میراتی تێکۆشان؛ لە خانەقینەوە بۆ ڕانیە

ئەو ئاڵای بەرخۆدانەی لەیلا لە خانەقینەوە هەڵیگرت بە کوردستاندا گەڕاندنی و گەیاندییە دەستی شەهید چاوەڕێ فریشتە تا لە ڕانیە بە بەرزی بشەکێتەوە و ببێتە نمونەیەک بۆ ژنانی کورد و جیهان.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- ناکرێت لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی و بەرەنگاری گەلی کورد و کوردستاندا چاو لە هەوڵ و تێکۆشانی ژنان نەکرێت، ژنانی کورد ئەگەرچی بەهۆی ئەقڵیەت و دابونەریتی کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی وەلانان و هێشتنەوەیان لە ماڵ دەبنەوە، بەڵام مۆری خۆیان لە تێکۆشانی نەتەوایەتی و ڕزگاریخواز داوە، ئەو ئاڕاستەیەی لە سەدەکانی پێشوودا بە تێکۆشانی ژنان درابوو، بەرە بەرە ڕۆڵیشیان بەرەو کاڵبوونەوە دەبرا، ژنانی کورد دەنگیان تیایدا بەرز کردەوە و بە وتنی نا، سیستمی دیکتاتۆری، فاشیزم و شۆڤێنییان ڕەت کردەوە.

 

ئەم مێژووەی ژنانی کورد، لە هەر سەردەمێکدا و بە شێوازێک خۆی نوێ دەکاتەوە، هەنگاوی دیکە دەبڕێت وەک بڵێی لەناو خۆڵەمێشەوە سەرهەڵدەدەنەوە، باشترین نمونەش چوار قۆناغی تێکۆشانی ژنی کوردە، کە لە نەبوونەوە سەریان هەڵدا و بوونە مۆرکی خەباتی ژنان بۆ ئازادی و ڕزگاری نیشتمان، ئەوانیش؛ ساڵانی خەباتی لەیلا قاسم و هاوەڵانی لە باشووری کوردستان، خۆڕێکخستن و سوپابوونی ژنان لە باکووری کوردستانەوە، شۆڕشی ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان، سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

لەیلا قاسم لە خانەقینەوە سەریهەڵدا

خانەقین لانکەی ژنانی پێشەنگ و تێکۆشەر بووە، ئەو خاکە چەندین کەسی پێشکەش بە کوردستان کرد، ئەحلام مەنسوور و لەیلا قاسم یەکێکن لەو نمونانەی کە هاوشانی یەک لە ساڵانی ١٩٥٠ەکاندا لە دایکبوون و لە ساڵانی ١٩٧٠ەکاندا لە بواری نووسین و تێکۆشانی نەتەوایەتیدا پێشەنگایەتییان کردووە.

 

لەیلا قاسم، چالاکوانێکی سیاسیی کوردی فەیلی و پێشەنگی خوێندکار و ژنان بووە، لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی شاری خانەقین لە خێزانێکی ھەژار و نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە، هەر لەتەمەنی منداڵییەوە هۆگری نیشتیمانەکەی بووە و تەمەنی لە ١٨ ساڵیدا دەبێت کە ئاشنای بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەکەی دەبێت، ساڵی ١٩٧٠ لەناو ڕیزەکانی "یەکێتیی قوتابیانی کوردستان" تێکۆشانی بۆ ڕزگاری نەتەوەکەی کردووە، ساڵی ١٩٧١ لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە، وەک پێشەنگێک لەناو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە هۆشیارکردنەوە و بەڕێکخستن کردنیان.

 

ئەگەرچی لەو ساڵانەدا بە باوەڕی خەڵک ژنان نەیاندەتوانی لە شار و شاخ خەبات بکات، بەڵام لەیلا قاسم توانی خۆی بسەلمێنێت و خەباتێکی بەرفراوانتری سیاسی بەڕێوەبرد و دژ بە نایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان وەستایەوە، چونکە لە ئازارەکانی ژن لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا تێگەیشتبوو، هەروەها هەوڵی بەدیهێنانی ئازادی بۆ کوردستان داوە.

