بەرخۆدانی ژنانی ئێران لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ...٢

مێژووی مرۆڤایەتی چ کۆن و چ مۆدێرن، پڕە لە چەندین ناوی ژن کە ڕۆڵێکی گەورەیان لە گەشەسەندنی کۆمەڵگەکاندا هەبووە و جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژووی مرۆڤایەتی و شارستانیەت بەجێهێشتووە.

مالڤا محەمەد

 

ناوەندی هەواڵ - ئێران یان شاری فارس وەک جاران پێی دەگوترا، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ پێش زاین و خاوەنی کولتوورێکی تایبەتە کە لە شارستانیەتەکانی دیکە جیای دەکاتەوە. ژنانی ئێران رۆڵێکی گرنگیان لە شارستانیەتەکانی ناوچەکە و لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، سەربازی و ...هتددا هەبووە.

 

تەنانەت لەمڕۆشدا ئێران بە فرەچەشنی فەرهەنگی ناسراوە کە فارس، کورد، عەرەب، بەلووچ، ئەرمەنی ئازەری و چەندین نەتەوەی دیکە تێیدا دەژین. گردبوونەوەی گەلی ئاری و گەلی دێرین لە دەشتایی ئێراندا، چەندین بینای خوڵقاند کە هەزاران ساڵ کولتوور و شارستانیەتێکی دێرینیان هەبووە، لە ئەنجامدا بنەماڵەی ئیمپراتۆریەتە کاریگەرەکان لە جیهاندا سەریان هەڵداوە.

 

ئاناهیتا بەناوبانگترین خوداوەندی گەلانی ئێرانە

بە درێژایی مێژوو، ئەفسانەکان هێزی ژنیان بە چەمکی خوداوەندە ژنەکانی وەک خوداوەندی تشتار، کە لە ئەفسانەی ئێراندا سەرچاوەی هەموو ئاو و بارانێکە، نیشانداوە، بوونەتە هۆکاری بەخێوکردن و گەشەکردن و هۆکاری دووگیانییە، لە ئەفسانەدا باس لەوە کراوە کە خوداوەندی تشتار لەگەڵ دێو "ئەبوش" شەڕی کردووە، کە خۆی هێمای وشکەساڵی و مردنە.

 

خوداوەند ئاناهیتا "ئەناهیدە" کە خوداوەندی ئاو بوو، بەناوبانگترین خوداوەندی گەلانی ئێران بوو، لە سەردەمی پێش ئیسلامدا، بە خوداوەندی جوانی و چاکە و بەرەکەت ناسرابوو، پەرستگاکەی لە شاری کینخەویر لە پارێزگای کرماشانە، کە ئێستا لە لیستی سەرەوەی میراتی جیهانیدایە و لەلایەن زۆرێک لە شوێنەوارناسانەوە سەردانی دەکرێت. بەشێك لە مێژوونووسانی عەرەب و ئێرانی پێیانوایە مێژووی دروستكردنی پەرستگاكە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێیەمی كۆچی، هەندێك دەڵێن مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێیەمی پێش زایین و بە گوێرەی هەندێكی تر مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەكەمی پێش زایین.

 

ئاناهیتا بە واتای پاک و بێ گوناه دێت و خوداوەندی گەلانی ئێرانە، کە بەرامبەر خوداوەندی عەشتارە لە میزۆپۆتامیا و لەلایەن ئەکەدییەکان و بابلییەکان و ئاشوورییەکانەوە ڕێزی لێدەگیرێت، ناوەکەی بۆ ئاماژەکردن بە هەسارەی ڤینۆس بەکارهاتووە.

 

لە مۆزەخانەی بەریتانی پەیکەرێکی خوداوەند ئاناهیتا هەیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زایین و بەپێی پەرەسەندنی پەرستنەکەی، وەک خوداوەندی ئاشتەوایی نێوان ئایینەکان پێناسەکراوە. لە بەشی چوارەمی کتێبی پیرۆزی زەردەشتییەکان "ئاڤێستا"دا باس لە هەردوو خوداوەند ئاناهیتا و تیشتار کراوە.

