دابەشکاری خاکی کوردستان بەدرێژای مێژوو لەلایەن زلهێزەکانەوە
بەگوێرەی میساقی میللی ساڵی ١٩٢٠، ویلایەتی موسڵ "باشوری کوردستان" و ویلایەتی حەلەب "بەشێک لە ڕۆژئاوای کوردستان" بەشێک بوون لە خاکی تورکیا، هەر بۆیەش دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات ئەو میساقە زیندووبکاتەوە و چەندین هێرشی داگیرکاری لە ساڵی ١٩٨٣ ەوە دەستپێکردووە.
ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی میساقی میللی ٢٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٠، ویلایەتی موسڵ "باشوری کوردستان" و ویلایەتی حەلەب "بەشێک لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان" بەشێک بوون لە خاکی تورکیا و لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم، دەسەڵاتدارێتی چوار سەدە حوکمڕانیی دەوڵەتی عوسمانی بەسەر باشور و بەشێک لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە کۆتایی پێهات.
لەسەردەمی حوکمڕانی موستەفا کەمال ئەتاتورکدا، لە دوای ڕێککەوتننامەی لۆزانی ساڵی ١٩٢٦ تورکیا بە یەکجاری و بەشێوازێکی ناچاری دەستبەرداری شارەکانی ویلایەتی موسڵ بوو و کۆماری تورکیای ئێستا دروستبوو.
تەمەنی پەیماننامەی لۆزان ١٠٠ ساڵە و لە ڕۆژی ٢٤ی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٣ کۆتای دێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەوڵی زیندووکردنەوەی میساقی میللی دەدات و دەیەوێت باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بلکێنێت بە تورکیاوە چونکە بە خاکی خۆی دەزانێت کە حەلەب، موسڵ، کەرکوک و هەولێر و سلێمانی لە باشوری کوردستان دەگرێتەوە، هەربۆیەش تا ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا بە بەردەوامی هەوڵدەدات ئەو ناوچانە بخاتەوە سەر سنووری تورکیا، کاربەدەستان و بەرپرسانی تورکیا لە وتار و قسەکانیاندا ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە ئامانجیان زیندووکردنەوەی ئەو میساقەیە.
پەیامی میساقی میللی چییە؟
لە کۆتای جەنگی جیهانیدا دەوڵەتی عوسمانی لاواز ببوو کە تەنیا خاکی تورکیای ئەمڕۆ، باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان و بەشێک لە خاکی یۆنانی ئێستای بەدەستەوە مابوو، وڵاتە زلهێزەکانی ئەوکات هەوڵی بچوککردنەوی زیاتری دەوڵەتی عوسمانیان دەدا تا دواجار لە چوارچێوەی کۆماری تورکیای ئێستا کۆیانکردەوە، بەڵام بەر لە ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی پڕۆژەیەکی بەناوی میساقی میللی بۆ ئاشتی ئامادەکرد، کە ئەم پڕۆژەیە دواتر لە ٢٨ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٠ لە پەرلەمانی تورکیاوە پەسەندکرا کە لە جەند خاڵێک پێکهاتبوو:
١- ئەو بەشانەی خاکی دەوڵەتی عوسمانی بەتایبەت ئەوانەی زۆرینەی دانیشتوانەکەی عەرەبن و لە دوای ئاگربەستەکەی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨ لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی ڕۆژئاوا ماونەتەوە پێویستە بە ڕیفراندۆم چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە.
٢- هەر سێ ویلایەتی قەرس، ئەردەهان و باتوم ڕیفراندۆم بکرێت بۆئەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانی بمێننەوە یاخود نا.
٣- دیاریکردنی چارەنووسی ڕۆژئاوای تورکیا کە تا بەستنی ئاشتی لەگەڵ تراکیا بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە و دواتر ڕیفراندۆمی بۆ دەکرێت.
٤- ئاسایشی دەریای مەڕمەڕە و شاری ئەستەنبوڵ ناوەندی خەلافەتی ئیسلام دەبێت لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرشێک پارێزراو دەبێت.
٥- لە چوارچێوەی بنەماکانی ڕێککەوتننامەکانی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و وڵاتانی ڕۆژئاوا مافی کەمینەکان گرەنتی دەکرێت.
٦- دەستەبەرکردنی پێشکەوتنی نیشتیمانی و ئابووری و سەرخستنی مەرجەکانی پێشکەوتنمان پرەنسیبی سەرەکی بوون و داهاتوومانە.
بە پێی ئەم پەیمانە دەبوایە هەموو هێزە سەربازییەکان لە شوێنی خۆیان بمێننەوە تا پەیمانی ئاشتی واژۆ دەکرێت، لەو قۆناغەدا ویلایەتی موسڵ کە زۆرینەی باشوری کوردستانی دەگرتەوە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای عوسمانیدا بوو.
