داگیرکاریی تورکیا لەسەر کلتور و مێژووی باشوری کوردستان

دەوڵەتی تورک بەردەوام چاوی لەسەر خاکی باشوری کوردستانە و دەیەوێت شوێنەوارە مێژووییەکان بکاتە موڵكی خۆی، زیندووترین نمونەش نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری کەرکوکە.

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- دەوڵەتی تورک له‌ جه‌نگێكی سه‌ربازی، سیاسی، كلتوری و شوێنەواری به‌رده‌وامدایە له‌ گه‌ڵ كورددا، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نكۆڵی له‌ كورد بوون ده‌كات، بەدەر لە هێرشە سەربازیی و ئاسمانییەکانی بە چەند ڕێگایەکی دیکەش دەیەوێت مێژووی کورد بسڕێتەوە و کلتور و شوێنەوارە مێژووییەکان بکاتە موڵکی خۆی، ئەو سیاسەتەی کە تورک ئەنجامی دەدات لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە ڕونی دەبینرێت کاتێک هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد هەر لە سەرەتاوە کەوتە تاڵانکردنی بەردە بەنرخەکانی چیاکان و بردنی دار زەیتوونەکان و دەیان پارچە شوێنەواری دیکە کە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، بۆ باشوری کوردستانیش بەردەوام چاوی لەوەیە کە خاکەکەی داگیر بکات هەنگاو بە هەنگاو ئەمە دەکات و دەیەوێت سەرەتا کلتوری خۆی زاڵ بکات، ئەویش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هونەر، بۆنەکان، جلوبەرگ و شێوازی ژیانکردنەوە دەیکات، هەروەها لە ڕێگەی بارزگانی و کردنەوەی چەندین کۆمپانیای تورکی لەناو باشوری کوردستان بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات کە دیزاین و بونیاتنانی بینا و شوێنە گشتییەکان مۆرکێکی تورکی لەخۆ بگرێت بەشێوەیەک سیمای ئەو شوێنانە لە موڵکێکی کوردییەوە دەکاتە تورکی.

 

ئەم سیاسەتەی تورک تەنها بۆ ئێستا نییەو کار لەسەر داهاتووش دەکات بە جۆرێک نەوەی داهاتوو بەند دەکات بە کلتور و ئابوری خۆیەوە، کاتێک دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی بیناکان لە لایەن کۆمپانیا و ئەندازیار و کرێکارانی تورکەوە بە کەرەستەی تورکی ئەنجام دەدرێت و تەنانەت ناوی تورکیش لە شوێنەکان دەنرێت، ئەمەش بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی ئەو شوێنە کوردییانەیە لە پێش چاوی نەوەی داهاتوو.

 

کار لەسەر شوێنە کۆنەکان یاخود شوێنەوارییەکانی کەرکوک دەکات

نمونەی داگیرکاری تورکیا و کردن بە موڵکی خۆی، شوێنە کۆنەکان یاخود شوێنەوارەکانی کەرکوکە، لە مێژە کار لەسەر قەڵای کەرکوک دەکات کە یەكێکە لە شوێنەوارە گرینگەکانی شارەکە، کە بنیاتنانی شاری کەرکووک بە قەڵا دەستپێدەکات، بەڵام ئەو قەڵایە لە درێژی تەمەنی خۆی تووشی چەندین هێرشی دڕندانەی دەرەکی بووەتەوە تا ئێستاش لەسەر دەستی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە.

 

ده‌رباره‌ی سڕینه‌وه‌ی مێژووی كورد له‌ شاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه‌ مێژوونووسان دەڵێن: "ئاسه‌وارێكی زۆری قه‌ڵای كه‌ركوك له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه‌ دزراوە، كه‌ تائێستا له‌ مۆزه‌خانه‌ی تۆپقاپی له‌ ئیسته‌نبوڵه‌"، ئەم داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا لە ئێستادا بەناوی نۆژەندکردنەوەی قەڵا و قەیسەری کەرکوک دەستیکردووە بە دەستکاری کردنی ئەو شوێنەوارە مێژووییە و شێوازێکی عوسمانی پێدەدات، ئەوە لە کاتێکدایە مێژووی قەڵای کەرکوک دەگەرێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ پێش دروستبوونی عوسمانیەکان.

 

دەوڵەتی تورک لەڕێگەی کۆمپانیا تورکیەکانەوە شوێنە گرنگ و ئاسەوارەکانی شارەکە نۆژەن دەکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە

لە شەوی ٢٦ تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە ڕووداوێکی تەمومژاوی و گوماناویدا قەیسەری کەرکوک کە شوێنەوارێکی مێژوویی سەدان ساڵەی  کەرکووکە لە سەر دەستی جولەکەکان دروستکراوە سوتێنرا، ڕۆژێک دوای سوتانەکە راستەوخۆ فاتح یەڵدز سەرۆک کۆنسوڵی تورکیا لە عێراق چووە شوێنی ڕوداوەکەوە قەیسەریەکەی بە موڵکی عوسمانیەکان ناوبرد، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق و فەرمانگەی سوێنەواری کەرکووک بڕیاریدا کۆمپانیای تیکای تورکی ئەو شوێنەوارە نۆژەن بکاتەوە.