 

"با قژم بە هەوای ئازادی بشنێتەوە"

لەیلا قاسم لە خانەقینەوە کە بەشێكی سیاسەتی ڕژێمی بەعسی تیادا بەڕێوە دەبرا و هەمیشە هەوڵی تەعریبکردن و ڕاگواستنی خەڵکەکەی لەسەر بووە، سەریهەڵدا و لە بەغدا درێژەی بە خەباتی مەدەنی و سیاسی خۆی هێنا، هەروەها خەباتی شاخی بەڕێوەدەبرد، لە ئاداری ١٩٧٤دا ڕژێمی بەعس دەستیکرد بە بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و ھەڵەبجە و گرتنی ڕۆشنبیران، قوتابیان و ئازادیخوازانی کورد، لەو کاتەدا لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی و نەریمان فوئاد و ھەندێک لە ھاوڕێکانی تریان پێیانوابوو، خەباتکردن تەنیا لە شاخ بەس نییە، بەڵکو خەبات و تێکۆشان لە شارەکاندا پێویستییەکی زۆر گرنگی ئەو قۆناغەیە و گەڕانەوە بۆ ناو شارەکان تا درێژە بە خەبات بدەن.

 

بەڵام لە ٢٨ی نیسانی هەمان ساڵدا لەیلا قاسم و چوار لە هاوڕێیانی لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراواندا لە بەغدا دەستگیرکران، ڕۆژنامەی الصورەی زمانحاڵی ڕژێمی بەعس و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی عێراق وەک تێکدەر و تیرۆریست بەناوی کردن، لە ١٢ی ئایاریشدا لەسێدارە دران و لەیلا بووە یەکەم ژن لە مێژووی عێراقدا کە لەسێدارە درابێت، خۆشی داوای کردووە، کە دایکی جلی کوردی بۆ بهێنێت تا بە لەسێدارەدانی ببێتە بووکی کوردستان، هەروەها بە دایکی وتووە، "بەشێک لە قژەکەشم ببڕن و بە کێلی قەبرەکەمەوە هەڵیبواسن و با ئەوکاتەی کوردستان ئازاد بوو قژەکەم بە هەوای ئازادی کوردستان بشنێتەوە ڕوحم ئاسودە دەبێت".

 

لەیلا بوو بە هەنگاوی تێکۆشانی ژن بۆ چوار پارچەی کوردستان

بەسێ ئەرزنجان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە، لە هەڵسەنگاندنێکیدا لەیلا قاسم بە نمونەیەکی گرنگی تێکۆشانی ژنان پێناسە دەکات و لەو بارەیەوە وتوویەتی: لە باشووری کوردستان زانست و تێکۆشانی ئازادیی ژن هەر ڕۆژ زیاتر پێشدەکەوێت، هەروەک دەزاندرێت لە مێژووی باشووری کوردستاندا ژنانی کورد لە بەرخۆدانی دژی ڕژێمی سەدام-دا بە وڵاتپارێزیی، فیداکاریی و چاونەترسیی گەورە جێیان گرتووە و ڕەنجیان داوە، لەیلا قاسم بە کرداری چاونەترسانە و گیانفیدایانەی، بە خۆشەویستی و دڵسۆزیییەکی، بۆ وڵات و ژنانی کورد و هەموو ژنان بووەتە نمونە، سەدان ژن وەک لەیلا قاسم لە ڕاپەرینەکان، لە ژیان و لە شەڕدا بەرخۆدانیان کردووە.

 

ئەم هەڵسەنگاندنەی بەسێ ئەرزنجان، پێگەی لەیلا قاسم دەردەخات بۆ ژنانی کورد، کە چۆن بووەتە هێزێک، سەرباری فشاری ڕژێم، سێدارە، کوشتن، توندوتیژی و تانەی کۆمەڵگە لە ژنێکی سیاسی، تێڕوانینی نەریتی، بۆ عەشق، خۆشەویستی و وڵات بگاتە بەردەم پەتی سێدارە، لە دوای ئەویشەوە نمونەی بەرخۆدانی وەک شیرین عەلەمهولی دژی ڕژێمی ئێران، ساکینە جانسز دژی دەوڵەتی تورکیا، ئارین میرکان دژی داعش لە چوار پارچەی کوردستان دەرکەوتن و بوونە درێژە پێدەری خەباتی لەیلا قاسم.