بەڵام بەریتانییەکان لە پێگەی ستراتیژی و گرنگی موسڵ تێگەشتبوون و ئاگربەستی مەندەرێسیان پشتگوێخست و پەلاماری موسڵیاندا، ئەو شارەیان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی دەرهێنا و لە دەرئەنجامدا پەیمانی سیڤەر و دواتر لۆزان بەسترا، میساقی میللی عوسمانی وەک بڕیاری تاک لایەنەی تورکەکان چووە کتێبخانەی مێژووەوە و کۆماری تورکیای ئێستا دامەزرا.
دەستپێکی ململانێکان لەناو خاکی باشوری کوردستان
لە ساڵی ١٩٨٣وە هێزە چەکدارەکانی تورکیا زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە باشوری کوردستان لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان و هاتنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، لەو ململانێیانەشدا زیاتر لە ٣٧ هەزار کەس ژیانیان لەدەستداوە.
ساڵی ١٩٩٢ ناکۆکیی کورد و تورکیا لە باشوری کوردستان دەستیپێکرد و لەو کاتەوە بە پچڕپچڕی بەردەوام بوو، تورکەکان دەیان بنکەی سەربازیان دامەزراندووە و بە قوڵایی چەندەها کیلۆمەتر هاتونەتە خاکی باشوری کوردستانەوە و چالاکی سەربازییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان کردووە.
ئامانجە سەرەکییەکەی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە ناوچە سنوورییەکان بەدرێژایی سنووری ڕۆژئاوا و باشور تا سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیربکات، هێرشەکانی هەفتانینیش بەشێکی ئەو پیلانەن کە دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات.
تورکیا لە هێرشەکانیدا دەیەوێت تەواوی سنووری نێوان باکور و باشوری کوردستان لە دیوی باشوری کوردستانەوە داگیربکات و بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی باشوری کوردستانەوە و بنکە و بارەگای سەربازیی و هێزی خۆی لێ جێگیربکات، لە ئێستاشدا لە دوای ئەنجامدانی هێرشەکانی زیاتر لە ٣٧ بنکە و بارەگای سەربازی لە ناوچە سنوورییەکان جێگیرکردووە، بە پێی پلانی هێرشەکان بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان دەیەوێت بە نزیکەی ٤٠٪ی ئەو خاکە بلکێنێت بە سنوورەکانییەوە کە لەدوای ١٦ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە وەک بەشێک لەژێر بەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە.
چەندین ئۆپەراسیۆن بە بیانووی جیاواز لەسەر خاکی باشوری کوردستان بەڕێوەدەچێت
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەند ئۆپەراسیۆنێک بە چەندین ناوی جیاواز و بەچەند قۆناغێک ئەنجامدراوە و هەموویان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و بەبیانووی هەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجامدراون، بەڵام بەپێی ئەو وتانەی بەرپرسانی تورکیا لە لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بۆداوە و بە پێی بۆچوونی چاودێران و شارەزایانی سیاسی بەشێکی زۆر زیاتر لەنیەت و خواستی پشت ئۆپەراسیۆنەکان داگیرکاری خاکی کوردستان و لەشکرکێشی زیاترە بۆ ناو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان.
ئۆپەراسیۆنەکان بە چنگ و پەنجە ناسراون و سوپای تورکیا بۆ یەکەمجار لەم ئۆپەراسیۆنانەدا چەکی بالیستی بەکارهێناوە دژی گهریلاكانى ئازادی، بەهۆیەوە زیان بە گوندنشینانی ناوچە سنوورییەکانیش کەوتووە.
ئۆپراسیۆنەكانی پەنجە: بریتییە لەدرێژەی جموجۆڵە سەربازیەكانی سوپای تورکیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستانبۆ داگیرکردنی ئەو خاکە و بیانووەکەشی گەریلاکانی ئازادین.
ئۆپراسیۆنی پەنجەی ١ و ئۆپراسیۆنی پەنجەی ٢ هەروەها ئۆپراسیۆنی پەنجەی پڵنگ بەچوار قۆناغ بەردەوامی هەبوو، ئۆپراسیۆنی پەنجەی هەڵۆش ئەو ئۆپراسیۆنە بوو كە بە فڕۆكە بۆردومانی كەمپی مەخمور و شنگالی کرد، سوپای توركیا لە مێژووی ڕووبەڕوو بوونەوەیدا بۆ یەكەمجار لەم ئۆپراسیۆنانەدا مووشەكی "بالیستی" بەكا هێناوە.
ئۆپهراسیۆنی پەنجەی یەک لە ٢٨ی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ دەستیپێکرد و ئۆپەراسیۆنی چنگ و پەنجەی دوو لە ١٣ی تەمموزی هەمان ساڵ درێژەی پێدرا، لەدوای ئەوان لە ١٣ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٠ ئۆپەراسیۆنی چنگی پەنجەی سێ دەستیپێکرد و تێیدا سوپای تورکیا بە چەکی کۆکوژ و بالسیتی و سوپایەکی زۆرەوە هاتە نێو قوڵایی خاکی هەرێم و ژمارەیەک لە گوندەکانی سنوری هرورێ و بەرمیزەی کۆنترۆڵکرد.
