بەهاری گەلان و پێگە و سەنگی کورد

بەهاری گەلان لە وڵاتانی عەرەبی خواستی گەلانی پێکنەهێنا، بەڵام کورد ڕاپەڕینی گەلی بۆ بنیادنانی سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک گۆڕی.

هێرۆ عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- بەهاری گەلان، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ و سەرەتای ساڵی ٢٠١١دا شەپۆلێکی بەرفراوانی شۆڕش و ناڕەزایەتی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانی عەرەبیدا بوو، سەرەتای شۆڕشەکەش لە تونسەوە سەریهەڵدا و دواتر پریشکی شۆڕشەکە گەیشتە زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە شۆڕشی بەهاری گەلان ناوزەد کرا.

 

هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشەکەش گەندەڵی وچەقبەستویی ئابوری و خراپی ژیانی هاوڵاتیان و خراپی باری ئاسایش و ناڕوونی و دەستكاریكردنی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن بوو، كە خەڵكی بە دەروازەی سەرەكی دیموکراسیی و گۆڕانكارییەكانیان دەزانی، هەروەها کاتێک گەنجێک بە ناوی محەمەد بوعەزیزی، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە تێکچوونی بارودۆخی ژیان و ئابووری و بێتوانایی لە دەستەبەرکردنی بژێوی بنەماڵەکەی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بڵێسەی شۆڕشەکە لە تونس هەڵگیرسا.

 

شۆڕشی تونس لە ١٤ی کانوونی دووەمی٢٠١١ کۆتایی هات، کاتێک زەینولعابدین کوڕی عەلی بە فڕۆکە وڵاتەکەی بەجێهێشت و بەرەو جەددەی سعوودیە بەڕێکەوت و هەر لەو ڕۆژەشدا محەمەد غەنووشی سەرۆک وەزیران دەستبەکاربوونی کاتی خۆی لە پۆستی سەر کۆمار ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی سەر کۆمار بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٦ی دەستوور بوو، بەڵام دوای ڕۆژێک ئەنجوومەنی دەستوور بڕیاریدا پەنا بۆ ماددەی ٥٧ی دەستوور ببات و پۆستی سەرۆک کۆمار بە بەتاڵ ڕابگەیەنێت، دواتر لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ ڕاگەیەندرا کە فوئاد موبزیعی، سەرۆکی پەرلەمان بە شێوەیەکی کاتی لە پۆستی سەرۆک کۆمار دەستبەکار دەبێت تاوەکو هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی.

 

میسر

دوای تونس یەکێکی تر لەو وڵاتانەی ڕووبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایی دانیشتوانەکەی بووەوە، میسر بوو، کە لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١١، خەڵکی میسر لە قاهیرە و ئەسکەندەریە و شارەکانی دیکە ڕێپێوانیان کرد و داوای ڕۆیشتنی حوسنی موبارەک سەرۆک کۆماریان دەکرد، کە ماوەی ٣٠ ساڵ بوو لە دەسەڵاتدا بوو، دواجار لە ١١ی شوباتدا، حوسنی موبارەک دەستی لەکارکێشایەوە وکۆنترۆڵی ڕادەستی سەربازی کرد، دواتر ئیخوانییەکان دەرفەتەکەیان بەکارهێنا و توانیان دەسەڵات بگرنەدەست، دواجار لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٢ محەمەد مورسی بە ڕەسمی بووە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، بەڵام تەمەنی محەمەد مورسی لە دەسەڵات کەم بوو، لە ٣ی تەمموزی ٢٠١٣، سوپای ئەو وڵاتە کودەتای بەسەردا کرد و لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، وەزیری بەرگریی ئەوکاتەوە لە دەسەڵات لادرا و خرایە زیندانەوە و لە ساڵی ٢٠١٩شدا لە زیندان گیانی لەدەستدا.

 

یەمەن

هەروەها لە ڕۆژی هەینیی ١١ی شوباتی ٢٠١١، شۆڕشی لاوانی یەمەن یان شۆڕشی گۆڕانکاریی ئاشتیانە سەریهەڵدا، کە ناوی نرا “هەینی تووڕەیی”، شۆڕشەکە بەهۆی شۆڕشەکانی پێش خۆیەوە بوو لە تونس و میسر، کە لە هەمان ڕۆژدا حوسنی موبارەک، سەرۆک کۆماری میسر دەستی لە کار کێشایەوە، ئەمەش بووە هۆی هاندانی گەنجانی یەمەن، کە داوای گۆڕانکاریی ئابووری و کۆمەڵایەتییان لە ڕژێمی عەلی عەبدوڵا ساڵح دەکرد، کە بۆ ماوەی ٣٣ ساڵ بوو حوکمی وڵاتی دەکرد، ڕۆژی ٤ی حوزەیران عەلی عەبدوڵا ساڵح بەرەو سعوودیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر بەڕێکەوت، دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی ٣ی حوزەیران گولەتۆپێک بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیدا کەوتە خوارەوە، لە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠١١ گەڕایەوە بۆ یەمەن و لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١١، واژۆی لەسەر دەستپێشخەریی کەنداو کرد، بەپێی ئەو دەستپێشخەرییە دەسەڵاتەکانی خۆی بە جێگرەکەی، عەبد ڕەببوح مەنسوورهادی ڕاسپارد و بەرەو شانشینی عوممان و دواتریش بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ وەرگرتنی چارەسەر بەڕێکەوت و دەست لەکارکێشانەوەی لە دەسەڵات ڕاگەیاند، بەم شێوەیە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هات.