 

لە دوای دوو ساڵ ئەو کۆمپانیا تورکییە قەیسەری کەرکوکی نۆژەن کردەوە و کۆمەڵیک گۆڕانکاری تێدا کردووە لە شێوازی تەلارسازی جولەکەکانەوە بۆ شێوازی عوسمانی، زمانی کوردی لەسەر تابلۆی قەیسەریەکە هەڵگرت، دواتر لە ژێر فشاری خەڵکی شارەکە جارێکی تر زمانی کوردیان لەسەر زیاد کرد، هەر ئەوەندە نا بەڵکوو لە دەرگای چونە ژورەوەی قەیسەرێکە ئاڵای تورکیایان هەڵکۆڵیوە.

 

سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی قەیسەری کەرکوک لە لایەن کۆمپانیای تیکای تورکی و ئامانجی دەوڵەتی تورک لەو کارە، هەریەک لە حەسیبە عەبدوڵا لێپرسراوی بۆردی پێکهاتەکانی یەنەکە، سەید خەلیل سەرپەرشتیاری پێشوی قەیسەری کەرکوک بۆ نوژنها قسەیان کرد.

 

"ئامانجی تورکیا زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی نەخۆشە"

حەسیبە عەبدوڵا لێپرسراوی بۆردی پێکهاتەکانی یەنەکە کە بارەگاکەی لە کەرکوکە سەبارەت بە قەیسەرییەکە ئاماژەی بەوەکرد کە نزیکەی ٣٦٥ دوکانی تێدایەو ١٢ دەرگای هەیە و زۆرینەی کاسبکارەکان کوردن، وتی: "بەداخەوە لە شەوێکدا قەیسەرییەکە سوتا، تا ئێستاش هۆکاری سوتانەکەی نەزاندراوەو سەرجەم دوکانەکان سوتان و بوون بە خەڵوز، هەر زوو بانگەوازی کرا بۆ ئەوەی کە قەیسەرییەکە نۆژەن بکرێتەوە بەڵام بەداخەوە هیچ حزب و لایەنێک و تەنانەت ئیدارەی کەرکوکیش وەڵامیان نەبوو، هەروەها بانگەوازیمان کرد بۆ ئەوەی هەر ماڵێک ئەگەر بە پڕە پارەیەکی کەمیش بێت بەشداری بکەن لە دووبارە دروستکردنەوەی قەیسەرییەکە بەداخەوە ئەیش نەکرا، دواجار ئەوەبوو کە تورکیا تەداخولی کردو لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی خۆیەوە کاری نۆژەنکردنەوەکەی گرتەدەست".

 

ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجی تورکیا ئەوەبوو قەیسەرییەکە بکاتە کۆشک و تەلار بۆ خۆی و خۆی پێوە بابدات، وتیشی: "ئامانجێتی دەوڵەتی عوسمانی نەخۆش کە سەد ساڵ لە باشوری کوردستان دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست دووبارە زیندووی بکاتەوە، چونکە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیان بارەگاو سەربازگەی لە باشوری کوردستان هەیە و تەنها مەبەستی داگیرکارییە، بەڵام توانرا لەسەر فشاری خەڵک قەیسەرییەکە دوای نۆژەنکردنەوەی بدرێتەوە بە کاسبکاران و خاوەن دوکانەکان".

 

"وەک دوکاندارانی قەیسەرییەکە بە فشار توانیمان وەریبگرینەوە"

سەرپەرشتیاری پێشووی قەیسەرییەکە بە ناوی سەید خەلیل ئاماژەی بەوەکرد کە لەماوەی دوو ساڵدا کۆمپانیای تیکای تورکی قەیسەرییەکەی نۆژەنکردووەو وتی: "لە ٢٠١٨ەوە کۆمپانیای تیکا کە هی حکومەتی تورکیایە دەستیانکرد بە نۆژەنکردنەوەی، دوای دوو ساڵ کە تەواو بوو نەیاندەویست دوکانەکان بدەنەوە بە خاوەنی دوکانەکان بەڵکو دەیانویست خۆیان سەرپەرشتی بکەن بەڵام بەهۆی فشاری دوکاندارەکان و توڕە بوون و شەڕی گەنجەکانمان وەرمانگرتەوە".

 

ئەوەشی خستەڕوو کاتێک کە قەیسەرییەکە نۆژەن کراوەتەوە لەسەر تابلۆی قەیسەرییەکە زمانی کوردی لابرابوو بەڵام لەسەر داواکاری خەڵک و فشاری دوکاندارەکان دووبارە زمانی کوردی بۆ سەر تابلۆکە گەڕێندراوەتەوە، وتیشی: "ئێستاش جار جار کۆمپانیاکە لەگەڵ گەشتیاران دێت و وێنەی قەیسەرییەکە دەگرن".