١٠ ساڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر ٩ بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک...٧؛ دیبلۆماسی

شۆڕشی ڕۆژئاوا کە لە لایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی دەکرا، بوو بە ئومێد و سەرچاوەی هێزی هەموو گەلانی ئازادیخوازی جیهان، بە کار و چالاکییەکانی دیبلۆماسی ژن، هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە باوەش دەگرێت.

ڤیان تامارا

 

قامیشلۆ - لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا یەکێک لەو پایانەی کە سیستم لەسەری بنیادنراوە دیبلۆماسییە، شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بە شۆڕشی ژنان ناسراوە، ماوەی ١٠ ساڵە لەسەر بنەمای پەیوەندی و هاوپەیمانێتی و بنەمای دیموکراتیک، بوونی خۆی پاراستووە و بەردەوامی دەکات.

 

ڕوکەن ئەحمەد، ئەندامی هاوپەیمانییە دیموکراتیکییەکانی کۆنگرەی ستار باسی لە گرنگیی دیبلۆماسی لە نەتەوەی دیموکراتیکدا کرد و تیشکی خستەسەر گرنگی دیبلۆماسی لە سیستمی دیموکراتیکدا و وتی: بە بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ چەندین چەمکی وەک سیاسەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و دیبلۆماسیمان لێکداوەتەوە، کە دەنگ و ڕەنگی ئەو کۆمەڵگەیە ئەوەیە بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا دروستبکات، بەپێی خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەی. ڕاستییەکە ئەوەیە کە وەک گەلی کورد پێویستییەکی زۆر بەم پرسانە هەیە، سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک، سیستمێکی وەهایە کە ڕێگە بە هەموو گەلان دەدات پێکەوە بژین، لەسەر بنەمای سیستمێکی دیموکراتیک، ئەرکی ئێمەیە ئەم سیاسەتە ڕابگەیەنین چ لەسەر ئاستی ناوخۆ بێت یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

 

"بەشداری ژنان لە شۆڕشدا بناغەیەکی دروستکرد"

ڕوکەن ئەحمەد ڕایگەیاند کە لە سەرەتای شۆڕشەوە پەیوەندی و هاوپەیمانی لەگەڵ پێکهاتە ئازادیخوازەکان پەرەی سەندووە و بەم شێوەیە درێژەی قسەکانی دا: وەک کۆمیتەی دیبلۆماسی کۆنگرە ستار، لە کۆنگرەی هەشتەمی کۆنگرەی ستار، ناومان گۆڕی بۆ پەیوەندی و هاوپەیمانییە دیموکراتیکەکان، چونکە دیبلۆماسی لەسەر ئاستێکی فەرمیتر لە نێوان دەوڵەتەکاندا دەکرێت. بەڵام ئێمە پەیوەندی زیاتر لەگەڵ ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵگە دیموکراتیکییەکان دروستدەکەین و زیاتر تەرکیزیان لەسەر بەرژەوەندی خەڵکە، ئێمە هێڵی ستراتیژیمان هەیە، هەروەها لە بواری دیبلۆماسیدا کار دەکەن بۆ ئەوەی بتوانین ڕۆڵێکی زۆر گرنگ ببینین لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا، کۆنگرەی ستار لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە. سەرەتا لەسەر ئاستی ڕەهەندە جیاوازەکان دانەمەزرا، بەڵکو لە شۆڕشی رۆژئاوادا بەشداری ژنان و دانپێدانان بە شۆڕشی ژنان و بەشداری ژنان لە هەموو کایەکانی ژیان و سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسیدا بنەماکانی گرت، بەڵام وەک کۆمیتە لە ساڵی ٢٠١٣ بە کۆنگرەی ستار دامەزرا و بناغه‌یه‌كی بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دروستكردووه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر بنه‌مای هێڵی سێیەم و ئازادکردنی کۆمەڵگە له‌ رێگه‌ی ئازادی ژنان له‌ ناوچه‌كه‌دا گه‌شه‌ی پێبده‌ین، بۆ ئەمەش کار و خەبات لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئەنجامدرا بۆ ئەوەی بە ڕای گشتی و جیهان بناسرێت".

 

"ئەگەر تێکۆشان نەبوایە دیبلۆماسی نەیدەتوانی هیچ دەرببڕێت"

لە ساڵی ٢٠١٣دا کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی و تێکۆشانی یەپەژە لە هەموو جیهاندا ناسێندرا، بۆیە ئەمە دەرفەتێکی باش بوو بۆ پەیوەندی و هاوپەیمانی بەهێز، ڕوكەن ئەحمەد باسی لە چالاكییەكانی ئەو پرۆسەیە كرد، "لە ساڵی ٢٠١٣دا وەک کۆمیتەیەک کۆنگرەی ستار دەستبەکاربوو، لایەنی سەربازیش بە خەباتی یەپەژە دژی داعش دەنگی دایەوە، تێکۆشانی ژنان لە کەسایەتی ئارین میرکان، بەرخۆدانی کۆبانێ دەرگای دیبلۆماسی کردەوە. بەرخۆدانی ژنان وەک هێمایەک بۆ ژنانی جیهان نیشاندرا، چونکە تا ئەمڕۆ بوارە سەربازی و ئایدیۆلۆژی و دیبلۆماسییەکان بەڕووی ژناندا نەکرابوونەوە، بەڵام لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆیان بە هەموو جیهان نیشاندا کە ژنان دەتوانن لە هەموو بوارەکاندا خەباتێکی بێهاوتا ئەنجامبدەن، بە شەهید بوونی ئارین میرکان، سەرنج بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا و شۆڕشی ژنان ڕاکێشرا. لە ئاستی جیهانیشدا چەندین شاند لە ڕۆژئاوا هاتن و ڕۆشتن. هەروەها چەندین فیلمی دیکۆمێنتاری لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا و شۆڕشی ژنان دروستکران. لە زانکۆکانی جیهاندا زۆرێک لە خوێندکاران دەیانویست وەک پرۆژەی دەرچوونی زانکۆکانیان لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا و خەباتی ژنان بنووسن. ئەگەر لەسەر ڕووی زەویدا تێکۆشان نەبوایە، دیبلۆماسی نەیدەتوانی هیچ گوزارشتێک بکات و سەرنج ڕابکێشێت بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕوودەدات".

