ژنانی کوردی وەستاو بە ڕووی دوژمناندا دەکرێنە ئامانج

ژنانی کورد هەمیشە بەڕووی دوژمناندا وەستاون و لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیشدا بوێرانە بەشداری شۆڕشیان کردووە، لەناو شار و شاخیشدا خۆیان بەڕێکخستن کردووە، بۆیە هەمیشە دوژمن چاوی لەسەریان بووە و خستوونیەتە زیندانەکانەکانەوە.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- ژنانی باشوری كوردستان دڵسۆزی و خۆشەویستییان بۆ خاک و وڵاتەكەیان لە لوتکەدا بووە و بەردەوام بەشداربوون لە بەرەوپێشچوون، پاراستن و ڕزگاركردنیدا لە دەست دوژمنان، هەروەها لە کایە جیاوازەکانی ژیاندا ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە و لەپێناو خەباتی ئازادی و دیموکراسیدا تێکۆشانیان کردووە.

 

 

ژنی کورد خاوەن ڕۆڵێکی تراژیدین لە مێژووی کورد و کۆمەڵگا و سیاسەتدا، بەردەوام لە خەباتی بزاڤی نەتەوایەتی کورددا بەشداربوون و لەناو خەباتی چەکداریشدا جێگەیان گرتووە، وەک ژنانی بنەماڵەی بەدرخان، ئەم ڕۆڵەش لە چوار پارچەی کوردستان هاوشێوە بووە و بەشداری شۆڕشی نەتەوایەتی کورد بوون.

 

ژنان لە ڕێگەی هاوكاری و كاری پزیشكی، پەروەردە و ڕاهێنان، وتار و نووسینەکانیان لە ئاستی توانای خۆیاندا لە شۆڕشەکاندا بەشدار ببوون و تەنانەت پێشمەرگە بوون و لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا بوون.

 

نمونەی ژنانی پێشەنگ و بوێر

"فاتمە ڕەش-قەرە فاتمە" لە ئەرزەڕوومی باکوری کوردستان لەدایکبووە، هاوژینی یەکێک لە ڕێبەرانی عەشیرەتە کوردییەکان بووە لە مەراش، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا سەرکردایەتی ٧٠٠ چەکداری کردووە، لە شەڕی نێوان عوسمانی و ڕووسەکاندا بە ٣٠٠ سەربازەوە شەڕی کردووە و کاتێک چووەتە ئیستەنبوڵ خەڵک بۆ بینینی ئەو ژنە ئازایە لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەر.

 

هەروەها مەستورەی ئەردەڵان، حەپسە خانی نەقیب، عادیلە خان، لەیلا بەدرخان و چەندانی تر لەو ژنانەن لە سەردەمی خۆیاندا پێشەنگایەتیان کردووە، مینا قازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکە لەو ژنانەی جەنگاوە و بۆ ئازادی خەباتی کردووە و هەوڵی ڕۆشنبیرکردنی ژنانی داوە، هەروەها مارگرێت جۆرج، یەکەم ژنە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بووە کە تا گیانی بەختکرد بۆ ئازادی خەباتی کردووە.

 

ڕژێمی بەعس ژنانی زیندانی دەکرد

لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا کە سەدام حسێن سەرۆکایەتی دەکرد، چەندین ژنی کورد زیندانی کراون و لەسێدارە دراون، بە ئامانجی بێدەنگکردنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە هەڵوێستەکانیان، نمونەی ژنانی وەک لەیلا قاسم هەیە کە تا دواین هەناسەشی بە پەتی سێدارەوە بێ پەشیمانی سرودی بۆ سەربەستی پێشکەشکردووە.

 

بەدەر لەو ناوە دیارانەی کە باس دەکرێن چەندین ژن و دایکی دیکە هەن کە لەگەڵ هاوژینەکانیان و ڕۆڵەکانیان بەشداری شۆڕش بوون، هەربۆیە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زیندانی دەکران و ئەشکەنجە دەدران.

 

بەربەست بۆ ژنان دروست دەکرێت و زیندانی دەکرێن

دوای ڕاپەڕین کە ڕژێمی بەعس لە زۆرینەی ناوچەکان تێکشکا و هەرێمی کوردستان دامەزرا، ئازادی بۆ ژنان بەدیهات و دەرفەتێكیان بۆ دروستبوو كە زیاتر بە ئەركی سەرشانیان هەستن بەرامبەر بە وڵاتەكەیان، هەربۆیە ژنانێكی زۆر هاتنە مەیدان و دڵسۆزانە هەوڵیان دەدا بۆ بەرەوپێشچوون و بونیاتنانەوەی كۆمەڵگەكەیان، بەڵام بیر كردنەوە و شێوازی كاركردنی پارتە سیاسییەكان بەتایبەتی دوو پارتی دەسەڵاتدار لەم ئاستە نەبوو، كە باوەڕ بە تواناكانی ژنان بکەن و هاوكاریان بن و ڕێز لە توانا و هزریان بگرن، بە پێچەوانەوە هەوڵی زۆریاندا ئەو ژنانەی خاوەن توانا و دڵسۆزبوون و باوەڕیان بەخۆیان هەبوو دووریان بخەنەوە بە دروستكردنی بەربەست و پڕوپاگەندەی نەشیاو، تا وای لێهات زۆرێك لە ژنانی بەتوانا سڵ بكەنەوە و دووربكەونەوە لە حزبەكان و كایەی سیاسی لەپێناو پاراستنی خۆیان، ئەگەر هەلیان بۆ ڕەخسابا و بەربەستیان بۆ دروست نەكردبان ئێستا دەیان ژنی سەركردەمان دەبوو.

 

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا ژنانی کورد بەردەوامن لە کار و چالاکی بۆ چاکسازی لە نەریتی بەهەڵەداچوو، هەروەها بۆ گەشەپێدانی ماف و ئازادییەکانی تاکی کورد خەبات دەکەن، تا گۆڕانکاری دروستبکەن لەو نەریتەی کە بڕوای بە ماف و ئازادییەکانی ڕەگەزی نییە، چەندین ژنی لێهاتوو و پسپۆر بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و گەشەسەندوو خەبات دەکەن، بەڵام دەبینین بە هەر جۆرێک بێت بەرامبەر ئەو ژنانەی کە بە دژ گەندەڵی و نادادی دەوەستنەوە بێڕێزی دەکرێت، بەشێوەیەک گەیشتووەتە ناو زڕاندن و دروستکردنی تۆمەتی بێبنەما.

 

هەروەها ئەو ژنانەی کە چالاکن و بوێرانە بەرامبەر داگیرکاری سەر خاکی باشوری کوردستان کە لایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دەدرێت، ناڕەزایەتی دەردەبڕن، لەلایەن ئەو حکومەتە کوردییەی کە سەدان ژن بۆ دروستبوونی زیندانی کران و شەهید کران، ژنان دەستگیر دەکرێن و دەخرێنە زیندان وەک "چالاکوانی بادینان، بێریڤان ئەیوب" کە مەبەست لێی چاوترسێنکردنی ژنانە بۆ ئەوەی نەتوانن لە بەرامبەر هێرش و داگیرکاری سەر خاک دەنگیان هەبێت.