 

لیبیا

یەکێکی تر لەو وڵاتانەی پریشکی ئاگرەکەی تونسی بەرکەوت لیبیا بوو، ئەوکاتەی ناڕەزایەتییەکان لە لیبیا بەرپا بوون، موعەممەر قەزافی سەرۆکایەتی لیبیای دەکرد، دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکان، وڵات بەرەو شەڕێکی سەختی ناوخۆیی رۆیشت وئەوانەی ناویان لەخۆیان نابوو دەستەی شۆڕشگێڕان، توانیان لە ڕووبەڕوو بوونەوەیەکدا موعەممەر قەزافی بە برینداری بگرن و دواتربیکوژن، سەرەنجام دوای ٤٠ ساڵ بەردەوامی لە هەڕەمی دەسەڵاتی لیبیا، کۆتایی بە فەرمانڕەواییەکەی هات.

 

ئوردن

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ لە ناوچە جیاجیاکانی ئوردن ناڕەزایەتی دەستی پێکرد، لەژێر کاریگەری ئەو شەپۆلە بەرفراوانە ناڕەزایەتییانەی کە لە جیهانی عەرەبیدا سەریهەڵدا، لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ دوای نوێژی هەینی دەستیان پێکرد ولە هەفتەکانی دواتردا بەردەوام بوون، بەڵام بەهۆی چاکسازییەکانی حکومەتەوە هێوربوونەوە.

 

شۆڕشی گەلان بە ڕووخاندنی پێنج ڕژێم و سەرۆک سەرکەوتوو بوو لە هەریەک لە وڵاتانی تونس، میسر، یەمەن، ئوردن و لیبیا بوون، لە هەندێک وڵاتی دیکەی عەرەبیشدا شۆڕش سەریهەڵدا، بەڵام هەر زوو کۆتایی پێهێنرا و گۆڕانکاری نەکرا، وەک سعودیە، جەزائیر، جیبۆتی، عومانم عێراق و کوێت.

 

سووریا

لە سووریادا ئەنجامەکانی بەهاری گەلان جیاواز بوو، بوونی کورد لەو وڵاتەدا سیستمێکی نوێی دیموکراسی بنیاد نا، لە ١٥ی ئاداری ساڵی٢٠١١دا، گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دژی ڕژێمی سووریا دەستیان بە ڕاپەڕین کرد، دواجار لە ١٩ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٢، بەهێز و ئیرادەی گەل ئەو ڕاپەڕینە بوو بە شۆڕشێکی هاوچەرخ و نوێ بۆ گەلی کورد و گەلانی سووریا.

 

کاتێک گەلانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، لە دژی ڕژێمی ئەسەد ڕاپەڕین، لە شاری کۆبانێ و لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢دا، یەکەم زەنگی شۆڕش لێدرا، کوردانی شارەکە دارودەستەی ڕژێمیان ڕاماڵی و مژدەی ئازادکردنی شارەکەیان ڕاگەیاند، ئەگەرچی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، شەنگال و موسڵیش بوونی هەبوو، بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان بوو بە لانکە و شوێنی شۆڕشگێڕان و پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی گەلان لێرەوە بەردی بناغەی خۆی دانا.

 

ئەمە بووە زەمینەی دامەزراندنی سیستمێکی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەرجەستەکردنی شۆڕشێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی، هەروەها دامەزراندنی سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، کە یەکێکە لە پایە هزرییەکانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان. ئەم سیستمە بنەما و پێوانەکانی ئازادی ڕەگەزی و دیموکراسی ڕاستەوخۆ و پاراستنی ژینگە و ئازادی ژن و نەتەوەی دیموکراتیک لەخۆدەگرێت، کە توانیویەتی ئامێز بۆ هەموو جیاوازییەکان بکاتەوە و دروشمی پێکەوە ژیان بخاتە جێی توندڕەویی و نەژادپەرستییەوە.

 

کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، سیستمێکی دەوڵەتی نییە، بەڵکو سیستەمێکی دیموکراسی نادەوڵەتیی گەلە، سیستمێکە کە تیایدا هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەتی ژنان و گەنجان، ڕێکخستنی دیموکراسی خۆیان دروست دەکەن و سیاسەت بە ئازادی دەکەن و هەمووان تیایدا بەشدارن.

 

شۆڕشی گەلان لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامی هەیە و گەلانی سووریا و ئازادیخوازان توانیان لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕژێمی بەشار ئەسەد بڕوخێنن و کۆتایی بەدەسەڵاتەکەی بهێنن. ئێستاش تێکۆشان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت و بە ڕێگەی دیبلۆماسی و گفتوگۆ هەوڵ بۆ چەسپاندنی مافی نەتەوە و پێکهاتەکانی سووریا دەدرێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکان "پێوەرەکانی دیموکراسی" لە وڵاتانی عەرەبیدا لە ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٠، واتە دوای دەستپێکردنی‌ بەهاری گەلان باشتر بووە، بەڵام ئەو وڵاتانەی کە ڕژێمەکانیان ڕووخا، تا ئێستا لەناو قەیرانێکی سەختدا ژیان دەکەن و باس لەوە دەکەن شۆڕشەکەیان بۆ ژیانێکی باشتر بووە، نەک ئەوەی کە ئێستا بنیادنراوەتەوە.