"بەدەستهێنانی ئاشتی بەبێ بەشداری ژنان نبێت"

هیچ پلانێکی کار بۆ دڵنیابوون لە بەشداری ژنان لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان بۆ بەبیرهێنانەوەی ئامادەیی هاوڵاتیان بۆ گەیشتن بە ئاشتی گردبوونەوە دەکەن.

ساریا دەنیز

 

ناوەندی هەواڵ-لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورکیا بەو ململانێیانەی کە لە ئەنجامی پرسی چارەسەرنەکراوی کوردەوە هاتۆتە ئاراوە، لە قاڵب دراوە، ئەم ململانێیانە تەنها لە کایەی سیاسیدا سنووردار نەبوون، بەڵکو درێژبوونەتەوە و کاریگەرییان لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەیە، لەوانەش کولتوور، پەروەردە، تەندروستی و تەنانەت وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەش، کە بەهۆی ئەم قەیرانە بەردەوامەوە کەوتوونەتە ئاژاوەگێڕییەوە.

 

له قۆناخی ئێستادا پرسی کورد تەنها وەک کێشەیەکی ئاسایشی باس ناکرێت بەڵکو وەک بەشێکی بنچینەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و بونیادنانی ژیانێکی دیموکراتی.

 

تورکیا دوای لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە و دواتر بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، تورکیا دەستی بە ڕێگایەکی نوێ کردووە.

 

لەم چوارچێوەیەدا، بەشداریکردنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەم پرۆسەیەدا شتێکی بنەڕەتییە  و ئەو ڕۆڵەی ژنان دەیگێڕن، لەگەڵ دەستەبەرکردنی بەردەوامی ئاشتی، بە تایبەتی وەک یەکێک لە هۆکارە هەرە چارەنووسسازەکان بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە گرنگە.

 

"بەشداری ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا"

بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا وەک ئەرکێکی دەوڵەتان پێناسە دەکات نەک بژاردەیەک، زیاتر لە ١٠٠ وڵات لە سەرانسەری جیهاندا پلانی کارکردنی نیشتمانییان داڕشتووە بۆ دڵنیابوون لە بەشداری ژنان لەم پرۆسانەدا، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لە تورکیا بۆ دەستەبەرکردنی بەشداری ژنان لەم پرۆسەیەدا نەنراوە.

 

هەروەها ئەندامێتی ئێستای کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و گەلان و دیموکراتی کە لە پەرلەمانی تورکیا دامەزراوە، جیاوازیەکی توند لەگەڵ بەشداری ژنان لەم پرۆسەیەدا نیشان دەدات. لە کۆی ٥١ ئەندامی کۆمیسیۆنەکە تەنها ١٠ کەسیان ژنن، ئەم دۆخە بۆشای نێوان نوێنەرایەتی یەکسان و پێویستی وەرگرتنی ژنان وەک ئەکتەری سەرەکی نیشان دەدات نەک تاکی بانگهێشتکراو.

 

"پلانی کارکردن"

بەڵام بڕیارنامەی ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتی بنەڕەتی بەسەر دەوڵەتەکاندا دەسەپێنێت، لەوانەش دڵنیابوون لە بەشداریکردنی یەکسانی ژنان لە میکانیزمەکانی بڕیاردان، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پاراستنی ژنان و منداڵانی ململانێ دەکەن، هەروەها پێویستی ڕەچاوکردنی یەکسانی ڕەگەزی لە پرۆسەکانی بونیادنانی ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەدا دیاری دەکات.

 

هەندێک وڵات پلانی کارکردنیان لەسەر ئەم بابەتە گرتۆتەبەر، بۆ نمونە بۆسنە و هەرسک ڕێوشوێنی پاراستنی قوربانیانی توندوتیژی سێکسی دوای جەنگ جێبەجێ کرد، نەیجیریا پلانی کارکردنی داڕشت بۆ دەستەبەرکردنی ڕۆڵێکی کاریگەر بۆ ژنان لە بونیادنانی ئاشتیدا دوای سەرهەڵدانی بۆکۆحەرام، هەروەها فلیپین و نەرویج پلانی کارکردنیان داڕشتووە.