وەک درێژەپێدەری ئۆپەراسیۆنەکان پەنچەی هەڵۆ دوای پەنجەی سێ بوو کە لە ١٥ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامدرا و جارێکی تر لەشکرکیشییەکی بەرفراوان کرایە سەر ژمارەیەک گوندی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە دارستانەکانی سنورەکە سوتێنران.
پەنچەی پڵنگ ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنە بوو لە ١١ی ئابی هەمان ساڵ دەستیپێکرد و لە ١٠ی شوباتی ساڵی ٢٠٢١ بەهەمان ناوەوە جارێکی تر سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و چیای گارەی بە ئامانج گرت.
لە هەمان ساڵدا بەناوی ئۆپەراسیۆنی چنگ و پەنچەی بروسكەوە لە ٢٤ نیسانی هەمان ساڵ دیسانەوە گوندەکانی سنورەکە و هەرێمەکانی ئاڤاشین، مەتینا و زاپ کەوتنەوەبەر بۆردومانی چڕی سوپای تورکیا و ژمارەیەکی زۆر لەگوندنشینان ناچار بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان بوون و گوندەکانیان چۆڵکرد.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا گەورەترین هێرشی داگیركاریی کراوە بۆ سەر باشوری كوردستان
ئەو هێرشە داگیركارییانەی دەوڵەتی توركیا لە ٢٣ی نیسانی ساڵی ٢٠٢١دا دەستیپێكرد، لەگەڵ ئەوەی هەزاران سەربازی مەشقپێكراوی پڕچەكی لە هێرشەكەدا بەكارهێنا، فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیشی خستە خزمەتی هێرشەكانەوە.
هێرشەکە بۆسەر هەرێمەكانی ئاڤاشین و مەتینا و بەرواری باڵا و زاپ دەستیپێكرد و زیاتر لە ٢٠ بارەگای سەربازیی گەورەی لە هەفتانییەنەوە تا سەری زێڕێی سەر بە ئامێدی دروستكرد، هەر لە سەرەتای هێرشەكانەوە سوپای توركیا لە هەرێمەكانی ئاڤاشین و زاپ و مەتینا بە تەواویی شكستی هێنا بەرامبەر هێزی گەریلا و لە هەشت ناوچە كشایەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە؛ ساڵی ٢٠٢١ دەوڵەتی تورک دوو هەزار و ٤٦١ هێرشی ئاسمانیی و زەمینی ئەنجامداوە، کە ٣٦٧ هێرشیان کیمیایی بوون، لە بەرامبەردا گەریلاکان ٧٤٢ چالاکییان ئەنجامداوە و ٨٦١ سەربازی تورکیای تیادا کوژراوە.
بەپێی ئامارەكانی تیمی كوردستان عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، بەهۆی بۆردومان و هێرشە ئاسمانییەكانی دەوڵەتی توركیاوە، ٣٥ هەزار دۆنم ڕەز و باخ و كشتوكاڵی هاوڵاتیان سوتان و ٣٥٠ سەر ئاژەڵ لەناوچوون، هەر بەهۆی بەردەوامی بۆردوومانەكانەوە بۆسەر ماڵ و ژیانی هاوڵاتییان، دانیشتوانی ٢٩ گوند ئاوارەبوون و ١٥٠ گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان کەوتووەتە سەر.
لە سنووری زاخۆ و بەرواریی باڵا و گوندەکانی دەرییە داودییە، کەشان، دەشتی بەشیر ئاغا، باس ئاغا، کانی قەزە، ئانش، شاران شا، گوندە مەسیحییەکان، ناوچەی خانتوور و هەفتانین، هاوکات لەگەڵ هێرشە داگیرکارییەکان، دەستیان بە بڕینەوە و بە تاڵانبردنی داری دارستانەکانی ئەو دەڤەرانە کردبوو، دوای بڕینەوەشیان لە شوێنەکانیان، ڕێڕەوی سەربازییان دروستکردووە ئەمەش بۆ ئامادەکاریی هێرشکردنە سەر باشوری کوردستان.
ڕۆژی یەک شەممە، ١٧ی نیسان ساڵی ٢٠٢٢ وەزارەتی بەرگری تورکیا بەفەرمی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی پەنجە کلیل ڕاگەیاند و بەپێی پێناسەی ئۆپەراسیۆنەکە و لێکدانەوەی ناوەکەی سوپای تورکیا مەبەستیەتی لەم ئۆپەراسیۆنەدا لەشکرکێشییەکی گەورە بکاتەسەر خاکی باشوری کوردستان و بەشێکی داگیربکات، تا ئێستا لەلایەن گەریلاکانی ئازادییەوە بەرخۆدانی دەکرێت و ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا شکستی پێهاتووە.