٨ی ئادار، دەستپێکی تێکۆشانی ژنان لە کارگەکانەوە
گوشار، توندوتیژی، نه‌ژادپه‌رستی، ملیتاریزه‌كردن و بنده‌ستی زایه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كدا له دژی ژنان به‌رده‌وامن، وه‌كو پرۆسەیه‌كی هه‌زاران ساڵه بووەته شێوازی ژیانی ژنان، ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یەی كه لەلایه‌ن سیسته‌می سەرمایەدارییەوە بەسه‌ر ژناندا سەپێندراوە، ئه‌نجامی كاره‌ساتباری بەسه‌ر ڕەوتی ژیانی ژناندا بەجێهێشتووە.
بێریڤان کەمال
ناوەندی هەواڵ- زایه‌ندپه‌رستی له بواری كاركردن و دابه‌شكردنی كاردا دەستباڵایە، ژنانیش بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێ بمیننه‌وه و به‌رده‌وامی به ژیانێکی یەکسان بدەن تێکۆشان دەکەن، كاركردن و كرێكاری ژنان له كارگه‌كانی ڕستن وچنینەوە ده‌ستیپێكرد و له ئێستادا كاركردنی ژنان له كهرتە خزمهتگوزارییەکاندا به‌رده‌وامه.
ئۆلیمپ دیگوگهس به هۆی ئه‌وه‌ی لەسەر بەیاننامەی مافی ژنان گوتبووی دەبێت شۆڕشی فه‌ره‌نسی ببێته شۆرشی ژنان، له ساڵی ١٧٩٣ سزای له سێداره‌دان بەسەریدا سه‌پێندرا، له ساڵی ١٨٣٤ ژماره‌یەك له ژنانی گه‌نج به هۆی ته‌پوتۆزی په‌موو له كارگه‌كانی ڕستن و چنینی لیویل گیانیان له‌ده‌ستدا، له نیویۆركیش ساڵی ١٨٥٧ ژماره‌یه‌ك له ژنانی كرێکار له ئاگركهوتنەوەیەکدا له كارگه‌كه‌یان گیانیان لەده‌ستدا.
ساڵی ١٩٠٠ له ئه‌مریكا ١٤٦ كرێكاری ژن له كارگه‌ی رستن و چنین به هۆی دوکەڵی ئاگركهتنهوەوە خنكان و گیانیان له ده‌ستدا، له ٢٠٠٥دا له كارگه‌ی جلوبه‌رگ دوورینی "ئۆزای" له ناوچه‌ی بورسه‌ی توركیا به هۆی ئه‌وه‌ی كه ژنان به شه‌و كاریان ده‌كرد ده‌رگا له سه‌ریان داخرابوو، له دوای ئاگركه‌وتنه‌وه له كارگه‌كه نه‌یانتوانی ڕزگاریان بێت و به شێوه‌یەكی تراژیدی گیانیان له‌ده‌ستدا، ئه‌و تاوانانه كه له به‌رامبه‌ر ژنان ئه‌نجامدراون و ئەو توندوتیژیانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بووە هۆکارێک ژنان تێکۆشان بکەن و مافەکانیان بەدەستبهێنن.
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بەرفراوانتر دەبوو
له ساڵی ١٨٣٤ له كارگه‌ی لیویل بۆ به‌رهه‌مهێنانی لۆكه له ویلایه‌تی ماشوستسی ئه‌مریكا، ژنانی كرێكار له دژی كەمكردنه‌وه‌ی مووچه‌كانیان ده‌ستیانكرد به ناڕەزایەتی دەربڕین، ئه‌م ناڕەزایەتییە دوای چه‌ند ساڵێك بوو به سه‌ره‌تایه‌ك بۆ شه‌پۆلی چالاکی به‌رفراوانتر.