 

"هێزی ژنان لەسەر مێزی دانوستان"

بێگومان بوونی ژنان لەسەر مێزی دانوستان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا تەنها بابەتی نوێنەرایەتی نییە، بەڵکو ئەزمونەکان ئەوە دەردەخەن کە ژنان هۆکارێکن کە کوالیتی و بەردەوامی ئاشتی دیاری دەکەن و شایەنی ڕەچاوکردنی ڕاستیە، لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانەکانی ساڵی ٢٠١٦ و واژۆکردنی ڕێکەوتنی ئاشتی لە کۆڵۆمبیا بە هۆی هەوڵی دانوستانکارانەوە گەیشتە ئاستێکی بەرز، کە ئەم پرۆسەیە نوێنەرایەتی یەکەمجار بوو کە یەکسانی ڕەگەزی لە ڕێکەوتنی ئاشتیدا جێگیرکرا، و مافی هەموو لایەنەکان مسۆگەر کرا.

 

لە ئیرلەندای باکوور دیسانەوە دانوستانەکان سەرکەوتوو بوون لە هێنانە ناوەوەی پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێکەوتنەکاندا، هەروەها لە نیپاڵ بەشداری ژنانی چالاکوان م لە داڕشتنی دەستووری نوێدا کرد، لەوێدا داوای پشکێکیان بۆ ژنان کرد لە پرۆسەی داڕشتنی دەستووردا، هەروەها ئەم پرۆسەیە نوێنەرایەتی زیادبوونی نوێنەرایەتی ژنانی لە پەرلەماندا دەکرد،لە لیبێریا ژنان ئەو هێزە بوون کە لایەنەکانی ناچار کرد لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن، ئەم چەند نمونەیە ئەو ڕۆڵە بەهێزە دەردەخەن کە ژنان لەم پرۆسەیەدا بینیویانە.

 

"تورکیا پلانی کارکردنی نییە"

سەرەڕای بەردەوامی پڕۆسەکە، هێشتا هیچ پلانێکی کارکردن لە تورکیا نەخراوەتەڕوو و ژنانیش لە پرۆسەکانی پێشووی ئاشتیدا لە مێزی دانوستانەکان دوور خراونەتەوە، بەڵام ژنان بەردەوام جەختیان لەسەر ڕۆڵی بنچینەی خۆیان کردووەتەوە وەک دەستپێشخەر و داکۆکیکار لە بونیادنانی ئاشتی لەسەر ئاستی ناوخۆی.

 

تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنان لە تورکیا لە سایەی ئەزمونی درێژخایەنیان لە خەباتدا، دەستکەوتی بەرچاوی لە پێشخستنی ئاشتیدا بەدەستهێناوە، ژنان جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە ئاشتی پرۆسەیەکە کە دەبێت لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیەی کە پیاوان دایانمەزراندوە، لە ڕێگەی ئیرادەی گەل و تۆڕەکانی هاودەنگیەوە بونیاد بنرێت، هەروەها هەموو پرۆسەیەکی شکستخواردوو بە واتای توندوتیژی زیاترە، بەڵام بە هێزێکی زیاترەوە بەرەنگاری ئەو سیستەمە دەبنەوە کە میلیتاریزم و ناسیۆنالیزم و شۆڤێنیزم و عەقڵیەتی باڵادەستی پیاوانە دروستی کردووە.

 

"پرۆسەیەک کە دەبێت بە ئیرادە ئەنجام بدرێت"

تەڤگەری ژنانی ئازاد لەم دواییانەدا دامەزراندنی لیژنەی ژنان و یاسا لە بونیادنانی ئاشتیدا ڕاگەیاند، لە ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەرەکەدا هاتووە، "هەوڵ دەدەین بۆ بونیادنانی هاوپەیمانییەکی ئاشتی"، داوا لە هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە باوەڕیان بە ئاشتی هەیە، بەشداری خەبات بکەن.

 

