وەرزشی جیهانیی ژنان لە نێوان پاڵپشتی و وەلاناندا

فیفا ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەیە، کە کۆنترۆڵی وەرزشی تۆپی پێ دەکات، بەڵام ڕۆڵی تۆپی پێی وەرزشی ژنانی لاواز کردووە و لە ئاستی جیهانیدا گرنگی بە وەرزشی ژنان نادرێت.

ڕۆزا ڕزگار

 

سلێمانی- مۆندیالی فیفا کە زۆرجار بە سادەیی پێی دەوترێت مۆندیال، پێشبڕکێیەکی تۆپی پێی کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانە، لە نێوان تیپە نیشتمانییە باڵاکانی پیاوانی ئەندامانی یەکێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێی فیفا، کە دەستەی بەڕێوەبردنی جیهانی وەرزشە، بەڕێوەدەچێت.

 

مۆندیالە جیهانییەکە، هەر ٤ ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت و یەکێکە لە بەناوبانگترین ڕووداوە وەرزشییەکانی جیهان، یاری کۆتایی بە بەردەوامی زیاتر لە ٢ ملیار بینەری تەلەفزیۆنی سەیری دەکەن.

 

پێشبڕکێکە لە قۆناغی پاڵاوتنەوە دەستپێدەکات، کە لە سێ ساڵی پێشوودا ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی دیاری بکرێت، کام یانە سەردەکەون بۆ قۆناغی پاڵەوانێتییەکە، لە قۆناغی پاڵەوانێتییەکەدا، ٣٢ یانە لە شوێنەکانی ناو وڵاتی هەڵبژێردراودا لە ماوەی نزیکەی مانگێکدا کێبڕکێ لەسەر نازناوەکە دەکەن، تا دەگەنە یاری کۆتایی.

 

لە مانگی ٧ی ساڵی ١٩٣٠ یەکەمین پاڵەوانێتی تۆپی پێی جامی جیهانی فیفای پیاوان لە ئۆرۆگوای بەڕێوەچوو، کۆتا یاری هەمان ساڵیش لە مۆنتیڤیدۆی پایتەختی ئەو وڵاتە لە نێوان ئۆرۆگوای میواندار و ئەرجەنتینی دراوسێی ئەمریکای باشوور ئەنجامدرا و بە سەرکەوتنی ئۆرۆگوای پاڵەوانێتییەکە کۆتایی هات، لە ساڵانی ١٩٤٢ و ١٩٤٦ پاڵەوانێتی تۆپی پێی جیهانی فیفای پیاوان، بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە بەڕێوە نەچوو.

 

فیفا مۆندیالی ژنان بەڕێوەدەبات

مۆندیالی ژنانی فیفا، پاڵەوانێتیەکی نێودەوڵەتی تۆپی پێیە، کە هەر چوار ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و تیپەکانی نیشتمانی لە سەرتاسەری جیهان بەشداری تێدا دەکەن، یەکەمین پاڵەوانێتی جیهانی ژنانی فیفا لە ساڵی ١٩٩١ لە چین بەڕێوەچوو، کە دوانزە هەڵبژاردە بەشداریان کرد و ئەمریکاش وەک پاڵەوانی یەکەم دەرکەوت، ئەم پاڵەوانێتییە تا ساڵی ٢٠١٩ بەردەوام بوو، کۆتا پاڵەوانێتیش ئەمریکا جارێکی دیکە بەسەر هۆڵەندادا، سەرکەوتنی بەدەستهێنا و چوارەم نازناوی خۆی مسۆگەر کرد.

 

پاڵەوانێتی تۆپی پێی فیفای ژنان، بە هەمان شێوە لەلایەن کۆمەڵەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ-فیفا بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە ئاستی گشتیدا گرنگی بە تۆپی پێی ژنان نادرێت و چەندین ساڵە ئەو ناوبانگەی تۆپی پێی پیاوان بەدەستی هێناوە، بۆ ژنان بەدەست نەهاتووە.