 

پێگەی ژن لە شارستانیەتی ئیلامیدا

ژنان لە سەردەمی بنەماڵەی ئیلامییەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە، یەکەم خانەدان لە نێوان ساڵانی ٣٣٠٠ بۆ ١٢٠٠ پێش زایین لە ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، کە ئێستا بە ئێران ناسراوە، سەریانهەڵدا، بۆیە دەبینین سەرچاوەی زۆرێک لە خوداوەندە ژنەکان دەگەڕێتەوە بۆ شارستانیەتی ئیلامییەکان کە ئێرانییەکان پێی دەڵێن عەرەبستان و پارێزگای ئەهوازیش بە واتای خاکی عەرەبی دێت.

 

بەپێی ئەفسانەی دێرینی ئێران، پەرستنی ئایینی لەسەر بنەمای خوداوەندە دایکەکان پەرەی سەندووە، یەکێک لە گرنگترین بەڵگەکان کە پێگەی ژن و خوداوەندەکان لە شارستانیەتی ئیلامییەکان نیشان دەدات، پەیکەری خوداوەندی "بی نین کیر"ە کە یەکەم و گرنگترین خوداوەندی شارستانیەتی ئیلامییە و بە دایکە خوداوەند ناسراوە، تا لەناوچوونی ئیلام کاریگەرییەکەی بەردەوام بوو.

 

ناوی خوداوەند ناریدی چەند جارێک هاتووە و لە لایەن شوێنەوارناسەکانەوە بە چەند شێوازێک وەرگێڕدراوە، لەوانە ناریدە و ناریتە. بە گوێرەی زۆرێک لە سەرچاوەکان، بۆ یەکەمجار لە سەردەمی شا ئیشبۆم لە شاری سوش ناوی هاتووە و وەک خوداوەندی سەرکەوتن ناسێنراوە، هەروەها شەش جار ناوی لە پەیمانی هیتا نەرمەسین هاتووە، چەند شتێکی بەنرخی بەردی پەیوەست بەو ژنە دۆزراونەتەوە، لەوانە پەیکەرێک لە شاری شوش کە ئێستا لە مۆزەخانەی لۆڤیر لە پاریسدایە، هەروەها قاپێک کە لە زیو دروستکراوە و وێنەی لەسەر هەڵکەندراوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشا کۆتیک ئینسۆشیناک

 

پەیکەری خوداوەند "کی ری ریشا" دۆزراوەتەوە، کە مێژوونووسان پێیانوایە هاوژینی پاشای ئیلامی هۆپمان بووە و بە "خاتوونی گەورە" ناسراوە، ناوەکەی لە پاشماوەی ئەو ٧ پاشای ئیلامییەوە وەرگیراوە کە پەرستیارییان کردووە.

 

لە نێو شاژنە بەناوبانگەکاندا شاژنی بەناوبانگی ئیلامییەکان "نەبیراسۆ نەبیرەشا" هەیە، کە هاوژینی پاشای ئیلامییەکان ئونتاش نەبیرەشایە، لە ناوەڕاستی هەزارەی دووەمی پێش زایین فەرمانڕەوایی شاری سوسێی کردووە، مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ (١٣٤٠-١٣٠٠) پێش زایین، واتە لە سەردەمی ئیلامی ناوەڕاستدا. ئەم پەیکەرە لە مۆزەخانەی لۆڤیری فەرەنسا نمایشکراوە. پەیکەرەکە لە مس و برۆنزی دروستکراوە و بەقەد جەستەی مرۆڤ گەورەیە.

 

هەریەک لە پارێزگاکانی ئیلام خەمی سەربەخۆیی خۆی و سەربەخۆیی پاشاکەی بوو و لە هەریەکەیاندا خوداوەندێکی دایک "خودایەکی پارێزەر" کە پاشا دەسەڵاتی خۆی لێ وەرگرتبوو، بەڵگەنامەیەکی سەردەمی ئیلامی مۆدێرن کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٧١٠ پێش زایین، ئەمە ڕاستەوخۆ نیشان دەدات.

