆ ململانێی چەندین تائیفە، نەتەوە و مەزهەبی جیاواز، ئەم ململانێیانەش نەک لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا دروستبوون، بەڵکو ڕیشەکەیان بۆ مێژوویەکی دێرینەی هەزار ساڵە دەگەڕێتەوە، دروستبوونی شەڕ و داگیرکاری و ململانیهکان لەم ناوچەیەدا بە درێژای مێژوو بەردەوامی هەبووە، بەڵام ئەم دەوڵەتە نەیتوانی هیچ کام لەم کێشانە چارەسەر بکات و بگرە زۆرجار بووەتە هۆی ئەوەی کێشە و برینەکانی جەستەی هاوڵاتیان قووڵتر بکاتەوە.
لە ساڵی ١٩٩٢، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزرا و پایتەختەکەی ھەولێرە و پەرلەمانی ھەرێم ھەڵبژێردرا و ناوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراقە و کابینەکەی لە پارتە سیاسییەکان و ھاوپەیمانەکانیان پێکھێنرا، دوای ڕووخانی رژێمی بەعس و پرۆسەی ڕزگاری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ سیاسییەکانی کورد بوونە ئەندام لە ئەنجوومەنی حوکمەتیی عێراق، بەڵام شەڕ و ململانێکان لە ناوچەکەدا دەستی پێکرد کە چەندین هێرشی تیرۆرستی و تەقینەوە ڕوویدا.
کەشتییەکەی عێراق لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە ئاڕاستە دەکرێت
چەندین گروپی تیرۆرستی و گێرەشێوێنی دروست بوون لەوانەش: گروپی تیرۆرستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ کە چەندین زیانی لە دانیشتوانی عێراق و بەتایبەت موسڵ و شەنگالدا، بووە هۆی دروستبوونی چەندین قەیران و پێکهاتە جیاوازەکان کە ئاین و نەتەوە لەم ململانێیانەدا ڕووبەڕووی هێرش و کوشتن بوونەوە، تا ئێستاش ململانێی نێوان پارتە سیاسییە ناوخۆییەکان لە عێراق بەردەوامی هەیە، دروستبوونی چەندین گروپی توندڕەوی جیاواز نەتواندراوە ڕێگری لێبکرێت، لە ساڵی ٢٠٢٠دا گرووپە میلیشیاکان زۆرترین ڕۆڵیان هەبوو لە ئاڵۆزییەکانی عێراق و بەشێک لەو ئاڵۆزییانە کاریگەریی خراپی لەسەر پێگەی دامەزراوە سیاسی و یاساییەکانی عێراق هەبووە.
دەستێوەردانە نێودەوڵەتییەکان تا ئێستا کارییگەریان هەیە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی عێراقدا، داگیرکاری نەتەوەکانی دراوسێ و هێرشکردنەکان بەردەوامی هەیە، داگیرکاریی تورکیا هەموو ناکۆکییەکانی ناو عێراق بە ئامانجی فراوانکردنی پیلانە داگیرکارییەکانی دەقۆزێتەوە، ئێرانیش بەردەوامە لە ململانێکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا لە ناو خاکی عێراقدا، سەرباری هەموو ئەم گرژییانە حوکمەتی عێراق و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانییووە هەڵوێستی جدیان هەبێت و هەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆ و ڕێگری کردن لە دەستوەردانە دەرەکییەکان و پاراستنی سنوورەکانی لەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەری، بە بڕوای شارەزایانی سیاسی کەشتییەکەی عێراق بەردەوام لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە ئاڕاستە دەکرێت چونکە هێزە کوردییەکانی ناوچەکە هیچ ڕۆڵێک لە پاراستنی گەل و نیشتیمانەکەیاندا ناگێڕن و حوکمەتی عێراقیش بێدەنگی هەڵبژاردووە.