دۆخی ژنانی گەنج کە تەمەنیان لە نێوان ١٢-٣٠ ساڵدا بوو لە کارگەی لیویل سەخت بوو، ٧٣ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا کاریان دەکرد، تیشکی هەتاویان نەدەبینی و لەناو ته‌پوتۆزی لۆكه نه‌خۆش دهكەوتن و ده‌مردن، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە لە ساڵی ١٨٣٦ خاوەن کارگەکان ناچاربوون موچەی کرێکارە ژنەکان زیادبکەن.
له ٨ی ئاداری ساڵی ١٨٥٧ له شاری نیویۆركی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ٤٠ هه‌زار كرێكار له كارگه‌ی ڕستن و چنین به‌هۆی خراپی ڕه‌وشی كرێكاران و به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی هەلومەرجی كاركردن له كارگەکەدا، ده‌ستیان به مانگرتن کرد. به‌ڵام له ئه‌نجامی هێرشی پۆلیس و ئاگركه‌وتنه‌وه له كاركهگهدا ١٢٩ كرێكار کە مانیان گرتبوو لەناو کارگەکەدا، سوتان و گیانیان لەدەستدا.
تێكۆشانی ژنانی گەنجی كارگه‌كان و ژنانی كرێكار له ئه‌مریكا، بووە خاڵێكی وه‌رچه‌رخان و پاڵپشتیەک بوو بۆ سه‌رجه‌م كرێكاران به ژن و پیاوه‌وه.
بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی ژنانەوە له ١ی كانونی دووه‌می ١٩١٢ له ویلایەتی ماشوستسی ئه‌مریكا یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی كاركردن بۆ زیاتر له ٥٤ كاتژمێر له هه‌فته‌یەكدا بۆ ژنان و منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ ده‌رچوو.
كلارا زه‌تكین له ساڵی ١٨٩١ رۆژنامه‌ی ژنی كرێكار و له ساڵی ١٨٩٢ ڕۆژنامه‌ی یه‌كسانی دامەزراند، ئه‌م رۆژنامانەش گاریگەری باشیان له بەڕێکخستن بوونی بزووتنه‌وه‌ی ژنانی سۆسیالیست بینی.
مێژووی دیاریکردنی ٧ی ئادار وەک ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان
ڕۆژی ٢٦ و ٢٧ ئابی ١٩١٠ له شاری كۆپنهاگی دانیمارك له كۆبوونه‌وه‌ی ژنان له چوارچێوه‌ی كۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیستی نێوده‌وڵه‌تی، کلارا زەتکین، یه‌كێك لە پێشەنگانی پارتی سۆشیالدیموكراتی ئه‌ڵمانیا پێشنیاریكرد بۆ یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی له ٨ی ئاداری ساڵی ١٨٥٧ له ئاگركه‌وتنه‌وه‌کەی كارگه‌ی رستن و چینین له نیویۆرك گیانیان له‌ده‌ستدا، هەمو ساڵێک ئەو ڕۆژە وه‌ك ڕۆژی جیهانیی ژنانی كرێكار دیارییبکرێت، ئه‌م پێشنیاره بەكۆی ده‌نگی ئاماده‌بووان پەسەند كرا.
پاش ئەو بڕیارە ساڵانە له مانگی ئاداردا یادی ئەو ڕۆژە دەکرایەوە، ساڵی ١٩٢١ له سێیه‌مین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان له مۆسكۆ ڕۆژی ٨ی ئادار وەک ڕۆژی جیهانیی ژنان ده‌ستنیشانكرا و وەک ڕۆژی جیهانی ژنانی ره‌نجده‌ر ڕاگه‌یەندرا.
له سەردەمی هەردوو شەڕی جیهانیی یەکەم و دووەمدا له هه‌ندێك وڵاتانی جیهان یادكردنه‌وه ئه‌م رۆژه قه‌ده‌غه كرابوو، به‌ڵام له ساڵانی ١٩٦٠ ئەو پرسە بووە یەکێک لە تەوەرە گەرمەکانی کۆبوونەوەکانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ڕۆژی ١٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٧٨ له كۆبوونه‌وه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕۆژی ٨ی ئادار وه‌كو رۆژی جیهانی ژنانی ره‌نجده‌ر دیاری‌کرا.
ت.پ