 

بەکارهێنانی ژنان لە دروستکردنی زەقورەکاندا

نزیکەی ٥٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا پیلانگێڕی دژی ژنان دەستیپێکرد و پیاوان کاریان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی ژنان. بەهۆی گرنگی ژیانی ئایینی و ڕۆحی لە ڕابردوودا، سەرەتای دروست بوونی خوداوەندەکان کە وەک خوداوەندە مێینەکان بوون، لێرەوە چەمکی خوداوەندی نێر دەرکەوت.

 

هەرچەندە ژنان ملکەچ نەبوون و خۆڕاگرییەکی گەورەیان نیشاندا، بەڵام پیاوان هەوڵیان دەدا ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بچوک و کەم بکەنەوە،  سیستمی دایک گۆڕا بۆ سیستمێکی پیاوسالاری کە لەسەر بنەمای هەژموونی و هەڵاواردن دامەزرابوو، پیاوان لەژێر ناوی خواپەرستیدا هەموو لایەنەکانی ژیانیان قۆرخکرد، جگە لەوەش ناویان بە پاشاکانەوە لکێنرا بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان زیاتر بێت.

 

پەرستگا جۆرێک لە حوکمڕانی پیاوسالاری بوو کە تێیدا ژنان دەقۆزرانەوە. عەبدوڵا ئۆجەلان، فەیلەسوفی کورد باسی لەوەکرد کە زەقورەکان زیاتر لە ماڵی لەشفرۆشەکان (فحوش) دەچن. پێشخستنی ڕێکخستنی کاری ژنان بە زەقورە هیچی تر نەبوو جگە لە ئیستغلالکردنی کەسایەتی و جەستەی ژنان و بەکارهێنانی تەواوی بۆ خزمەتکردنی دەوڵەت، دوای پەرەسەندنی زەقورەکان کە تەنیا لە ڕێوڕەسمی ئایینیدا سنووردار نەبوون بەڵکو شوێنی کولتووری و سیاسی بوون، ژنان بوون بە کۆیلە و خوداوەندەکان ناچار بوون لەگەڵ قەشەکان ململانێیەکی گەورە بکەن، ئەفسانەکانیش ناکۆکی نێوان کۆمەڵگەی سروشتی بە پێشەنگایەتی ژنان نیشان دەدەن.

 

شارستانیەت ئەو بنەمایە بوو کە دەسەڵات و چینایەتی لەسەر بنیادنرا، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان لە بەرگریکردن لە "کەیسی کورد و چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک"دا دەڵێت: "ئەو کۆمەڵگەیەی کولتووری گشتی کە چین و شار و دەوڵەت تێیدا بنیادنراوە، بەزۆری وەک کۆمەڵگەی مەدەنی پێناسە دەکرێت، چونکە چین و شار و دەوڵەت پۆلێنبەندی بنەڕەتی کۆمەڵگەی مەدەنین، واتە کۆمەڵگە بە چینەکان جیا دەکرێتەوە".

 

ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان لە وتارەکەیدا لەژێر ناونیشانی "قەیرانی شارستانیەت و چارەسەری شارستانیەتی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"دا، شارستانیەت و کۆیلایەتی ژنان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەڵێت: "یەکەم ململانێ دیالێکتیکی گەورەی شارستانیەت لە کۆیلایەتی ژناندایە و لە سەرهەڵدانی تاکڕەوی خوداوەندی پاشا بووەتە حاڵەتێکی نەخۆشیناسی".