سێڤدا چەلیکئۆزبینگول، وتەبێژی کۆمیتەی یاسای پارتی دیموکراتی کوردستان، گرنگی کۆمیتەکە و بەشداری ژنانی تێدا ڕوون کردەوە، گەلی تورکیا و کورد لە ناوچەکەمان، لە سایەی پێویستییە مێژووی و کاتییەکان، لە سایەی بانگەوازی سەدە لە ٢٧ی شوبات، بانگەوازی ئاشتی و پرۆسەی لەناوبردنی چەک، کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و گەلان و دیموکراتی کە لەناو پەرلەماندا پێکهاتبوو، درێژەی بە بانگەوازەکەی دا بۆ بەرزکردنەوەی پرۆسەی ململانێکان بۆ ئاستێکی یاسای و سیاسی، هاوتەریب لەگەڵ مۆدێلەکانی ئاشتی جیهانی و سروشتی پرۆسەکانی چارەسەرکردنی ململانێکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، باس لە پرۆسەیەک دەکەین کە پێویستی بە پابەندبوون و خەباتی دەستەکۆمەڵی درێژخایەن هەیە، هەروەها بونیادنانی بناغەی دامەزراوەی و پێکهاتەی و یاسای، زیاتر لە ڕاستی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی نزیکمان دەکاتەوە، بۆیە دەبێت ئەم پرۆسەیە بە بەشدارییەکی فراوان و فرەلایەنە، بە ئیرادە و هەڵوێستێک کە لەگەڵ ئیرادەی سەرەتاییدا بگونجێت، هاوتەریب لەگەڵ خەباتی چەسپاندنی ئاشتی، و لەگەڵ تێگەیشتنێکی بەکۆمەڵ لە بەرپرسیارێتی و هەمەچەشنی ئەرک و ڕۆڵەکانمان لە کۆمەڵگەدا ئەم پرسە دەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ تەوەرەکانی چەسپاندنی ئاشتیدا چارەسەر بکرێت.

 

"ئێمە لە دۆخێکداین کە بە ئەرکی سەرەکی خۆمانی دەزانین"

جەختیشی لەوە کردەوە، وەک ژنان سەرقاڵی خەباتی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتین، وەڵامی بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی' دەدەینەوە و خەبات بۆ ئاشتی دەبەینە ئاستی یاسای و سیاسی.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژنان و بزووتنەوەی ژنان توانای و ئیرادەی بەرپرسیارانەیان هەیە بۆ هەموو پێداویستییەکانی پرۆسەکە، ئێمە لە دۆخێکداین کە بڵاوکردنەوەی ئاشتی بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین، هەروەها ئەوان ئەم پرۆسەیە وەک هەوڵ و خەباتێکی درێژخایەن دەبینن، کە بە ئیرادە و بە دروستکردنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هەموو ئەوانەی تامەزرۆی کۆمەڵگەیەکی هاوبەش و ئاشتیخواز و دیموکراتین.

 

سەبارەت بە پێداویستییەکانی ئەم پرۆسەیە، سێڤدا چەلیکئۆزبینگول پرۆسەکەی بە "درێژخایەن" پ٧ناسەکرد، بۆ بونیادنانی ئاشتی دامەزراوەی کە بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی لە درێژخایەندا بمانباتەوە، پێویستە ئێستا پێداویستییە گرنگەکان دابین بکەین، جگە لە داماڵینی چەک و دەستەبەرکردنی یەکخستنی دیموکراتی و پاراستنی پرۆسەکە بە مسۆگەری یاسای، پێویستە سیاسەتی کۆنکرێتی جێبەجێ بکرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان کە هۆکاری سەرەکی ململانێکانن، بۆ ئەوەی کەشێکی ئاشتی دروست بکرێت و کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز بونیاد بنرێت.

 

جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی خێرای پرسەکانی ئێستا کردەوە، لە هەمان کاتدا نەخشەڕێگایەکی فرەلایەنە جێبەجێ بکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی دیموکراتی ئاشتی، چاوەڕوانییە پێکهاتەییەکانی دیموکراتی سروشتییە، ئێمە ڕووبەڕووی پرۆسەیەک دەبینەوە کە پێویستی بە بەشداری هەمووان هەیە، لەوانە یاسای دژە تیرۆر، داواکاری سەرپەرشتیکردن، دوو پراکتیزەکردنی یاسایی لەگەڵ یاسای سزادان و یاسای سزای لەسێدارەدان، زیندانیانی سیاسی، یاسای ژمارە ٢٩١١، ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین، چاکسازی دادوەری و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتێکی دادوەری سیاسی، چاوەڕوانییەکان پەیوەست بە پاراستنی مافەکانی ژنان، توندوتیژی و قسەی ڕق و کینە، ڕاستیە سیاسییەکان، گەلان و بیروباوەڕەکان، و پرسە دژە دیموکراتیەکانمان کە لە دژایەتی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرن، پێویستمان بە نەخشەڕێگایەکی دیموکراتی و پرۆسەیەک هەیە کە پێویستی بە بەشداریکردنی هەمووان هەبێت.