 

لەیلا ئاڵاکەی خۆی لە خانەقینەوە بەرەو ڕانیە شەکاندەوە

لەیلا هەنگاوێک بوو بۆ ژنانی کورد لە باشووری کوردستان و عێراق، ئەم شوێنپێیەی لەیلا تا ئێستا بەردەوامە و دەستینا قەندیل و ڤیان جاف و شەهیدانی دیکەی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد درێژەی پێدەدەن.

 

ئەو ئاڵایەی لەیلا قاسم لە خانەقینەوە بۆ ئازادی و ژیان بەرزی کردەوە، چاوەڕێ فریشتە لە ڕانیەوە بە بەرزی هێشتییەوە و لە ١٣ی ئایاری ٢٠١٧دا بە گیانفیداییەکی بێوچان و بە ڕۆحێکی بەرزەوە پێشکەش بە تەڤگەری ژنانی ئازادی کرد.

 

لەیلا نمونەی ژنێکی پێشەنگ بوو لە ساڵی ١٩٧٤دا، لە ٢٠١٧شدا نموونەی چاوەڕێ فریشتە هەیە، کە ناکرێت چاو لە خەبات و تێکۆشانەکەی دابخرێت و نەخرێتە بەرباس.

 

سوهام خدر، بە ناسناوی چاوەڕێ فریشتە، لە شارەدێی چوارقوڕنەی سەر بە ڕانیە لەدایکبووە، بە کەلتووری بەرخۆدێری و وڵاتپارێزی گەورە بووە، دوای ناسینی بزووتنەوەی ئاپۆیی و ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ساڵی ٢٠٠١دا لە بناری قەندیل دەچێتە ڕیزی گەریلاکانی کوردستانەوە و بەشداربوونی بۆ ڕیزی گەریلا بە وتنی "چۆلەکەیەک کە لە قەفەس دەرچوو و باڵی گرت" پێناسە کرد.

 

شەهید چاوەڕێ لە ساڵیادی لەیلا قاسمدا شەهید بوو

چاوەڕێ فریشتە بە عەشقی ئازادیی و بە درێژەدان بە هەنگاوەکانی لەیلا قاسم، لە قەندیلەوە تا خنێرە، لە خواکورکەوە تا هەفتانین، لە گارەوە هەتا زاپ بێوچان لەناو تێکۆشاندا بوو، لەیلا لە سەردەمی هۆڤێتی ڕژێمی بەعسدا پێی وابوو کە دەبێت خەبات لە شارەکاندا بکرێت، شەهید چاوەڕێش بە پێداگرییەوە دەیویست بچێتە باکوری کوردستان، چونکە دەوڵەتی تورکیا درێژەپێدەری هۆڤێتی ڕژێمی بەعسە بەرامبەر بە کورد و پێی وابوو خەبات دەبێت لەناو دڵی فاشیستەوە بکرێت.

 

ساڵی ٢٠١٥ دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشێکی سەرتاسەریی دژی گەلەکەمان دەستپێکرد، هاوڕێ چاوەڕێ بۆ ئەوەی تۆڵەی شەهیدان بکاتەوە چووە بۆتان، لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧دا هاوڕێ چاوەڕێی پێشەنگایەتیی چەندین چالاکیی گرنگی کرد، هاوکات بووە ئەندامی فەرماندەیی یەژاستار لە ناوچەی بەستا.

 

شەهید چاوەڕێ فریشتە لە ١٣ی ئایاری ٢٠١٧دا لە ناوچەی خەزاڵی سنووری بەستا لە شەڕێکدا دژی سوپای تورکی داگیرکەر شەڕێکی قارەمانانەی کرد و لە ئەنجامدا شەهید بوو، ئەم شەهیدبوونە لە هەمان ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسمدا دووپاتکردنەوەی خەباتی ژنانە، کە بێ ماندووبوون، ساڵ دوای ساڵ و نەوە بە نەوە، ئاڵای ئازادی دەگوازرێتەوە و تا سەرکەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ناکەوێتە سەر زەوی.