 

ئیلامییەکان لە ژێر کاریگەری شارستانیەتەکانی دراوسێدا بوون

بە گوێرەی مێژوونووسان و دەقە نووسراوەکان نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵ پێش زاین، شارستانیەتی ئیلام هاوکاتی شارستانیەتی سۆمەرییەکانە و کاریگەرییان لەسەریەک هەیە، کە کۆنترین شارستانیەتەکانن لە میزۆپۆتامیادا، ژنان بەشدارییان لە پەرەسەندنی شارستانیەتی ئیلامییەکاندا کرد و ڕۆڵێکی گەورەیان لە گەشەسەندنی شارستانیەتی سۆمەری لە بواری کشتوکاڵ و شێوازی ئاودێری و دروستکردنی بەنداودا هەبووە، ژنان پیشەی جیاوازیان دەکرد لەوانە نووسین، پزیشکی، گۆرانی و ڕازاندنەوەی ژنان. پەیکەری ژنان هەبوون کە چەندین هونەری ناوماڵیان دروستکردووە.

 

لەگەڵ گواستنەوەی شارستانیەتی ئیلامی و سۆمەری لە بواری کشتوکاڵییەوە بۆ ژیانی مەدەنی، پیاوان کاریان بۆ دروستکردنی شار و پەرستگا دەکرد و ژنانیان لە پۆستە بەناوبانگەکان دوورخستەوە و قۆرخکردنیان. کۆمەڵگە لەژێر سێبەری شار دابەشبوو بەسەر چینی پاشا و قەشە و چینی خەڵکدا، لە کرێکار و کۆڵبەر و بازرگان و خاوەن موڵک و چینی کۆیلە کە ژنانیش بە بەشێکیان دادەنرێت. بۆیە ڕۆڵی ژنان کەمکرایەوە و سنووردار کرا بە کاری ماڵەوە و چاودێری منداڵان و ڕۆڵی دووەم لە ژیاندا بە پشتیوانیکردنی پیاو لە کارەکانی لە دەرەوەی ماڵ نوێنەرایەتی کرا.

 

پیاوان لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا دەستیانکرد بە سووککردنی ژنان، دوای سەرهەڵدانی زەقورەکان، کە جێگەیەکی گەورەی بە قەشە نێرەکان دەدا لە گروپە جیاوازەکاندا، ژنانیش مافی وەرگرتنی پۆستی قەشەیی بەناوبانگی نەبوو.

 

هەروەها پێشێلکردنی مافی ژنان لەسەر ئاستی بنەماڵە ڕوویدا، پیاوانی ئیلامی مافی ئەوەی هەبوو ژن و منداڵەکانی بفرۆشێت ئەگەر بەرژەوەندییە مادییەکان زیاد بکرێت. هەروەها مافی ئەوەی هەبوو ژنێک بخنکێنێت ئەگەر وازی لە ئەرکەکانی دایکی بهێنێت و ئەویش دەیتوانی ژنەکەی بە هۆکار یان بەبێ هۆکار تەڵاق بدات یان ژنێکی دیکە هاوسەرگیری بکات، کۆمەڵگەی ئیلامییەکان ڕێگەی بە فرەژنی دا، هەروەها ڕێگەی بە پیاوێک دەدا کاتێک براکەی مرد لەگەڵ هاوژینی براکەی هاوسەرگیری بکات. بەڵام ئەگەر ژنێک بیەوێت لە مێردەکەی جیاببێتەوە، دەکوژرێت.

 

گومانی تێدا نییە کە یاسای بابلی کۆن کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر یاساکانی شارستانیەتی دراوسێ هەبووە، لەوانە شارستانیەتی ئیلامی.

 

ناتەبایی لە یاساکانی ژناندا دۆخی پیاوسالاری لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان لەو سەردەمەدا هێنایە کایەوە، لە کاتێکدا ژنان لە یاسایەکدا بەشێک لە مافەکانی وەردەگرن، لە یاسایەکی دیکەدا ژیانیان لێ دەسەندرێتەوە. کۆمەڵگەی بابل پیاوسالاری بوو، هەموو شتێک لە دەستی پیاودا بوو، مافی هاوسەرگیری یان جیابوونەوەیان هەبوو، ژنەکەش مافی هاوسەرگیری و هەڵوەشاندنەوەی نەبوو، لەم یاسایانەدا مارەیی بە ژنەکان دەدرا و لە کاتی جیابوونەوەیدا ئەو شتانەی لە ماڵی باوکی لەگەڵ خۆی بردبووی دەیگەڕاندەوە و دوای جیابوونەوە مافی ئەوەی هەیە ئاگاداری منداڵەکانی بێت. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی جیابوونەوە زینا یان نەزۆکی بوو. پیاو مافی ئەوەی هەبوو ژنێکی تر بخوازێت بە مەرجێک ژنەکەی نەزۆک بێت (ئافرەتێک کە هەرگیز منداڵی نەبووبێت) و ئەو ژنەی کە هاوسەرگیری کردبێت لە پۆلی کۆیلەدا بێت.