 

پاڵەوانێتی تۆپی پێی فیفای پیاوان لەم ساڵانەی دواییدا سەرنج و پاڵپشتییەکی بەرچاوی بەدەستهێناوە، زۆر کەسیش هاندەری بەسۆزی ئەو تیپ و یاریزانانەن کە بەشدارن، بەڵام مۆندیالی ژنان بە هەمان ئاستی ڕووماڵ و گرنگیدان بە پاڵەوانێتی پیاوان وەرناگیرێت، ئەمەش هۆکارەکەی نایەکسانی مێژووییە لە تێڕوانین بۆ وەرزشی ژنان، هەروەها لایەنگری و چەشنە کۆنەپەرستە بەردەوامەکان سەبارەت بە توانای وەرزشوانانی ژن کاریگەری لە بڵاوبوونەوەی وەزشی ژنان کردووە.

 

پاڵەوانێتی تۆپی پێی فیفای ژنان، درەنگتر لە مۆندیالی پیاوان دەستی پێکرد، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، لەوانە جیاوازیی مێژوویی جێندەری و گەشەسەندنی تۆپی پێی ژنان، نایەکسانی جێندەری مێژوویی هۆکارێکی سەرەکی بوو کە ڕێگای لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی ژنان گرتووە، لە ڕووی مێژووییەوە وەرزشی ژنان، لەوانەش تۆپی پێی ژنان، ڕووبەڕووی بەربەست و جیاکاریی ڕەگەزی بووەتەوە بۆ بەشداریکردن، بە شێوەیەک کە کۆمەڵگە و لایەنگرییە کولتوورییەکان ڕێگرییان لە گەشەکردنی تۆپی پێی ژنان کردووە.

 

میدیا لەپێناو بازرگانیدا ڕووماڵی پاڵەوانێتی پیاوان قوڵ دەکاتەوە

زۆرجار جیاوازی نێوان مۆندیالی جیهانیی ژنان و پیاوان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانەش بینەر و ڕوماڵی میدیاکان و لایەنی بازرگانی، کە زیاتر گرنگی دەدەن بە مۆدیالی پیاوان، لەبەر ئەوەی بینەری زیاتری هەیە و سەرنجی زیاتر ڕادەکێشێت و شوێنکەوتوویەکی جیهانی زیاتری لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە.

 

هەروەها هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان، نۆرمەکانی کولتووری و چەشنە ڕەگەزییە کۆنەپەرستانەکان کاریگەرییان لەسەر تێڕوانین و پشتگیریکردن لە وەرزشی ژنان هەبووە، هەمیشە تۆپی پێی ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، کە پەیوەندییان بە ناساندن و پەرەدان و نوێنەرایەتیکردنی میدیاوە هەیە، ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی جیاوازی سەرنجدان لە نێوان هەردوو پاڵەوانێتییەکەدا.

 

بڕیارە خولی داهاتووی مۆندیالی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ئوسترالیا و نیوزلەندا بەڕێوەبچێت، کە ٣٢ هەڵبژاردە ڕکابەری لەسەر نازناوەکە دەکەن بۆ پاڵەوانێتی جیهانیی ژنانی فیفا.

 

پێویستە بوترێت، سەرەڕای وەلانانەکان، بەڵام، بەدرێژایی ساڵان مۆندیالی ژنان شایەتی گەشەسەندنی تۆپی پێی ژنان و زیادبوونی ڕوماڵی میدیاکان و بەرزبوونەوەی ناوبانگەکەی بووە، ژنان هەموو هەوڵێکی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ بەشداریکردنی ژنان لە ڕۆڵی جۆراوجۆردا لەناو مۆندیالی ژناندا، بەمەش پێشکەوتنی تۆپی پێی ژنان لەسەر ئاستی جیهان دەبینرێت.