 

“ئێمە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین”

سەبارەت بە ڕێبازی ژنان بۆ پرۆسەکە، جەختی لەوە کردەوە، ئێمە تەوەری ئاشتی بە هی خۆمان دەزانین، لەم قۆناغەی فشاری مەرجە یاساییەکان، پێمان وایە ئاشتی کۆمەڵایەتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی بەبێ ژن مەحاڵە، بۆیە یەکەم ڕاگەیاندراومان بڵاوکردەوە، "بێ یاسا چارەسەر نییە، یاساش بەبێ ژن نیە"، بە داننان بەوەی کە ئێمە ناوەندی ئەم پرۆسەیەین، لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، سەبارەت بە ئامانجی "ژن و یاسا لە لیژنەی بونیادنانی ئاشتیدا" وتی: دەمانەوێت ئاشتی و یاسای کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، دەست لە دەست، بەرەو ئاشتییەکی هەمەلایەنە بونیاد بنێین کە کەس لەدوای خۆی بەجێ نەهێڵێت، داوای دانپێدانانی ڕەوا و یاسای بە کۆمەڵگەی کوردی، ڕەتکردنەوەی تاکلایەنە و نکۆڵیکردن، پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان و هەموو لایەنەکانی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و ئاشتی لە بوارە سەرەکییەکانی کارکردنمانن، ئێمە دەمانەوێت دەنگێک بین بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە تامەزرۆی ئاشتین لە وڵاتەکەماندا و هەوڵی بڵاوکردنەوەی دەدەن.

 

سێڤدا چەلیکئۆزبینگۆل لە لێدوانێکیدا بۆ هەموو ژنان وتی: بە پاڵنەری حەسرەتمان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، داوا لە هەموو ژنانی ناوچەکەمان دەکەین کە پێکەوە خەبات بکەن لە پرۆسەی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکدا کە مسۆگەری ئاشتییەکی هەمیشەی بکات، بەو باوەڕەی کە دەتوانین بە سەرکردایەتی ژنان ژیانی یەکسان بۆ هەموو چەوساو و ستەملێکراو و خەباتکار مسۆگەر بکەین، دەمانەوێت هاوکاری ژنان لە هەموو شارەکاندا بکەین و تۆڕەکانی ئاشتی ژنان دابمەزرێنین، کۆبوونەوەی داهاتوومان لە ١١ی ئەیلوول لە ماردین دەبێت و وەک لیژنەی ژنان و یاسا لە بونیادنانی ئاشتیدا کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ ژنان بەردەوام دەبێت.

 

"بەدیهێنانی بەبێ ژن ئەستەمە"

سێڤدا چەلیکئۆزبینگۆل سەبارەت بە پێداویستییەکانی ئەم پرۆسەیەی ئەم دواییە و ڕۆڵی ژنان تێیدا سەرنجی دا، وتی: لە پڕۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتیدا کە ئێمە تێیدا بەشداری دەکەین، بە دڵنیاییەوە بونیادنانی ئاشتی بەبێ بەشداری ژنان مەحاڵە، ئێمە پێمان وایە ئەم پرۆسەیە کە پێویستی دامەزراندنی مسۆگەری یاسای لە کورتخایەن و درێژخایەندا لەخۆدەگرێت، ناتوانێت بەرەوپێش بچێت بەبێ ئەوەی سەرەتا نەخشەڕێگایەک دانەنرێت و پێویستیە گرنگەکانی دیاری نەکات، ئێمە پێمان وایە ئەو ڕێسا و هەنگاوانەی لە کورتخایەندا دەگیرێنەبەر، پێویستی و بناغەکانی پرۆسەکە بەهێزتر دەکەن.

 

لە کۆتاییدا، جەختی لەسەر پێویستی ئیرادەی سیاسی کردەوە بۆ ڕزگاربوون لەو سووڕی توندوتیژییەی کە وڵاتەکەی گەیاندووەتە بنبەست، لەسەر بنەمای "سیاسەتی ئاسایشی"، کە ئەمەش دەبێت لە وتاری سیاسیدا ڕەنگ بداتەوە و ڕێبازێکی ئاشتیانە بگیرێتەبەر، وتی: پێویستە ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر سەبارەت بە سیاسەتی سەرپەرشتیکردن، زیندانەکان، هاوڵاتیبوونی یەکسان، و پێویستیەکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، هەروەها پرۆسەی بونیادنانی ئاشتی دەبێت بە بەشداری و کۆدەنگی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و گروپە کۆمەڵایەتییەکان جێبەجێ بکرێت، کە پرۆسەیەکی درێژخایەن دەبێت، و دەبێت بە شێوەیەکی دیموکراتی جێبەجێ بکرێت، گومانی تێدا نییە کە جێبەجێکردنی بەرەو ئەنجامی دیموکراتیمان دەبات.