 

ئەگەر ژنێک هاوژینەکەی پشتگوێ بخات، ئەوا فڕێ دەدرایە ناو ڕووبارەوە، بەڵام ئەگەر مێردەکە هاوژینەکەی پشتگوێ بخات، تەنها جیابوونەوەیەکی نەگەڕاوە لەنێوانیاندا ڕوودەدا تەنها بە گرێبەستێکی نوێ نەبێت کە هەموو مەرجەکانی هاوسەرگیرییەکەی جێبەجێ دەکرد، ڕێگەی پێدەدرا بگەڕێتەوە ماڵی باوکی، بەپێی یاسای حەمورابی پیاو دەیتوانی ژنەکەی بەکاربهێنێت بۆ دانەوەی قەرزەکانی، بۆیە ژنان ڕووبەڕووی کوشتنی شەرەف و جیابوونەوەی ئارەزوومەندانە دەبنەوە. لەڕووی میراتەوە تەنها پیاو مافی هەیە و ئافرەت هیچی لە میرات وەرناگرێت و لەلایەکی تریشەوە مافی خاوەندارێتی موڵک و وانەبێژی و کاری بازرگانی و ئەنجامدانی گرێبەستی یاسایی وەک کڕین و فرۆشتن و بزنسەکانی تری هەبوو.

 

یاساکانی ئاشووری جیاکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری بوون

دوای فراوانبوونی شارستانیەتی ئاشوری، کە لەسەر بنەمای جەنگەکان لە هەزارەی دووەمی پێش زایین بنیادنراوە، ئەو وڵاتە کەوتە ژێر دەسەڵاتی کارەکتەری پیاو، چونکە ئاشوورییەکان ئاهەنگیان بۆ خوداوەندی نێر عاشور دەگێڕا.

 

ئاشوورییەکان بۆ عشتار، خوداوەندی خۆشەویستی و جوانی، سیفاتی جەنگیان زیادکرد، ئەو ژنانەی کە پۆستی بەناوبانگیان هەبوو، تەنیا لاوازترین ئەڵقە بوون لە کۆمەڵگەکانیاندا و ئەم نەریتە تا سەردەمی ئاشووری نوێ ٩٣٤-٦٠٩ پێش زایین بەردەوام بوو.

 

بەڵگەی ئەو ژیانەی کە ژنان لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشووریدا ژیاون، لە بەڵگەنامە کۆنەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە گێڕانەوەی تێدایە و زۆربەیان نوێنەرایەتی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ناکەن. زۆربەی ئەو ژنانەی لە دەقە کۆنەکانی ئاشوریدا ئاماژەیان پێکراوە، پەیوەندییان بە پاشایەتییەوە هەیە و لە کتێبەکانی مێژوونووساندا تەنیا سێ شاژن ئاماژەیان پێکراوە.

 

شاژنی عێراقی سەمیرامیس کە لە ساڵی ٨٠٠ پێش زایین بۆ ماوەی پێنج ساڵ فەرمانڕەوایی کرد، تەنیا توانیبووی بچێتە سەر تەختی پاشایەتی تا کوڕەکەی گەورە دەبێت و چەندین ئاماژەی بۆ شارستانیەت گۆڕی. لە ڕوانگەی ئایینی، فیکری و کۆمەڵایەتییەوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیانی ژنانی ئێران هەبوو.