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە پەروەردەی ژنان کرد و وتی: لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دادپەروەری ژنان و یاسای ژنان و پاراستنی مافی ژنان و دامودەزگاکانی ژنان دامەزراون، پێشتر تەنیا یەک ڕێکخراوی ژنانی پەیوەندیدار بە دەوڵەتەوە هەبوو، ئەویش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دەوڵەت بوو و هیچی بۆ ژنان نەدەکرد. بەڵام لە شۆڕشدا كۆنگرەی ستار كە یەكەم ڕێكخراوی ژنان بوو توانی دەرگای دیبلۆماسی بكاتەوە و ئێمەش بەشداری ژنانی گەنجمان لە دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری لە ساڵی ٢٠١٤دا مسۆگەر كرد. چونکە بنەمایەک بوو بۆ دروستکردنی دیموکراتیک لە کۆمەڵگەدا.

 

"لە ئاستی جیهانیدا ٣٥ ڕێکخراوی ژنان لە ١٢ وڵاتەوە پشتیوانی لە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەن"

ڕوکەن ئەحمەد سەبارەت بە پەیوەندی و هاوپەیمانیەكان لەگەڵ رێكخراوەكانی ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئاستی جیهانیدا ڕایگەیاند، "لە ئاستی جیهانیدا ٣٥ ڕێكخراوی ژنان لە ١٢ وڵاتدا پشتیوانیان لە شۆڕشی رۆژئاوا كرد و وەك كۆمیتەی ژنانی رۆژئاوا "ژنان بەرگری لە ڕۆژئاوا دەکەن" بەناویان کرد، ئەمڕۆ لە ١٢ وڵاتدا ٢٥ کۆمیتە هەیە، ئێمە هەمیشە لە پەیوەندیداین، ئەجێندای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵدەسەنگێنین. بێگومان ئەمانە لە ڕێگەی دیبلۆماسییەوە ئەنجامدرا. هەروەها کۆمیتەمان هەیە کە نوێنەرایەتی باشووری کوردستان و ئەوروپا و لوبنان دەکەن، هەروەک کۆمیتە دیبلۆماتیکەکانی کۆنگرەی ستار، ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم کۆمیتانەوە چەندین پەیوەندی دروست بکەین. چونکە شەڕ لە دەوروبەرماندا هەیە، ئەگەر سیستمەکەمان لەناوەوە نەهێڵینەوە یان فراوانی نەکەین، ڕووبەڕووی جینۆساید دەبینەوە. بۆیە ڕۆڵی دیبلۆماسی لە ژیاندا زۆر گرنگە. کاتێک شەڕ ڕوودەدات ڕۆڵی دیبلۆماسی زۆر گرنگە. وەک دیبلۆماتێکی ژن بەشداری زۆرێک لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەکەین. هەروەها بەشداریی ئێمە وەک ئەندامی کۆنفرانسی جیهانی ژنان، ڕێپێوانی جیهانی ژنان، هەڵسەنگاندنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستپێشخەری ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستپێشخەری ڕاهیب بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، هەیە".

 

"شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ بۆ پاراستنی بوون پێویستییە"

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕوکەن ئەحمەد هەڵسەنگاندنی بۆ هێرش و هەڕەشەکانی سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد و وتی: ئەو پشتیوانییەی کە لە ئاستی جیهانیدا دەمانەوێت تەنها بۆ ئێمە نییە، بەڵام ئەوە راستیەکە کە بە شۆڕشی رۆژئاوا ئێمە وەک ژن دەستکەوتی زۆرمان بەدەستهێناوە، ئەمە بوو بە نەخشەیەک لە بواری تێکۆشانی ژنان و دەمانەوێت ئەم ئەزموونە لەسەر ئاستی جیهان بکەینە ماڵی هەموو جیهان، ئێمە هاوپەیمانی دروستدەکەین، پشتگیری یەکتر دەکەین، داوای پشتیوانی دەکەین. جگە لە پرسی داگیرکردنی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی، ئێمە هەوڵدەدەین تا کۆتایی ئەم تاوانانە ئاشکرا بکەین، داوا دەکەین کۆمیتەکانی لێکۆڵینەوە بەدواداچوون بکەن و لێپرسینەوە لە داگیرکەران بکەن، بەمانە دەتوانین ناوچە داگیرکراوەکان رزگار بکەین، هێرش و هەڕەشەکان بۆ سەرمان هەن، لە ڕووی ستراتیژییەوە دەڵێین تا پەیوەندی و هاوپەیمانیمان لەگەڵ پێکهاتە ناوچەییەکان و هێزە رزگاریخوازەکانی جیهان بەهێزتر بێت، دەتوانین ئەو تاوانە جەنگیانە ئاشکرا بکەین و دەستکەوتەکانمان بپارێزین. بۆ ئەوەی بتوانین بوونی خۆمان بپارێزین، پێویستە درێژە بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بدەین، دەبێت پشت بە هێزی خۆمان ببەستین، بۆیە تا زیاتر یەکگرتوو بین، زیاتر دەتوانین ئەو پلانانە بوەستێنین.

 

کۆتایی هات.