 

ژنان لە ئیمپراتۆریەتی ئاشوریدا بەشداری شەڕیان نەدەکرد، بۆیە کۆمەڵگە بە چاوێکی سووکەوە سەیری دەکردن، بەتایبەتی ئەوانەی منداڵی مێینەیان هەبوو. منداڵانی خاوەن پێداویستی دەروونی و جەستەیی پشتگوێ دەخران و تەنانەت فڕێدەدران. ئەگەر پیاوێک کچێکی بەزۆر بردبێت کە لە ماڵی باوکی دەژی و دەستدرێژی کردبێتە سەری، باوکی کچەکە هاوبەشی دەستدرێژیکارەکەی بردووە و سووکایەتی پێدەکات و دواتر دەیداتە هاوبەشە دەستدرێژیکارەکەی، هەروەها قوربانیی دەستدرێژی سێکسی بەزۆر هاوسەرگیری لەگەڵ دەستدرێژیکارەکەی دەکات.

 

هەروەها جیاوازییەکی کۆمەڵایەتی لە نێوان ژناندا هەبوو، ئەمە بە ڕوونی لە یاساکانی ئاشوریدا هاتبوو کە جیاوازییان لە نێوان ژنانی ئازاد و کۆیلە یان ئەوانەی سەرقاڵی لەشفرۆشی دەکرد، لە ڕێگەی داپۆشینی سەرەوە، کە بەپێی یاساکەیان هێمایەکی کۆمەڵایەتییە کە ژنێکی ئازاد جیا دەکاتەوە لە ژنێکی کۆیلە، ژنان ئامێری مۆسیقایان دەژەند و گۆرانییان دەوت. مۆر و دۆزینەوە شوێنەوارییەکان بەشداری ژنان لە ئەدەبدا نیشان دەدەن.

 

 

ژنانی ماددەکان

ئیمپراتۆریەتی ماددەکان،  یەکێک بوو لەو ئیمپراتۆریەتە گەورەکانی مێژووی کۆن کە لەسەر خاکی کوردستان دامەزرا و ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە گەشەسەندنی شارستانیەتی مرۆڤ لەو ناوچەیەی پێشتر بە میزۆپۆتامیا ناسرابوو، کە دەکەوێتە نێوان ڕووبارەکانی دیجلە و فورات.

 

ماددەکان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران نیشتەجێ بوون و بەشێکیان لە چیاکانی کوردستان تێکەڵ بە خەڵکی ناوچەکە بوون و گەلی کوردیان پێکهێنا. گەلی کورد زۆربەیان سەر بە بنەماڵەی ئاریین و لە ناوچەیەکدا دەژین کە باشووری ئازەربایجان و بەشێک لە زاگرۆس لەخۆدەگرێت و لە سەدەی هەشتەمی پێش زایینەوە فەرمانڕەوایی دەشتاییەکانی ئێرانیان کردووە تا دامەزراندنی بنەماڵەی هەخامەنی.

 

ژنە ماددەکان لە ئامۆژگارییەکاندا جێگەیەکی گرنگ و ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو، ئەم ئەرکە ڕێگەی پێدەدا پێگە گرنگەکان بەدەستبخات وپێشەنگایەتی وڵات بکات، بەڵام ئەم ڕۆڵانە لە قۆناغە مامناوەندەکانی مێژووی ئیمپراتۆریەتەکەدا نوێنەرایەتی دەکران.

 

چەند ناوێک لەو ژنانەی لە بواری بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت و پتەوکردنی پەیوەندی و ژیانی ئاشتیانە لە نێوان ڕۆڵەکانی ئیمپراتۆریەتی مادد لەلایەک و لەنێوان ماددەکان و ئیمپراتۆریەتە دراوسێکان لە لایەکی ترەوە سەریان هەڵداوە، وەک بابل و میسر، هەروەها پەیوەندییەکانی ماددەکان لەگەڵ بابل و میسر بەهێزتر بوون.

 

شاژنی کوردان - ڤەشتی

ژنان ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە بەهێزکردنی مافی ژنان، لەوانە شاژنی کورد (ڤەشتی) کە کاری بۆ بڵاوکردنەوەی لێبوردەیی لەناو ئەندامانی کۆمەڵگەی ماددا دەکرد، شاژنە ڤەشتی لە دەوروبەری ساڵی ٦٢٤ پێش زایین لەدایکبووە. باوکی فەرماندە بوو لە سوپای مادد، دایکی خوشکی پاشا کەی خوسرەو بوو، سێیەم پاشای شانشینی میدیا کە لە نێوان ساڵانی ٦٧٨-٥٥٠ پێش زایین دامەزراوە، هەرچەندە زانیاری تەواو لەبارەی ئەوەوە نەبووە، بەڵام بەپێی ئەوەی لە نووسراوەکانی مێژوونووساندا ئاماژەی پێکراوە، خەباتی کردووە بۆ ئەوەی ژنان بەها و ڕێزی پێویست بەدەستبهێنن و ویستوویەتی لە کۆیلایەتی و ژێردەستەیی پیاو ڕزگاریان بکات بۆ ئەوەی یەکسانی بەدیبهێنێت.

 

هاوسەرگیری سیاسی

ژنان بۆ ئاشتی لە نێوان ئیمپراتۆریەتی مادد و ئیمپراتۆریەتەکانی دراوسێی لە ڕێگەی هاوسەرگیری سیاسییەوە بەکاردەهێنران. یەکێک لە قوربانیانی ئەم هاوسەرگیرییە شاژن ئارێنس بوو کە هاوسەری دوا پاشای ئیمپراتۆریەتی ماددەکان بوو، ئەستیاگێس، کچی پاشای لید ئەلیاتۆسی دووەم و خوشکی دوا پاشای لیدی کرۆسۆس بوو. ئارێنس پەیوەندییەکانی ئەو دوو ئیمپراتۆریەتەی بە هاوسەرگیرییەکەیەوە بەستەوە و لە سەردەمی دەسەڵاتی لیدیا ئەلیاتۆس و سیاکریسی مادەکاندا ئاشتی لە نێوانیاندا دروستکرد و ئاشتییەکەش بە نێوەندگیری ئیمپراتۆریەتی بابل بەدیهات کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردووکیاندا هەبوو.

 

پاشا چیاخریس لە سەدەی شەشەمی پێش زاییندا، ئاماددیای کچی خۆی، کە خوشکی پاشا ئەستیاج بوو، لە سەدەی شەشەمی پێش زایین هاوسەرگیری لەگەڵ پاشای بابل نەبوخودنەسری دووەم کرد، ئەمەش بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوپەیمانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دوای شکستی ئیمپراتۆریەتی ئاشوور. هەردوو شانشینی مادد و بابل دەستیان بە ڕێککەوتنی سیاسی و هاوپەیمانی سەربازی کرد.

 

وازیان لە نەریتەکانیان هێنا

سیستەمی بەڕێوەبردنی بنەماڵە لە سەردەمی ماددەکاندا لەسەر بنەمای دەسەڵاتی باوک و فرەژنی بوو، بۆ سیستەمی هاوسەرگیری لە کۆشکەکاندا، پاشاکان هاوسەرگیری کوڕ و کچەکانیان لەناو بنەماڵەی پاشایەتیدا سنووردار دەکرد. بەڵام پاشای مادد ئەستیاگێس بەهۆی خەونەکەیەوە کە بینیویەتی کچەکەی کوڕێک یان کچێک لەدایک دەبێت کە ڕەنگە شانشینییەکەی لەناوببات، لەم نەریتە دوورکەوتەوە. بڕیاریدا کچەکەی ماندانا، کە کچی شاژنە ئارێنێس بوو، هاوسەرگیری پێنەکات بە هاوسەرگیرییەکی شاهانە لەناو ئیمپراتۆریەتی ماددا، لە ترسی کۆنترۆڵی داهاتووی منداڵەکانی بەسەر دەسەڵاتدا، بۆیە کچەکەی هاوسەرگیری لەگەڵ شازادە کامبیسی یەکەمی بنەماڵەی هەخامەنییەکان کرد.

 

سبەی: ژنانی ئێران پێش خەلافەتی ئیسلامی